کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


گەندەڵیەكانى كەرتى تەندروستى لە سلێمانى- بەشى چوارەم

Wednesday, 18/01/2012, 12:00









پینە و پەرۆى گەندەڵیەكانتان پێناكرێت

لە ماوەى رابوردودا، دەربارەى گەندەڵییەكانى كەرتى تەندروستى كوردستان، بە تایبەتى گەندەڵییەكانى تەندروستیى لە پارێزگاى سلێمانى، چەند وتارێكم نووسى و لە كوردستانپۆست بڵاومكردنەوە، كاتێك وتارى سێهەم بڵاوكرایەوە، كەسێك بە ناوى دكتورێك بە مانشێتى (وەڵامى دكتۆرێك لە نەخۆشخانەى شۆرشەوە بۆ بابەتێك كە حەمید عوسمان لە سایتى كوردستانپۆست بڵاوى كردەوە) وەڵامى بەشى یەكەمى وتارەكەمى دایەوە، بۆیە منیش بە بەشى چوارەمى وتارەكانم لە سەر گەندەڵیى، وەڵامى دكتۆرێك دەدەمەوە، لە رۆژانى ئایندەشدا درێژە بە زنجیرە وتارەكانم دەدەم .

ئەوەى لە بەشى یەكەمى وتارەكەمدا نووسیومە، بەم شێوەیەى خوارەوە لەوەڵامەكەى (دكتۆریك) دا پشتراستكراوەتەوە.

1. ناعەدالەتى لە پێشكەشكردنى خزمەتگوزارى تەندروستیدا، من وتومە بۆچى لە خزمەتگوزراى تەندروستیدا جیاوازى لە نێوان خەڵكى كوردستاندا دەكریت؟ بۆچى خزمەتگوزارى تەندروستى لە نەخۆشخانەى شۆرش بۆ حزبیەكان بە خۆرایى بێت و بۆ خەڵكانى تریش پارە وەردەگرن؟ نووسینەكەى دكتۆرێك ددان بەوەدا دەنێت، كە لە نەخۆشخانەى شۆرش هەموو كەس وەك یەك چارەسەر ناكرێت، توێژێكى حزبى بە خۆرایى یان بە پارەیەكى رەمزى خزمەتگوزاریان پێشكەش دەكرێت، خەڵكى ئاساییش بە ریژەى %25 نەخۆشخانە ئەهلییەكان پارەیان لێوەردەگیرێت. باشە ئەم جیاوازییە كۆمەڵایەتییە لە سەر كام یاساى پەرلەمان جێبەجێ دەكرێت؟ ئێوە خۆتان خستۆتە شوێن یاسا، ئەوانەى سەر بە حزبى دەسەڵاتدار بن بەخۆرایى خزمەتیان دەكەن و كەسانى تریش بە پارە! رەخنەکەی من ئا ئەمەیە کە ئێوە خۆتان دانتان پێدا ناوە، لە هەمو دنیادا وا بووە ئەوەى زۆر پێویستى بە خزمەتى تەندروستى بێت، لە پێشەوە ئەو خزمەت دەكرێت، بەڵام ئێوە هاتوون و لە سەر بنەماى ئینتماى حزبى خەڵكتان پۆلێن كردووە و یارمەتى حزبیەكانى خۆتان دەدەن و ئەوانەى لەگەڵ ئێوە نین پارەیان لێوەردەگرن. ئەمە گەورەترین پێشێلكارى مافى مرۆڤ و مافی خەڵكى كوردستانە و ناعەدالەتیە (نادادپەروەرەیە)، ئەمەیە خەڵكى كوردستانى توڕە كردووە.

2. پێشێلكردنى یاسا:
من وتومە ئەم سیستەمی لە خەستەخانەی شۆڕش پیادە دەکرێت، یاسایى نییە لە یەك كاتدا یەك كەس بەرێوەبەرى دوو فەرمانگەى، دوو وەزارەت بێت، تۆش ناڵێیت وا نییە، دەڵێیت وایە، دكتور رێكەوت بۆ ئەوە لە یەك كاتدا ئەو دو پۆستەى وەرگرتوە بۆ ئەوەى كێشە لە نێوان نەخۆشخانەى شۆرش و فەرمانگەى تەندروستى سلێمانیدا دروست نەبێت، باشە بە كام یاساى هەرێمى كوردستان دكتور رێكەوت لە یەك كاتدا دەتوانێت بەرێوەبەرى دوو دەزگاى دوو وەزارەت بێت؟ باشە بۆچى كێشە لە نێوان نەخۆشخانەكانى شۆرش و فەرمانگەى تەندروستى سلێمانیدا دروست دەبێت ئەگەر ئیشوكارى ئەو دوو فەرمانگەیە تێكەڵ نەكراوە؟ من دەڵێم تێكەڵكردنى كارى ئەو دوو فەرمانگەیە راست نییە، یاسایى نییە، ئەو تێكەڵكردنە بۆ بەرژەوەندى حزبە و بە زیانى خەڵك تەواو دەبێت. بە گوێرەى یاساى وەزارەتى تەندروستى هەرێم، هیچ نەخۆشخانەیەكى حكومى بۆى نییە رێژەى %25 نرخى نەخۆشخانە ئەهلیەكان لە نەخۆش وەربگرێت، چۆن؟ بە گوێرەى كام یاساى هەرێم؟ نەخۆشخانەى شۆرش خۆى لە نەخۆشخانەكانى تر جیادەكاتەوە و ئەو برە پارەیە لە نەخۆش وەردەگرێت؟

3. مووچەى پزیشك و كارمەندان:
دكتۆرێك دەڵێت نەخۆشخانەى شۆرش خۆى موچەى كارمەند و پزیشك دابین دەكات، باشە من پرسیارێكى راستەوخۆ لەو كاك دكتۆرە دەكەم، بۆ نموونە: ئایا دكتۆر رێكەوت و دكتۆر قەلەندەر و دكتۆر دیار محیەدینى بەنج، كە لە نەخۆشخانەى شۆرش ئیش دەكەن، لە فەرمانگەى تەندروستى موچە وەرناگرن؟ من دڵنیام ئەوانە موچەیان لە سەر وەزارەتى تەندروستییە، ئەى ئەو پزیشكە موقیمانە كە ماوەى مانگێك لە نەخۆشخانەى شۆرش دەمێننەوە هەر لە فەرمانگەى تەندروستى موچە وەرناگرن؟ ئیتر چ پێویست دەكات زانیاریی هەڵە بڵاوبكەیتەوە و خوێنەر چەواشە بكەیت.

4. داهاتى نەخۆشخانە دەچێتە گیرفانى كێوە؟
ئەمە ئەو پرسیارەبوو كە من لە دكتور رێكەوتم كردبو، دكتۆرێك دێت وەڵامم دەداتەوە، یەكەم من پرسیارم كردووە و وتومە قازانجى ساڵانەى نەخۆشخانەى شۆرش چەندە، ئەو قازانجە دەچێتە گیرفانى كێوە؟ كاكە دكتۆرێك برى قازانجى ساڵانەى پێنەوتوم، بەڵام دێت و دەیسەلمێنێت كە ئەو پارەیەى لە نەخۆش وەردەگیرێت، ناگەڕێتەوە بۆ وەزارەتى تەندروستى و ناگەرێتەوە بۆ وەزارەتى دارایى حكومەتى هەرێم، ئەمە لە كاتێكدایە سیستەمى دارایى هەرێم، سیستەمێكى ناوەندییە و دەبێت هەمو داهاتەكانى نەخۆشخانەى شۆرش لە رێگەى وەزارەتى تەندروستیەوە یان لە رێگەى وەزارەتى پێشمەرگەوە بگەرێتەوە بۆ وەزارەتى دارایى، نووسەر هاتووە قازانجەكەى نەخۆشخانەى شۆرشى بەسەر 3 سێ كەرتدا دابەشیكردووە %40   بۆ هاندانى كارمەندان %40 بۆ گەشەپێدان بۆ كرینى دەرمان%20 دەبێتە داهاتى كۆتایى و دووبارە بۆ نەخۆشخانە بەكار دەهێنرێتەوە، نووسەر دەیەوێت بە دانانى ئەو رێژانە خۆى لە قازانجى نەخۆشخانەى شۆرش لابدات، ئەو رێژانەى تۆ ئاماژەت پێداون هیچیان نە یاسایین بە بنەماى داراییان هەیە، بە كام یاسا ئێوە بەو شێوەیە تەسەروف بە داهاتى نەخۆشخانەى شۆرشەوە دەكەن؟ كەوابو من راستم وتوە كە قازانجى نەخۆشخانەى شۆرش ناگەرێتەوە بۆ وەزارەتى دارایى و دەچێتە گیرفانى بەرپرسە سیاسیی و دەسەڵاتى دەڤەرى سلێمانیەوە.

5. دەربارەى نەخۆشخانە ئەهلیەكان:
نووسەر باسى نەخۆشخانەى سۆماى تاهیر هەورامى، نەخۆشخانەى ژیانى محەمەدخۆشناو ، نەخۆشخانەى روناكى دكتور وەرزێر و دوكانى لاكۆڵانى جەبارى سەندیكا ناكات، باسى نەخۆشخانەى فریاكەوتن و نەخۆشخانە 400 قەرەوێڵەیكە و نەخۆشخانەكەى فاروقى مەلا مستەفا و ئاسۆ بامۆكى ناكات .

6. دكتۆرێك دەڵێت هەمو كەس ئاگادارە كە بەشێكى دەرمان لە بەغداوە دێ ئەوە راستە، بەڵام ئەو دەرمانە لە وەزارەتى تەندروستى عراقەوە دەدرێت بە وەزارەتى تەندروستى هەرێمى كوردستان، هیچ جۆرە پێوەندییەك لە نێوان وەزارەتى تەندروستى عێراق و نەخۆشخانەى شۆرشدا نییە، ئەگەر پێوەندیى وا هەیە با دكتۆرێك بۆمان روون بكاتەوە چۆن چۆنیە؟ 

7. دكتۆریك لە وەڵامەكەیدا بۆ نووسینەكەى من، باس لەوە دەكات، كە لە نەخۆشخانەى شۆرش هاوكارى كەسوكارى شەهیدان دەكرێت! برا گیان لە نەخۆشخانەكانى وەزارەتى تەندروستیدا، بە بێ جیاوازى لە نێوان خەڵكدا، بە بێ توڕەكردنى خەڵك لە كەسو كارى شەهیدان، چارەسەرى هەموو نەخۆشییەكانى كەسوكارى شەهیدان و كەم ئەندامانى سەنگەر و ئەو توێژانەى تر دەكرێت كە تۆ ئاماژەت پێكردون. ئەى كەسوكارى شەهیدانى دهۆك و هەولێر و كەركوك و گەرمیان؟ ئەگەر لە نەخۆشخانەكانى وەزارەتى تەندروستى خزمەت ناكرێن و نەخۆشیەكانییان چارەسەر ناكرێت لە كوێ خزمەت دەكرێن؟ ئەگەر ئێوە رێزى شەهیدتان بگرتایە، سكرتێرەكەتان تارق رەمەزانى بكوژى شەهیدانى هەڵەبجەى ئازاد نەدەكرد، سكرتێرەكەتان ئیمزاى هەڵواسینى سەدام و عەلى حەسەن مەجید و ئەوانى ترى دەكرد و رای نەدەکرد خۆی بشارێتەوە، سكرتێرەكەتان داڵدەى تیرۆریستێكى وەك تارق هاشمى نەدەدا، كە لە سەردەمى رژێمى بەعسدا لەیەك كاتدا بەعسى بووە و لە قەلاچوالان فەرماندەى فەوجى سوپاى عراق بووە، خوا دەزانێت لە سەردەمى خەباتى شاخدا هاشمى چەند پێشمەرگەى شەهیدكردووە. ئەگەر ئەوانە رێزیان لە بنەماڵەى شەهیدان بگرتایە، فایلچى ناو حزبەكەى خۆیان سزا دەدا، لەبەر ئەوەى خیانەتیان لە رێبازى شەهیدان كردووە، ئەگەر ئێوە رێز لە شەهید دەگرن، سزاى ئەو دكتۆر و حاكمانەى سەردەمی بەعستان دەدا لە سلێمانیتان دەدا كە تەمەنى مناڵەكانیان گەورە كرد بۆ ئەوەى حوكمى ئیعدامیان بە سەردا بسەپێنن. هەمو كەس باسى شەهید بكات، دەسەڵات و حیزبەکەی تاڵەبانى نابێت باسى شەهیدان بکات.

لە كۆتاییدا بە كاك دكتۆرێك دەڵێم، نەخۆشخانەى شۆرش پێویستە بخرێتەوە سەر وەزارەتى تەندروستى، با تێكەڵى لە نێوان دام و دەزگاكانى حكومەت و حزبدا سنوردار بكرێـت و گەندەڵى كەم بكرێتەوە.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە