خۆپیشانده‌ران داواده‌كه‌ن بكوژانی په‌یامنێره كورده‌كه دادگایی بكرێت
Tuesday, 18/05/2010, 12:00
سلێمانی، عێراق- له‌درێژه‌ی فراوانبونی شه‌پۆلی توڕه‌یی، رۆژی چوارشه‌ممه پتر له هه‌زار كورد رژانه سه‌ر شه‌قامه‌كانی شاری سلێمانی له باكوری عێراق، ده‌سه‌ڵاتدارانیان سه‌ركۆنه ده‌كرد له‌به‌رامبه‌ر رفاندن‌و كوشتنی رۆژنامه‌نوسێكی لاوی كورد.
خۆپیشانده‌ران وێنه‌ی سه‌رده‌شت عوسمانی ته‌مه‌ن 23 ساڵ‌و چه‌ندین لافیته‌یان به‌رزكردبوه‌وه‌و له‌میانی گه‌وره‌ترین خۆپیشاندان له‌وه‌ته‌ی دۆزینه‌وه‌ی ته‌رمه‌كه‌ی سه‌رده‌شت له 3ی ئایار، به‌ناو شاره‌كه‌دا رێپێوانیان كرد. له‌ماوه‌ی هه‌فته‌ی رابوردو نزیكه‌ی دوانزه خۆپیشاندان له هه‌رێمی خودحوكمڕانی كوردی عێراق كراوه‌و داوای دادگاییكردنی بكوژه‌كانی ده‌كرێت.
سه‌رده‌شت عوسمان له‌به‌رده‌م زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین له پایته‌خی هه‌رێمه‌كه رفێنراو ته‌رمه‌كه‌ی به كه‌له‌پچه‌كراوی و كوشتنی به‌چه‌ند گوللـه‌یه‌ك دوای چوار رۆژ دۆزرایه‌وه.
نوسه‌ر نه‌به‌ز گۆران له‌میانی ئاماژه‌كردنی بۆ ئه‌و حیزبه كوردییه‌ی پایته‌خت به‌ڕێوه ده‌بات وتی: "ئێمه پارتی دیموكرات‌و هێزه ئه‌منییه‌كانی به‌كوشتنی سه‌رده‌شت تۆمه‌تبار ده‌كه‌ین له‌به‌رئه‌وه‌ی ته‌واو كۆنترۆڵی هه‌ولێریان كردوه".
خۆپیشانده‌ران چه‌ندین لافیته‌یان به‌رزكردبوه‌وه‌و داوایان له ده‌سه‌ڵاتداران ده‌كرد "راستیه‌كان بخه‌نه‌ڕو" له‌باره‌ی كوشتنی سه‌رده‌شت عوسمانه‌وه، هاوكات ئه‌وانی تر به‌رگی ره‌شیان پۆشیبو هوتافیان ده‌كێشا "ئێمه ئازادیمان ده‌وێت".
كوشتنی سه‌رده‌شت عوسمان جارێكی تر سزدانی میدیای له‌لایه‌ن حكومه‌ت و به‌رته‌سككردنه‌وه‌ی ئازادی راده‌ربڕینی له هه‌رێمی خودحوكمڕانی كه ماوه‌یه‌كی زۆره باسی لێوه‌ده‌كرێت خسته‌وه به‌ر باس‌و قسه‌كردن. گروپه‌كانی چاودێریی رۆژنامه‌نوسی نێوده‌وڵه‌تی نیگه‌رانی خۆیان راگه‌یاند له‌باره‌ی كۆتوبه‌نده سه‌پێنراوه‌كانی سه‌ر رۆژنامه‌نوسان.
ده‌سه‌ڵاتده‌ران هه‌مو جۆره تێوهگلانێكیان له‌كوشتنی سه‌رده‌شت ره‌تكرده‌وه‌و داوایان له خۆپیشانده‌ران كرد، چاوه‌ڕێی ئه‌نجامه‌كانی لێكۆڵینه‌وه بكه‌ن.
تۆمه‌ته‌كان به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی ئاراسته‌ی پارتی دیموكراتی كوردستانی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی ده‌كرێت. ئه‌و حیزبه‌ی كۆنترۆڵی هه‌ولێر دهكاتو له‌لایه‌ن گروپه‌كانی مافی مرۆڤی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه به‌وه تۆمه‌تبار ده‌كرێت كه لێبورده نییه له‌به‌رامبه‌ر ره‌خنه‌كان.
نه‌به‌ز گۆرانی نوسه‌ر وتی: "له‌لایه‌ن ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی پارتییه‌وه لێی دراوه له‌به‌رئه‌وه‌ی ره‌خنه‌ی له لێپرسراوانی خۆماڵی گرتوه‌و ناچاربوه به‌ره‌و سلێمانی هه‌ڵبێت، كه له‌لایه‌ن حیزبه كوردییه ركابهرهكهیهوه كۆنترۆڵكراوه".
سه‌رده‌شت په‌یامنێری رۆژنامه‌ی ئاشتینامهبو كه دو هه‌فته دهردهچێتو بابه‌تیشی له ژماره‌یه‌ك وێبسایتی كوردیدا بڵاوكردوه‌ته‌وه، زۆر جار له‌باره‌ی گه‌نده‌ڵییه‌وه نوسیویه‌تی، به‌پێی سایتی كوردستان پۆست كه وتاری بۆ نوسیوه، ئه‌و باسی لهوهكردوه كه له‌سه‌ر نوسینه‌كانی هه‌ڕه‌شه‌ی لێكراوه.
هاوڕێكانی ده‌ڵێن، ئه‌و به‌تایبه‌تی ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌نوسینێك بۆ كوردستان پۆست توڕهكردبو كه تیایدا ده‌ڵێت: ته‌نیا رێگایه‌ك بۆئه‌وه‌ی سه‌ركه‌وتو بیت له‌م كۆمه‌ڵگای خزمخزمێنهیه هاوسه‌رگیرییه له‌گه‌ڵ كچه‌كه‌ی سه‌رۆك.
ئه‌و كه‌سانه‌ی داكۆكی له‌سه‌رده‌شت ده‌كه‌ن ده‌ڵێن ته‌رمه‌كه‌ی له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردی‌و له موسڵ فڕێدراوه، كه‌بوه‌ته په‌ناگه‌یه‌ك بۆ قاعیده له عێراق، ئه‌مه‌ش بۆئه‌وه‌یه گومان له ده‌سه‌ڵاتدارانی كورد نه‌كرێت.
كاروان ساڵح ئه‌ندامی لیژنه‌ی ئاسایش له په‌رله‌مانی كوردستان به ئاژانسی ئه‌سۆشێتد پرێسی وت "یانزه خاڵی پشكنین له‌نێوان هه‌ولێرو موسڵدا هه‌یه‌و زۆر قورسه ته‌رمێك له‌ناو ئۆتۆمبیلێك به‌و خاڵانه‌دا ببرێت مه‌گه‌ر سه‌ر به‌حكومه‌ت بێت".
سه‌رچاوه: واشنتۆن پۆست
http://www.washingtonpost.com/wp-dyn/content/article/2010/05/12/AR2010051203248.html
له ئینگلیزییه‌وه: سبه‌ی
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست