كاكەییەكان نمونەى كوردایەتی و پێكهاتەى رەسەنى هەڵەبجەن.
Sunday, 27/12/2009, 12:00
من دڵنیام ئەو مامۆستا ئاینیانەى هەینى رابردو لەوتارى مزگەوتەكانیاندا تۆمەتى(غەیرە دین)یان دابوە پاڵ یاساناسێكى بوێر و دڵسۆزى كاكەیى و گوتبویان شایستەى ئەوە نیە بكرێتە قائمقامى هەڵەبجە،ئێستا ویژدانیان ئازاریان دەدات،بەتایبەتى ئەگەر كەمێك بۆ مێژووى كاكەییەكان لەهەڵەبجە و بەتایبەتیش (گوندى هاوار)و رۆڵى كوردانەى كاكەییەكان و پێكەوەژیانى سەدان ساڵەى نێوان موسڵمان و كاكەییەكانى ئەو شارەیان وەبیرخۆیان هێنابێتەوە، خۆ ئەگەر لەسەر هەڵوێستى دژایەتیكردنیان بۆ كاكەییەكان بەردەوام بن ئەوا من وەك كەسێكى خەڵكى هەڵەبجە كە ساڵانێكى دورودرێژم لەژیانى قوتابخانە و وەك وەرزشوانێكى ئەو شارە بەسەربردوە،دەڵێم ئەوە قوتابیە كاكەییەكانى هەڵەبجەبوون لەخۆپیشاندانەكانى ساڵى 1984 و 1985ى ئەو شارەدا لەپێشى پێشەوەى خۆپیشاندەران و خۆفیداكردن بوون لەبەردەم كێبڵ و پۆستاڵ و تانكەكانى رژێمى بەعسدا، ئەوە كچەكاكەییەكانى ئەو شارەبوون خۆیان دەكردە قەڵغان بۆ ئەوەى دار و شەقى پۆستاڵ رەشەكانى بەعس نەگاتە كچە موسڵمانەكانى هەڵەبجە، دەبوو مامۆستایانى ئاینى ئیسلام و هەموو دانیشتوانى هەڵەبجە ستایشى بریارى حكومەتى كوردستانیان بكردایە كە یاساناس و پارێزەرێكى وەك (گۆران ئەدهەم)یان رازى كردوە ببێتە قائمقامى هەڵەبجە،هەر هیچ نەبێت لەبەر ئەوەى خۆبەخشانە لەكەیسى دادگایكردنى تاوانبارانى كیمیابارانى هەڵەبجەدا خۆبەخشانە كارى كردوە ،لەكاتێكدا یەكێك لەو مامۆستا ئاینیانەى رەخنەى لەو بریارە گرتوە ئامادە نەبوو لەدۆسێى دادگایكردنى عەلى كیمیایى و سەرانى بەعسدا خۆیان وەك شایەتحاڵ تۆمار بكەن و بیانوتایە رژێمى بەعس هەڵەبجەى كیمیاباران كرد،ئاخۆ كەسێك هەبێت یەك زەڕە دڵسۆزى بۆ هەڵەبجە هەبێت نەزانێت كاكەییەكان و بەتایبەتیش هاواریەكان یەكەم كەس بوون دواى راپەرینى ساڵى 1991بریارى گەرانەوەیان بۆ كۆمەڵگاى عەنەب و شارى هەڵەبجە دا و ئاوەدانیان گەراندەوە بۆ ئەو سنوورە؟؟؟بەراستى شەرمەزارم لەوەزارەتێكدا كاردەكەم كە مامۆستایەكى ئاینى لەهەمان وەزارەتتدا فەرمانبەربێت و موچەى لێوەربگرێت و ئەم مامۆستایە لەجیاتى گەیاندنى پەیامى برایەتى ئیسلام و پتەوكردنى هەستى نەتەوەیى لەناو دڵ و جەستەى منداڵانى هەڵەبجەدا بروات لەسەر مینبەرى مزگەوت كاكەیى بەبێ دین وەسف بكات و گومانى ئەوەبكات كە شایستەى پۆستى قائمقامى هەڵەبجە نەبێت. باشە ئاخۆ ئەو مامۆستا ئاینیانە خۆیان لەپێغەمبەرى ئیسلام (د.خ)بەموسڵمان بزانن كاتێك كۆچى كرد بۆ شارى مەدینە لەگەڵ هەموو پێكهاتە ئاینى و مەزهەبیەكانى ئەو شارەدا گفتوگۆ و پێكەوەژیانى كرد و رێگاى نەدا یەك غەیرە ئیسلام لەو شارەدا ئیهانە بكرێت.
ئەگەرچى من دڵنیام بۆچونى ئەو یەك دوو مامۆستا ئاینیە بۆچوون و بیركردنەوەى مامۆستایانى ئاینى دیكە و دانیشتوانى هەڵەبجە نیە و رەنگە هەڵوێستێكى شەخسى بێت و مەرامى تایبەتى لەپشتەوەبێت،بەڵام من تەنها ئەوەندەم لەدەستدێ بەهەموو كاكەییەكان و بەتایبەتیش هاواریەكانى هەڵەبجە بڵێم داواى لێبوردن دەكەم و بەگەورەیى خۆتان بمانبەخشن.
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست