کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


بەردەوامى تێكۆشانى مەدەنى خەڵك، شكستە بۆ دەسەڵات، سەركەوتنە بۆ گەل

Tuesday, 26/04/2011, 12:00


كاتێك نارەزایى و خۆپیشاندان و كۆبونەوەكانى خەڵكى باشورى كوردستان دەستیپێكرد،دەسەڵاتى كوردى گوێى بۆ داواكارى خەڵكى نارازى شل نەكرد و وەڵامى نەدایەوە، بەرپرسانى سیاسى و ئەمنى پارێزگاى هەولێر دژى هەمو جۆرە جموجوڵێكى جەماوەرى و مەدەنى وەستانەوە و بە هەمو شێوەیەك رێگەى خۆپیشاندان و كۆبونەوەى خەڵكیان گرت.بەرپرسانى سیاسى و ئەمنى پارێزگاى سلێمانى، هەوڵى زۆریاندا وەك بەرپرسانى هەولێر لەگەڵ نارازیبونى خەڵك نەجوڵێنەوە و لە ژێر پەردەى خۆ بە دیموكراتتر نیشانداندا،ماندوبون و قوربانى خەڵكى نارازى كوردستان بۆ بەرژەوەندى خۆیان بقۆزنەوە و بیكەنە دەسكەوتى سیاسى.بەڵام پاش ئەوەى نارەازیى و خۆپیشاندانەكانى پارێزگاى سلێمانى دو مانگى تێپەڕاند،دەسەڵاتدارانى دەڤەرى سلێمانیش پەتى خۆگریان پچڕاند و بریاریاندا لە سەركوتكردنى خەڵكدا،لاسایى دەسەڵاتدارانى دەڤەرى هەولێر بكەنەوە.
لە 17-4 بە دواوە سیاسەتى بەرپرسانى سلێمانى (ى ن ك) بەرامبەر بە خۆپیشاندان و نارەزایى خەڵك،قۆناغێكى مەترسیدارترى بەخۆوە دى،لە باتى خۆ بە نەرم و دیموكرات نیشاندان،(ى ن ك) بە هێزێكى زۆرى سەربازیەوە هاتە مەیدان و بە ئاشكرا بە گوللە و تێڵا و بەردو گازى فرمێسك رێژ، بەربووە گیانى خەڵكى سەرشەقامەكان،لە ئەنجامى ئەو هێرشە سەربازیەدا، چەندان بریندار و شەهیدێكى لێكەوتەوە،شەهید هەردى فاروق رۆژى 18-4 بە گوللەى هێزە ئەمنیەكانى (ى ن ك) لە ناو شارى سلێمانیدا بریندار بو و رۆژى 24-4 شەهید بو.هێزەكانى (ى ن ك) دەستیان گرت بەسەر مەیدانى ئازادیدا و رێگەیان نەدا هیچ جۆرە چالاكیەكى مەدەنى و نوێژى هەینى لە مەیدانى ئازادیدا بەرێوەبچێت.لەو رۆژەوە هێزە ئەمنیەكانى (ى ن ك) بە بێ بریارى دادگاكان،سەدان كەسیان لە خوێندكار و رۆشنبیر وچالاكوانى مەدەنى دەستگیركردوە و جۆرەها ئەشكەنجەى فیزیكى و روحیان داون،لەو رۆژەوە هێزە ئەمنیەكانى (ى ن ك) دەورى بیناى كەناڵى تەلەفزیۆنى پەیامیان گرتوە و تەشویشیان خستۆتە سەر كەناڵى تەلەفزیۆنى ((knn و تەقەیان لە ئۆفیسى رادیۆى یەكگرتوى ئیسلامى كردوە،لەو رۆژەوە چەندان جار هێزەكانى (ى ن ك) حەرەمى زانكۆ و نەخۆشخانەكانى هەرێمى كوردستانیان شكاندوە.لەو رۆژەوە بەردەركى سەرا و شەقامە سەرەكیەكانى شارى سلێمانى و دەوروبەرى، زۆربەى شارو شارۆچكەكانى ترى هەرێم، بە هێزى پێشمەرگە و دژە تیرۆر و پۆلیس تەنراوە و بارێكى ئاوارتەى رانەگەیەنراو لە هەرێمى كوردستاندا دروستكراوە.لە هەموى خرابتر لێدوانەكانى وەزیرى پێشمەرگەى هەرێمى كوردستانە كە لەرۆژى 24-4-2011 لە رۆژنامەى هاوڵاتى و كەناڵى تەلەفزیۆنى نالیادا بڵاوكرایەوە و بە ئاشكرا شەربە خەڵك و ئۆپۆزسیۆن دەفرۆشێت و یەكێكى دەوێت شەرەكەى لێبكرێت.ئەم سیاسەتە مەترسیدارەى دەسەڵاتدارانى هەرێم، بۆ تۆقاندن و شكستپێهێنانى خەڵكى نارزاى و ئۆپۆزسیۆن ئەنجامدەدرێت.
لە بەرامبەر سیاسەتى شەرخوازى دەسەڵاتى هەرێمى كوردستاندا،خەڵكى كوردستان و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان،بە ورەیەكى بەرزەوە،بە ئامانجێكى رون و دیاریكراوە وە،خەباتێكى مەدنى و ئاشتیخوازانە بەرێوەدەبەن،لەبەرامبەر هێرشە شەرنگێزەكانى دەسەڵاتدا، خەڵكى كوردستان و ئۆپۆزسیۆن بە پەرچەكردار وەڵام نادەنەوە و عەقڵانیەت بە بریار و هەڵسوكەوتیانەوە دیارە،زیندانكراوەكان پاش ئازادبونیان هەر بریارى تێكۆشانى مەدەنى دەدەن و بەرامبەر بەو زوڵمەى لێیانكراوە پەنا بۆ یاسا دەبەن.خوێندكاران و مامۆستایان و پزیشكان، كە بینیان مەیدانى ئازادى و شەقامەكانى شاریان لێگیراوە،مەیدانى تێكۆشانى مەدەنیان گواستەوە بۆ ناو زانكۆ و خوێندنگا و نەخۆشخانەكان،داوا دەكەن بە زوترین كات دیاردەى سەربازیكردنى كوردستان كۆتایى پێبێت و بكوژانى خەڵكى مەدەنى بدرێنە دادگا و گۆرانكارى جدى لە سیستەمى حوكمرانى هەرێمى كوردستاندا بكرێت.
بەو شێوەیە گەلى ئاشتیخوازى باشورى كوردستان،بۆ دەسەڵاتى شەرەنگێزى هەرێمى كوردستانى سەلماند،كە دەستبەسەراگرتنى مەیدانى ئازادى و شەقامەكانى شارى سلێمانى و مەیدان و شەقامى شارەكانى تر،بە واتاى كۆتاییهاتنى چالاكى مەدەنى خەڵكى كوردستان نایەت،خەڵكى ئاشتیخواز گۆڕەپانى ترى تێكۆشان دەدۆزێتەوە و لە زانكۆ و قوتابخانە و فەرمانگەكانى تردا درێژە بە تێكۆشانى ئاشتێخوازانەى خۆى دەدات.بەو شێوەیە گەلى ئاشتیخوازى باشورى كوردستان بۆ دەسەڵاتى شەرنگێز و شەڕفرۆشى هەرێمى كوردستانى سەلماند،كە بە پەرچەكردار وەڵام ناداتەوە و لەبەرامبەر توندوتیژى دەسەڵاتدا،پەنا بۆ توندو تیژى نابات و لە سەر تێكۆشانى مەدەنى و ئاشتیانەى خۆى بەردەوام دەبێت.
بەوشێوەیە دەتوانین بە دەسەڵات بلێین،شەرەنگێزى و سەركوتكردنى خەڵكى راپەریو سودى نیە و تەنها خۆتان بەرە و شكستو ماڵوێرانیت دەبات،گوێ شلكردن لە داواكارى خەڵك و سزادانى بكوژان و گۆرانكارى لە سیستەمى سیاسى هەرێمدا،تەنها شێوەى چارەسەرى كێشەكانە،بەو شێوەیە دەتوانین بە خەڵكى كوردستانیش بڵێین،سوربون لە سەر داوا رەوكانتان و درێژەدان بە خەباتى مەدەنى و ئاشتیخوازانە،رۆژ لە دواى رۆژ لە سەركەوتن نزیكتان دەكاتەوە .
  26-4-2011

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە