کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دۆسییەی كەركوك- 2 كێ لە پاشەكشەی رەوشی رۆشنبیری لە كەركوك بەرپرسیارە؟!

Wednesday, 18/08/2010, 12:00


لە ئەنجامی پیادەكردنی سیاسەتی تەعریب لەلایەن حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق لە كەركوكدا، سەرجەم كایە رۆشنبیری و مەعریفییەكان بەشێوەیەكی ناتەواوی بەڕێوەچووە، هەربۆیەش بە دەگمەن نەبێ، ئەگینا دەزگایەكی گەورەی راگەیاندن و تیپێكی ناسراوی شانۆیی، یاخود مۆسیقاو گۆرانی و بوارەكانی دیكەی هونەری و رۆشنبیری لە شارەكەدا بوونیان نەبووە، لە دوای (2003)ەوە رەوشی رۆشنبیری لە شارەكەدا گۆڕانكارییەكی خێرای بەخۆیەوە بینی و بۆ ئەوانەی دڵسۆزانە لە خەمی كەركوكدا بوون، گەشبینییەكی ئەفراندبوو، چونكە جگە لە دەركردنی دەیان رۆژنامەو گۆڤار، ژمارەیەك كەناڵی رادیۆو تەلەفزیۆنی لۆكاڵی و نووسینگەی هەندێ لە سەتەلایتەكانیشی تێداكرایەوە،، ئەمە جگە لە دامەزراندنی ژمارەیەكی زۆرى سەنتەرو بنكەو ناوەندی رۆشنبیری و هونەری و كۆمەڵایەتی و بوونی ژمارەیەك لە پەیامنێرانی دەزگا راگەیاندنە عێراقی و بییانییەكان كە بەهەر هەموویان تەكانێكی باشیان بە رەوشی رۆشنبیری و رۆژنامەگەری لە شارەكەدا دابوو و هەڵكشانێكی رۆشنبیریی بەرچاویشی بەخۆوەبینی بوو، بەجۆرێك كە ژمارەی ئەندامەكانی لقی كەركوكی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان بگاتە (703) ئەندام، ئەمە جگە لەو رۆژنامەنووس و راگەیاندنكارانەی كە ناویان لە لقەكەدا تۆمار نەكراوە، هەروەها دامەزراندنی ژمارەیەك دەزگای رۆشنبیری و یەكێتی هونەرمەندان و جۆرەها تیپی هونەری و شانۆیی و...تاد.
ئەوەی جێگای باس و هەڵوەستە لەسەركردنە، لە ئێستادا رەوشی رۆشنبیری لە شارەكەدا لە داكشانێكی ترسناك دایەو رۆژ لەدوای رۆژ دەزگا رۆشنبیرییەكان و گۆڤارو رۆژنامەكان و تەلەفزیۆنەكان دادەخرێن و كارمەندە راگەیاندنكارو رۆژنامەنووسەكانیش پەراگەندەو بێكار دەبن.
هەر بۆ نموونە جگە لە داخستنی تەلەفزیۆنی زەحمەتكێشانی كوردستان، ئەم رۆژنامەو گۆڤارو بڵاوكراوانەش لە دەرچوون وەستێنراون:
لە رۆژنامەو بڵاوكراوەكان:
1. كەركوكی ئەمڕۆ.
2. گەڕانەوە.
3. باسەڕە.
4. ئاوەسپی.
5. كاكەیی.
6. ئارۆ.
7. خۆرنەوەزان.
8. گەرمیانی ئەمڕۆ.
9. شێخ لەنگەر.
10. پردێی برایەتی.
11. هاوژین.
12. سەربەست.
13. ئاسۆى دیموكراسی.
14. ئەمڕۆی دووبز.
15. رۆخانە.
16. داڵەهۆ.
17. كەركوكی نوێ.
18. كركوك الجدیدە.
19. رووناكی كەركوك.
20. رۆژی وڵات.
21. راز.
هەروەها گۆڤاری:
1. شەفەق.
2. ئەنفال.
3. كەركوك.
4. مناڵانی باوەگوڕگوڕ- لە مێژووی كەركوكدا تاقانە گۆڤاری منداڵان بوو.
ئەمە جگە لە داخستنی ئەو رۆژنامەو گۆڤارو بڵاوكراوانەی كە ئێستا لەبەردەستدانین كە بەدڵنیاییەوە ژمارەیان زۆر لەمەی تۆماركراون زیاترن.
لە هەمبەر ئەم شلوخاوی و كەمتەرخەمی و داكشان و پاشەكشەیەی رەوشی رۆشنبیری كوردی- لە شاری كەركوك، هەست بە بزاوتێكی بەرەو ئاراستەی بەغدا لە ئارادایە، هیچ دوور نییە ژمارەیەك لە رۆژنامەنووسان و راگەیاندنكارانی كەركوك لەكاتی بەدەنگەوە نەهاتنی سەندیكای رۆژنامەنووسان و هونەرمەندانی هەرێمی كوردستان و ئەوانیتر بۆ داواكانیان روو لە سەندیكاكانی بەغدا بكەن و ئەندامێتی خۆیان لە سەندیكا كوردستانییەكان هەڵپەسێرن، چونكە تا ئێستا رۆژنامەنووسان و نووسەران و رۆشنبیرانی كەركوك كورد وتەنی: (لە قەلان بوون و لە كێشكانیش)، چونكە هیچ ئیمتیازاتێكی هەرێمی كوردستان نایانگرێتەوە.
پرسیارەكە لێرەدا ئەوەیە: كێ لەم داكشان و پاشەكشەیەى رەوشی رۆژنامەگەری و رۆشنبیرییەی كەركوك بەرپرسیارە؟ خودی رۆژنامەنووسان و راگەیاندنكاران و رۆشنبیران، یان جارێكی دیكەش جورئەت بكەینەوەو بڵێین: حزبەكان؟
بەدڵنیاییەوە خودی حزبەكان لەم كەشوهەوا تەمومژاوییەی كەركوك و شێواندنی بارى دەروونی ئەوانەى خەم لە ئاییندەی كەركوك دەخۆن و سەرو سینگیان لە سەنگەری رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستاندایە بەرپرسیاری یەكەمەو ئینجا هەندێك لە رۆشنبیران و رۆژنامەنووسان، چونكە هەر حزبەكان بوون لەگەڵ هاتنیان بۆ كەركوك، هەریەكەو كۆمەڵێك نووسەرو رۆژنامەنووس و هونەرمەند و خەڵكی رۆشنبیریان خستە پاڵ خۆیان و لەگەڵ هەر هەڵكشان و داكشانێكیش ژمارەیان بەرەو كەمبوونەوە دەچێت!!، زۆربەی پاساوەكانیش هەژاربوونی حزبەكانە لەڕووی داراییەوە، بەڵام راستییەكەی خۆبەدەستەوەنەدانی زۆربەى هەرە زۆری نووسەران و رۆژنامەنووسان و رۆشنبیرانی شارەكەو نەبوونە دەروێشییانە بۆ حزبەكان و كەم هیوابوونی حزبەكانە لە پرسی كەركوك!!
ئەم بارودۆخی داكشان و پاشەكشەیەی رەوشی رۆشنبیری لە كەركوك و دەوروبەری، بۆتە هۆی بێكاربوونی زۆربەی ئەوانەی لەو دەزگا رۆشنبیری و راگەیاندنانەدا كاریان دەكرد كە زۆر بەداخەوەش لەبەر پەیڕەو نەكردنی یاسای كاری رۆژنامەوانی لە كوردستان و شوێنەكانی دیكەو نەبوونی یاسای گرێبەستی كاركردن لەنێوان دەزگاكانی راگەیاندن و ئەو رۆژنامەنووس و راگەیاندنكارانەی كە كاریان تێدا دەكەن، یەكجاری دۆخەكەی ئاڵۆزتر كردووە.
بۆیە لێرەدا بە پێویستی دەزانم وەكو ئەركێكی نەتەوەیی و نیشتیمانی و ئەخلاقی روو لە رۆژنامەنووسان و راگەیاندنكاران و رۆشنبیرانی شارەكەم بكەم كە دەنگی ناڕەزایی بەرزبكەنەوەو چیتر خۆیان نەكەنە قوربانی ئەو سیاسەتە چەوتە حزبایەتییەى كە لە كەركوكدا پەیڕەوو پیادە دەكرێت و بۆتە هۆكارێكی كاریگەر بۆ لاوازتر كردنی گیانی نەتەوایەتی و بەرپرسیارێتیی نیشتیمانیی كوردستانی و داكۆكیكردنی زیاتر لە پرسی تەمومژاوی و نائارام و نائاسایی كەركوك.
كەركوك

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە