سه‌رۆکێک له زمانی چه‌قۆ
Sunday, 06/02/2011, 12:00
به‌کارهێنانی زمانی چه‌قۆ له‌به‌رامبه‌ر ڕه‌خنه، و به‌کار هێنانی زمانی ئاگر و ئاسن له به‌رامبه‌ر هه‌ر حه‌قیقه‌تێک که له به‌رژه‌وه‌ندیدا نه‌بێت، ئه‌جه‌ندای پارتی و یه‌کێتی بووه له ڕابردوودا و له ئێستادا، بۆ ئاینده‌ش ئه‌وا کورد ووته‌نی، خویه‌ک گرتت به شیری ته‌رکی ناکه‌یت به پیری، وه‌ڵامێکی شایسته‌یه.
دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی پێشنیار و داواکاریه‌کانی گۆڕان زۆر که‌س هه‌ڵچونه هیستریاکه‌ی سه‌رانی پارتی و یه‌کێتی و سه‌رۆکی هه‌رێم و سه‌رۆکی حکومه‌تیان پێ سه‌یر و نامۆ بوو، وه وه‌ک شتێکی شاز و نا مومکین ته‌ماشای وه‌ڵامدانه‌وه‌کانیان کرد، که له ڕاستیدا ئه‌م جۆره وه‌ڵامدانه‌وه‌یه شتێکی زۆر شایع و مومکینه که ئاوها سنگ ده‌ر بپه‌رێنن و په‌نجه‌ی هه‌ره‌شه ڕابوه‌شێنن.
به‌کار هێنانی ئه‌و جۆره تێکسته خوێناویانه له به‌رامبه‌ر داواکاریه‌ک، که ته‌واوی سه‌ڵته‌نه‌تی دوو بنه‌ماڵه‌ی خاوه‌ن هێزی چه‌کدار ده‌خاته ناو مه‌ترسی کۆتایی پێهاتنی ده‌سه‌ڵاتیان، شتێکی نامۆ نیه، بگره ئه‌وه ئه‌وپه‌ڕی ڕادیکاڵیه‌ته له مێژووی وه‌ڵام دانه‌وه‌کانیاندا به‌رامبه‌ر به لێدانی به‌رژه‌وه‌ندیه مادییه‌کانیان.
ئه‌گه‌ر به خێرایی سه‌یری وه‌ڵامه‌کانی مه‌کته‌بی سیاسی پارتی و یه‌کێتی بکه‌ین، ده‌بینین که وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌مجاره‌یان شتێکی تازه نیه و به‌شێکه له عه‌قڵیه‌تی ڕابرووی وه‌ڵام دانه‌وه‌ی ئه‌م دوو مه‌کته‌به، بۆ نمونه ئه‌و وه‌ڵامانه‌ی که له نامه‌کانی جه‌لال تاڵه‌بانیدا ده‌مانخوێنده‌وه، که کوردستان پۆست له کۆتایی ساڵی ڕابردوودا بڵاوی کردنه‌وه، هه‌مان ئه‌م هه‌ڕه‌شه خوێناویانه‌یان به شێوه‌یه‌کی دی تیا ده‌بینرا، یان کاتێک که پارتی له شه‌ڕی ناوخۆدا ده‌می ده‌کرده‌وه و زێرابی نێو لۆژیک و عه‌قڵی خۆی له ڕادیۆکه‌یه‌وه ئه‌ڕشته نێو پرسیاره‌کانی خه‌ڵکه‌وه، هه‌ر هه‌مان زمان بوو به‌ڵام به شێوازێکی تر و ڕووه و لایه‌نێکی تر، وه هه‌زاران نمونه‌ی تر که ده‌توانین هه‌موو دیالۆگ و دیدار و کۆنفرانسه ڕۆژنامه‌وانیه‌کانیان بکه‌ینه نمونه بۆ زمان و وه‌ڵام دانه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌کانی به‌رامبه‌ریان، یان کاتێک که سه‌رده‌شت عوسمان تیرۆر کرا و خه‌ڵک و جه‌ماوه‌ر ڕژانه سه‌ر شه‌قام و سه‌رۆکی نه‌خوێنده‌واریان ئاگادار کرده‌وه که به‌رپرسیت له‌م کاره و ڕێگاکانی تیرۆر کردن دێنه‌وه ژێر سه‌ری تۆ، ئه‌و ده‌م هه‌موومان ده‌م و چاوی سه‌رۆکمان له ته‌له‌فزیۆنه‌کانه‌وه دی که به ئاشکرا و بێ منه‌تانه هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌کرد و خۆی توند ده‌کرده‌وه له‌سه‌ر خۆپیشاندانه‌کانی خه‌ڵکی ئازادی خواز، جگه له‌مانه‌ش زۆرن ئه‌و که‌سانه‌ی که له ترسی تیرۆر و کوشتنیان له لایه‌ن یه‌کێتی و پارتیه‌وه کوردستانیان جێهێشت و هه‌رگیزیش ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه و به‌رده‌وام هه‌ڕه‌شه و چه‌قۆیان لێ ڕاست ده‌کرێته‌وه و نمونه‌ی ئه‌مه‌ش کاک دکتۆر (که‌مالی سه‌ید قادر)ه که هه‌موومان ده‌زانین له ئه‌وروپاش مه‌ترسی تیرۆرکردنی له‌لایه‌ن یه‌کێتی و پارتیه‌وه له‌سه‌ره.
بۆیه من وه‌ڵامه تاریک و جاهیلانه‌که‌ی مه‌کته‌ب سیاسیه‌کانی پارتی و یه‌کێتی و فه‌خامه‌تی ئایه‌تووڵا و سه‌رۆکی داسه‌پا و داکوترا و ته‌زویر و ئه‌به‌دیه‌تی کوردوستان و سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێم و سه‌ر وتار و ژێر ووتار و وه‌ڵام و ستون و ووتاری ناو سفره‌ی نانخواردنه‌کانی وه‌ک خه‌بات و کوردستانی نوێ و ئه‌نواعه‌کانیانم لا ئاساییه و پێم وایه ئه‌مه به‌شێکه له سروشت و ئه‌خلاقی بوونیه‌وی و سیاسی سه‌رۆک و مه‌کته‌ب سیاسیه‌کان و جاشقه‌ڵه‌مه‌کانیان و به‌شێکه له‌و به‌رمه‌جه سیاسی و ئیتیکیه نوقسانه‌ی که لای پارتی ناوی نراوه قوتابخانه‌ی بارزانی و لای یه‌کێتیه‌کان پێی ده‌ڵێن گۆچانه‌که‌ی تاڵه‌بانی. لێره‌شه‌وه ئه‌و ده‌لاقانه‌ی لێمان وه‌دیار ده‌که‌ون و ئه‌توانین وێنه‌کانی بهێنینه پێش چاوی خۆمان، ئه‌و ڕۆژگاره نزیکه‌یه که ڕه‌نگه هه‌ردوو حیزبی ده‌سه‌ڵات هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌ر کاغه‌زه‌کان له لووله‌ی تفه‌نگه‌کانیانه‌وه ڕووه و ده‌نگی ڕه‌خنه و داواکاری و ناڕازی خه‌ڵک بته‌قێن، ئه‌وکات، ئه‌گه‌ر منیش له‌گه‌ڵ هه‌زارانی تر نه‌بوومه شه‌هیدێکی تری سه‌ده‌ی 21 ، به گوله‌ی ته‌قیوی سوپای سه‌رۆکێک که هاوشێوه‌ی بن عه‌لی له 70% ی ده‌نگی هێناوه! بابه‌تێک به سه‌ر دێڕێکی ناسک و حه‌ق بێژی کوردی ده‌نووسم و ده‌ڵێم: دارێک که به ته‌ڕی خوار بوو بوو، کاتێک که به وشکی ویستمان ڕاستی بکه‌ینه‌وه، شکا.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست