سولەیمانی دەسا بەسە ، بۆ خۆت بژی
Tuesday, 12/04/2011, 12:00
سولەیمانی شاری هەڵمەت و قوربانی
تۆ لەجوانی قەشەنگ تری
تۆ لە ئازا بوێر تری
تۆ لە دایك بەسۆز تری
سولەیمانی دڵی زیندوی نیشتیمانم
خەمخۆری گشت كوردستانم
لەنێو تۆدا
ئیشقی یار و ئیشقی خاك و ئیشقی خودا ئاوێتە بوون
هەمیشە تۆی
ئومێد بەخشی بۆ ئاسۆی ڕون
سولەیمانی لەبیرت دێ
بۆ كوردستان تۆ چیت نەكرد
بۆ شەهید بونی هەر كوردێك تاسە باربویت
لەبۆ ڕوخانی هەر گوندێك بەئازار بویت
سولەیمانی
دیسان ئەڵێم لە بیرت دێ
كاتێك سەردەشت لە هەولێردا تیرۆر كرا
تۆ چیت نەكرد؟
كاتێك كەركوك لاوەكانی ئازاردرا
تۆ چیت نەكرد؟
كاتێك تورك بۆ سەر بادینان هێنرا
تۆ چیت نەكرد؟
دەسا بە سە دڵسۆزی كورد
بێ هەڵوێست بە و بۆ خۆت بژی
سولەیمانی
بە سەیوانی شەهیدستان سوێندت ئەدەم
سولەیمانی
بە سەرای سەكۆی بەر خودان سوێندت ئەدەم
گەر ئەمجارە لە هەولێردا پیرە قەڵا لەگەڵ زەوی تەخت بكرێ
بێ هەڵوێست بە و بۆ خۆت بژی
گەرئەمجارە لە كەركوكدا ماڵ بە ماڵی تەعریب بكرێ
بێ هەڵوێست بە و بۆ خۆت بژی
گەرئەمجارەلە بادینان بست بە بستی بە جەندرمەی تورك بدرێ
بێ هەڵوێست بە و بۆ خۆت بژی
سولەیمانی
گەرئەمجارەلە باكوردا لە باشوردا لە ڕۆژهەڵات لە ڕۆژئاوای كوردستانم
هەرچی ببێ و هەرچی بكرێ
بێ هەڵوێست بە و بۆ خۆت بژی
دەسا بە سە دڵسۆزی كورد
بێ هەڵوێست بە و بۆ خۆت بژی
بۆ خۆت بژی.
تێبینی : ئەم پەخشانە شیعرە پێشكەشە بە هەموو ئەو كەسانەی كە سولەیمانیان خۆشئەوێت.
ئیمەیڵ :swarasul@ yahoo.com
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست