کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هەماهەنگی یەكێتی و گۆڕان یان رێككەوتنی ستراتیجی

Sunday, 12/08/2012, 12:00


دیارە لێرەدا قسەمان لەسەر بەرژەوەندی گشتی و ئەركی نیشتمانیە نەك كاروباری رۆژانەی حزبایەتی تەسك. ئەگەر ئامانجی گرنگی هەموومان بەرجەستەبونی دیموكراسی راستەقینە و هێنانەدی فەزایەكی ئازاد و،سیاسەتەكانمان لە پێناو پێشخستنی گەلدا بێت دور لە حساباتی قازانجی تاكەكەس و حزبی تاقانە یان ئەڵقەیەكی بچوكی دەسەڵاتخوازانی تایبەت و،لە پێناو سەقامگیری سیتمی سیاسی پێشكەتنخوازانە كۆشش دەكەین كە گەلی كوردستان خاوەن بریار بێت، پێویستە قۆناغبەندی وەزع و واقعی كوردستان و پێویستیەكانی بخوێنینەوە و بە پێی پێشهاتە هەمەچەشنەكان هەنگاوبنێین . ئەمرۆش پێش هەموو كاتێكی تر پێویستی سەرەكیمان بە چاوخشاندنەوە هەیە بە جۆر و شێوەی كاری حزبایەتی و گۆڕانكاری لە پەیوەندیەنێوخۆ و دەرەكیەكان، بەو ئامانجەی واقعەكە لەو چەقبەستنە رزگار بێت و زەمینە بۆ هیچ كەس و تاك و لایەنێك نەرەخسێت كە تەنها بەرژەوەندیە تەسكەكانی لەبەرچاو بگرێت .

ئەگەر رێككەوتنی ستراتیجی نێوان یەكێتی پارتی لە قۆناغێكی هەستیاری پاش شەڕی ناوخۆی كوردستان هاتبێتە ئاراوە و قازانجی تایبەتی خۆی هەبوبێت و، بارودۆخی گشتی هەرێمی كوردستانی لە ناكۆكی و ئاڵۆزیەكان پاراستبێت و، تارادەیەك ماڵی كوردی یەكخستبێتەوە ، ئەمرۆ ئێمەی گەلی كوردستان لە واقعێكدا دەژین كە پێویستی بە كاری جدی و بازدانێكی چەندایەتی هەیە كە دەرگا كڵۆم دراوەكانمان بۆ بكاتەوە، بە مەرجێك مێژوو دووبارە نەكەینەوە .

ئێستا، ئێمەی كورد لە حاڵەتێكداین كە دیفاكتۆی ئەم وەزعەمان وای لێكردوین تەنانەت وەك دەوڵەت مامەڵە دەكەین و مامەڵەشمان لەگەڵدا كراوە، چ لەئاستی ناوخۆی عێراق بێت یان دەرەوە، ئەمەش حەقی خۆمانە و بە منەتی نازانین. بەڵام لە ئاستی ناوخۆی هەرێمی كوردستاندا پێشكەوتنی بەرچاوی وانابینرێت لە جۆر و شێوەی ململانێكان كە لە ئاست ئەم قۆناغەدا بێت . هەمیشە بە عەقڵیەتی دەیەكانی پێشوو ململانێكان بەرێوە دەبەین و لە سەر یەك ریتم چەقمان بەستوە . رۆڵی گەلی كوردستان لە دووبارە نەكردنەوەی هەڵە و نەهامتیەكان و رێگری لە شەرو بەیەكداشاخان تا رادەیەك بەرچاو دەكەون و، لە پەنجەرەی دروستبونی رای گشتی ورۆڵی میدیا و رێكخراوە مەدەنیەكان و پەیدابونی ئۆپۆزسیۆن بە جاونی دیارن، بۆیە لەبەرچاوگرتنی ئەم فاكتەرە سەرەكیانە دەكرێت شێوە و جۆری ململانێكانیش گۆڕانێكی سەرەكی بەسەردا بهێنرێت، كە زۆر بەروونی دیارە دیارە كە زۆر دواكەوتووە .

لە دونیای سیاسەت و واقعێكدا كە بەرژەوەندی گشتی لەبەرچاو بێت، هەر رێككەوتنێك ببێتە مایەی زیان بۆ لایەنێك و قازانج بۆ ئەویتر، بێگومان باڵانسی بەردەوامبونی لەدەست دەدات . ئەگەر ئەمرۆ هەر رێككەوتنێك رێگر بێت لە رەخنەی بنیاتنەر و راستەرێكردنی كاروانی دەسەڵاتداریی كوردستان و زەرەری زیاتر بێت لە قازانجی، هیچ بەهانەیەك نامێنێت بۆ پێداگرتن لەسەر بەردەوامیی . بۆیە زۆر پێویستە كە لەم كاتەدا یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەتایبەتی بە هێمنی و رەفتاری نەرم و نیان و بە هەڵویستی دروست و بۆچونی زانستی و گۆڕین لە پەیوەندیەكانی و زۆر بە خشكەیی و دوور لە راگەیاندن و هەڵای میدیا، وردەوردە خۆی لە ژێر باری قورسی ئەو رككەوتنە ستراتیجیەی لەگەل پارتیدا بكێشیتەوە و، پەیوەندیەكانی هەمەرەنگ و هەمەجۆر بكاتەوە و لە نێو ساحە سیاسیەكە یاری خۆی بكات و بەو سیاسەتانەی پیشویدا بچێتەوە . لەم نێوەندەشدا، زۆر پێویستە دوو هێزی گەورەی وەك یەكێتی و گۆرانی زادەی یەك منداڵدان، پەیوەندیەكانیان ئاسایی بكەنەوە و، بە خوێندنەوەیەكی نوێوە سەرەتا هەماهەنگیەكی گشتی پتەو دەست پێبكەن، لای خەڵكیش ئاشكرایە كە خاڵە هاوبەشەكانی ئەم دوو زلهێزە زۆرە و،ئەمەش رێگاكە ئاسانتر دەكات بۆ لێكنزیكبونەوە ، بەمەرجێك بەرژەوەندیە تەسكە كەسایەتیەكان وەلاوە بنرێن . وەزعی سیاسی كوردستان بەگشتی پێویستی بە هەڵوێست و بۆچونی هەردوكیانە لە ئاست ئەو سیاسەتە تاكرەوانەی پارتیدا، كە هەوڵی سەرەكیی تا ئەمرۆش سەپاندنی خۆیەتی بەسەر كوردستان و سەرجەم لایەنەكاندا، تاكو ئێستا تا ئەو رادەیەی بۆی كرابێت زۆر هەنگاوی ناوە زۆر هەنگاوی كردەیی ناوە. ئەگەر یەكێتی لەبەر دروستبونەبونی گرژی و ئاڵۆزی و فشاری ئەو ماوەیەی گۆڕانیش لە هەڵوێست و بۆچونەكانی خودپارێزی كردبێت و ، ئەگەر گۆڕانیش بەهەمان شێوە لە ژێر فشار و قورسایی سیاسەت و ململانێی یەكێتی و پارتی تا رادەیەكی باش تاكتیكی بەكارهێنابێت، بەڵام ئەمرۆ گۆڕانكاریەكی ریشەیی رویداوەو تەنانەت هاوكێشە ئیقلیمیەكە یارمەتیدەرە بۆ نەهێشتنی تاكرەوی هەر لایەنێك و، ئەگەر هەموان بە عەقڵی سەردەم ململانێ بكەن دەتوانن قازانجی زیاتری لیبكەن، نەك بە پێچەوانەوە تەنها بە قازانجی تاكە كەس و سیاسەتی تەسكی لایەنێك بكەوێتەوە . بۆیە، ئەمڕۆ پاش ئەو هەڵكشانەی داشی پارتی لەو ماوەیەی پێشودا، لە دەرئەنجامی یاریە ئیقلیمیەكاندا، بەڵام لەم كاتەدا بارێكی نوێ هاتۆتە ئاراوە، بە هەماهەنگی یەكێتی و گۆڕان كە لە زۆرلاوە ئەگەر بە جوانی بخوێنرێتەوە بە پێویستیەكی سەردەم دادەنرێت ، بۆ راستكردنەوەی باری ناوخۆی كوردستان و پەڕینەوە لە قۆناغی ترس و دڵەراوكێ و گومان لەیەكتر كردن و، بۆ نەهێشتنی تاكڕەوی و رێگری لە هەموو جۆرە تێروانینێكی كۆنی حزبی و بنەماڵەیی. هەموو هەماهەنگیەكی جدی لە نێوان لایەنەكان بە مەبەستی ئامانجی پێشكەوتنخوازانە، كە ئەمەش لە هەنگاونان بەرەو سیستمی دیموكراسی و پەرلەمانی راستەقینە خۆی دەبینێتەوە، لەخزمەت پرسی سەرەكی كوردستاندا دەكەوێتەوە .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە