کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بەرەو راپەرین، بەرەو گۆرینی سیستەمی سیاسی هەرێمی كوردستان

Tuesday, 05/04/2011, 12:00


(تەنیا لە تێگەیشتنی سروشتی دەسەلاتە سیاسیەكە دەكرێ ستراتیجیەتی پێچەوانە دابرێژرێت)
ئەو سیستەمی فەرمانرەواییە سیاسیەی كە خۆپیشاندەران لەهەرێمی كوردستان بەرامبەری وەستاون بریتیە لە سیستەمێكی ئۆتۆكراسی كە بنەما شەرعیەكەی وەلای تەقلیدیە بۆ حیزب و سەرۆك، سیستەمێكی تەقلیدی ئیستیبدادی دەسەلاتی بنەمالە كە لەسەر بنەمای ئەقل و مەنتق دانەمەزراوە، هەربۆیە نەیتوانیوەو نەیشیویستوە ببێتە سیستەمێكی موئەسەساتی. تەنیا لەبەر رۆشنایی تێگەیشتن لە سروشتی دەسەلاتە سیاسیەكە دەكرێ ستراتیجیەتی پێویست و پێچەوانە دابرێژرێت و بكرێتە بەرنامەی كاری خۆپیشاندەران و دەنگی نارازی.

پیادەكردنی دەسەلاتی هەرێم مەركەزیە
ئەم شێوازی دەسەلاتە خاوەنی ئیدارەو دەزگای سەربازی و ئامرازی فەرمانرەوایی خۆیەتی، پیادەی بە مەركەزیەت كردنی دەسەلات دەكات. مەكەزیەتیش لەگەل دیموكراسیەتدا یەكناگرێتەوە. لە بەغدا باس لە فیدرالیەت دەكات و لە هەرێمیش مەركەزیەت پیادە دەكات. ئەم جیهازی دەسەلاتە بە شێوەیەكی سەرەكی لە كەسانی پابەندو دارودەستە بە وەلاو وەفا بۆ سەرۆك دروست بووە. دادوەری و مافە سیاسیەكانی تر لەلایەن دەسەلاتدارەوە وەك شتێكی، مولكێكی شەخسی مامەلەی لەگەلدا دەكرێ و توانای بەسەر ئامرازەكانی دەسەلاتدا هەیە هەروەك بەسەر شمەكێكی خۆیدا هەبێت، بەم شێوەیە دەكرێ بكڕدرێ و موزایەدەی پێوە بكرێ، لە وەرەسەدا بەش بكرێ. لەم بارودۆخەدا ئیرادەی سیاسی لە كۆمەلگا سەندۆتەوەو دووری خستۆتەوە لە هوشیاری سیاسی، گەل بێ مافی سیاسیەو وەك خزمەتكار، وەك ئۆبجەكتی روتاندنەوە سەیر دەكرێ نەك وەك هاولاتی لە دیدگای كۆمەلگای مەدەنیەوە. داگیركردنی مولكی گشتی بە رێگای دەسەلاتداری كەسەوە رەفتاری پێوە دەكرێ هەروەك ئەم ولاتە هەمیشە مولكی بنەمالە بوبێت. بارودۆخێكیان خولقاندوە كە تەنیا بە رێگای حیزبەوە دەگەیت بە بەرژەوەندیەكانی خۆت و حیزبیش لێرەدا حیزبی قائیدە، دیاردەیەك كە دەبێتە هۆی سەقەت كردنی كۆمەلگا. هەربۆیە ئەم سیستەمە سیاسیە بنەمالەییە لەهاوكێشەی كۆتایدا بەهۆی بلۆك كردنی خۆیەوە رێگریش دەبێت لە گەشەكردن بە ئاراستەی هەرێمێكی، دەولەتێكی مۆدێرن. پشت بەئیدارەكانی سەر بە كەسی دەسەلات و بە هێزی چەكدارو ئاسایش ودەزگا هەوالگریەكانى دەبەستێت (زێرەڤانی و لەشكری بارزان و دوو هێزی پێشمەرگەی حیزبی و دەزگای پاراستن و هەروەها دەزگای زانیاری و دژە تیرۆر و هێزی ئاسایشی حیزبی..)، دوو ئیدارەی ژێر دەسەلاتی دوو ئەمیری سەدەكانی ناوەراست. لەبری دروستكردنی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی كار بۆ ئەنجومەنێكی هەوالگری كراوە كە بخرێتە ژێر دەسەلاتی سەرۆك كە سەرۆكی حیزبێكی دەسەلاتەو بروای بە جوداكردنەوەی سێ دەسەلاتەكەی هەرێم نیە لەیەكتر. جوداكردنەوە لە نێوان شتە شەخسیەكان و گشتیەكان نیە. سەرجەم پەیوەندیەكانی دەسەلات پەیوەندی كەسییە نەك موئەسەساتی. جوداكردنەوەی دەزگاكان بەلایەنی كەمەوە بە رووكەش ددان پێدا نراوە، هەربۆیە دەكرێ لە رای گشتیدا ئاماژەی پێبدرێ، بەلام لە پراكتیكدا بوارە شەخسیەكان و گشتیەكان لەیەكتر جودا ناكرێنەوەو جگە لەوە ئابوری بنەماڵە هەیە.

سیستەمی بنەماڵە سیستەمە دەولەتیەكە كرمێ دەكات.
لێرەدا دوو سیستەم لە رووی تیۆریەوە لەتەنیشت یەكترەوەن، بەلام دەسەلاتدارە ئۆتۆكراسیەكەو دەزگا بیرۆكراتیەكانی لەراستیدا لەتەنیشت یەكترەوە نین بەلكو دەسەلاتە تەقلیدیە بنەمالەكە خۆی خنیوەتە نیو سیستەمە شەرعیەكەو فۆرمی دەگۆرێت و بێكاریگەری دەكات. بارودۆخی پەرلەمان و حكومەتی هەرێم و دادوەری بەلگەن ئەم بۆچوونەیە. لە رووی زانستی سیاسیەوە ئەم شێوە سیستەمە وەك زۆربەی ئەوانەی ولاتانی "جیهانی سێ" لە راستیدا بریتیە لە گرێدانێكی تەقلیدی و ئەلەمەنتی مۆدێرن. هەربۆیە بۆ پرۆسەی بەمۆدیرن كردن دەركەوتەیەكی قۆناغی ئینتقالیە بەلام سروشتی ئەم سیستەمەی ئێستای هەرێم توانای گواستنەوەی ئەم قۆناغەی نیە. ئەم رژێمە دەبێت جۆرێكی تر شەرعیەت بدات بەخۆی و تەواو لێرەدایە یەكێك لە كێشە سەرەكیەكانی. ئەم سیستەمی دەسەڵاتە سەقامگیرییەكەی بەتەنیا لە پیادەكردنی هێز، لە میكانیزمی كۆنترۆل و چاودێری و ئیرهاب سەرچاوە ناگرێت بەلكو پەنا بۆ میتۆدی تری جۆراوجۆر دەبات. شارەزایانی زانستی سیاسی دەگەینە ئەو راستیەی، كە دەرئەنجامەكانی ئەم شێوە دەسەلاتە لە كۆتایدا دەبێتە هۆی وێرانكردنی پێكهاتەكەی خۆی كە كار بۆ چركردنەوەی دەسەلات لەدەستی تاقمێكی بچوكدا دەكات، كە لە هەولی ئەوەدایە رێگربێت لە دروستبوونی رێكخراوی سەربەخۆی كۆمەڵایەتی. هەربۆیە كۆنترۆلی سەرجەم بزوتنەوەو چالاكیە كۆمەلایەتی و مەدەنیەكان دەكات و بەردەوام میتۆدو ستراتیجی نوێ گەشە پێئەدات بۆ بەرتەسككردنەوەو ژێردەست كردنی داواكاریە كۆمەلایەتیەكان. لەلایەن ئەلیتەیەكی سیاسیی و بیرۆكراتی دەورە دراوە. هەرچەندە مەبدەئیەن بەناوی سەرجەم موئەسەساتەكانی ولاتەوە دەدوێ بەلام لە راستیدا لە هەولی ئەوەدایە دەسەلات و كاریگەری خۆی گەورەو سەلامەت بكات ئیتر بەهەر میتۆدێكی ناشەرعیش بێت. بەڵام دەسەلاتیش هەرچیەك بێت بۆ ئەوەی دەسەڵاتەكەی سەلامەت بێت هەمیشە پێوانەیەك لە رەزامەندی گەلی پێویستە.

"هەرچەندە نوسراوە، بەلام من پێتان دەلێم.."
ئەم دەسەلاتە كار بۆ بەكاریزمابوون دەكات كە بەرێگای سەرۆكی بنەمالەوە پراكتیزە دەكرێ بەلام بەر لە هەموو شتێك پێویستە بایەخ بە باش گوزەرانی دارودەستەكەی بدات. بەرێوەبەرانی ئیداری بەتەنیا لەلایەن سەرۆكەوە هەلدەبژێردرێن. هەروەها سەرجەم نمونە تەقلیدیەكان لەراستیدا بەو شێوەیە چارە دەكرێن كەدەلێت: "هەرچەندە نوسراوە، بەلام من پێتان دەلیم..". ئەم كاریزمایە رەوتێكی نائەقلانیە. هەر فەرمانێك لەلایەن ئەو سەركردەیەوە دەربچێ بە یاسایەك دادەنێ و دەبێت كۆمەل جێبەجێی بكات و لەو فەرمان و یاسایانە لانەدەن. خالی جەوهەری لەم بەرپرسیارێتیە شمولیەدا ئەوەیە كە هەر بەرپرسێك نەك هەر لەلایەن سەرۆكەوە دەستنیشان دەكرێ بەلكو ئەوەندەش لە پۆستەكەیدا بێت لەبەرگی سەرۆكدا رۆل و كاریگەریی و چالاكی دەبینێت.

واقعی سیستەمی سیاسی هەرێمی كوردستان
ئەمەیە واقعی ئەم سیستەمی سیاسیە فەرمانرەوایەی ئێستەی هەرێمی كوردستانە و بگرە هەندێك لە خەسلەتەكانی سیستەمی تۆتالیتاریزمیشی بەخۆوە گرتوە وەك ویست بۆ تاك حیزبی جەماوەری و پیادەكردنی سیستەمی تیرۆرو مۆنۆپۆل كردنی ئامرازەكانی راگەیاندن و كۆنترۆل كردنی سوپا لەلایەن حیزب و بوونی سەرۆك و هەروەها ئابوریەكی ناوەندیی قیادەكراو. دەسەلات خواستی لە بوونی پلورالیزمی سیاسی نیە. ئەحزابی زۆری دەستكردو، هەندێكی تری بەشدارپێكراو لە دەسەلاتدا بەلام بێكاریگەر، میدیای زۆری سێبەر...تاد. هیچی گوزارشت لە كۆمەڵگایەكی سیاسیی پلورالیستی ناكات.

ئەوەی خۆپیشاندەران دەبێت لێی تێبگەن:
سروشتی ئەم سیستەمەی هەرێم نەك هەر توانای ئەنجامدانی ریفۆرمی نیە بەلكو خۆیشی بەكەلكی ریفۆرمكردن نایەت. ریفۆرم تێیدا بەواتای كۆتایی هاتنی دەسەلاتەكەی دێت، هەر لەم روانگەیەوە ناشتوانێت بڕوای بە دەستاودەستكردنی ئاشتیانەی دەسەلات هەبێت. ئەم راستیە دەبێت بنەمای دروستكردنی ستراتیژی پێچەوانە بێت لەلایەن جەماوەری راپەرینەوە، دەبێت بزانرێت مامەلە لەگەل كێدا دەكرێت.
لەم روانگەیەوە گۆرەپانی ئازادیی سەرای سلێمانی وهەموو ناوچەكانی تری هاوشێوە ببێتە مەیدانی دروستبونی فەلسەفەو كەلتورێكی سیاسی نوێی جیاواز لەوەی دەسەلات و بزوتنەوەكە بكرێتە بزوتنەوەیەكی موئەسەساتی رێكخراو.
سەرجەم ئەنجومەنەكان و رێكخراوە هەنوكەییەكانی ئەم راپەرینە مەزنە لە ژێر چەترێكی سیاسی بەرفراوان و لەسەر پلات فۆرمێكی هاوبەش كۆبكرێنەوە.
هەر كەس و لایەنێكی سیاسی هەلگری هەمان سروشتی سیاسی ئەم دەسەلاتە بێت ئەوا بەر هەمان پێناسەی ئەم لێكۆلینەوەیە دەكەوێت و دوارۆژێكی باش چاوەروانی ناكات و زیان بە گەل و نیشتمانەكەشی دەگەیەنێت.
هەر لایەنێكی ئۆپۆزیسیۆن مساوەمە لەسەر ئەم راپەرین و خۆپیشاندانانە بكات بۆ بەرژەوەندی تەسكی حیزبی بەخیانەتی دەزانم، ئەمە راپەرینێكی جەماوەریە بەلام هاوكاری بێمەرجی ئۆپۆزیسیۆن بەهەند وەربگیرێت.
ئۆپۆزیسیۆن چیتر واز لە یاری بەشدارم و بەشدارنیم بهێنێت. ئەگەر جەماوەرەكەی خۆی بەئاشكرا بخاتە پال ئەوەی شەقام ئەوا دیاردەكە زوتر یەكلادەبێتەوە.
هەر بریارێكی دەسەلات، یان نێوان ئۆپۆزیسیۆن و دەسەلات سەبارەت بە داواكاریەكانی خۆپیشاندەران بێبەشداری رای شەقام شەرعی نەبێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە