ده‌سه‌ڵاتێكی بێ‌باك یان بێباكی له چاره‌نووسی گه‌لێك
Wednesday, 26/03/2014, 12:00
قه‌یسه‌رده‌یگوت : " من ده‌وڵه‌تم و ده‌وڵه‌تیش منم " ، به‌و واتایه‌ی ئه‌گه‌ر خوانه‌كرده ئه‌وی سه‌رۆك و سه‌ركرده نه‌بێت ، هه‌مووان له شیوه‌كانی وه‌یل و قوڕاوی نه‌هامه‌تیدا داده‌مێنن و به‌سوتماك ده‌بن، ئیدی لێره‌وه مه‌یلی به‌یت و بالۆره‌ی منه‌تبارانكردنی هه‌مووان ده‌ستپێده‌كات و پاساو بۆ هه‌ر هه‌ڵه‌یه‌كی ده‌سه‌ڵاتداران ده‌هێنرێته‌وه..
بابای ده‌ستداریش له‌و جۆلانه‌ی خۆشخه‌یاڵیه‌یدا ، خه‌ونی خۆش خۆش بۆ هاوڵاتیان ده‌بینێت و له‌به‌رانبه‌ر هاواری نه‌بوونی نان و برسێتیاندا پێشنیاری كێك خواردنیان بۆده‌كات ..
ئاخر كه‌ی بووه دوای شه‌ش مانگ له‌ده‌نگدان ، كه‌س حساب بۆ ئه‌و هه‌موو ڕه‌نج و ماندوبوونه‌ی هاو نیشتیمانیان نه‌كات و ڕوشیبێت جارێكی‌تر بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنێكی دیان به‌سه‌ردا بكاته‌وه و به‌ڵێنی ڕه‌خساندنی هه‌لومه‌رجی شامی شه‌ریف به هاوڵاتیانی بدات ، كه‌مته‌رخه‌میش له ده‌نگدان به‌لاوازی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی ببینێت و بۆ زوو به‌ده‌مه‌وه نه‌چوونی وه‌رگرتنی كارتی ده‌نگدانیش منه‌تباریان بكات ..
ئه‌رێ ئه‌گه‌ر ڕیككه‌وتوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر هیچ شتێك ڕێكنه‌كه‌ون و حكومه‌ت پێكنه‌هێنن، بۆ لێناگه‌ڕێن هاوڵاتیان خۆیان دورله زۆنه حزبیه‌كه‌تان بیرێك له حاڵی خۆیان بكه‌نه‌وه ..؟ یاخود به‌هه‌وای یان خۆمان یان هیچ كه‌سێك كارده‌كه‌ن و خۆری هیوای داهاتوویه‌كی باشترمان له‌سه‌ر ئاواده‌كه‌ن ..
ئاخر ئێمه له‌بری ئێوه له‌به‌رانبه‌ر دۆست و دوژمن و ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌نددا شه‌رم دامانده‌گرێت، كاتێ ده‌بینین ، به‌ته‌نزه‌وه له ڕێكنه‌كه‌وتنتان بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت ده‌ڕوانن و لێیده‌دوێت .. له‌به‌ر ئێوه‌نا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی باجی ئه‌م بێباكیه‌ش ، ئێمه‌و نه‌وه‌كانی ئاینده‌مان ده‌بێ بیده‌ن
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست