تۆمەتەكانی تاڵەبانی لە دەستی یەكەوە بۆ نەوشیروان موستەفا
Saturday, 26/12/2009, 12:00
لە چاوپێكەوتنێكی بەرنامەی دیمانە ی سایتی سبەی لەگەڵ بەرێز نەوشیروان مستەفا لە 17 نۆڤەمبەری 2009 دالە پرسیاریكی بەرنامەكە سەبارەت بەو تۆمەتانەی تاڵەبانی لە پلنیۆمەكەدا دایبووە پاڵی نەوشیروان مستەفا , بەرێز نەوشیروان مستەفا بەم شێوەیە وەڵامی داوەتە:
((یەكەم هەواڵەكانی بە من گەیشتوە یەعنی لەدەزگاكانی راگەیاندن و لە دەمی ئەم و ئەو وە بیستومەتەوە , من خۆم نە لە تەلەفزیۆندا گوێم لێبوە چی باسكردوە و نە بەنوسینیش خوێندومەەوە , ئەوەی كە بیستومە ئەوەیە كەلە رۆژنامەكاندا بڵاوكراوەتەوە و ئەوەی كە بیستومە ئەوەیە كە ئەوانەی لەو پلینۆمەدا بەژداریان كردوە بەدەم بۆیان گیراومەتەوە و یاخود كەسی سیێەم بۆی گێراومەتەوە لەبەرئەوە گێرانەوە شتێكی لەسەر بینا ناكرێت و تاوەكو بڵییت مادە بە مادە و خاڵ بە خاڵ و ئیتیهام بە ئیتهام جوابی بدەمەوە.))
وا كوردستانی نوێ كە زمانخاڵی رەسمی یەكێتی نیشتیمانیە و لە سایتەكەیان دا بەیانامەی مەكتەبی سیاسی و دقی وتارەكەی تاڵەبانیان لە پلینیۆمەكدا بڵاوكردۆتەوە و هەموو ئەو گێردراوانەی كە ووترابوون و بڵاوكرابونەوەو(لەدەستی دووە) وە لەناو خەڵك دا وەك خۆی بوو بگرە هێشتا خاتریشی تیا بوو. وتارەكەی تاڵەَبانی بە وردی و بەدرێژی تۆمەتەكانی داتاشیوە و بەرێز نەوشیروان وەك كاریزمایەكی توند تیژ و ئاژەوەچی و دژ بەیەكێتی و خاوەن بریاری هەڵە و كارەساتاوی و هۆكاری كیمابارانی هەڵەبجە و فەرماندەی پیاوكوشتنی ناو شار و دێی و خۆدزینەوە و پیلانگێری و فرت و فێڵ وكوتلەبازی و ناوچەگەرێتی و دژ بە كەركوك و دژ بەپێشمەرگە و دژ بە كوردایەتی و فێدراڵی لەقەلەم دراوە و چەندین تاوانی تری خراوەتە پاڵ.
من پێم وایە وەڵامدانەوەی ئەم تۆمەتانە(ئەگەر وا نەبێت كە باس كراوە) دەبێت بە دووشێوە بێت كە بەرێز نەوشیروان مستەفا بیكات: یەكەم وەڵامدانەوەیەك بێت بۆ جەماوەر و مێژوو و دووەم وەڵامدانەوەیەكی قانونی بێت.
وەڵامدانە دانەوەكان دەبێت خال بەخاڵی ئەو تۆمەتانە بەنوسسین و بەڵگە بخرێتە بەردەم جەماوەری خەڵكی كوردستان و پاشان لەداگایەكی بێلایەن سكڵای تەشهیر و ناوزراندن لەدژی تاڵەبانی تۆماربكات تا خەڵك رونتر راستیەكان ببینێت و میژووی میلەتەكەمان نەشێوندرێت و هەركەس بە ئارەزوی خۆی و بۆ مەرامی حیزبی یان شەخسی راستیەكان لە خەڵك چەواشەنەكات.
بائێستا بزانیین چی لە ژێر بەڕەی نەوشیروان مستەفا دا هەیە كە نەخراوەتە سەر بەڕە دوای ئەوەی هەواڵەكە لەدەستی یەكەوە گەیشتوە پێی؟
ئەمریكا
25 دیسیمبەری 2009
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست