کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بۆچی شێرکۆ بێکەس ویستی لەپارکی ئازادیی بینێژن؟

Sunday, 11/08/2013, 12:00


پێشەکی لەوێوە دەست پێدەکەم، دەڵێم: ئەو داوایەی شێرکۆ بێکەس وەسیەتنامە نییە، بەڵکو فەرمانە. شێرکۆ بێکەس دەیەوێت ئەوەمان پێ بڵێت: مادام من خاوەنی ئەو هەموو شیعر و کتێبانەم، ئێوە ئەی خەڵکی کوردستان قەرزاری منن، لە پارکی ئازادی بمنێژن، تا خەڵکیی رۆژانە وەک شێخ و مشایەخ و کەسە پیرۆزە ئاینییەکان زیارەتم بکەن، من نامەوێت لە گرد و تەپۆڵکە بنێژرێم،  هەر کەسێک بیری کەوتوەوە جارجارە بەلامدا بڕوات و فاتیحایەکم بۆ دابدات، بەڵکو دەمەوێت لە کاتی سەیراندا، لە یاریکردن و راکردنی مندالاندا، لە ژوانی دڵداراندا، بە تۆپزیی هەموویان بمبینن، ئەوەی ناشمناسێت بۆی باس بکەن، بۆ ئەوەی بزانن من کێم و خاوەنی ئەو هەموو کتێبانەم  کە نووسیومن و خوێندوومنەتەوە!
***********************
23 ساڵە دەسەڵاتی کوردی کەلتورێکیان هێناوەتە ناومانەوە، کەلتورێکی ناشرین، هەموومانیان پێگۆش کردووە، نەک بە لەش، بەڵکو بۆ بیرکردنەوەیش،  وایان لێکردووین گفتوگۆ لەسەر هیچ ناکەین. ئەمڕۆ کورد میللەتێکی ساکار و ساویلکەیە، گوێ بە کارەسات و رووداوی گەورە نادەن، لێ لە رووداوە بچوکەکاندا شین و شەپۆر دەکەن بەتەواوی لەناو ئێمەی کوردا ئەم کەلتورە جێگەی گرتووە. ئێمە لەچرکە ساتێکداین، ئیتر دابەشبووین بەسەر کۆمەڵێک گروپی بەرژەوەندخواز و بێپرەنسیپ، بۆیە هەموو شتێک لای ئێمە ناشرین بووە. دەسەڵاتی کوردی لەماوەی ئەم ٢٣ساڵەدا کاری لەسەر ڕامکردنی سیمای شاری سلێمانی کردووە. ئەوەتانێ کێ بجوڵێتەوە پەیکەرێکی بۆ دەکەن، جا ئەو کەسە هاوڕێکەی خۆی کوشتبێت بۆ پارە، سیخوڕ بووبێت بەسەر گەلەکەیەوە، ئیتر هۆڵێک باخچەیەک، هەر نەبوو مزگەوتێک، یان قوتابخانەیەکی بەناوەوە دەکەن.
بەر لەساڵێک شێرکۆ بێکەس لەڕێگەی نامەیەکەوە وەسێتنامەیەکی دابەگوێماندا. چەند کەسێک لە کوردستانپۆست قسەیان لەسەر کرد. بەڵام گرفتی ئەو ووڵاتەی ئێمە لەوەدایە ڕووداوەکان هێندە زۆرن بۆیە هیچ شتێک نابێتە جێگەی گفتوگۆ کردن. دوای وەسێتنامەکە شێرکۆ کە زیاتر لە خانەی ئەمرکردن دەچوو،، شارەوانی سلێمانی ووتی نابێت و ناکرێت تەرمی شێرکۆ لەوێ بەخاک بسپێرێت، بێدەنگی باڵی بەسەر وەسێتەکەیدا کێشا، تا بەر لە ماوەیەک شێرکۆ نەخۆشی تەنگی پێ هەڵچنی و گیانی لەدەست دا، ئەمڕۆش بڕیار درا هەمان شارەوانی تەرمەکەی لەوێ بنێژرێت، بۆ قسە نەکردن لەو دەنگە یاخیانە کە بە ناشارستانێتی دەزانن ئەم کردەوەیە، هاتوون و دەڵێن ئەمە کاتییە گۆڕستانێک بۆ ئەدیبان دادەنێن لەوێ تەرمەکە دەگوێزنەوە بۆ ئەو گۆڕستانە.

ئێمە تەنها لەمردندا یەکسانین دەسەڵاتی کوردی دەیەوێت ئەوەش واتە مردنیش ناشرین بکات، وەک داگیر کردنی ئەو هەموو گردەی کە بۆ مردۆکانی خۆیان دایان ناوە.
کۆمێدیا لێرەوە دەست پێدەکات! لەدنیادا نەبووە گۆڕستان بۆ گروپێکی دیاری کراو جودا بکرێتەوە، پاشان لە خۆیانەوە هاتوون دەڵێن شێرکۆ بێکەس شاعیرێکی گەورەی گەلەکەمانە، کاتێک مرۆڤ گەورە دەبێت، کە هەڵوێستی گەورەی هەبووبێت، سەیرە لام گەلی هیند تاکو ئێستا بە (ڕابین درانات تاگور) یان نەووتوە شاعیری گەورەی هیند باوەڕیشم نییە ئەو ناوەی بەسەردا بدەن، ئێرانییەکان بە شاملو، یان تورکەکان بە نازم حیکمەتیان نەووتوە گەورە و شاعیر.
کێشەکە لێرەوە دەست پێ دەکات کاتێک حیزبێکی دەسەڵاتدار دێت، دەڵی مێژوو لە منەوە دەست پێدەکات، بۆیە بەر لە هەر کەسێک ئازاد جوندیانی وتە بێژی ی ن ک دێت پشگیری لەفەرمانەکەی شێرکۆ دەکات.(لە کۆتایی ئەم نووسینەدا بڕوانە پەیامەکەی ئازاد جوندیانی: پێویستە رێز لە وەسیەتنامەکەى بێکەس بگیرێت و لەپارکی ئازادی بنێژرێت).
چونکە ئازاد دەزانێ بۆ وادەکات، ئەوەتانێ وێنەیەکی زەبەلاحی باوکی ئازاد جوندیانی بەشيقامە سەرەکێکەی سالمەوە ناوە و زنجیریان لێ ئاڵاندوە وەک، ئەو مۆدێلی درامە هندیە شانشینی جانسی، لەکاتێکدا ئازاد جوندیانی غیرەتی ئەوەی نەبوە وەڵامی مامۆستا زورار دەرڵگەڵەیی بداتەوە کە لەبیرەوەرێکەیدا باسی پاڵەوانی باوکی ئازادمان بۆ دەگێڕێتەوە، کە زۆر دورە لەو وێنەیەی بەدیواری دڵی سلێمانیدا هەڵیان واسیوە. یەکێتی دوای ئەو هەموو قوربانییەی کە بۆمان داوە دوای ئەو هەموو داستان و شەهید و خوێنە، دەیەوێت بەم هەڵوێستە هەڵانەی جارێکی تر سەنگی خۆی پارسەنگ بکاتەوە، لەکاتێکدا مردوو لەهەموو جیهاندا جێگەیەک هەیە لێی بنێژرێت، نەک مەزارێکی لە ناو جەرگەی ساردا بۆ دابنێن. ئەوەی دەمرێت دەبرێتە گۆڕستان، نەک لە ناو چەقەقی دڵی شاردا بنیژرێت..
لەسلێمانیدا کەسێکی تر وەک نەجمەدینی مەلا: لەوەسێتەکەیدا پێمانی ووتوە کە بمبەنە چیای ئەزمڕ لەوێ لاشيکەم بنێژن

نەجمەدینی مەلا : لەکەشتێکەی نوحیدا زیاتر لە ٧٠٠٠هەزار کەسی فێری خوێندەواری کردووە، بۆیە لە ساڵی ١٩٧٠کاتێک گفتوگۆ لەگەڵ ڕژێمدا دەست پێ دەکات، لاشەی نەجمەدین بۆ چیای ئەزمڕ دەبرێت، ئێستاش لەشێوەی کەشتییەکدا لەهەمان جێگە کەشتیەک کراوە، بەڵام ئەو دەم و ئێستاش دەسەڵاتداران گرەویان لەسەر ئەوەیە کە خەڵک کۆبکەنەوە، ئێستا ئەوان بەدوای مەتریاڵ گەلێکدا دەگەڕێن کە لەتەلەفیزۆنەکانیانەوە ئاپورەی خەڵک پیشان بدەن و بڵێن ئێمە هێشتا بەپێوە ماوینەوەوە و ئەوەتانێ خەڵکمان هەر لەگەڵدایە.
ئەمەی شێرکۆش بخەینە خانەی وەسیەتنامەوە، گوناحێکی گەورە دەکەین بە وەسێتنامەکەی نەجمەدینی مەلا بەراوردی بکەین، ئەوەی پێشبینی دەکرێت ئەوەیە سبەینێ ئەم هەموو سەرە بۆیاخکراوانە هەریەکە گردێک، پارکێک، مزگەوتێکمان لێ داگیردەکەن، ئیتر چی ئەمێنێتەوە بۆ جوانی.
ئەمڕۆ هەرچییەک لەسەر شێرکۆ بڵێین دەچێتە خانەی تۆمەت بەخشینەوە، بەڵام کاک شوان ئەحمەد هەموو شتێکی ژێر بەڕەی خستە سەر بەڕە و شێرکۆ تا مابوو بە هزرێکی باسەوە دیوانی کچێک نیشتمانەکەی نووسی، بەڵام وەڵامی کاک شوانی نەدایەوە نەخۆی نە دەزگای سەردەم، وەڵامی ئەو کردارانەی نەدانەوە کە لە ئەپرتمانەکاندا دەیکەن بەرامبەر کچانی شارەکەم. جگە لەگەندەڵی و پارە سەرفکردن، لە دادگای سلێمانی تا نووسینەی ئەم بابەتە شێرکۆ و کوڕەکەی تۆمەتی دزینی پارەیەکی زۆرییان لەسەرە بۆ کڕینی چاپخانەیەک. هاوڕێیەکم باسی ئازایەتی شێرکۆی بۆکردم لەساڵی ١٩٧٤دا کە کاتێک دەنگی فڕۆکەکان دەهات، لە حاجی هۆمەران چۆن ئەم شاعیرە گەورەیە هەڵدەهات بۆ کونە تەیارەکان و دەیووت من بکوژرێم ئەی کێ شعر بۆ کورد بڵێت. جگە لەوەش کاتێک ساڵی ١٩٨٥ بۆ ١٩٨٦ هاتە چیا لە کاتی توەوە بەچیادا لەگەڵیا بوون کەبەرەو بەرگەڵو ئیستگەی دەنگی شۆڕش چووبوو چەندە جوێنی بەو چیایانە دابوو، تا یەکێک لە هاو سەفەرەکانی پێی دەڵێ کاک شێرکۆ ئەوە ئەو چیایانەیە کە بۆیان دەشیعرێنی، من لەناخەوە تاماوەیەکی زۆر هۆنراوەکانی شێرکۆ لەگەڵما ژیاوە، بەڵام کاتێک هەڵوێستیم زانی ووتم، دەکرێ کارخانە ی باش شتی چاک دروست بکات، بەڵام مەرج نییە ئەوەی دروستی دەکات یان خاوەنی کارخانەکان کەسی چاکبن، بەڵام ئەم هاو کێشەیە لێرەدا جێگەی نابێتەوە لای هەموو کەس دەبێت ئەوە ڕوون بێت خەوەن نووسینەکان دەبێی کردارەکانیشیان وەک نووسینەکانیان بێت، هونەرمەند لە هەر بوارێکدا هونەری هەبێت دەبێ کرداری ڕۆژانەی وابێت، ئەگینا دەبێتە کاسبی و دوکاندار، ئەوەی لای هەموومان جێگەی سەرسوڕمانە ئەوەیە کە هەرچی نوسەر هەبوو لەکورددا قسەیان لەسەر شێرکۆ و کرداری هەبوو، کەچی ئێستا هەموویان، لەکەشێکی دینیدا دەیانەوێت بڵێن شەیتان دەستی لێ هەڵگرتووە بائێمەش دەستی لێهەڵبگرین و قسە نەکەین، لەکاتێکدا شێرکۆ کەسێکی سادە ی ناو کۆمەڵگاکەمان نییە، ئەو دەیەوێت ئێمە بچینە زیارەتی گۆڕەکەی بۆیە فەرمانی دەرکردووە لەپارکی ئازادی لاشەکەی بشارنەوە، ئەوەش شێوەیەکە لەترسە، ترس لەمردن و نەگەیشتن بەو بڕوایەی کە مردن پرۆسێسێکە لەکەسمان بەدەر نییە، بۆیە بەدوای خۆیدا شێرکۆ ژن و منداڵ و خزمەکانیشی بۆلای خۆی دەبات.

شێرکۆ و هەڵوێستی لە١٧ی شوباتدا
ئەو ڕۆژەی کە ڕێبین هەردیان برد و دارکاریان کرد، د. بەرهەم تەلەفون بۆ ئەوانە دەکات کە لێیان داوە، دەڵێت بە دڵی من لێتان دا؟! بە دوایدا یەکسەر تەلەفون بۆ رێبینیش دەکات و دەڵێت: ئەو دەستە بشکێت کە لە کوڕی ئەحمەد هەردی داوە! (سوپاس بۆ سەرچاوەکەی ئەمەی بۆ گێڕامەوە) شێرکۆ لە ١٧ شوباتدا لایان دەبێت و هاتوە پاکانە ی ئەوەیان بۆ دەکات کە بۆیە چۆتە بەردەرکی سەرا تا گەنجەکان هێور بکاتەوە، ئەمڕۆ ئەمەیان کردۆتە هەڵویست و دەڵێت شێرکۆ چۆتە بەرەی گەل. بەلام ئەو خەڵکە ئەوە لە بیر خۆی دەباتەوە، کە کەسێک خاوەنی هەلویست و لەبەرەی گەل بێت ناچێت بۆ جەلال تالەبانی نامەی چاکبوونەوەی ئاوا بنووسێت، شێرکۆ وای دەزانی لە ١٧ شوباتدا ئیتر دوا ویستگە و تەواوبوونی دەسەڵاتی کوردییە، بۆیە زوو خۆی گەیاندە بەر سەرای ئازادیی و شیعری تێدا خوێندەوە. بەلام کاتێک زانی ١٧ سوبات خامۆشکرایەوە، لە ترسی ئەوەی دەزگای سەردەمی بەسەردا دانەنەخەن، زوو خۆی گەیاندە بەرپرسانی یەکێتیی و کەوتە پاڕانەوە، چونکە شکی ئەوەی کردبوو کە ڕەنگە موچەو بەراتەکەی ببڕن. ئایا ئەمە دەبێتە شاعیری گەورەی کورد؟ کاتێک مرۆڤ لە فیکتۆر گاراو گوڵسورخی دەڕوانێ دەزانێ ئێمە بۆ چی بەئازادی نەگەیشتوین.
ترس لەمردن لای شێرکۆکان ترسێکە لە بێبڕوابوونەوە، کە لاشە هەرچی بۆ بکرێت کە گیانی تێدا نەبوو وەک ئەوە وایە ڕێز لەدۆشەکێکی لۆکە بگریت، دوا ساتەکانی ژیانی شێرکۆ و بڵاو بونەوەی ئەو سکاندالەی لە ووڵاتی سوئیدا بڵاو بوویەوە پێمان دەڵی شێرکۆ نابێت لە پارکی ئازادی بنێژرێت. شێرکۆ بۆ دوو سێ هەزار کڕۆنی سویدی خیانەتی لە یاسای ئەو وڵاتەش کردووە کە رێگایان داوە، تێدا ئازادبێت و داڵدە بدرێت.
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=7e942394
کاتێک شێرکۆ دەڵێت لای شەهیدانی ١٩٦٣ بەخاکم بسپێرن، دەبوو بە دەسەڵاتی بووتایە ئەمڕۆ جێگەکانیان بۆتە جێگەی گەشت و سەیرانی ئەو عەرەبانەی کە خزمی زەعیم سدیق بوون. شێرکۆ تەنها شیعری ووتوە، دەبێ هەموو شتێک جودا بکرێتەوەو قسەی لەسەر بکەین، شێرکۆ کەلتورێکی زۆر ناشرینی هێنایە ناومانەوە کە دەبێ بوەستێنرێت،
ڕەنگە لای شێرکۆ ئەمەی بەمیرات بۆی جێهێشتین بەداهێنانی بزانێت، بەڵام بەداخەوە ئەمڕۆ سلێمانی کەوتۆتە دەست کۆمەڵێک نەخوێندەوار و مافیا، چیان بوێت دەیکەن بێ ئەوەی قسە لەقسەیاندا بکرێت، نمونەش ئەم ناشتنەی شێرکۆیە،
ئەی باوکە گیان دەبێ تاڵەبانی و برادەرەکانی لە کوێدا بنێژرێن؟

**************************************
ئازاد جوندیانی: پێویستە رێز لە وەسیەتنامەکەى بێکەس بگیرێت و لەپارکی ئازادی بنێژرێت

وتەبێژی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، پشتگیری حزبەکەی بۆ ئەو کەمپینە دووپاتکردەوە، کە کار بۆ بەدیهێنانی وەسیەتنامەکەی شێرکۆ بێکەس دەکەن
ئازاد جوندیانی لەپەیجی تایبەتی وتەبێژی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان نوسیویەتی" وەک وتەبێژی رەسمی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان پشتیوانی ئەو کەمپینە دەکەم و هیوادارم بەڕێز پارێزگاری سلێمانی و بەڕێز شارەوانی سلێمانی دووا وەسیەتنامەی خوالێخۆشبوو جێبەجێ‌ بکەن.

هەڤاڵانی خۆشەویستی یەکێتی
گەنجان و لاوانی دڵسۆز
خۆشحاڵ بووم کە کەمپینێکتان سازداوە بۆ پشتیوانیکردن و جێبەجێ‌ کردنی وەسیەتنامەی شاعیری گەورەی گەلەکەمان (کاک شێرکۆ بێکەس)ی نەمر، وەک وتەبێژی رەسمی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان پشتیوانی ئەو کەمپینە دەکەم و هیوادارم بەڕێز پارێزگاری سلێمانی و بەڕێز شارەوانی سلێمانی دووا وەسیەتنامەی خوالێخۆشبوو جێبەجێ‌ بکەن، هەروا ئەو هەنگاوەی ئێوەش بە هەند وەربگرن و لەبەرچاوی بگرن.

جێی ئاماژەیە ماوەیەک بەر لەئێستا، شاعیری گەورەی کورد مامۆستا شێرکۆ بێکەس، وەسیەتنامەیەکی نوسی، لەبەشێکی وەسیەتنامەکەدا، داوای کردوە، پاش مردنی لە پارکی ئازادی شاری سلێمانی بەخاک بسپێردرێت.
**************************************

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە