" بڕووخێ کۆماری ئیسلامیی ئێران!! "
Tuesday, 19/08/2014, 12:00
1707 بینراوە
ئەو درووشمە زەبەلاحەی سەروو هی من نییە ولەتوانای منیشدا نیە کە کۆماری ئیسلامی بڕووخێنم. جگە لەوانەش ئەو سیستمە نە بە ئامریکاو نە بە ئورووپەیەکانیش دەرووخێ. وڵاتێکی وەکو ئێران کە لە کوردو فارس وئازەری وعەڕەب وتورکمەن ودەیان ئایین و ئایین زا زمان و،،،،، پێک هاتووە دەبێ ئەو خەڵكە بڕیاری سەرەکی بدا تا ئەو دەسەڵاتە بگۆڕێ. جگە لەوەش بۆ رووخاندنی دەسەڵاتێک لەسەر جوغڕافیای نەتەوەیەک سیاسەتی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی خاوەنی بەرژەوەندی و بڕیاری خۆیەتی.
ئەگەر قەرار بێ ئاڵوگۆڕبە ئیرادەی خەڵکی ئەو وڵاتە چێ بێ رێگایەکی دوورودرێژی گەرەکە وسەدان لایەنی هەمەڕەنگ.لەو کورتەوتارەدا بە من ناگوترێ.بێ بە ختی کوردلەئاست دونیای دەرەوە ودونیای دێمۆکڕاسی ئەوەیە کە تا بەرژەوەندی هەر دووک لایەن لە بەر چاو نەگێرێ ،تا دیکتاتۆڕی خۆماڵی چاوی لەدەست دونیای دەرەوە بێ تا خۆی بپارێزێ قەت گەلی بندەستی کورد ئازاد نابێ.
رۆژی ٢٧ گەلاوێژی ١٣٩٣ هەتاوی (١٨/٨/٢٠١٤) چاوم بە راگەیاندنێکی هاوبەشی حیزبی دێمۆکڕاتی ئێرانی مستەفا هیجری و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی ئێران (دژە دێمۆکڕاتو دژە زەحمەت کێش) کەوت. ئەو راگەیاندنە هاوبەشە باس لە هێرش یا جیهادی خومەینی دەکا بۆ سەر رۆژهەڵاتی وڵات.دونیایەکی سەیرە! جەلال تاڵەبانی وبارزانی وایاندەزانی هێرشی ئامریکا بۆ سەر سەدام حوسێن لەبەر چاوی جوانی ئەو جووتەیە. دەنا هەموو کەس دەیزانی کە سەدام بە تفەنگی ژەنگاوی ئەو دوو ملهوڕە نەدەڕووخا. (پاش ٢٤ ساڵ تازە بارزانی دەڵێ ئەگەر چەکەکانمان تازە بوایەن ئاوامان بەسەر نەدەهات !!)
هەمان سناریو لە رۆژهەڵات دوو پات بۆووە! شای ئێران نەفتو ئۆپێک لایبرد کە چی پۆل پۆل حیزب وڕیکخراوە شۆڕ بونەوە سەر جەستەی برینداری نیشتمان کە خودموختاریمان بۆ وەرگرن! کاتێک کۆماری کوردستان بە پیلانی نێودەوڵەتی تووشی شکست بوو هەردووک وەزیرانی دەرەوەی ئامریکاو سۆڤیەتی پێشوو گوتیان: ئەو کۆمارە بۆ ئاسایشی نێودەوڵەتی جێگای مەترسییە. زەرەری لە قازانجی بۆ ئێمە زیارە.!ودەبێ چۆنمان دانا ئاواش بیرووخێنین.!
ئەو سیستمەی کە ٣٥ ساڵە گەلانی ئێرانی وکورد دەچەوسێنێتەوە هەر نەبێ بۆ کورد جێگەی گلەەییو گازەندە نییە.چون دەسەڵاتێک کە باوەڕی بە چارەسەری نەبێ هەر چۆن بخوازێ سیاسەت بەڕێوە دەبا. لە سەردەمانێکدا ئەگەر هیندێک رفۆڕمیش بە جێ بێنێ ئەوەش هەر بە خواستی خۆی پێک دێنێ وگوێ بۆ هیچ هێزو هیچ رێکخراوەیەک ناگرێ. لایەنێکی دیکەی ئەو سناریویە ئەو دامودەزگایەن کە لەسەر ناوی نوێنەرایەتی کوری قەرارە کێشەی کورد چارەسەر بکەن.لایەنی دووهەم (حیزبەکانی رۆژهەڵات) لایەنی هەری لاوازو بێچارەیە لە ئاست دونیای دەرەوەو ناوخۆی وڵات.
ئەو حیزبانەی کە نزیک ٣٤ ساڵە گیرۆدەی دەسەڵاتی خۆماڵین و یەک هەنگاو بە بێ پرس هەڵناگرن، تەنانەت ئیزنی شەڕ لەگەڵ داعشیشیان بە راشێکاوی پێنەدرا ئاوا درووشمی مەزن بفەرموون ولە باوەشی خەڵکی باوێن.! لە ٦٨ ساڵی رابووردوودا (دوای کۆمار) سێ نەسل (رەگەز) لەناچون. سەردەمی رەزاشای پەهلەوی، سەردەمی موحەممەد رەزا پەهلەوی، سەردەمی کۆماری ئیسلامی، لەو سێ سەردەمە خەڵک چی بەسەرهاتوو؟ چەندی ئازار چێشتووە؟ دەبێ پرسیار لە دوو لایەن بکرێ؟ لایەنی بێڕەحمی دونیای گەورەدەوڵەتان کە بۆ قازانجی خۆیان گوێی زەوی دەسووتێنن.لایەنی دووهەم ئەو رێکخراوانەن کە بوونەتە ئاغا وکوێخای چارەسەری وچییان لە دەست نایە.
حیزبەکانی رۆژهەڵات نزیکەی ٣٤ساڵە دەستیان تفەنگی نەگرتووە! ئەمن نازانم بە پێی کام پێوەری سیاسی ،هێز، باس لە رووخانی کۆماری ئیسلامی دەکەنەوە؟ بەدەستی بەتاڵ بەرهەڵیخێک ناڕووخێ سەهلە دەسەڵاتێك.ئەو درووشمە زەبەلاحە لەتوانای ئەو وڵاتانەشدا نییە کە لە نەتەوەیەکگرتووەکان مافی / وتۆیان / هەیە.حیزبێک کە ناوی خۆی ناوە دێمۆکڕات (شایانی هەموو نێوێکی دین ئیللا دێمۆکڕات نەبێ)، حیزبێک کە بە خۆی دەڵێ لایەنگری زەحمەتکێش (دژە زەحمەتکێش) بە پێوەری کام هێز وئابووری و چەک درووشمی رووخانی دەسەڵاتێک دەدا کە تا ددان پڕ چەکە.!
مەسعود بارزانی بۆ ئەوەی خۆی لە ژێرپەردەی شەرم وەشێرێ،جار جار دەوڵەتی کوردیمان پێدەفرۆشێ وپێ قالب دەکا. هەر کات ئەو دەوڵەتی راگەیاند ئێوەش دەتوانن کۆماری ئیسلامی بڕووخێنن.لەوەش بترازێ ئەوان ئەو رۆژانە چەکیان لە کۆماری ئیسلامی وەرگرتووە ووڵاتانی دیش بە خەروار بۆیان دەنێرن ، ئێوە کەچە تفنگێکو لەدەست دایە فیشەکی تێدانییە، فیشەکو هەیە تفەنگوو پێ نییە.هەڵدانی ئەو درووشەمەتان تەنیا بێڕێزی وبێ حورمەتیە بەرانبەر بە بنە ماڵەی شەهیدان وئەو کەسانەی کە بە دڵێکی پاک گیانی خۆیان فیدای وڵات کرد.ئەو شەهیدانە نەیاندەزانی ئێوە کێن؟ چەندە لاوازن؟ سەردەمێک کە شایان بۆ رووخاندین ئێوە وەک داڵاش پۆل پۆل ڕژانەوە سەرئەو خاکە بریندارەو ئەوەندی دیش کرتانە زەندۆڵستان. ئێوە واتان دەزانی ژاژیان بۆ ڕۆ کردون! نەتاندەزانی تەڵەیان بۆ داناونەوە.! دەست لەو درووشمانە هەڵگرن.بێ گومان ئێوە بەرپرسن لەو هەمووە نەهامەتیەی بەسەر خەڵکتان هێنا. خەڵک لە رۆژهەڵاتی وڵات لێتان دەپرسێ ؟ هەزاران ماڵ وێران کرد، هەزاران گەنجو بە کوشت دا، هەزاران درۆتان رادەستی خەڵکی لێقەوماو کرد، ئێستێش لە رێگای دوورەوە بە بێ ئەوەی لە گەڵ خەڵک ئازارەکان بچێشن ئاوامان لە گەڵ دەدوێن.!!
جەعفەر کەریمی
١٩/٨/٢٠١٤