وه‌ڵامێکی ڕه‌خنه‌گرانه به نوسینێکی عادل باخه‌وان
Friday, 30/09/2011, 12:00
شۆڕشی فه‌رانسه‌ی ساڵی 1789 بۆخۆی ههنگاوێکی مه‌زنی هاویشت دژی کۆی ئه‌و که‌لتورو فه‌رهه‌نگه باوه‌ی تا پێش خۆی، یانی ههنگاوێکی وا توانی کۆی پایه بنچینه‌ییه‌کانی ڕژێمی ده‌ره‌به‌گایه‌تی و کۆی ڕه‌هه‌نده چه‌قبه‌ستوه‌کانی ئاینی مه‌سیحی بێنێته له‌رزین و کۆتایی به قۆناغێک بهێنێت. به نه‌مانی ده‌ورانێکی تایبه‌ت له مێژودا، به ناچاری ده‌ورانێکی دیکه به شوێن خۆیدا ده‌هێنیت، خودی ئه‌و ده‌ورانه نوێیه‌ش له دایک بوونی بۆرژوازیه‌ته به کۆی ڕه‌هه‌نده مادی و مه‌عنه‌ویه‌کانیه‌وه، ئه‌م قۆناغه نوێیه‌ش نه‌ک نه‌یتوانی گرفت و جیاوازیه چینایه‌تیه‌کان له نێو به‌رێت، به‌ڵکو به‌شێوازێکی دیکه چینێکی به‌رهه‌م هێنه‌ری نوێی له‌گه‌ڵ خۆیدا هێنا، ئه‌ویش چینی کرێکار بوو. لێره‌دا کێشه‌و ململانێ ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیه‌کان به شێوه‌یه‌کی نوێ درێژه‌ی به‌خۆی دا، یانی پاراستنی خاوه‌ندارێتی تایبه‌ت که‌وته نێو قۆناغێکی نوێوه. مۆدێرنێتهش به‌رهه‌می ئه‌م پێداویستیه نوێیه‌ی قۆناغه نوێیه‌که‌یه. شۆڕشیش ده‌رئه‌نجامی ئه‌و ساته چه‌قبه‌ستوانه بووه که چیتر درێژه کێشانی هێنده‌ی تر تواناییه مه‌زنه‌کانی مرۆڤی گیرۆده‌ی ئیفلیج بوون ده‌کرد. بۆیه ده‌توانین بڵێین له قۆناغی نوێ‌دا ئه‌وه‌ی توانرا بپارێزرێت خودی خاوه‌ندارێتی تایبه‌ت بوو به هه‌موو جومگه‌کانیه‌وه، لێره‌شدا ئه‌م هه‌نگاوه نوێیه نه‌ک نه‌یخواست خودی خودا‌و دین بمرێنیت، به‌ڵکو به‌پێی پێداویستیه‌کانی تا ئه‌ندازه‌یه‌ک دووری خسته‌وه له‌و کایه عه‌قڵانیه‌ته‌ی که داهێنانی مادی ده‌خولقێنێت و له‌گه‌ل ئه‌وه‌شدا خودی ئاینی وه‌ک یه‌کێک له پایه گرنگه‌کانی لهناونهچونی خاوه‌ندارێتی تایبه‌ت هێشته‌وه تا ئه‌و ئه‌ندازه‌یه‌ی دینی وه‌ک کاری شه‌خسی هه‌رکه‌سێک له ڕوکه‌شدا ببینرێت جێکرده‌وه، له نێو فه‌رهه‌نگ و که‌لتوری زاڵدا. به‌مه‌ش ده‌توانین بڵێین مانه‌وه‌ی دینه‌کان و خودی په‌نابردن بۆ په‌رستنی خودا، یه‌کێکه له‌و ره‌هه‌نده تایبه‌تانه‌ی که کۆی زۆرینه‌ی بیرمه‌ندانی مۆدێرنێتهش ئاماده‌یی ئه‌وه‌یان تێدا نه‌بوه له ڕوه زانستیه‌که‌یه‌وه لێی بده‌ن، یانی تا ئه‌ندازه‌ی پێویست مانه‌وه‌ی ئه‌م ئاینه کراوه به‌به‌شێک له خۆراکی ڕۆژانه‌ی تاکه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگا، تا ئه‌وه‌ی چیتر له ده‌رده‌سه‌ری خودی سیسته‌می سیاسی زاڵ و باو تێنه‌گه‌ن و وه‌ک فهرهزیهتێکی بان سروشتی بیبینن.
به‌ڕێز عادل باخه‌وان، بابه‌تێکی له ژێر ناونیشانی(گه‌ڕانه‌وه‌ی خوا بۆ کۆمه‌ڵگه‌کانی مۆدێرنێتی) نوسیوه، له ڕۆژنامه‌ی هاوڵاتیدا بڵاو کراوه‌ته‌وه.
ئه‌م نوسینه وای لێکردم به پێی توانای تا ئێستام وه‌ڵامێکی بده‌مه‌وه، چونکه بابه‌ته‌که‌ی به شێوازێکی وا نوسیوه، پێویستی به خوێندنه‌وه و هه‌ڵوێسته له‌سه‌ر کردن هه‌یه. ئه‌م نوسینه‌ی ده‌رباره‌ی پێویست بونی ئاین و گه‌ڕانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی مۆدێرنێته به پێویست بونی خودایه‌ک، جیاوازتر و نه‌رمتر له‌و تێگه‌یشتنه ته‌قلیدی یان کلاسیکیه‌ی که کۆی دینه سه‌ره‌کیه‌کان هه‌یانبوه بۆ خۆیان و هه‌وڵه به‌رده‌وامه‌کانیان بۆ داگیر کردن و خستنه ژێر ده‌ستی زۆرترینی کۆمه‌ڵگاکان بۆ ژیر چاودێری ئایدۆلۆژیای ئاینی خۆیان. ئه‌م نوسه‌ره به‌ڕێزه له نوسینه‌که‌یدا ڕه‌خنه له خودی مۆدێرنێته ده‌گرێت و خاڵه لاوازه‌کانی له په‌یوه‌ند به تاکه‌وه ده‌ست نیشان ده‌کات، له‌لایه‌کی دیکه‌شه‌وه به ئه‌ندازه‌یه‌ک مۆدێرنێته به جێگایه‌ک ده‌چوێنێت که گشتێکی سه‌ربه‌ست له‌وه‌ی خاوه‌ن دینیت یان،نه، به‌مه‌رجێک دابڕابیت له ته‌وه‌ری دینه توند ڕه‌وه‌که‌ی له مێژوی ڕابردودا هه‌یمه‌نه‌ی خۆی دهسهپاندا به‌سه‌ر تاکه‌کاندا، جێگات ده‌بێته‌وه.
بابه‌ته‌که، له زۆر جێگایدا جێگای هه‌ڵویسته له‌سه‌ر کردنه، به‌پێی ئه‌و وته‌یه‌ی خۆی که ده‌ڵێت ده‌وڵه‌تی مۆدێرنێته ئاینی له‌ده‌رگاوه کردوه ده‌ره‌وه و هه‌ر خۆیشی له په‌نجه‌ره‌وه ڕایکێشایه‌وه ژوره‌وه، لێره‌دا هۆکاری ئه‌م کردنه ده‌ره‌وه و دواجار گه‌ڕاندنه‌وه‌ی جارێکی تر بۆ ژوره‌وه ڕوون نه‌کردۆته‌وه؟ ئاخۆ گه‌ر مۆدێرنێته وه‌ک سیسته‌مێکی ته‌واو عه‌قڵانی که خۆی ده‌توانێت بنیات نهری پێداویستیه‌کانی ژیانی خۆی بێت، به چ هۆکارێک ناچار ده‌بێته‌وه که ده‌ست بداته ژێر باڵی دنیا بینی جه‌هل و خورافه و جارێکی دیکه خۆی ئاشت بکاته‌وه له‌گه‌ڵیدا؟ ئه‌گه‌ر مۆدێرنێته بۆخۆی سه‌ر به سیسته‌مێکی فه‌رهه‌نگی چینایه‌تی و له قازانجی پاراستنی پێگه‌ی خاوه‌ندارێتی تایبه‌تیدا نه‌بێت، چ پێویستیه‌کی به‌گه‌ڕانه‌وه بۆ دینێکی فره ڕهگنی ئارام هه‌یه؟ له‌لایه‌کی دیکه‌وه زۆر به قودره‌ت و لایه‌نه ئازادیخوازیه‌که‌ی مۆدێرنێته‌دا هه‌ڵده‌دات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا وای نیشان ده‌دات که مۆدێرنێته ئیتر دوا هه‌نگاوێکه مرۆڤایه‌تی پێی گه‌یشتوه، چ له ڕوی داهێنان و لایه‌نه زانستیه‌که‌یه‌وه تا ده‌گات به لایه‌نه که‌لتوری و فه‌رهه‌نگیه ده‌وڵه‌مه‌نده‌که‌ی. ئیشاره‌ت به نوسه‌رێک ده‌کات که تاک له‌م ده‌ورانه‌ی مۆدێرنیته‌دا به (تاکی نادڵنیا) سه‌یر ده‌کات له‌وه‌ی که خودی ئه‌م مۆدێرنێته نه‌یتوانیوه دڵنیا بوون و سه‌رکه‌وتنی یه‌کجاره‌کی به تاک بدات له کۆی ئه‌و ره‌هه‌نده مه‌عریفی و ده‌رونی و کۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی که ده‌بوا هه‌یبێت تا چیتر وه‌ک تاکێکی نادڵنیا سه‌یری خۆی نه‌کات. دواتر به ئه‌ندازه‌یه‌کیش ئیشاره‌ت ده‌کات به‌وه‌ی له‌م ده‌ورانه‌ی مۆدێرنیته‌دا، کێ به‌هێزه ئه‌و ده‌توانێت بچێته پێشه‌وه و کێش لاوازه په‌راوێز ده‌خرێت، بۆیه هه‌رده‌م کۆمه‌ڵگا مۆدێرنێتهکانی ئه‌م سه‌رده‌مه جارێکی تر ناچار ده‌بن بگه‌ڕێنه‌وه بۆ لای کایه دینیه‌کان و له وێدا ئارامی و خۆڕزگار بونیان له‌ده‌ست ئه‌م که‌لتور و فه‌رهه‌نگه مۆدێرنێته ڕزگار بکه‌ن. که‌وایه ئه‌م هۆکاره‌یه که واده‌کات کۆمه‌ڵگه ئه‌وروپیه‌کان جارێکی دیکه خوا بگه‌ڕێننه‌وه نێو ژیان و هه‌ستی خۆیان.
من ده‌مه‌وێت له کاک عادل بپرسم؛ ئه‌وه چ هۆکارێکه وات لێده‌کات له په‌یوه‌ندیه کۆمه‌ڵایه‌تی و دابه‌شکردنه چینایه‌تیه‌کان خۆت بدزیته‌وه و ته‌نها په‌نا بۆ ڕوه ده‌رونیه‌کانی تاک ببیه‌ت له‌و سه‌رلێشێواویه‌ی یه‌خه‌ی گرتوه و نازانێت چۆن خۆی رزگار بکات له‌و هه‌لومه‌رجه‌ی تێی که‌وتوه؟ یان هۆکار چیه که خودی مۆدێرنێته نابهستیهتهوه به شێوازێکی تایبه‌ت تری خودی ئایدۆلۆژیاوه؟ ئاخۆ لای به‌ڕێزت ئایدۆلۆژیا ته‌نها ئایدۆلۆژیای دینی و مارکسی و قه‌ومی ده‌گه‌یه‌نێت و خودی مۆدێرنێته به‌ده‌ره له بنه‌ماکانی ئایدۆلۆژیا؟ ئاخۆ ئه‌وه خودی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری نیه مۆدێرنێته و لیبراڵزمی ڕاگرتوه و له ژێر چه‌مکی قازانج په‌رستی و چه‌وساندنه‌وه‌ی چینایه‌تیدا په‌ره به بازاڕی ئازاد ده‌دات و دێت تا دوا هه‌ناسه خودی دین و خودا‌ش به‌زیندوی ڕاده‌گرێت؟ من پێم خۆشه ئه‌م وته‌یه‌ی ناپلێۆنت وه‌بیر بخه‌مه‌وه که له بنج و بناوانی کۆی ئاینه‌کان ده‌دات و هۆکاری دروست بونی ئاینه‌کانیش له‌لایه‌ن خودی مرۆڤه‌وه ڕوون ده‌کاته‌وه.(په‌رتوکی سه‌رده‌می ناپلێۆن،مێژوی شارستانیه‌تی ئه‌وروپی له نێوان ساڵانی 1789 تا 1815، نوسینی ول وایریل دیورانت، وه‌رگیڕانی بۆ سه‌رزمانی عه‌ره‌بی له‌لایه‌ن د. عبدل ره‌حمان عبدوڵا ئه‌لشێخ،له په‌رتوکی دوه‌مدا لاپه‌ره 173، ناپلیۆن پرسیار ده‌کات، که بۆچی خه‌ڵکی دینه‌کانیان داهێناوه؟ ناپلیۆن وه‌ڵام ده‌داته‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دینه‌کان داهێنراوه تا ئه‌وه‌ی هه‌ژاره‌کان ئارام ببنه‌وه و کوشتنی ده‌وڵه‌مه‌نده‌کانیش یاساغ ده‌کات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خه‌ڵکی به یه‌کسانی له دایک نه‌بوون، له‌به‌ر ئه‌م هۆکاره‌ش هه‌رده‌م جیاوازی نێوانیان به‌پێی به‌ره‌و پێشچونی پێشکه‌وتنی ته‌کنه‌لۆژیا روو له زیاد بونه. بۆ شارستانیه‌تیش وا پێویست ده‌کات، که هه‌رچی بۆی ده‌کرێت ده‌ستگرۆی ئه‌وانه بێت که توانای داهێنان و به‌ره‌و پێشبردنی ده‌ده‌ن،بۆیه ئه‌رکیش وایه که خه‌ڵکی گۆش بکرێن به‌م جیاوازیه و که ئه‌وه به‌کارێکی بان سروشتی بزانرێت. ئه‌مه چۆن ده‌بێت؟ ناپلیۆن وه‌ڵام ده‌داته‌وه، ئه‌وه‌ی ڕوده‌دات له هێزوئیراده‌ی خوداوه‌یه، ناپلیۆن ده‌ڵێت من له دیندا هیچ نهێنیه‌کی ڕوتی تێدا نابینم ته‌نها، نهێنی رژێمه کۆمهڵایهتهکه نه‌بێ (یانی شێوازی ته‌نزیم کردنه‌که‌ی یاخود باشتر وایه بڵێین خودی گێل کردنی ئه‌و به‌شه‌ی که له ژێر چنگی چه‌وساندنه‌وه‌دایه له‌لایه‌ن چینی حاکمانه‌وه)، کۆمه‌ڵگا بونی نابێت به‌بێ ئه‌م جیوازیه یانی نه‌بوونی یه‌کسانی له ره‌واتب و موکافهئات و داهاتی تاکه‌کاندا،وه مانه‌وه‌ی ئه‌م جیاوازی و خاوه‌ندارێتیه تایبه‌ته، په‌یوه‌سته به دینه‌وه. پێویسته له ئیراده‌ماندا هه‌بێت به هه‌ژاران بڵێین ،ئه‌وه ئیراده‌ی خودایه و ئێمه هیچ قودرهتێکمان به‌سه‌ریه‌وه نیه له بونی ئه‌م جیاوازیه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌دا.ئه‌م ژیانه هه‌روا ده‌بێت و ئێوه له‌و دونیا نه‌مریتان بۆ ده‌مێنیته‌وه. دواجار ناپلیۆن ده‌ڵێت، ده‌توانین بڵێین که دین ئامرازێکه که ده‌وڵه‌مه‌نده‌کان ڕزگار ده‌کات له ده‌ستی هه‌ژاره‌کان، دیاره لێره‌دا مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر هات و هه‌ژاره‌کان به ئاگا بونه‌وه له توانایی و هێزو ئیراده‌ی خۆیان ئه‌و کات تێده‌گه‌ن که کۆی به‌شمه‌ینه‌تیه‌کانی سه‌رشانیان خودی ده‌سه‌ڵاتی چه‌وسێنه‌ری حاکمه، نه‌ک ئه‌وه‌ی کارێک بێت له سه‌رو سروشته‌وه بۆیان بڕابێته‌وه. به‌م شێوازه ناپلیۆن چاره‌سه‌ری خودی ئه‌و جیاوازیه چینایه‌تیانه ده‌کات.
ئه‌وه خودی ده‌سه‌ڵاتی دین و ده‌وڵه‌تی چینایه‌تیه هه‌رده‌م زه‌واجی بێجیابونهوهیان له نێو خۆیاندا ڕاگه‌یاندوه. ئه‌وه خودی سیسته‌می چه‌وسێنه‌ری سه‌رمایه‌داریه، له جێی ئه‌و نادڵنیایهی به‌ڕێزت ئیشاره‌تت پێداوه، خودی نامۆ بونه که مارکس له په‌رتوکه ئابوری و سیاسیه‌کانیدا ئیشاره‌تی پێده‌کات. من ده‌ڵێم تا ئێستا له نێو کام میدیا‌و پرۆگرامی مۆدێرنێته‌دا ویستراوه ئه‌و وشیاریه کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیه بدرێته‌وه به کۆمه‌ڵگا له‌وه‌ی خۆی داهێنه‌ری کۆی ئاڵوگۆڕه‌کانه و، دینه‌کانیش هیچ نین جگه له دروستکراوێکی ده‌ستی ئینسان خۆی نه‌بێت؟ ئاخۆ ئه‌گه‌ر کۆمه‌ڵگاکان وشیار نه‌کرێنه‌وه به‌و هێزوئیراده و توانایه مه‌زنه‌ی خۆیان، هه‌روا له خۆوه ده‌توانرێت بوونی خودا له مێشکی تاکگه‌لێکی نامۆ بوو له‌م ژیانه وه‌ده‌ربنرێت؟ ئاخۆ ئه‌گه‌ر هه‌لومه‌رجێکی ته‌واو واقعی و ئینسان دۆستی یه‌کجار کامڵ و ته‌ندروست بنیات نه‌نرێت بۆ کۆی کۆمه‌ڵگا، ده‌توانرێت هه‌روا به ئاسانی دین و خودا له مێشکی کۆمه‌ڵگا وه‌ده‌ر نرێت؟ من دڵنیام له‌وه‌ی تا خودی ئه‌م سیسته‌مه چینایه‌تیه هه‌بێت که وه‌ک تۆڕێکی جاڵجاڵۆکه ئاسا خۆی گرێداوه له کۆی جومگه زیندوه‌کانی ژیانی کۆمه‌ڵگا، به‌و شێوه‌یه‌ش خۆی گرێده‌دات به خورافاتی دینی و زیندو کردنه‌وه‌ی چی موقهدهساتێکه که قازانج به مانه‌وه‌ی خودی ئه‌و سیسته‌مه بگه‌یه‌نێت. ئه‌وه سیسته‌می لیبرالیزم و مۆدێرنێته‌یه له‌لایه‌ک بانگه‌شه‌ی ئازادیخوازی ده‌کات و له‌لایه‌کیش چینێکی ملیاردێر و ئینسانکوژی سه‌پاندوه به‌سه‌ر کۆی تواناییه‌کانی چینی به‌رهه‌مهێنه‌ری کۆمه‌ڵگاکاندا، جا که نایه‌کسانیه‌ک له قودره‌تی هیزێکی ئیلاهی و نادیاره‌وه دروست کرابێت، ئیتر بۆچی چینی سه‌ر به‌بازاڕی ئازاد و قه‌شه و پاپا و مه‌لاکان حاخامه‌کان ڕێزی لێناگرن؟ چی له‌وه باشتر ده‌بێت بۆ مانه‌وه‌ی ئه‌م سیسته‌مه حه‌قیره‌ی بازاڕی ئازاد هه‌زار و یه‌ک بیرمه‌ند و فه‌یله‌سوفانێکی وا به‌رهه‌م نه‌هێنرێت هه‌رده‌م خه‌ریکی گێژ کردنی ئه‌و چینه کۆمه‌ڵایه‌تیه بن که کۆی قورسایی ژیانیان له‌سه‌ر شانه؟.
من ده‌توانم ئه‌وه بڵێم تا ئه‌و ساته‌ی دین و خودا به‌شێکی سه‌ره‌کی بن له نێو قازانجی مادیی و مه‌عنه‌وی ده‌سه‌ڵاته چینایه‌تیه‌کانی تا ئێستادا، به‌شی هه‌ژاره‌کانیش پێدانی ئه‌و خورافه و نه‌زانینه ده‌بێت، تا ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌رد و مه‌ینه‌تیانه قبول بکه‌ن و ڕانه‌په‌ڕن له‌و سته‌م و چه‌وساندنه‌وه چینایه‌تیه‌ی به‌سه‌ریانه‌وه‌یه. مانه‌وه‌ی دینه‌کان به پێی ئاستی وشیاری و هه‌لومه‌رجی ژیانی هه‌رچ کۆمه‌ڵگایه‌که‌وه په‌یوه‌سته. له‌و جێگایه‌ی ئاستی به‌ره‌وپێشچون له دوایه، زیندوو بونه‌وه‌ی ئاین زۆر توندوتۆڵه، به پێچه‌وانه‌شه‌وه ڕاسته، گه‌رچی هه‌رده‌م گوێ بیستی زه‌نگی که‌نیسه‌کانیش ده‌بین، هاتوهاواریهتی له‌وه‌ی پێمان ده‌ڵێت، هێشتا ماوم و زیندوم. ڕه‌نگه هه‌روا کارێکی ئاسان نه‌بێت سه‌رجه‌م مرۆڤایه‌تی ئاشنا بکرێن به‌وه‌ی ئه‌م گه‌ردونه چۆن دروست بوه، ئاخۆ دروستکه‌رێکی هه‌یه، یان بۆخۆی به ده‌ر له هه‌رچ مێژویه‌ک و ساته‌وه‌ختێک بوونی هه‌بوه؟ ئه‌م جۆره پرسیارانه پێده‌چێت ته‌نها وه‌ک کاری توێژێکی تایبه‌تمه‌ند بێت له کۆمه‌ڵگادا، به تایبه‌تیش له زه‌مه‌نێکدا که هێشتا ده‌سه‌ڵاتی حاکمیه‌ت له ژێر چنگی چینێکدایه، مانه‌وه‌ی نیوه‌ی ژیانی په‌یوه‌سته به زیندوو کردنه‌وه‌ی دین بۆ سه‌ر دید و هه‌ستی ئه‌و چینه‌ی ده‌یچه‌وسێنێته‌وه. کۆمه‌ڵگای مۆدێرنێته بێبه‌ری نیه له‌م هاوکێشه چینایه‌تیه و بۆخۆشت له وڵاتێکی مۆدێرنێته‌ی ئه‌وروپادا ده‌ژیت، و به چاوی خۆت ئاستی ئه‌و ململانێ چینایه‌تیانه ده‌بینیت، که له‌م نوسینه‌تدا بۆ چرکهیکیش ئاماده نه‌بویت بچیت به‌ده‌وریدا، نازانم هۆکاره‌که‌ی چی بووه. ئاخۆ له‌م سه‌رده‌می مۆدێرنیته‌دا هێنده‌ی هه‌وڵ ده‌درێت، ئینسانه‌کان به پێی دینه‌کانیان و قهومیهتهکانیان ده‌سنیشان بکرێن، ده‌ست ده‌برێت بۆ کارێکی وا به پێی مه‌وقعیه‌تی چینایه‌تیان دیاری بکرێن؟ بۆ چی دێن دابه‌ش کردنه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان ده‌به‌ستنه‌وه به پێی ئه‌و جۆره دین و که‌لتوره تایبه‌تانه‌ی که سه‌پێنراوه به‌سه‌ر تاکه‌کاندا؟ بریا واقع بینانه ده‌توانی ئیشاره‌تێک به‌م پرسیاره بکه‌یت، ئه‌وکات له‌و بڕوایه‌دا ده‌بووم له ماهیه‌تی پاراستن و زیندوو ڕاگرتنی خودی خودا‌و دینه‌کانیش بگه‌یت؟ هه‌رچۆنێک بێت تۆ ئازادیت له‌وه‌ی چۆن بیر ده‌که‌یته‌وه یان چۆن ده‌ته‌وێت کۆمه‌ڵگا گوێت لێبگرێت، به‌ڵام ڕاستی واقعیه‌ت و خودی پراکتیکیهتی ژیان به پێی بنه‌ما چینهیهتیهکانه، که ئه‌وه خودی چینی باڵا ده‌سته، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هه‌یه به‌سه‌ر کۆی بیرکردنه‌وه و که‌لتور و فه‌رهه‌نگی باودا، به‌نه‌مانی ئه‌م بنه‌ما چینایهتیانهش دڵنیام کۆی که‌لتور و فه‌رهه‌نگ و دینه‌کانیش گۆڕانکاری مه‌زنیان به‌سه‌ردا دێت، چونکه له شوێنێکدا چه‌وساندنه‌وه‌ی چینایه‌تی بوونی نه‌بێت، له‌و جێگایه‌شدا دینێک بوونی نابێت که قبوڵی جیاوازی چینایه‌تی ده‌کات.
له‌م لینکه‌ی خواره‌وه‌دا ده‌توانن نوسینه‌که‌ی به‌ڕێز عادل باخه‌وان بخوێننه‌وه؛
http://www.hawlati.co
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست