ئەگەر كۆمەڵگەی كوردی كۆیلە نەبێت چۆن خیانەتكارانی 66 و 31 ئاب و موستەشارە ئەنفالچیەكان دەم لە شۆِرش گێڕ دەكوتن؟
Thursday, 28/10/2010, 12:00
(ئەو كاتەی سەركردەكانی خیانەتی 31 ئاب و 66 خیانەتەكانیان بە شۆڕشگێڕی لە قەڵەم ددەن و دەبنە سەرۆك كۆماری عێراق و سەرۆكی هەریم، ئاسایە ئەنفالچیە خائینەكانیش بڵێن ئێمەش شۆڕشگێڕ بوینە)
ئەو بەناو سەرۆك و سەركردانەی كورد لە كاتێكدا خۆیان خیانەتی گەورەی نیشتمانیان ئەنجامداوە و ئەوخیانەتە نیشتمانییەی خۆیان بە شۆڕش گێڕی لە قەڵەم دەدەن و خەڵكێكی زۆریان پێ كۆیلە كردوە، ئەگەر ژمارەیەكی زۆر لە خەڵكی كوردستان كۆیلە نەبن، ئەی چۆن دو خیانەتكار دەبنە سەرۆك و سەروەت و سامانی ئەم وڵاتە بە تاڵان دەبەن و ئازاری خەڵك دەدەن و كۆمەڵێك چەتەیان بەرداوەتە گیانی خەڵك و خەڵكی پێدەترسێنن لە ژێر ناوی ئاسایش و پۆلیس و پێشمەرگە؟.
كاتێك موستەشارە ئەنفالچیەكان چاوپێكەوتنیان لە گەڵدا دەكرێت هەمویان خۆیان دەكەن بە شۆِرشگێڕو پاڵەوان و كوردایتیمان پێ دەفرۆشنەوە، هەمویان باس لەوە دەكەن خەڵكیان رزگار كردوە لە ئەنفالدا، بەڵێ منیش دەڵێم هەر یەكەو كۆمەڵێكی كەمی خەڵكی رزگار كردوە، بەڵام لە بەرامبەردا بە هەزاران خەڵكیتری ئەنفال و شەهیدكردوە، ئەی باشە ئەگەر ئەو ئەنفالچیانە خەڵكیان ئەنفال نەكردوە، كێ 182 هەزار خەڵكی ئەنفالكردوە؟ باشە ئەو ئەنفالچیانە بۆ ناوێرن بچنە پێش دادگا پاكانە بۆ خۆیان بكەن؟دیارە ئەو كەسوكارەكانی ئێمە كە ئەنفالكران، ئەو ئەنفالچیە خائینانە ئەنفالی كردن بە لای ئەوانەوە مرۆڤ نەبونە خائین بونە، بۆیە بێشەرمانە بەو شێوەیە قسەی زل و بێ مانا دەكەن، دەبوایە ئەو خائینە ئەنفالچیانە ئیسَتا خەڵكی كوردستان قسەی لە گەڵ نەكردنایە و وەكو شتێكی گڵاو سەیری بكردنایە، نەك بێن چاوپێكەتنیان لە گەڵ بكەین و لە میدیاكاندا بیان كەین بە پاڵەوان و شۆڕشگێڕ، بۆ ئەوەی هیچ كەسێك و نەوەكانی داهاتوش نەوێرن دەست بۆ خیانتكردن لە نیشتمانەكەی خۆیان بەرن.
لە گەرمیان ئەوە ماوەی چەند رۆژێكە ئەنفالچیەكان دەچنە ماڵی ئەو كەسانەی كە رزگاریانیان كردوە بۆ ئەوەی شاهیدیان بۆ بدەن كە ئەوان بێتاوان و شۆِڕشگێڕبونە، بۆیە لێرەوە داوا لە كەس و كاری ئەنفالەكان دەكەم كە ئەو ئەنفالچیانە كەس و كارەكانیانی ئەنفالكردوە هەمویان كۆ ببنەوە و لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەنوسیدا باسی ئەو ئەنفالچیانە بكەن كە چۆن وەكو سەگی هار كەس وكارەكانیانیان بەرە و مەرگ راپێچكرد.
زۆر كەسی نەزان و كەم عەقڵی حیزبی بەو قسە بێ مانایەی حیزبەكانیان باوەڕیانكردوە كە نابێت باسی ئەو ئەنفالچیانە بكرێت و بدرێنە دادگا، چونكە ئەوانە ژمارەیان زۆرە و تەئسیر لە دەنگدانی حیزبەكانیان دەكات، بەڵام من دەڵێم ئەوە درۆیەكی شاخدارە كە ئەو حیزبانە دەیكەن، راستی پشتگیری كردنی ئەو بەرپرسانەو داكۆكیكردن لەو ئەنفالچیانە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئەم ئەنفالچیانە هەریەكەی كۆمەڵێك نهێنی ئەو بەرپرسانەی لەلایە، ئەگەر بچنە پێش دادگای باڵای تاوانەكان لە بەغداد ئەوە ئەو نهێنیانە ئاشكرا دەكەن و ئەوجار كۆمەڵێك راستی و دروستی هەندێك لە بەرپرسانی حیزبەكانیان بۆ دەردەكەوێت، وەكو چۆن فایلی سیخوڕی چەند بەرپرسێك لە دوای روخانی رژێمی بەعس ئاشكرابون. تەنها پشتگیریكردنی ئەو بەرپرسانە لە بەر ئەوەیە كە ئاماژەم پێكرد، باشە ئەپرسم كەس و كاری 182 هەزار ئەنفال زۆرە یان 264 ئەنفالچی خائین؟ شەرمە بۆ ئەو حیزب و بەرپرسانەی داڵدەی ئەو خائینانە دەدات، چۆن لە روتان دێت بە درۆوە لە یادی ئەنفال و پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن باسی ئەنفال دەكەن و دەگرین، بەڵام ئەو بەرپرسانەی داكۆكی لەو خائینانە دەكات شەرم و حەیای تكاوە، بۆیە بێباكە لە ئاستی داواكاریەكانی كەس وكاری ئەنفالكراوەكان و بونەتە داكۆكیكاری خائینەكانی مێژو.
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست