راگەیاندنی كەڕو كوێری یەكێتی ومەلاوجوندیانی علوج
Sunday, 15/02/2009, 12:00
1892 بینراوە
ساڵانێكی زۆر راگەیاندنی یەكێتی لاف وگەزافێكی زۆری لێدەداو خۆیان بەوەوە بادەدا كە لە بواری راگەیاندندا هەمیشە داهێنەرو ودەستپێشخەربون. هەر زوو ئەو فشە فشە رەویەوەو ئێستا دواكەوتوترین و لاوازترین راگەیاندنە، ماوەیەكە هەر ئۆرگانێكی یەكێتی دروشمێكی بریقەداری بەعس ئاسای بەرزكردۆتەوە كەبەهیچ شێوەیەك لە شێوەكان لەگەڵ ناوەرۆكەكەیدا یەكناگرێتەوە، لە هەر روداوو بارودۆخێكدا مەلا شایەرو جوندیانی نەخوێندەوار بەهەمان شێوەی علوج قوتدەكەنەوەو دەیانەوێت خۆڵی پێ بكەنە چاوی خەڵك، ئەم دوو زاتە هێشتا لە وەهمی علوجدا ن و پێیان وایە هەمو كورد دەمی بەدیار كەناڵەكانی ئەوانەوە داچەقاندووە، تائێستاش وادەزانن ساڵی نەوەدویەكە وكورد تەنها كەنالەكانی ئەوان دەبینێت، علوج ئاسا بێئاگان لەكەناڵە ئازاد ومێدیا سەربەخۆكان. ئەم برادەرانە تائێستاش لەسەردەمی دروشمی بەعسیانەی بریقەداردا دەژین وپێیان وایە خەڵك لەدروشمەكانیانەوە سەیریان دەكات. كوردستانی نوێ بەدروشمی بەیانیان لەگەڵ خۆر هەڵدێت بڵاودەبێتەوە، بەڵام تەواوی رۆژەكە خەواڵووەو ئاگای لەمەكتەبی شەو...ببورن سیاسی نیە، كوردسات دەنگی هەموانە، بەڵام لەشەرو هەراو هوریای ناو مەكتەب سیاسی كەڕوڵاڵە، تیڤی گەلی كوردستان بەنیگای هەمو چاوێك ئەڕوانێت، بەڵام خۆی كوێرایی داهاتووەو ئیستیقالەكانی مەكتەب سیاسی نابینێت، ئەمڕۆ لە چایخانەو سەر تەنورەكانیش باس باسی دەستلەكاركێشانەوەی جێگری سكرتێرو ئەندامانی مەكتەب سیاسی بوو، كەچی كەناڵەكانی یەكێتی مێش میوانی نیەو هەرخەریكی هەواڵە تەشریفاتیەكانی تاڵەبانیە كەپێشوازی لە كێ كردووەو نانی لەگەڵ كێ خواردووە، فڵان وەزیر وفڵان سەفیر رۆڵی تاڵەبانیان بەرزنرخاند وەو وتیان تاڵەبانی نەبێت لەبەغداد پیاوپیاو ئەخوات بەڵام چی بكەین مالیكی حسابی بۆ ناكات. جێی خۆیەتی لەم روداوە گەروموگوڕەدا لێتان بپرسین ئێوە كوان و لەكوێی گۆڕەپانی مێدیادا كاردەكەن وروپۆشی چ هەواڵێك و هی كوێ دەكەن؟كوا مەلاو جوندیانی ومەحمود سەنگاوی وعومەر مورتاح وسەعدی پیرە وبەرهەم ساڵەح؟ لە كوێن بۆ كەسیان نقەیان نایەت؟
دوای هەر كۆبونەوەیەكی مەكتەب سیاسی رەزای گرانی مەلا بەختیار شاشەتیڤی وپەرەی هەموو رۆژنامەكانیانی داگیر ئەكرد، بەر لەوەش جوندیانی لەناوكۆبونەوەكانەوە قاقاو پێكەنینی سەرەتای كۆبونەوەكانی لەكەناڵەكانیانەوە پەخش بكات ناوەڕۆكی كۆبونەوەكە بە (SMS) دەگەشتە سەرجەم مێدیا ئازادەكان.
كاتی ئەوە هاتووە لەخەوی علوجانە بەخەبەربێن، ئێستا كورد بینەرو خوێنەری كوردستانپۆست و وهاوڵاتی و ئاوێنەیە و كەس گوێ لەتەپڵی دڕاو وقەوانی كۆنی ئێوە ناگرێ و زەمەنی پیشاندانی ێورە من المعاركیش بەسەرچوە....
[email protected]