نهێنیە تایبەتیەکانی کەسی دووەمی دەزگای زانیاری
Thursday, 21/05/2009, 12:00
2576 بینراوە
سێ هەفتەیەك لەمەوبەر لە (کوردستانپۆست)ی ئازیزدا، بابەتێك بڵاوکرایەوە لەسەر دەست لە کارکێشانەوەی (ئومێد بلباس) لە دەزگای زانیاری، بڵاوبوونەوەی ئەو بابەتە کاریگەریییەکی زۆر سلبی کردە سەر (عزیز سەرسپی) کەسی دووەمی دەزگای زانیاری وە تووشی هێستریایەکی گەورەی کرد بەشێوەیەك زۆر بە ئاشکرا دەیووت: (ئەمە یەکەم جارە کەسێك لە دەزگایەکی ئاوا مەزن و گرنگ کاربکات و لە ژێرەوەش لەسەر بەرپرسەکەی بنووسێ)، ئەم تووڕەیییەی (عزیز سەرسپی) زیاتر بەوە پەرەی سەند پاش ئەوەی لە لایەن (د. خەسرەو گوڵ محمد)ی بەرپرسی یەکەمەوە بە تەلەفۆن پەیوەندی پێوەکراو گازندەی لێکراوە لەسەر ئەو بابەتەی کە بڵاوکراوەتەوە بەو سیفەتەی (ئومێد بڵباس) یەکێکە لە کەسە نزیکەکانی (عزیز سەرسپی)!!!، وە شتێکی ئاشکراشە کە گشت کارمەندانی (دەزگای زانیاری) و گەورە بەرپرسانی یەکێتی ئەزانن کە (د. خەسرەو) و (عزیز سەرسپی) چەند ڕقیان لە یەکترەو دژ بەیەکن، هەر بۆیە دوو ڕۆژ دوای بڵاوبوونەوەی بابەتەکە (ئومێد بڵباس) ڕاپێچی بەردەم لێپرسینەوە و تحقیقێکی توندوتیژ کرا لە لایەن (عزیز سەرسپی) و (شێخ جەلال)ـەوە، پاش ئەوەی (ئومێد بڵباس) گریا و پەلاماری دەستی (عزیز سەرسپی)دا ناچار کرا لەژێر فیشاردا ئەم ئەفسەرەی دەزگای زانیاری واتە (ئومێد) پاکانە نامەیەک بنووسێت بۆ (کوردستان پۆست) کە ئەو هەواڵە دوورە لە ڕاستیەوە، لەماوەی دوو هەفتەی پێشووشدا چەندجارێکی تر لە (کوردستانپۆست)دا بابەتی تر لەسەر گەندەڵیەکانی دەزگای زانیاری و ئەم کێشەیەی نێوان (عزیز سەرسپی) و (ئومێد بڵباس) بڵاوکرایەوە، ئەوەی لێرەدا پێوویستە هەڵوستەیەکی لەسەر بکرێت و بدرێت بە ڕووی (عزیز سەرسپی)دا ئەوەیە:
١ . ئەگەر (ئومێد بڵباس) ئەوەندە کابرایەکی خراپ و مەسڵەحچی بوو بۆچی کاتی خۆی ئەوەندە جێی باوەڕتان بوو، هەر (ئومێد) نەبوو کە بڕوانامەی شەشەمی ئامادەیی بە (تزویر) بۆ درووستکردی، بەڵێ ئەو بڕوانەمەیەی کە ئێستا پێی گەیشتیتە دوا ساڵی خوێندنی زانکۆ، هەرچەندە ئێستا زۆر ئەترسیت لەوەی تحقیق و بەدواداچوون بکرێت لەسەر ئەم شەهادە تزویرەت و ئاشکرا بیت، ئەویش بەهۆی ئەوەی (ئومێد) لە زۆر شوێن باسی کردووە کە تزویرە و خۆی بۆی دروست کردوویت.
٢ . ئەگەر (ئومێد بڵباس) ئەوەندە خراپ و بێ بڕوا بوو، بۆجی چەند موڵکێکی خۆتت کردووە بە ناوییەوە، لەوانە دوا موڵکیان لە گەڕەکی (سەرچنار)، زەوی بەڵێندەرەکان (مقاوەلەکان) کە کردووتە بە ناوی (ئومێد)ـەوە.
٣ . ئەگەر (ئومێد بڵباس) بەو شێوە بوو کە ئێستا پێی دەڵێیت: (هەموو نهێنیەکانی ناو دەزگای زانیاری دەباتە دەرەوە)، ئەی بۆجی بوویتە شەریک لەو بینایەی کاتی خۆی (ئومێد) داگیری کردووە بەهۆی (حمید بلباس)ـەوە لە (ڕانیە)، شەریکایەتیەکەشتان سێ قۆڵییە خۆت و (ئومێد) و کاکە (ئاکۆی عباسی مامەند ئاغا).
٤ . ئەگەر (ئومێد بلباس) ئەوەندە کابرایەکی دووڕوو ساختەچی بوو هەروەک ئێستا پێی دەڵێیت، ئەی بۆچی نهێنی تایبەتی ژیانی خۆشت دابوویە دەستی لەوانە کە بەتەمایت ژنی تازە بهێنیت!!!، لە لایەکی دیکەشەوە هەر ئەم (ئومێد بلباس)ـە بوو تەواوی پەیوەندی نهێنییەکانی خۆت و ئەو ئافرەتە خراپانەی دەزانی کە بۆ ڕابواردن دێنە لات بۆ (ژوورەکەی پشتەوە)، ئەوکات بۆ کوڕێك بوو وێنەی نەبوو، ئێستاش خستووتە نێو لیستی ڕەشەوە!!!.
٥ . هەر ئەم (ئومێد بڵباس)ـەی ئێستابوو، کە ئەوکات ئەوەندە جێی بڕاوا بوو، تەنانەت لە زۆر شوێن بەناوی تۆوە تەسەڕووفی دەکردو پارەو سەرانەی لە خەڵك وەردەگرت، هەر هەموویشی ئاگادار بووی بەڵام قسەت نەدەکرد، تاکار گەیشتە ئەوەی بڕی ٣ هەزار دۆلاری (سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیجی و گەشەپێدانی مرۆیی) بۆ خۆی بردو، ئنجا ناچاربوویت ژمێریارێکت بۆ دانا بە ناوی (سەلاح).
٦ . بەو سیفەتەی کەسی دووەمیت لە (دەزگای زانیاری) و بەرپرسی عەسکەری ئەم دەزگایەیت، خۆت بەکەسێکی زۆر نموونەیی و کادرێکی زۆر پاکی (یەکێتی نیشتیمانی کوردستان) دەزانیت، تەنانەت خۆت زۆر لە کەسایەتییەکی وەک کاک (نەوشیروان مستەفا) پێ چاکترو پێ پاکترە!!! وە زۆر جار خۆت کە باسی ڕابردوو دەکەیت دەڵێیت: (هەتا دوای ڕەوەکەی ساڵی ١٩٩١ خاوەنی هیچ نەبووم)، ئێستا پێمان ناڵێیت لە کوێوە بوویت بە خاوەنی زیاتر لە ١٠ سەیارەی مۆدێل بەرز، کە لەبەردەم ماڵەکەتاندا باق و بریقی دێت!!!.
٧ . کوڕەگەورەکەت کە ئەویش ناوی (ئومێد)ـە، بە پارەی تۆ (واتە پارەی دەزگای زانیاری) خەریکی بازرگانی سەیارەیە لە مەعرەزەکان، وە هەر ڕۆژەی سەیارەیەکی مۆدێل بەرز لێ دەخوڕێت، لە لایەکی تریشەوە خەریکی بازرگانییە لە بواری (ئەلەکترۆنیدا) لەگەڵ کوڕێکدا کە ناوی (شوان عەتووف)ـە. ئەمە جگە لەوەی (ئومێد)ی کوڕت کردووە بە ئەفسەر و لە هەمان کاتیشدا خوێندکارە لە زانکۆ!!!، پێمان ناڵێیت ئەم تەخشان و پەخشانی پارەیە ئەگەر سەرچاوەکەی دزی و تاڵانی و پارەی (دەزگای زانیاری) نەبێت، لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە، ئەگەر ئەمە یاری کردن نەبێت بە پارەی میللەتەوە، ئەمە چی پێ دەووترێت، خەڵکی هەژار و کەم دەرامەت و تەنانەت ئەوانەش کە باری ئابوورییان (مام ناوەندی)یە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییە سەختەکانیش ناتوانن بچنە دەرەوەی ووڵات، بەڵام لە کاتێکدا کە ئومێدی کوڕت لە ڕۆژی ٧/٥/٢٠٠٩ لە (لوبنان)ـەوە گەڕایەوە، کوڕەکەی ترت کە ناوی (ڕەوەز)ـە، ڕۆژی ٩/٥/٢٠٠٩ کەوتەڕێ بۆ (لوبنان)، هەردووکیشیان بۆ سیاحەت چوون بۆ ئەوێ!!!، خۆشت زۆر چاك دەزانی ئەو تەسەڕووفەی ژنەکەت بە پارەوە دەیکا، ئەگەر یەکێك ژنی کابرایەکی ملیاردێربێ وا هەڵسووکەوت دەکا، بەڵام ئەوەش ئاشکرایە کە زۆر دەترسی لێی، بەڵام هۆکاری ئەو ترسە هەر خۆت ئەیزانیت!!!
٨ . لە گەڕەکی سەرچنار سەنتەرێکت داناوە ناوت لێ ناوە (سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیجی و گەشەپێدانی مرۆیی)، بە حساب لێکۆڵینەوە و دراساتی تێدا ئەکرێت، بەڵام ئەوەی تیای نەکرێت ئەو شتانەیە، بەڵکوو شەوانە زۆرێک لەو مامۆستایانەی لە کۆلێژ دەرست پێ دەڵێن، دێنە ئەوێ و لەوێ وانەی تایبەتیت پێ دەڵێن وە بۆ ئەم مەبەستەش پارەیەکی زۆریان بۆ سەرف دەکەیت، بە دڵنیاییەوە لە پارەی (دەزگای زانیاری)، وە لە هەمووی سەرسووڕمێنەرترو ئابڕووبەرتر ئەوەیە یەکێك لەوانەی ئێستا زۆربەی کات لەلاتەو خەریکی سەعی پێکردنتە بە (پارەیەکی زۆر) کوڕێکە کە ناوی (سێڤان ساڵح زۆراب)ـە، ناوبراو کوڕی (ساڵح زۆراب)ی کۆنە بەعسی و خۆفرۆشە کە هەتا ڕۆژێك بەر لە ڕاپەڕین جێگری پارێزگاری سلێمانی بوو، خەڵکی ئەم شارە قارەمانەش زۆر چاک ئەو کەسایەتییە خۆفرۆش و نەفس نزم و کۆنە بەعسیانەی وەك (ساڵح زۆراب)یان لە بیر ماوە، ئەوەی تابەتیش بێت بە کوڕەکەی واتە (سێڤان) ئەم کوڕە لە پێش ڕاپەڕین دەڵاڵی ئەمن و موخابەرات و بەعسیەکان بوو، نزیکەی دوو ساڵێکیش لەمەوبەر لەلایەن چەند دڵسۆزێکی (یەکێتی)یەوە ئاگاداری دەزگا کرایەوە لەسەر ڕابردووی ئەم (سێڤان)ـە و باوکی بەڵام چوونکە ڕاپۆڕتەکە لە دڵسۆزانی (ڕیفۆڕم)ـەوە هاتبوو هەر بۆیە زیاتر ئەم کۆنە بەعسییەتان لە خۆتانەوە نزیك کردەوە.
پێش ئەوەی کۆتاییش بە بابەتەکەم بهێنم دڵنیاتان دەکەمەوە کە (گۆڕان) بەڕێوەیە و هیچ هێزێکیش نییە بتوانێت خۆی ڕابگرێت لەبەردەم ئەو گەردەلوولی چاکسازییەدا، چونکە بڕوامان بە هێزی میللەتە.
سلێمانی