کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بۆ یادی ئه‌نفال...سه‌دام "مرۆڤ" كوژ بوو، نه‌ک هه‌ر کورد کوژ

Saturday, 14/04/2012, 12:00


 


گه‌رله‌ منداڵیكی تازه‌ پێگرتووی خاوه‌ن توانستێكی زمانه‌وانی سنوردار،كه‌ له‌ چه‌ند سه‌د وشه‌یه‌ك زیاتر شك نابات تا پێمانی بڵێت،بپرسین ئاخۆ ئه‌نفال چییه‌،دووری بۆ مه‌ڕۆ بڵێت ئه‌نفال كوشتاری كورد بوو به‌ ده‌ستی عه‌ره‌ب،هه‌مان پرسیار خۆ گه‌ر له‌ كه‌سێكی پێگه‌ییشتوی خاوه‌ن چه‌ند هه‌زار وشه‌یه‌ك بكه‌یت،كه‌ ڕه‌نگه‌ چه‌ند زمانێكیش بزانێت،ئه‌وا هه‌مان وه‌ڵام به‌ شێوه‌یه‌كی ئاڵۆز ئه‌خاته‌ به‌رگوێی بیسه‌رانی،ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یه‌ كه‌ منداڵ و گه‌وره‌ وا گۆشكراون كه‌ كورد ئه‌نفال كرا ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كورد بوون،نه‌ك هیچ شتێكی تر،وه‌ك بڵێیت سه‌دام ده‌ستی نه‌چوبێته‌ خوێنی عه‌ره‌ب!


گه‌ر به‌ دیوی ئه‌ودیوی ڕوداوه‌كه‌دا بڕۆین،هه‌ڵبه‌ت گه‌ر بیرێكی ته‌سكی ناسیۆنالیستی،بیر و هۆش و وشه‌كانی له‌ قه‌فه‌ز نه‌نابێت،ئه‌وا زۆر ئاسانه‌ له‌ مانای ئه‌نفال تێ بگه‌یت،پێش ئه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌كان جیا بكرێنه‌وه‌،قوربانییه‌كانی ئه‌و پرۆسه‌ مرۆڤ بوون،كه‌واته‌ ئه‌و تاوانه‌ تاوانێك بوو دژ به‌ مرۆڤایه‌تی. ،دوای ئه‌وه‌ حكومه‌تی به‌عس هاوكات خه‌ریكی وشك كردنی هۆڕه‌كان و كوشت و ده‌ستگیر و له‌ناو بردنی عه‌ره‌به‌كان بوو،ئه‌ویش بێ جیاوازی كردن له‌ نێوان شێعه‌ و سوننه‌. خۆ گه‌ر بێت و وشه‌ی عه‌ره‌ب و شێعه‌ش له‌و تاوانه‌ بكه‌ینه‌وه‌،ئه‌وا ئه‌ویش هه‌ر دژ به‌ مرۆڤایه‌تی بوو.


پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئاخۆ بۆچی قوربانییه‌كان زۆربه‌یان كورد و شێعه‌ی عه‌ره‌ب بوون،ئایا ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت كه‌ ئه‌نفال له‌ لایه‌ن سوننه‌ی عه‌ره‌به‌وه‌ ئه‌نجام دراوه‌،هه‌ر بۆیه‌ مافی خۆیه‌تی بڵێن ئه‌نفال دژ به‌ كورد و كوشتاری باشوریش دژ به‌ شێعه‌ بوو! له‌ ڕاستیدا وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ له‌ خودی پرسیاره‌كه‌دا هاتووه‌،ئه‌ویش گه‌ر حكومه‌تی به‌عس خاوه‌ن ئه‌جێندایه‌كی ئیسلامی سونی بووایه‌،ئه‌ی بۆچی كوردانی كرده‌ نێچیر له‌ كاتێكدا كورد له‌م پارچه‌ی نیشتمانه‌دا به‌ زۆری سوننه‌ بوون و هه‌ن! ئه‌ی گه‌ر حكومه‌تی به‌عس،هه‌روه‌ك لافی عه‌ره‌ب بوونی لێ ئه‌دا،خاوه‌ن به‌رنامه‌ و ڕیكارێكی عه‌ره‌بی بوو،بۆچی سوننه‌ و شێعه‌ی ناوه‌ڕاستی باشوری كرده‌ ئامانج،ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدا عه‌ره‌ب بوون!


له‌ ڕاستیدا ئه‌وه‌ی جیاوازی خستۆته‌ نێوان قوربانییه‌كانی ڕژێمی به‌عس،ئه‌وه‌ی كه‌ خوێنی شێعه‌ و كوردی زیاتر پێ حه‌ڵاڵ بوو وه‌ك له‌ هه‌ر پێكهاته‌یه‌كی تر،ئه‌و بۆچونه‌یه‌ كه‌ دنیا به‌ ڕه‌ش و سپی ڕه‌نگ ئه‌كات و سیاسه‌تی وا ده‌خوازێت كه‌ مرۆڤه‌كان پۆلێن بكات بۆ دژ و لایه‌نگر،به‌ مانایه‌كی تر یان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی به‌عسی وه‌ یاخود دژ،ئاشكراشه‌ كه‌ دژ،له‌ دیدی به‌عسدا،پێویسته‌ قه‌ڵاچۆ بكرێت،كه‌ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ تا بۆی لوا ده‌ستی نه‌پاراست. دژبوونیش لای سه‌دام كورد و فارس و عه‌ره‌بی نه‌بوو،ته‌نانه‌ت خزم و بێگانه‌ش ئه‌و دژ بوونه‌ی له‌ چاوی ئه‌ودا نه‌ئه‌سڕیه‌وه‌،ئه‌وه‌ بوو ته‌نانه‌ت ئه‌ندامانی خێزانی خۆی،له‌ خوێن و گۆشت و ڕه‌گه‌زی خۆی بوونه‌ "قوربانی" حه‌ز و خولیای سه‌رۆكێك كه‌ سه‌ره‌تا و كۆتای كاره‌كانی كوشتار بوو. بۆیه‌ جێی خۆیه‌تی بوترێت سه‌دام كورد كوژ نه‌بوو،به‌ڵكو مرۆڤ كوژ،یان خۆشه‌ بوترێت وشه‌ی "پیاو" كوژ پڕ به‌ پێستی كار و گوفتاریه‌تی.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە