پێویستە كۆمیتەیەكى ئاشتەوایی بۆ بابەتە نائاساییەكان لەهەرێم پێكبێ
Saturday, 26/10/2013, 12:00
1483 بینراوە
گومان لەوەدا نییە كوردستانى گەورە(هەر چوار سنوورە دەستكردەكە)ی دەستى ناحەزان ئەگەر نەخشەڕێگا و پڕۆژەییەكى درێژخایەنى ئەو وڵاتانە بێت كە سەدەیەك زیاترە هەر بەخەوى ئەو كاتەوە تەماشای ئەم خاكە پیرۆزە دەكەن و پێیان وابێ هێشتا دەتوانن ئامانجەكانی لەمێژینەیان بپێكن وەكو چۆن كاریان لەسەر پارچە پارچەكردنى كوردستانى گەورە كرد و دڵنەواییان بەو وڵاتانەدا كە تا بەئەمرۆیش دەگات تەنها هەرێمى كوردستان لەوانى تر زیاتر هەوای ئازادی هەڵدەكێشێ و هێشتایش لە سەربەخۆیی خۆیدا لە كێبڕكێی ڕۆژگاردا ئیرادە هەیە و كەچی هەنگاوەكانى بەو شێوەیە چڕ نەكردۆتەوە كە خۆی لەبەرهەمى خوێنى شەهیدان و خەون و ئاواتى لەمێژینەى ئەم میللەتەمان دەبینێتەوە.
ئەفسووس تا بەئەمڕۆ دەگات نەمانتوانیوە بە بیركردنەوەیەكى دروست و گونجاو بەرژەوەندی باڵای نەتەوەكەمان بەجۆرێ ڕەنگڕێژ و لەقالب بدەین و كەم تا زۆر نەهێڵین دڵی نەیارانمان خۆش ببێ تا بە ئارامیەوە چاو بنێتە سەر یەك و ترسی جیابوونەوەى ئەم خاكە گەرمەى لێ نەبێت، وەكو لەماوەى ڕابردوودا بینیمان حزبە كوردیەكانى باشوری لەمەڕ خۆمان چۆن بەرببوونە گیانی یەكتر و بینە قاقای یەكیان دەگرت هەر لەساڵی 1992تاكۆتایی 1996بە چەند زنجیرەیەكى یەك لەدوای یەك شەڕی خۆكوژی لە بازنەى شەڕی براكوژی لەسەر بنەمای قەناعەتی حزبیەوە ئەوەى پێیان كرا دژ بەیەك تاقیان كردەوە، لەوەیشدا ئیشمان لەسەر ئەوە نیە ئاخۆ لە شەڕی نێوان حكومەتى یەكگرتووى هەرێمى كوردستان و پەكەكە، ئەوجا یەكێتى و بزووتنەوەی ئیسلامى، پاشان یەكێتى و پارتى كێ تاوانبار و كێ غەدرلێكراوە؟ چونكە ئەوە بابەتێكە قسە و باسی زۆر هەڵدەگرێ، هەر وەكو چۆن لەرابردووشدا بەهەمان نەفەسەوە حزبەكانى باشووری كوردستان دژ بەیەك جەنگان و بەپێی ئاڕاستەكانى وڵاتانى هەرێمایەتى ناوە ناوە بەگژ شۆڕشگێرانى پارچەكانى دیكە دەچوون و ئیعلانى جەنگیان دژ بەیەك ڕادەگەیاند و ئەوەى پێیان كرا درێغیان نەكرد، ئەمەش بۆ كورد دیرۆكێكى شووم و ڕەشە تەنانەت بە ناوهێنان و هەڵدانەوەى لاپەڕەكانى هەست بەناڕەحەتى دەكەین.
جێی داخە لەگەڵ كرانەوەى سنوورەكان بەدونیای دەرەوە لەسەردەمى ئەم جیهانگیرییەدا كەچی هێشتا وەكو كورد نەمانتوانیوە بە ئەجێندایەكى هاوبەش لەپڕۆژەییەكى ستراتیژی نەتەوەیدا ڕوو بەڕووى قەیرانەكان ببینەوە كە ئەمەیش ئەركى سەرشانى هەموو تاكێكى ئەم كۆمەڵگایەیە هەر لە حزبەكانەوە بگرە تا بە كۆمەڵگای مەدەنی ڕادەگات، هەمیشە بەو ئاڕاستەیە كەیسی خەونى گەورە لەكۆڵ هەڵبگرین و هەوڵەكانمان لەچوارچێوەى پڕۆژەییەكى نەتەوەیی و نیشتیمانى بخەینە گەڕ كە هەموو ناكۆكیەكانمان بەلاوە بنێین و گیانى لێبووردەیی بكەینە هەوێنى ئاشتەوایی بەكڵۆجێ دڵى دوژمنانمان خۆش نەكەین، دەبێ هەمیشە بەرچاو ڕوونبین لەهەر شوێنێ ئارامى بەرقەراربێ شەمشەمە كوێرەكان ناڕەحەت دەبن و بەدوای پیلانگێڕیەك دەگەڕێن چۆن ئەو ئارامیە بشێوێنن و چۆن بتوانن تۆوی ترس و تۆقاندن و لێكترازانى یەكڕیزى لایەنەكان لەدڵ و دەروونى لایەنەكان بچێنن تا ئەوەندەى لەسەنگەری دژایەتى دژ بەیەك سەرقاڵ ببین، نیو هێندە بیرمان بەرەو مافی چارەى خۆنووسین و خەونى گەورە نەچێت كە لەم ڕووەوە پێشنیار دەكەم:
یەكەم: ئەوەى لەم ماوەیەدا لە ناو پەرلەمانى ئێراق ڕوویدا كە دوو حزبی كوردی(یەكێتى و گۆڕان) بەبەرچاوى عەرەبە شوفێنیستەكانەوە دوو پەرلەمانتاری كوردى بەڕووى یەك بتەقنەوە و دەبە ئاو لەیەك بگرن ئەوە جگە لە كەیفسازی و خۆشحاڵبوونى برایانى عروبە عەیار بیست و چوارەكان و ئەوانەى هزردەكەن كورد هاوڵاتى دەرەجە دووە، هیچ لەم ڕەفتارەى ئەو پەرلەمانتارانە بەرامبەر بەیەك نواندیان نە ئەقڵانیە و نەخزمەت بەدۆزى ڕەواى نەتەوەكەمان دەگەیەنێ و بەش بەحاڵی خۆم هیچ پاڵەوانەتیەك لەوەدا نابینم كە ئەوەى بەم شێوە نواندیان دەیانتوانى بە قسە و گفتوگۆ بگەنە ئەنجام هەرنا كێشەكانیان بۆ دەرەوەى كۆبوونەوەكانی ناو پەرلەمان بگوازنەوە، لەوەوە پێم باشە لەلایەن خودی حزبەكەیانەوە ، نەك ئەوانە هەر كەسێك كارێكى لەو جۆرەى نیشاندا لێی قەبوڵ نەكات كە دەكرا ئەو شەڕە دەبەیە دوور لەچاوى زوومى كامێراكانى شۆفێنیەكان ئەنجام بدرایە.
دووەم: ڕێگری لە هاتنە ناوەى هاوسەرۆكى پەیەدە لەلایەن حكومەتى هەرێمەوە كە لەوەشدا ئاماژەكان ئاڕاستەى پارتى دەكرێ، سەرەڕای دەربڕینى ئەو هەڵوێستە ی بەناوى دیوانى سەرۆكایەتى هەرێم شەرعیەت بەبابەتەكە دەدات، خودی خۆم وای دەبینم بەو گرژییە پەیوەندیەكانى نێوان پارتى و پەكەكە گرژی تێبكەوێ و كاریگەری لەسەر كۆنگرەى نەتەوەیی دروست بكات كە ئەو كۆنگرەیە خەونى لەمێژینەى هەر چوار پارچەیە و ئەنجام بەهەڵوەشاندنەوە و جار لەدوای جار بڕیار لەسەر درێژكردنەوە و دواخستنى بدرێت كە ئەوەش ئەركى هەموو لایەنە سیاسیەكان بە پارتى و یەكێتى و ئۆپۆزسیۆن و تەواوى حزبەكان، ئەنجومەنێكى سەركردایەتى یا كۆمیتەیەكى هاوبەشی تایبەت بە بارە نائاساییەكان پێك بهێنن كە كاریان ئاسایكردنەوەى هەر حاڵەتێكى نەخوازراوبێ كە ببێتە هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر ئەمنى قەومیمان و لەبار بردنى ئەو كەش و هەوایەى لەهەرێمى كوردستان هاتۆتە ئاراوە، ئەوەش بوێری ئەو كۆمیتەیە دەردەخات لە نەگەیشتن بەهەر ئەنجامێك ڕاستیەكان چییە، ئەوە بەگوێی كۆمەڵانى خەڵكى كوردستان بدات.