کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


هەڵبژاردنەوەى تاڵەبانى،هات و هاوارى بارزانى،هەڵگەڕانەوەى لیستى گۆڕان

Monday, 15/11/2010, 12:00



لە دواى رووخانى رژێمى سەدامەوە تا ئەمرۆ،كۆمەڵگا و سیاسەتى عراق بە دەست چەندان كێشەوە دەناڵێنن،یەك لەو كێشانە ئەوەیە،گەل و دەسەڵاتى عراق سەروەریان لە كیس چووە،نەمانى سەروەرى دەوڵەتى عراق لە بەرژوەندى ئەو هێزانەدایە كە دەیانەویست لە پێكهێنانەوەى عراقى نوێدا،لە حوكمرانى عراقَى ئایندەدا،لە سەر كۆمەڵگاى عراق هەژموونیان هەبێت و لە سەر بریارى سیاسى عراقى ئایندە كاریگەریان هەبێت.بۆ ئەوەى بەرنامەكانى ئەو هێزانە(ئەمریكا و ئێران و توركیا و هى تر) لە عراقدا بە باشى شوێنى خۆیان بگرن و عراق بكەنە پاشكۆى خۆیان،پێویست بوو دەسەڵاتدارانى پایەبەرزى عراق لە لاوازترین تاكەكانى عراق بن،بۆ ئەوەى نەتوانن داكۆكى لە سەروەرى گەل و خاك و دەسەڵاتى عراق بكەن ورێگە بدەن ئەو هێزانە دەستبخەنە ناو كاروبابى ناوخۆى عراقەوە.
بۆ ئەوەى دەرفەتى دەستخستنە ناو كاروبارى عراق بەرداوم بێت،پێویستە كێشە نەتەوەیى و مەزهەبى و سیاسیەكانى عراق چارەسەر نەكرێن وپێكهاتەكانى كۆمەڵگاى عراق لە ناكۆكى و ململانێ و شەڕدا ژیان بەسەر بەرن،پێویستە كار بە بڕگەكانى دەستوورى عراق نەكرێت و یاسا جێبەجێنەكرێت، دەسەڵاتى تاكە كەسى و دەسەڵاتى حزبى شوێنى دەسەڵاتى دەستور و یاسا بگرێتەوە.
ئەگەر سەیرى حوكمرانى چوار ساڵى رابوردووى سەرۆك كۆمارى عراق بكەین،كارەكتەرى ئەو تاكە دەسەڵاتدارە لاوازەى عراقى تێدا دەبینین كە زلهێزانى ناوچەكە و جیهان دەیانەوێت،لە چوار ساڵى رابوردوودا تاڵەبانى هێندە سەیرى بەرژەوەندى ئەمریكا و ئێران و توركیاى كردووە،نیو هێندە سەروەرى گەل و خاك و دەسەڵاتى عراقى بە گرنگ نەبینیوە و لاى لێنەكردۆتەوە،لە ماوەى چوار ساڵى رابوردوودا سەرۆك كۆمارى عراق هەر بەدەسەڵات و كوڵتوورى ئەمریكاو توركیا و ئێراندا هەڵیداوە،دژى ئەو كارەسات و كێشە و خرابەكارى و پێشێلكردنەى مافى تاك و پێَكهاتەكانى كۆمەڵگاى عراق نەوەستاوە كە لە لایەن سوپاى ئەمریكا و توركیا و هێزى پاسدارى ئێرانەوە،رووبەرووى خەڵكى عراق و هەرێمى كوردستان بۆتەوە،داكۆكى لەو كەس و پێكهاتانە نەكردووە كەلە لایەن دەسەڵاتى دكتاتۆرى هەرێمى كوردستان و عراقى ناوەندیەوە مافیان پێشێلكراوە و تەسفیەى سیاسى و فیزیكى كراون.لە ماوەى چوار ساڵى رابوردوودا رۆژێك لە رۆژان نەمانبینى سەرۆك كۆمارى عراق بە ئەمریكاو ئێران و توركیاى بڵێت نا بۆ ئەو سیاسەتەى ئێوە،ئەو سیاسەتەى ئێوە لەگەڵ سەروەرى گەل و خاك و دەسەڵاتى عراقدا ناكۆكە و رێگەتان نادەم بەو شێوەیە لەگەڵ ولاتێكى خاوەن سەروەریدا هەڵسووكەوت بكەن.
بۆیە ئاساییە ئەگەر هێزە ناوچەیى و جیهانیە بە دەسەڵاتەكان،جارێكى تركار بۆ دانانەوەى تاڵەبانى بكەن وەك سەرۆك كۆمارێكى بێ ئیرادە و دەستەمۆى عراق، تا لە رێگەى سەرۆك كۆمارێكى واوە بە تەواوى عراق بخەنە ژێر كۆنترۆڵى خۆیانەوە.
لە ماوەى چوار ساڵى حوكمرانى جەلال تاڵەبانى سەرۆك كۆمارى عراقدا،یەك لە بەندەكانى دەستورى عراق كارى پێنەكراوە،ئەو یاسا و بریارانەش كە لە پەرلەمان و حكوومەتى عراقەوە دەرچوون،ئەگەر بە دەست تاڵەبانى بایە كارى پێنەدەكرا،لە ماوەى چەند ساڵى رابوردوودا لە پەرلەمانى عراقدا چەندان یاسا بە قازانجى خەڵكى عراق و هەرێمى كوردستان دەرچووە،جێبەجێكردنى ئەو یاسایانە لە هەرێمى كوردستاندا دواخراوە و كارى پێنەكراوە،لە بەرامبەر جێبەجێنەكردنى ئەو یاسایەنەدا، تاڵەبانى سەرۆك كۆمارى عراق و نوێنەرى كورد لە حكوومەتى عراقى ناوەندى ورتەى لێوەنەهاتووە.كارەكانى چوار ساڵى رابوردووى سەرۆك كۆمارى عراق دەستورى و یاساسیى نەبوون،هەندێك لە كارەكان لە رێگەى پێوەندى تایبەتى ئاشكراو نهێنى تاڵەبانى و بەرپرسانى عراقى و ئەمریكى و ئێرانى و توركیەوە بەرێوەچووە،هەندێكى ترى كارەكانى سەرۆك كۆمارى عراق لە رێگەى رێكەوتنە حزبیەكانى نێوان حزبەكەى تاڵەبانى و حزبەكانى هەرێمى كوردستان و عراقەوە بەڕێوەچووە،هەندێك لە كارەكانى ترى سەرۆك كۆمارى عراق لە رێگەى پێوەندی دەزگا حزبیەكانى حزبەكەى تاڵەبانى و بنەماڵەى تاڵەبانى و دام و دەزگاى وڵاتانى ناوچەكە و جیهانەوە بەڕێوەچووە،هەركار و كردەیەكیش پشت بە دەستورو یاسا نەبەستێت،لە بەرژوەندى گشتیدا نیەو كێشەى لێدەكەوێتەوە و كێشەكانى كۆمەڵگا و دەسەڵاتى عراق قووڵدەكاتەوە و رێگەى دەست تێوەردانى هێزى ناوچەیى و جیهانى بۆ كاروبارى ناوخۆیى عراق خۆشتردەكات.ئەگەر هێزە ناوچەیى و جیهانیەكان ببینن تاڵەبانى كار بە دەستورو یاساى عراق ناكات،لە رێگەى پێوەندى تاكەكەسى خۆى و حزبەكەى و بنەماڵەكەیەوە كاروبارى وڵات بەرێوەدەبات و وڵات بەرەو لاوازى و هەڵدێر دەبات،دەرفەتى زیاتر بەوان دەدات باشتر دەست بخەنە ناو كاروبارى ناوخۆى عراقەوە،ئتر بۆچى ئەو هێزانە هەوڵ و تواناى خۆیان نەخەنەكار بۆ ئەوەى چوار ساڵى تر تاڵەبانى لە پۆستى سەرۆك كۆماریدا بمێنێتەوە.
هەرچى دەسەڵاتدارانى عراقى نوێن،ئەجێنداى سەرەكیان پاراستنى یەكێتى خاكى عراقە،ئاستەنگ دروستكردنە بۆ جێبەجێكردنى مادەى 140 و بۆ گەڕانەوەى كەركوك و ناوچە دابڕاوەكانى ترى باشوورى كوردستانە بۆ سەر سنوورى هەرێمى كوردستان.مافكانى گەلى كورد، دەستور و یاسا،بنەماكانى ترى سیستەمى دیموكراتى،لە رێگەى ئەو ئامانجە شۆڤینیانەى دەسەڵاتدارانى عراقى نوێدا ئاستەنگى پێكدەهێنن، بۆیە عەرەبە دەسەڵاتدارەكانى عراقیش پێویستیان بە كەسێكە یەكێتى خاكى عراق بپارێزێت،رێگە نەدات مادەى 140 جێبەجێبكرێت و رێگە نەدات كێشەى كورد لە عراقدا چارەسەربكرێت،پێویستیان بە كەسێكە دژى ئەو دەستورەى عراق كار بكات كە تا رادەیەك مافى پێكهاتە و تاكەكانى كۆمەڵگاى عراقى زامن كردووە،پێویستیان بە كەسێكە كە بەردى سەر رێگەى گەشەكردن و جێگیركردنى سیستەمى دیموكراتى راستەقینە بێت لە عراقدا.ئا لێرەدا كەسیان وەك تاڵەبانى دەست ناكەوێت،كە لە پێناوى پۆست و دەسەڵاتدا، واز لە مافى گەلەكەى و بەرژوەندى گشتى وڵاتەكە بێنێت و لە خزمەتى شۆڤینیستى عەرەبدا كار بكات،كەسیان وەك تاڵەبانى دەست ناكەوێت كە لە ماوەى چوار ساڵى رەبەقدا جێبەجێكردنى مادەى 140 دوابخات،بە پێى لێدوانى رۆژنامەوانى جەعفەرى و مالكى هەموو دەزگاكانى پێوەندیدار بە مادەى 140 ئەركى خۆیان جێبەجێكردووە،ئەو دەزگایەى ماوەتەوە و ئەركى خۆى بۆ جێبەجێكردنى مادەى 140 ئەنجام نەداوە سەرۆكایەتى كۆمارى عراقە* هەموو لایەك دەزانین یەك لە بەشەكانى مادەى 140 ئاساییكردنەوەى بارى دیموگرافى پارێزگاى كەركووكە،تاڵەبانى و حزب و حكومەتە بنەماڵەیەكەى،تا ئێستە رێگەى ئاساییكردنەوەى بارى دیموگرافى كەركوكیان ئاستەنگ كردووە،رێگە نادەن كەلا رو كفرى و چەمەچەماڵى ژێر دەسەڵاتى خۆیان بگەرێتەوە سەر سنوورى پارێزگاى كەركووك.بۆیە تاڵەبانى بیتاقەیەكە بۆ عەرەب دەرچووە و قەت ماف بە خۆیان نادەن ئەو بتاقەیە بسووتێنن.عەرەبەكانى دواى رووخانى رژێمى سەدام كەسێكیان دەوێت لە حكوومەتى عراقدا نوێنەرایەتی كورد بكات،بەڵام بە شوێنى مافى و ئازادیەكانى گەلى كوردا نەگەرێت،تەنها بە شوێن دەسەڵات و قایمكردنى ئایندەى بنەماڵەكەیدا بگەرێت،ئەو سفاتانەش لە كەسێتى تاڵەبانیدا هەیە،بۆیە بە لاى عەرەبەكانیشەوە مانەوەى تاڵەبانى بۆ چوار ساڵى تر وەك سەرۆك كۆمارى عراق گرنگە، بۆ ئەوەى لە سایەى ئەو نوێنەرەى كوردا، سیاسەتى شۆڤینى خۆیان جێبەجێبكەن و بە پۆستى سەرۆك كۆمارى عراق كورد بخەڵەتێنن و لە مافى و ئازادیە نەتەوەیى و كۆمەڵایەتیەكانى دوورى بخەنەوە.بەو شێوەیە بە یەك بەرد دوو چۆلەكە دەكوژن،دڵسۆزێكى راستەقینەى عەرەب دەكەنە سەرۆك كۆمار و بەو پۆستەش دەستى گەلى كورد دەبڕن.
بۆیە كارێكى ئاساییە ئەگەر ئەمریكاو عراق وداگیركەرانى كوردستان و وڵاتانى كۆنەپەرستى ناوچەكە،ئەوپەرى هەوڵبدەن بۆ ئەوەى بۆ ماوەى چوار ساڵى تر تاڵەبانى ببێتەوە بە سەرۆك كۆمارى عراق و لە رێگەى تاڵەبانیەوە،ئەجێنداى خۆیان لە عراقێكى لاواز و بێ ئیرادەدا جێگیربكەن.ئتر لەو كاتەدا هیچ بەڵگەیەك بۆ ئەو هات و هاوارەى مەسعوود بەرزانى و بنەماڵەكەى وحزبەكەى نامێنێتەوە،كە ماوەى چەند رۆژێكە لە رێگەى راگەیاندن و ئەندام و دۆستەكانیەوە گوێ و چاو و زەوقى گەلى كوردیان ماندوكردەوە و واى پیشاندەدەن كە دانانەوەى تاڵەبانى لە پۆستى سەرۆك كۆمارى عراقدا بە حكمەت و ئیرادەى تێكۆشانى نەتەوەیى بەردەوامى بارزانى بووە و سوودى بۆ گەلى كورد هەیە،واى نیشاندەدەن كاتێك بەرزانى هەستى كردووە پیلانگێرى لە سەر كورد هەیە،لە كاتى خۆیدا وەك پیاوى تەنگانە هاتۆتە پێشەوە و حكمەت و ئیرادەى نیشانداوە.ئەگەر بەرزانى بە راست لە كاتى خۆیدا بە تەنگ ماف و ئازادیەكانى گەلى كوردەوە بهاتایە،دەبوو لە كۆبونەوەكانى لەگەڵ مالكى وعەلاویدا،لە كۆبوونەوەى رۆژى 8-11-2010 هەولێرى لەگەڵ لایەنە عراقى وكوردستانیەكاندا،پێداگرى لە سەر مافە نەتەوەییەكانى گەلى كورد و سنوورى هەرێمى كوردستان و جێبەجێكردنى مادەى 140 بكردایە،نەك پێداگرى لە سەر پۆستى سەرۆك كۆمارى بۆ تاڵەبانى بكردایە،چووونكە لە ماوەى چوار ساڵى رابوردوودا تاڵەبانى نەك هەر كارى بۆ گەلى كورد و دۆزە رەواكەى نەكردووە،خزمەتى عەرەبى شۆڤینى و بەعسیەكانى كردووە و چەندان جار دژى ماف و بەهاى نەتەوەیى گەلى كورد هەڵوێستى نیشانداوە و سووكایەتى بە گەلى كورد كردووە و مافەكانى گەلى كوردى بە خەون و مەحاڵ زانیوە.بۆیە لۆژیك دەیسەلمێنێت بەرزانى و بنەماڵە و حزبەكەى لە دانانەوەى تاڵەبانیدا رۆڵى شاردنەوەى راستیەكانى بینیوە،رۆڵى چەواشەكردنى راى گشتى خەڵكى كوردستانى بینیوە،راستى ئەوەیە كە ئەمریكاو توركیا و ئێران و كۆنەپەرستانى ناوچەكە پێویستیان بە تاڵەبانیە بۆ ئەوەى لە رێگەى ئەوەوە زیاتر دەستبخەنە ناو كاروبارى عراقەوە،ئەوانە هەموویان پێویستیان بە تاڵەبانى هەیە بۆ ئەوەى لە رێگەى تاڵەبانیەوەئاستەنگى بۆ چارەسەركردنى كێشەگانى عراق دروستبكرێت،بۆ ئەوەى لە رێگەى تاڵەبانیەوە،گەشەسەندن و جێگیركردنى پایەكانى سیستەمى دیموكراتى راستەقینە،لە كۆمەڵگاى و دەسەڵاتى عراقدا رێگەى لێبگیرێت.
شۆڤینیەكانى عراق پێویستیان بە تاڵەبانى هەیە بۆ ئەوەى تا چوار ساڵى تر مادەى 140 جێبەجێنەكرێت،پێویستیان بە تاڵەبانى هەیە بۆ ئەوەى لە سایەى دەسەڵاتى تاڵەبانیدا درێژە بە بە عەرەبكردنى كەركوك بدرێت،پێویستیان بە تاڵَەبانى هەیە بۆ ئەوەى لە ژێر سێبەرى بێ دەنگى تاڵەبانیدا لە پرۆسەى نوێى بەعەرەبكردنى كەركوكدا،بەرنامەى بەعەرەبكردنى شارەكانى ترى باشوورى كوردستان دەستپێبكەن.ئەگەر بەرزانى وپارتى بە راستى بە تەنگى مافەكانى گەلى كوردەوەن، دەبوو رازى نەبوونایە جارێكى تر تاڵەبانى نوێنەرى گەلى كورد بێت لە حكوومەتى ناوەندى عراقدا.ئەگەر بەرزانى وپارتى بە راست كاریان بۆ ماف و ئازادى گەلى كورد كردووە بە پتشگیرى تاڵەبانى بۆ پۆستى سەرۆك كۆمارى عراق، با بۆ راى گشتى كوردستانى ئاشكرا بكەن سەفەرى 7-11-2010 وەزیرى دەروەى توركیا بۆ لاى بەرزانى بۆ چى بووە؟
بەرزانى و پارتى بە خۆشیان ئیشیان بە تاڵەبانی هەیە،لەبەر ئەوەى تا تاڵەبانى سەرۆك كۆمارى عراق بێت،بەرزانیەكان و دارو دەستەكەیان دەستیان كراوە دەبێت بۆ تاڵانكردنى سامانى كوردستان،بۆ لە قاڵبدانى كەسایەتى و لایەنە سسیاسیەكانى هەرێمى كوردستان،بۆ بەرتەسك كردنەوەى ئازادى رادەربرین و چالاكى سیاسى و ئابوورى و كڵتوورى خەڵكى كوردستان،بۆیە هەق نیە لەوە زیاتر خەڵك گوێ لەوەبگرێت كە بەرزانى كێشەى حكومەتى عراقى چارەسەر كردووە و پۆستى سەرۆك كۆمارى بۆ كورد گێڕاوەتەوە،بەو پرۆپاگەندانە جارێكى تر بەرزانى و حزب و دارودەستەكەى راى گشتى خەڵكى كوردستان چەواشە دەكەن و خۆیان بە حەكیمى سیاسى نیشاندەدەن و خۆیان وا دەردەخەن كە داكۆكیكەرى مافى نەتەوەیى گەلى كوردستانن،بەڵام لە راستیدا بەرزانى و تاڵەبانى دووسەرى یەك پیلانگێرین دژى مافە نەتەوەییەكانى گەلى كوردن و هەر یەكە لە لایەكەوە كار بۆ لاوازكردنى ئینتماى نەتەوەیى تاكى كورد دەكەن،هەر یەكەى لە لایەكەوە خزمەتى ئەجێنداى داگیركەرانى كوردستان دەكەن.
هەرچى لیستى گۆڕانى بە ناو ئۆپۆزسیۆنى هەرێمى كوردستانە، تا رۆژى 11-11-،2010 ،تاڵەبانیان بە گەورەترین تاوانبارو خائین گەلى كورد دەبینى،كەچى لەو رۆژەدا خۆیان كردە فلیمى خەڵكى كوردستان و بە سووك ترین داواكارى خۆیان دابەدەستى ئەو تاڵەبانیەوە كە خۆیان باسیان دەكرد.دەنگدانى ئەندامانى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عراق بە سەرۆكى پەرلەمان و بە جێگرەكانى و بە سەرۆك كۆمارى عراق ئازاد و نهێنیە،ئەگەر ئەندام پەرلەمانەكانى لیستى گۆڕان نەچوونایە لاى تاڵەبانى و نەیانوتایە دەنگمان پێداوى،كەس نەیدەزانى ئەو بەرێزانە دەنگیان داوە بە تاڵەبانى یان دەنگیان نەداوە،كەس نەیدەتوانى لێپێچینەوە لەگەڵیاندا بكات كە دەنگیان بە كێ داوە یان دەنگیان نەداوە،بەو هەڵسووكەوتە هەلپەرست و نایاساییەوە،ئەندامانى لیستى گۆڕان هەر لە سەرەتاوە یاساى دەنگدانى پەرلەمانیان پێشێلكرد و خۆیان تەسلیمى دەسەڵاتى جێبەجیكردن كرد،ئتر ئەو كەسێتیەیان نەما تا بتوانن كارەكانى بەرپرسانى حكوومەتى عراق و كارەكانى نوێنەرانى كورد لە عراقدا بخەن ژێر چاودێریەوە،بەو هەڵوێستە بێ بنەمایەى لیستى گۆرانى ناو ئەنجوومەنى نوێنەرانى عراق، پێگەى جەماوەرى گۆڕان هاتە خوارەوە،لەمەوبەر پەرەلەمانتارانى لیستى گۆڕان نوێنەرى خەڵكى نارازى هەرێمى كوردستان بوون،بەڵام بەو خۆبەدەستەوەدانە پێگەیەكى جەماوەرى گەورەیان لە كیس خۆیان دا.
بەڵام بەلاى منەوە خاڵى هەرە گرنگ و جەوهەرى لە دیالۆگە ناوهاوسەنگەگەى لیستى گۆڕان و تاڵەبانیدا،ئەو داوەكاریە بچووكەى لیستى گۆران بوو لە تاڵەبانى،ئەگەر لیستى گۆڕان بە تاڵەبانیان بوتایە دەنگمان بە تۆدا بۆ ئەوەى لە چوار ساڵى ئایندەدا لە خزمەتى مافە نەتەوەیەكانى گەلى كورد و دەستور و یاساى عراق و دیموكراتیزەكردنى عراق و هەرێمى كوردستاندا بیت،ئەگەر وەك چوار ساڵى رابوردوو كار بكەیت دەست بە چاوتا دەكەین هیچت لێقبَوڵ ناكەین،تا رادەیەك هەڵوێست گۆڕینەكەى لیستى گۆران لۆژیكى تێدا بوو،بەڵام بێن و بڵێن دەنگمان بە تۆ دا بۆ ئەوەى مووچەى نانبڕاوەكان بگەرێنیتەوە،نیشانى دەدات كە پەرلەمانتارانى لیستى گۆران نوێنەرایەتى داخوازیە نەتەوەیەكانى گەلى كورد ناكەن و ناتوانن دەربرى ئێش و ئازار و پێویستى گەلەكەیان بن، لەو هەڵوێستە چارەنوسسازەدا تەنها بەرژوەندى خۆیان و حزبەكەیان رەچاو كرد،دەركەوت گۆڕانیش وەك پارتى و یەكێتى بەرژەوەندى حزبى و دەسەڵات سیاسەتیان ئاراستە دەكات،دەركەوت بەرژەوەندى نەتەوەیى و پێویستیە رۆحى و مادیەكانى خەڵكى كوردستان،سیاسەتى بزووتنەوەى گۆڕان ئاراستە ناكات.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە