کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


مەلا كرێكار:_ پەكەكە پێشڕەوی دلێریی غیرەت و مەدرەسەی سەختی پارتیزانیە

Sunday, 20/06/2010, 12:00


لەمیانەى دیمانەیەكدا لەگەڵ گۆڤارى ڕاڤە مەلا كرێكار بەڕاشكاوى وەڵامى چەندین پرسیار دەداتەوە چەندین زانیاریش دەدركێنێت و وەكو هەمیشەش ڕەخنەى توند ئاراستەى چەندین لایەن دەكات ئەمەش دەقى دیمانەكەیەتى:
.دەكرێت لەسەر هەوڵی تیرۆركردنەكەت ڕوونكردنەوەمان بدەیتی؟
وەڵام : بسم الله الرحمن الرحیم .. هەوڵی تیرۆركردنم هەوڵێكی تری نەزۆك بوو بۆ بێدەنگ كردنم.. هەوڵی یەكەم كە فڕاندن و گرتنم بوو لە لایەن ئێرانەوەو پاشان كە رازی نەبووم ببمە ئێرانیزم تەسلیم بە هۆڵەندایان كردم... هەوڵی دوای ئەو ئەوەبوو كە ئەردەن بە فرۆشتنی هیرۆیین لە ئەردەن تۆمەتباری كردم و بۆ ماوەی چوار مانگ كە لە زیندانی سەختی هۆڵەندایان كردبووم دەیانەوویست هەر چۆنێك بێت بڕگە یاسایەك بدۆزنەوەو بتوانن منی پێ تەسلیم بە ئەردەنی تاغووت بكەن، بەڵام نەكرا، چونكە من نە ئەردەنی تاغووتم بینیبوو نە هیرۆیین.. هەوڵی نەزۆكی سێیەم ئەوەبوو كە هۆڵەنداو نەرویج و ئەمریكای تاغووت رێكەوتن كە تەسلیم بە نەرویجم بكەنەوەو ئەوانیش لە فڕۆكەخانەیەكی سەربازییەوە بمبەنە زیندان، بەڵام كە بە دەستبەسەریی و بە فرۆكەی تایبەت بردیانمەوە نەرویج تەونە شەیتانیەكەیان لێ هەڵوەشایەوەو موددەعی گشتی نەرویجی نەیهێشت بەو تۆمەتانە بمگرن كە درابوونە پاڵم، لەوانە كە گوایە كۆمەڵێكی چەكدارم دژی بەرژەوەندەیەكانی نەرویج دروست كردووە.. ئینجا بە راپۆرتی ساختەی یەكێتی و ئەمریكاو نەرویج سیونۆ جار درامە دادگاو هەر جارەو تۆمەتێكی هیچوپووچ و حەقیرییان بۆ رێك دەخستم و نەشیاندەوێرا لە دادگا خۆ بكەنە خاوەنی و بێنە بەرەو رووم.. تا سەرم پێ نەوی كردن و ئەوەشم لە دەست دەرهێنان.. ئەوەش ئەو هەوڵە نەزۆكە بوو كە دەیانەوویست هەر چۆنێك بێت هەشت بۆ دە ساڵێك لە زیندانم بهاوێن بەڵام بە فەزڵی خوای گەورە بەسەری بەرزو دەنگی دلێرەوە دەركەوتمەوە.. هەوڵی چوارەمیان ئەوەبوو كە شەش مانگ موخابەراتی نەرویجی و وەزارەتی دەرەوەیان هەوڵیاندا قەناعەت بە حكومەتی عێراقی بكات وەرمگرێتەوە، لەوەشدا سەركەوتوو نەبوون چونكە دەبوو لە جهەتێكی موعتەبەرەوە متمانە بۆ دەستورو یاسای نەرویجی دروست كەن كە دوای تەسلیم كردنەوەم ئەشكەنجە نادرێم، ئەوەشیان دەست نەكەوت چونكە هەرچی متمانەنامەیەكیان دەهێنا لای دادگای نەرویجی قەدری نەدەبوو چونكە لە لایەنی ئاغای تاڵەبانی و كوڕو برازاو دەزگا جاسووسیەكانیەوە دەبوو.. كە ئەم هەوڵانەش نەزۆك بوون، ئینجا هەوڵی كوشتنیان دام.. لەو نەرویجە پڕ ئەمانە بێ چەكەدا شەو هەڵیانكوتایە سەر ماڵم و بە دەمانچە (كە بۆ نیشانی بینراو بەكار دێت) لەو دیوو پەردەوە دایانینە بەر فیشەك.. خۆم هیچم بەرنەكەوت بەڵام زاوایەكم مەچەكی برینداربوو.. ئەمانە هەموو هەوڵدان بوون بۆ بێدەنگ كردنم، بەڵام الحمدلله هیچیان نەگەیشتە ئەنجام.
.لەدوای ئەم هەوڵەوە پۆلیس پاسەوانی بۆت دانەناوە؟
پۆلیس زۆر باش بەدەنگ روداوەكەوە هاتن و دواتریش بە گیانی مەسئوولیەتێكی باشەوە رەفتاریان كرد، پۆلیسیان داینێ بەڵام نەموویست، چونكە بزاوت بە پاسەوانی رەسمیەوە لەم ووڵاتانە زۆر قورس و زەحمەتە.. بە تایبەتی بۆ كەسێكی وەكو منیش كە پەیوەندی كۆمەڵایەتیم زۆرە.. بەڵام بەڕێوەبەری پۆلیسی ئۆسلۆ بە شەخسی دوو كەسی ناردە لام كە بێ خەمم كاتەوە لەوەی ئەو بە شەخسی سۆراغی كێشەكە دەكات.. ئەم جۆرە هەڵوێستە لە ئەوروپا زۆر دەگمەنە، بۆیە زۆر جێی پێزانینی من و كەسوكارم و ئەو برایانەش بوو كە پێكەوەین، ئەمە جگە لە پۆلیسی مەدەنی، دوو دەزگای ئەمنییەتی ناو پۆلیسیش بەدەم كێشەكەمەوە هاتن، كە بەرپرس بوون لە ئەمنیەتی جەستەو ئەمنیەتی شوێنی حەوانەوە.. بۆ هەردوو ئەمنیەتەكەش هەنگاوی تایبەتیان بۆ كردووین و ئێستاش بەردەوامن..
.باس لەوە دەكرێت بەڕێزتان سەرقاڵی دروستكردنی ڕێكخراوێكن و بۆ ئەم مەبەستە بانگەوازی ئەوەتان كردووە كەخەڵكی لەدەوری كۆببنەوە؟ئایا كار و بەرنامەتان چی دەبێت؟
شتێكی سروشتیە كە لە دیدی دینیمەوە كاری سیاسی بە فەرز بزانم، ئەمەشە وای كرد كە لە ئیخوان و بزوتنەوەو ئەنساردا كارم بكەم، ئیستا كە بارودۆخەكان نوێن و منیش هەشت ساڵە هەر لە ژوورێكم و خەریكی خوێندنەوەی كتێبە ئوسوڵیەكانی خۆمان و ئەزموونی ئەوروپام لە كۆمەڵكاریی و بزاڤی گۆڕانكاریی كۆمەلایەتی و سیاسی و پێكەوەنانی دەسەڵات و دەوڵەت و دەسەڵات، هاتوومەوە سەر پێداچوونەوەو دیراسە كردنەوەی چۆنیەتی كۆمەڵكاریی و بزاوت بەم دینەو بۆ ئەم ئامانجەكانی ئەم دینە.. لە خەرمانی رۆشنبیریی و لە گەنجینەی ئەزموونی تەمەنمەوە دەڕوانمە ئەو چل ساڵەی رابوردووم و دەمەوێ بە نەخشەیەكی نوێ و رەوتێكی نوێوە بێمەوە ناو ململانێی فیكرو زۆرانبازیی سیاسەت لەو واقیعە نوێیە ئاڵۆزەی ئیحتیلال و ئێران بوونەتە گەمەوانی زەبەلاحی و پارتی و یەكێتییان تێدا كردۆتە قوڕی سەناعەو هەر یەكەیان هەر شكلێكی لێیان بوێت دروستی دەكات، لەم زەمەنەدا كە كوردایەتیەوانانی عەلەمانی دەستیان لە هەمبانەی بەتاڵەوە دەرچووە لە دروست كردنی دەوڵەتی كوردی و ئیدارەی یەكئاڕاستەی كوردی و گێڕانەوەی ناوچە دابڕاوەكان و پشتیوانكردنی كوردی چەوساوەی پارچەكانی ترو ئاڕاستەكردنی كۆمەڵگەی باشووری كوردستان بە یاساو دەستورو دیدێكی شارستانیانەی دوور لە عەنتەریاتی فیرعەونی و كەشوفشی سمێڵبابڕی میلیشیایی. دەمەوێ لەبەرچاوی ئەو گەمەوانە رەزاقورسانە ، لەو واقیعە قورسەی پەرتەوازەیی و پووكانەوەی ئینتیماو، لەو شەپڕێویەی موسوڵمانان و گەڕەلاوژێی ئیسلامیانەوە، لەم بێ پەنایی و بێ كەسی و غوربەتەمەوە سەر دەرهێنمەوەو بڵێم چارەسەرم پێیە!! بڵێم خەڵكینە وەرن سەیرێكی ئەو زەمینە فیكرییە بكەنەوە كە دامڕشتووە، سەیرێكی ئەو خیتابە سیاسیە بكەن كە دوای پەنجا ساڵیم نوسیوومە، سەیرێكی موفرەداتی ئەو قیەمە بكەن كە پێناسەم كردوون، سەیرێكی چۆنیەتی كاری ئاشكرای سیاسی و دیاری تەنزیمیم بكەن.. هەر كەس پێی وابوو شتێكی بەسوودن بۆ كۆمەڵكاریی و گۆڕانكاریی و قوتاربوونمان لە ئایدزیی فیكریی و پووكانەوەی كوردایەتی و لە گەندەڵیی و هەرزەیی و مافیایی سیاسەتبازانی كلكی ئیستیعمار وەرن پێكەوە كار بكەین.. بازنەكانی كاری سیاسیمان جێی هەموو ووزەیەكی تێدا دەبێتەوە بەبەرچاوڕوونی بخرێتە گەڕ ..با لەسەر كۆمەڵێك رێساو بنەماو میساقی شەرەف رێكەوین.. وەرن بەڵێن بێت نان و ئەمان بۆ هەموان بێ، بێ تەزكیەو بێ واسیتەو بێ جیاوازیی ..
.لەسەر سوكایەتی بەئیسلام و قورئانی پیرۆز وەزارەتی ئەوقاف بڕیاریداوە هەركەسێك ئەم كارە بكات سكاڵای لەسەر تۆماردەكرێت؟ڕای ئێوە چیە؟
ئای لەو ئازایەتیە نموونەییە؟!! لەو هەڵوێستە عومەرییە؟!! بە راستی شایانی نۆتی شەجاعەن.. لەوەنا كە سەددامی تاغووت دەیكرد بە بەر رەشەی ساڵحەدا، ئەوە بۆ جاشی ئازایە.. بەڵكو لە شیاكەو تەپاڵە .. هەقە وەزارەتی ئەوقاف لە سەیدولوەزیرەوە تا مجێوری مزگەوتەكانی ئارەقی شەرمەزاریی بسڕن..
.بەڕێزتان سوتاندنی قورئان دەخەنە ئەستۆی دەسەڵاتی كوردی؟ لەكاتێكدا سوكایەتی بەقورئان كرا دڕێندرا هیچ بەرپرسێكی باڵا قسەی نەكرد؟
بە شێوەیەكی گشتی دەسەڵاتی كوردایەتی پێشەنگی تاریكایی كوفری كوردیە. سەرانی موفلیسی كوردایەتی ئەسپەكەی تەروادەن و ناواخنیان پڕە لە نەخشەی جولەكەو دیان و دوژمنانی تری ئیسلام.. ئەوانن كە هەتیوكەوتووانی كۆمۆنیست و باقی چەپەكانی تریان كۆكردۆتەوەو بەكرێیان گرتوون تا بە نیازی خۆیان ئیسلام بلەرزێنن و زەمینە فیكریەكەی ئێمەی ئیسلامی ببەزێنن، دەسەڵاتە كوردیەكەیە كە لە فیكردا وێڵ و لە خیتابی سیاسیدا ئیفلاسی كردووە، دەیەوێت ئیسلامەكەی ئێمە بكاتە هەنجەتی شكستی خۆی و دەستی نەجیسی خۆیمان پێ بسڕێت و بڵێ : ئیسلامیەكان بوونەوە بە مەلای خەتێ و نەیانهێشت دەوڵەت دروست كەین.. دەسەڵاتی سیاسی كوردایەتی شتێكی جیاواز نیە لەو هەموو دەسەڵاتە عەلەمانیانەی بەسەر ئوممەتی موسوڵماندا سەپێنراون، كوردستان بەمانەوە موبەتەلا بووە، هەر وەكو كە سعودیە بە ئال سعوودی نەخوێندەواری مشەخۆرەوە موبتەلا بووە، یان میسر كە بە حەسەناتی حوسنی و كوڕو زاواو عەدەد مەسینەكانی موبتەلا بووە، یان پاكستان كە بە موشەڕەف و زەرداریی جڕوجانەوەركانی ترەوە موبتەلا بووە.. ئەمانە بە ئەنقەست دژی قیەمی ئوممەتەكەن، دژی ئیسلامن، كوردایەتی لە بیستەكانەوە دژی كۆمۆنیزم بەكارهێنراوەو ئێستاش دژ بە ئیسلام و رابوونی موسوڵمانان بەكار دێتەوە، بۆیە دەسەڵاتی سیاسی كوردایەتی باشووری كوردستان لای رۆژئاواو لە بەغدا هیچیان پێ نەماوەو لە سیاسەتیشدا ئێكسپایەربوون، بەڵام ئەشهەدو بۆ شەڕی تیرۆر شیاون.. لە حاخامەكانی ئیسرائیل رقنترن، لە سەربازانی ئەوروپای رۆژهەڵاتی كۆستكەوتووی بلۆكی سۆشیالیستی هەرزانترن، خاوەن دكتۆراكەیان نەخوێندەوارە! ئائەمەیە حەقیقەتی چیرۆكی دژایەتی كردنەكەی قورئان لە كوردستان.. ئەمە شەڕی مان و نەمانی ئەم دینەیە.. ئەمە شەڕی وەحی و (ئەهواو)ی عەلەمانیەتی كوردییە.. دەسەڵاتی كوردایەتی و ئەوانەی پێیان وایە كە ژیان مادەیەو قیامەت نیە كەوتوونەتە تەرەفێك وئەوانەی باوەڕیان بە وەحی خوایی هەیە كەوتوونەتە تەرەفێك.. ئەمە پەیوەندی بە ئازادیەوە نیە.. ئەگەر ئازادیە، چما كەس دەوێرێت سوكایەتی بە رەسمێكی بەرپرسەكانى كوردستان بكات ؟
.بەڵام ئەگەر سبەی ئێوە وەكو لەدوا دیمانەدا باستان ئاڵاكەیان دەسوتێنن لەوانەیە هەڵوێستی زۆر توند لەدژتان بگیرێتە بەر؟بۆ ئەمەیان چی دەڵێیت؟
ئەگەر دڵنیا ببین كە دەسەڵاتی كوردایەتی لە پشت سوكایەتی بە قورئانەوەیە، هەقە شەڕی قوڕەیشی لەگەڵدا بكەین، ئەویش منەتی نەبێت چیمان پێدەكات با بیكات، ئەگەر ئەوەمان بۆ روون بۆوە كە پارتی یان یەكێتی لە پشت سوكایەتی كردنن بە قورئان بەئاشكرا سوكایەتی بە ئاڵای كوردایەتی و ئەی رەقیب و پەرلەمان دەكەینەوە كە لات و عوززاو هوبەلی زەمانەن.. چاوەڕێی جوامێریش نین لێیانەوە، چما زۆریان هەڵوێستی نەرمونیان تا ئێستا بەرامبەر بە خۆمان و زارۆكمان نیشانداوە، تا چاوڕوانی رەحمەتیان بین.. شەڕیش هەر شەڕە، مرۆڤی دنیاش یان موسوڵمانن یان كافر، جیاوازی نێوان كافرێكی بادینی یان كافرێكی سۆرانی لەگەڵ كافرێكی عەرەب و كافرێكی توركیدا چیە؟! ئەم كافرانە جیاوازیان لەگەڵ كافرێكی جولەكەو دیاندا چیە؟! خوای گەورە هەموویانی پێناساندووین كە موراعاتی هیچ پەیمان وبەڵێنێك لەگەڵ موسوڵماندا ناكەن، خۆ نەیفەرموو كافری كوردی بە بەزەییترن، بە پێچەوانەشەوە دەفەرموێ : (اكفاركم خیر من اولئكم)؟!.. جیاوازی نێوان ملازم دڵشادی لای پارتی و هەڵپاچی لای یەكێتی و ملازم عەبدی ئەمنەسوورەكەی بەعس لە سلێمانی بۆ ئیسلامیانی ئێمە چی بوو؟! مەحروومبوونی ئێمە لە نان وئەمانی ووڵاتی خۆمان لە زەمانی بەعس و زەمانی كوردایەتیەوانانی كافردا چی بوو؟! لە تاو شەڕی ئەمانە وەكو بزن و حەیوانەكێوی پەڕیبووینە ناو چیاو شارمان بۆ جێهێشتبوون هەر هاتنە سەرمان و هەزارو پێنج سەد گەنجی جوانی بەدەستنوێژییان لێ كوشتین، بە ئەمری مەسعوود بارزانی حەڤدە گەنجی خواناس و پاكمانیان كردە یەك گۆڕی بە كۆمەڵەوە!!! هەرچی مەلای هەولێر هەبوو تكاو رجایان لێكرد وانەكات ، بە فەرمانی فیرعەونیانەی خۆی هەر كردی.. ئێ ئیتر چی بكەین ؟! دواییش ئەوەی بە خۆیان نەكرا ئەمریكای تاغوتیان بە پارەی بەیتولمالی ئەم میللەتە بەكرێگرت تا ریشەكێشمان كات.. ئەویش سەدو حەوت سارووخی لە دەریای سوورەوە گرتە دەڤەری هەورامان و زیاتر لە دووسەد كەسی لە شیرین خەودا لێ شەهید كردین .. چ دوژمنێكی تورك و عەرەب و فارس ئەمەی لەگەڵ كردووین ؟! مێلیشیای كوردایەتیەوانانی رقن و ژەندرمەی كەمالیزم و نیزامیانی شاو سوپای بەعس لە دژایەتی ئیسلام و موسوڵماناندا جیاوازییان چی بوو ؟! هیچ ..
.ئەی بێدەنگبوونی ئیسلامیەكان تێپەڕبوونی ئەم كارە بەسەریاندا چۆن لێك دەدەیتەوە؟
ترس و بێ غیرەتیەو هیچی تر.. ترسە لە نەمانێك كە بە دەست كەسی غەیری خوا نیە!! ترسە لە زیندان كە هەموو پێشەوایانی دین چێشتوویانە، ترسە لە فەوتانی بەرژەوەندی ماددی و ئەو دەركەوتنە فشەڵانەیان كە لە دانیشتنە سیاسییە شانۆییەكانیاندا دەیانبینین كەبە پێكەنینە پلاستیكیەكانیان دانی گڕیانمان نیشان دەدەن ..
.لێكدانەوەت بۆ ئەم قۆناغەی ئێستای هەرێمی كوردستان چیە؟
قۆناغی دۆڕاندنە، قۆناغی پووكانەوەی كوردایەتیە، قۆناغی دەركەوتنی عەورەتی دێزو چرچی كوفری كوردیە، داهاتووی نزیك دەیسەلمێنێت كە كافربوون ئەسڵی هەموو خراپەكارییەكی ووڵاتی ئێمەیە . داهاتوویەكی نزیك بە ئیزنی خوا بۆ میللەتی دەسەلمێنێت كە ئەمانەی قسەی قەبەقەبە دەكەن و وەزارەتی مافی مرۆڤ و ئەنفالیان و زیندانیان و مەحروومان دەكەنە دوكانی بازرگانی موفلیسی شوێنكەوتەی كۆمپانیا زەبەلاحەكانی رۆژئاوا، بەم نزیكانە دەبنە سولەیمان دیمیریل و قرێع و دەحلان و عەبباس و كەرەزای و.. داهاتووی زۆر نزیك دەیسەلمێنێت كە ئێمەی ئیسلامی وەكو ئۆردۆغان و حەماس بەدیلی راستەقینەی گۆڕانكاریی فیكرو سیاسەتین، پاسەوانی سنوری خاك و بنەمای كیانی كوردو مافی خەڵك و ئەمینداری دەسەڵاتێكین كە خەڵكی بە ئازادی رای خۆیان هەڵیانبژاردووە .
.ئەدای پەرمان لەنێوان لایەنی دەسەڵات و لایەنی بەرامبەر چۆن دەبینی؟
پەرلەمان خۆی نیە تا ئەدای هەبووبێت.. خولی پێشتر فلیمی كۆبوونەوەی زیاتریان نیشان دەداین، بەڵام لەوەتای بزوتنەوەی گۆڕان بیستوپێنج كورسی هێناوە پارتی تۆقیوە، بۆیە پەرلەمانی هەر بە فەریكی تەقاند.. بارزانیش وەكو عبدالعەزیزی دامەزرێنەری دەوڵەتی سعودیە كەوتۆتە سەر فێڵەكەی، دەڵێ: وەرن خەڵكینە با كۆڕی سەرۆكی حزبەكان دروست كەین! بەمەش ئەو داهۆڵەی پێی دەوترا پەرلەمان ئیتر دەبێتە قاڵۆر، ئیدی خۆشیی لە دووژنەوانان چونكە پەرلەمان چیدی بالۆرەو دژی تیرۆرو فرەژنی پێ ڵا نادرێت.. بەراستی جێی پێكەنین و گاڵتەجاڕییە، پێم وایە ئەو كەسەی ئەوە بە پەرلەمان بزانێت لەوانەیە خوا بە قوڕی رەشدا بیباتە خوارێ و هەرچی فریشتەو پیاوچاكان هەن پێی بڵێن : هەی درۆزن ..
.مامۆستا لەسەر تیرۆركردنی سەردەشت عوسمان ناڕەزایەتیەكی گەورە و بەرفراوان ڕوویدا مامۆستایەكی ئاینی ئەم ناڕەزایەتیە بەوە وەسف دەكات كەكارێكی ناهەق بووە بۆیە خوای گەورە دڵی جەماوەری بەم شێوەیە ڕاچڵەكاند بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەڵام بەدیوێكی تری سادەدا هاتنە سەرشەقامی خەڵكی كورد بەوە لێكدرایەوە كەئەمە دەستی گۆڕانی لەپشتە؟تۆ ئەمە چۆن لێك دەدەیتەوە؟
ئێ هەر وایەو سەد ئافەرین گۆڕان .. قابیلە گێلیتی كابرای مەلا بفەلسەفێنین و بڵێین: ئەرێوەڵا خوای گەورە دڵی جەماوەری بەم شێوەیە راچەڵەكاندووە!! ئەدی باشە خوای گەورە دڵی ئەو مەلایەی بۆ قورئانە سوتاوو پەڕپەڕ كراوەكەی بۆ رانەچڵەكاند؟! یان دیارە دڵی ئەو مەلایەو مەلاكانی ترو داعیە قسەزلەكان و ردێن تراشراوەكانی سەر تەلەفزیۆن بووە بە دڵی بەنی ئیسرائیل و لە بەرد رەقتر بووە ؟! بە راستی مەلاكانمان زۆر نەخوێندەوار كراون!! ئایا دەشێت خوێندنەوەی جیاوازمان بۆ ئەو خۆپیشاندانانەی ئەو هەموو شارو شارۆچكانە هەبێت؟! ئاخر مەعقوولە بڵێین وەڵا ئەو خەڵكە بەو نەزم و رێكخستن و لافیتانەوە هەڕەمەكی هاتوونەتە سەر جادە؟!
پ.مامۆستا كرێكار بەڕێزتان لەكاتی هەڵبژاردنەكان باستان لەوە كرد كەتەهیدی گۆڕان دەكەن قسەكەی ئێوە بەوە لێكدرایەوە كەتۆ لەگەڵ گۆڕان ڕێككەوتوویت؟جارێكی تر خەباتی پەكەكەت بەڕەوا وەسف كرد بۆ ئەمەش لێكدانەوەیەكی تر كرا؟لێرەدا دەكرێت بپرسین مامۆستا پەیوەندی هەیە لەگەڵ پەكەكە یان گۆڕان ؟
وەڵام : پەیوەندیم بە هیچ یەكێك لە بزوتنەوەی گۆڕان و پەكەكەوە نیە.. بەڵام ئەوانە داینەمۆیەكی خەباتی ناو گەلی خۆمن و هێزێكی كاریگەرن ، پەكەكە پێشڕەوی دلێریی غیرەت و مەدرەسەی سەختی پارتیزانی و رێشكێنی بەفری هەورازو رێبواری ماندوونەناسی بیابانی بێروونە.. بزوتنەوەی گۆڕانیش كە ئاخر نەشتەرگەرێتی كوردایەتی و ردێن رەش كردنەوەی عەلەمانیەتی كوردییە، جورئەتی دەسپێكی گۆڕان و تەكانی ئومێدی دنیای مەییوی موخابەراتی دەسەڵاتی مافیایی حاكمە .. منیش لەم دوورەوە سەیری واقیعی نوێ و گۆڕانكارییە نوێیەكان دەكەم.. رای خۆشم لەسەر دیدو رێبازەكان، یان هەڵوێست و رەفتارەكان دەردەبڕم و دەشزانم خەڵكانێك هەن گوێم لێدەگرن و هەندێكیان لەوانەیە بە قسەم بكەن.. هەوڵ دەدەم لە فیكری رەسەنێتی قورئان و سوننەتەوە بۆیان ببینم و پێناسە بكەم و بە جورئەتی پێغەمبەرانیشەوە ئەوەی پێم هەقە دەری ببڕم بۆیان.. لایەنگرتن و بەرهەڵستیكردن، شتێك نین بەش بەش نەكرێن.. ناشێت چاو بنوقێنیت و بڵێی كوردایەتی هەمووی راستەو ناشكرێت بڵێیت هەمووی ناهەقە.. ناشێت بڵێیت پارتی، یەكێتی، گۆڕان هەمووی هەقە، یان هەمووی ناهەقە.. ناشێت بڵێیت كابرای ئیسلامی هەموو دیدو هەڵوێستێكی هەقە یان هەمووی ناهەقە..
*تێ بى نى(ئەم چاوپێكەوتنە لەهەردوو ژمارەى 12 و 13ى گۆڤارى ڕاڤە)بڵاوكراوەتەوە
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە