کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


چوار ئەمەریکی تا ئیستا لە (ئوتێل سۆما) نە بەسووتاوی نە بەبرینداری دیار نیین، گومانی ئەوە دەکرێت کە بۆ ئێران رفێنرابن

Tuesday, 20/07/2010, 12:00


سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو  نزیک لە دەزگای زانیاریی ئەم ئێوارەیە بە کوردستانپۆستی راگەیاند.
شەوی پێنجشەممە لەسەر هەینی لەکاتژمێری دەو نیودا، ئوتیڵ سۆما لە سلێمانی ئاگری تیاکەوتەوە و سووتا. ئەمە کورتکراوەی ئەو رووداوەیە و هەرچییەک لەدوای ئەو رووداوەوە وتراوە و نووسراوە، یان قسەی لەسەرکراوە، تەنها وەک هەموو رووداوێکی ئاگرلێکەوتنەوە باسی لێوەکراوە، ئەوەی زیادیش وتراوە بۆ چەواشەکاریی و بەلاڕێدابردنی راستیی رووداوەکە بووە، ئەوەی سەرچاوەکەی دەزگای زانیاریی بە کورتیی بۆی گێڕاینەوە ئەم چەند راستییەیەی خوارەوەیە کە سەرەداوی رووداوکەمان ئەداتە دەست تا بەدواداچوون لە رووداوە راستییەکە بکرێت.
سەرچاوەکە کە دۆستێکی دێرینی کوردستانپۆستە پێی راگەیاندین ئەو ئوتێلە هی فەرەیدوون عەبدولقادرە، فەرەیدوون پیاوی ئیتیڵاعاتە، ئەوەی ئیتیڵاعات لە فەرەیدوونی داوا دەکات دەبێت بەبێ ئەمسەر و ئەوسەر بەجێی بهێنێت، فەرەیدوون فایلێکی گەورەی لەژێر دەستی ئیتیڵاعاتیی ئێرانییدا هەیە.
بۆ کەسێکی وەکو فەرەیدوون عەبدولقادر ئاسان نییە سەرپێچی لە فەرمانەکای ئیتیڵاعات بکات، بۆیە ئەمجارە داوایان لە فەرەیدوون کردووە کە دەبێت هاریکارییان بکات لە گرتنی ئەو ئەمەریکیانەی کە لە ئوتێلەکە دادەبەزن.
لە پرسیارێکی کوردستانپۆستدا، کە مەبەست لەو ئەمەریکیانە کێێە و چییە؟
سەرچاوەکە وەڵامی دایەوە، چوار ئەمەریکی لەو ئوتێلەدا بووە، پێش سوتاندنی ئوتێلەکە ئەوان دوورخراونەتەوە، دوای ئەوە یەکسەر بەنزین کراوە بە ئوتێلەکەدا و سوتێنراوە.
کوردستانپۆست: بۆ ئوتێلەکە لە ئەنجامی شۆرتی کارەبا ئاگری لێنەکەوتۆتەوە؟
وەڵام: نەخێر گڕی تێبەردراوە.
کوردستانپۆست: ئەو ئەمەریکیانە بۆ چی دوورخراونەتەوە؟
وەڵام: ئەو ئەمەریکیانە بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر مەسەلەی نەوت و ئاودیوکردنی بۆ ئێران هاتوون.
پرسیار: ناوەکانیان دەزانییت؟
وەڵام: نەخێر من نایزانم، ئەوە کاری ئەمەریکییەکانە کە لێکۆڵینەوەی لەسەر بکەن، چونکە منیش لێرە بەو شێوەیەی بۆتان دەگێڕمەوە بیستوومە، وەک لێرە باسی دەکەن دەڵێن چوار ئەمەریکی دیار نییە، ئەگەر سووتابن، دەبوو لاشەکانیان بە سووتاوی ببینرێت، ئەگەر برینداریش بووبن، ئەوە دەبێت لە خەستەخانە کەوتبن، کەوابوو وەکو ئەو زانیارییەی لە سەرەوە باسم کرد، پێش سووتانەکە فڕێنراون، هەرچەندە لە ئوتێلەکە باس لەوە دەکەن کە ئەو چوار کەسە لەوێ دانەبەزیون.
پاش ئەم قسانە سەرچاوەکەی دەزگای زانیاریی باسی لەوە کرد، پلانەکە بەو شێوەیە بووە، کە پاش رفاندنی ئەو ئەمەریکییانە، ویستوویانە کەس لە ئوتێلەکە دەرنەچێت بە شیوەیەک ئاگرەکە بکەوێتەوە کە قوربانییەکان هیچییان تێیدا دەرنەچن لاشەکان وا بسووتێت نەناسرێنەوە، بۆیە رێگایان بەوە نەداوە کەس پەنجەرە بشکێنێت و خۆی دەربازبکات.
ئیستا فەرەیدوون عەبدولقادر تاوانبارە بە دیارنەمان و بێسەروشوێنکردنی ئەو چوار ئەمەریکییە.
ئەو سەرچاوەیەی نێو دەزگای زانیاریی لە کۆتایی قسەکانییدا داوای کرد، کە ئەمەریکییەکان بەدواداچوون لەسەر ئەم رووداوە بکەن، لیژنەیەکی تایبەت بۆ ئەو مەبەستە پێبهێنرێت، نەک لیژنەی حکومەتیی هەرێـم،  تا دڵنیابن لە سووتاندنی ئوتێلەکە و بەدواداچوون لە سەر چارەنووسی ئەو چوار ئەمەریکییە بکەن.
سەرنجی کوردستانپۆست:
کوردستانپۆست بەبێ سانسۆر قسەی ئەو کارمەندەی دەزگای زانیاریی بڵاودەکاتەوە، ئێمە بەرپرس نیین لەسەر ناوەرۆکی هەواڵەکە، داوادەکەین لاینی پەیوەندییدار وەڵام بداتەوە،  ئایا راستە چوار ئەمەریکی بێسەر و شوێنن؟ بەتایبەتیی فەرەیدون عەبدولقادر وەک خاوەنی ئوتێلەکەیە، وەڵام بەو گومان و قسانە بداتەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە