چارەکێکی خشڵی خێزانی سەرۆك و بەرپرسەکان بەشی زیادکردنی موچەی هێزەکانی ناوخۆ دەکات
Thursday, 07/07/2011, 12:00
ماوەی چەندڕۆژێکە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان لەلایەن ڕاگەیاندنەکانی سەر بەهەردووحیزبی دەسەڵات ولایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن سەرقاڵ کراون بە زیادبوون یازیاد نەبوونی مووچەی هێزەکانی سەربەوەزارەتی ناوخۆی هەرێم .لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن دەیانەوێت ئەو زیادەیە لەبەشەبوودجەی هەرێم سەرف بکرێت تاهیچ نەبێت لەبودجەی ئەمساڵی هەرێم ڕێژەیەك لەودزی وتاڵانیەی یەکێتی وپارتی کەم بکەنەوە ،هەرچی هەردووحیزبی دەسەڵاتیشە پشکی خۆیان لەدزینی بودجە دابەشکردووەو ئامادەنین یەك فلسیش چیە بۆ باوکیانی بگێڕنەوە ،وهات وهاواریانە بەوەی گەر ئەوپارەیە لەبودجە سەرف بکرێت کاریگەری دەبێت لەسەرجێبەجێکردنی ئەو پرۆژە خزمەت گوزاریانەی کەگەڕەکی مەسئولەکان دەگرێتەوە. هەرچی لایەنی مەعنیش بەمەسەلەکەیە کەهێزەکانی سەربەوەزارەتی ناوخۆیە کەسەرەکیترینیان هێزەکانی پۆلیس وئاسایشە بێ دەنگیان لێ کردووەو پێ ئەچێت ئەوان بەلایانەوە ئاسایی بێت گەر مووچەشیان بۆ زیاد نەکەن، چونکە ئەوان موخلیسی هەردوو حیزبن وئامادەن شەوتابەیانی ئەمنیەتی لێپرسراوەکانیان بپارێزن کەبەهۆی زیاد خواردن وخواردنەوەیانەوە تابەیانی دەچنە خەوی قوڵەوە بێ ئەوەی فزەیان لێوە بێت .مەسئولی واشمان هەیە هەر کەسێ گەر بەئیعجابیشەوە نیگایەکی بکات ئەیداتە بەر فیشەکی دەمانچەو مەفرەزەکانی پۆلیسیش ئەو هێزانەی شێر ئاسا پەلاماری ڕەشووڕووت ودەستگێڕو عەرەبانچیەکان دەدەن لەبری دەستگیرکردنی تابەیانی پارێزگاری دەکەن .جاهێزێك ئەرکی ڕاستەقینەی خۆی لەبیربکات وئامادەبێ لەبری خزمەتکردنی میللەت پارێزگاری لەدزووجەردەبکات بێ ئەوەی پشکیشیان هەبێت هەربۆ ئەوە باشە کە مەسئولەکان پێیان دەکەن٠
گەرمبوونی بازاڕی ڕاگەیاندنەکانی دەسەڵات وئۆپۆزسیۆن بە تۆمەتبارکردنی یەکتری بەڕێگری کردن لەزیادکردنی مووچەی هێزەکانی ناوخۆ ،هەموولایەکمانی بێزارکردووە بۆیە پێمان باش بوو بۆ دەرچوون لەوقەیرانەو کۆتایی هێنان بەو مشت ومڕەو بێ ئەوەی هەردووحیزب هیچ پارەیەکی دابەشكراوی بودجە بگێڕنەوە بۆ ئەو مەبەستە پێشنیار دەکەین کەچارەکێکی خشڵی خێزانی سەرۆكی هەرێم کەبەکرێکاری پارەکەی بۆ پەیدا کردووە وبەدیاری بۆی کڕیوە ،هەروەها خێزانی لێپرسراوەکان بخرێتە بازارەوە ودڵنیام بەپارەکەی هەم زیادەی موچەی ئەمساڵی هێزەکانی ناوخۆی پێدەدەن وهەم بەشێکیشی دەمێنێتەوە ئەویش وەکو برا بەش بکەنەوە لەنێوانی خۆیان وبۆ ساڵی داهاتووش خواکەریمەو بۆتان تەعویز دەکاتەوە بەزیادەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست