کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


لە فرۆشتنەوە بۆ قۆڵبڕین وەڵامێك لە (رادیۆ نەوا) وە

Thursday, 07/04/2011, 12:00


لە سەرەتاى ئەم هەفتەیەدا بابەتێك لەژێر ناونیشانى "فرۆشتنى رادیۆى نەوا و كڕینەوەى لەلایەن پارێزەرێكى كۆرەك تیلیكۆم و تۆڵەكردنەوەى سیاسی" بڵاو كراوەتەوە، كە (هێمن مامەند) پەیامنێرى پێشووى (رادیۆ نەوا) لە هەولێر نووسیویەتى. لەبەرئەوەى ئەم بابەتە كۆمەڵێك هەواڵى ناڕاست و لێكدانەوەى نادروست و بۆچوونى چەواشەكارانە لەخۆ دەگرێت، بۆیە لە ئیدارەەی (رادیۆ نەوا) بە پێویستمان زانى سەرەڕاى تۆماركردنى سكاڵا لە دادگا ئەم روونكردنەوەیەش لەچەند خاڵێكدا بۆ راى گشتى و ئەو كەسانە بڵاو بكەینەوە، كە لە بوارى راگەیاندن و رۆژنامەوانیدا كاردەكەن.

1.خاوەنى (رادیۆ نەوا) بەڕێز (كوردە حسن)ە، كە ئێستا لە رادیۆكەدا سیفەتى خاوەن ئیمتیازى هەیە, منیش بەڕێوەبەرى گشتى رادیۆكەم و بەرپرسم لە بەڕێوەچوونى كارەكانى. بە پێچەاونەى مانشێتى بابەتەكەوە هیچ مامەڵیەكى كڕین و فرۆشتن لەسەر موڵكایەتى (رادیۆ نەوا) نەكراوە.

2. لە ماوەى (12) ساڵى رابردوودا كارى پارێزەرایەتیم ئەنجامداوە. لەو ماوەیە و تائێستاش بریكارى چەندین كۆمپانیاى ناوخۆیى و دەرەكى بووم و راوێژكاریى و كارى یاساییم بۆ كردوون، لەناویشیاندا كۆمپانیاى كۆرەك تیلیكۆم. رەنگە خاوەنى زۆرێك لەو كۆمپانیایانەى هەر پارێزەرێك كارى یاساییان لەگەڵ دەكات جۆرەها ئینتیما و پایەندى سیاسیان هەبێت, ئەمە ئەگەر دەلالەتێكى هەبێت ئەوا دەلالەت لەسەركەوتنى پیشەیی دەكات نەك لە ئینتیماى سیاسى پارێزەرەكە، بۆیە پێویستە لایەنى كەم رۆژنامەنووسێكى "بوێر و راستگۆ" و "ئازاد" شتێك لەمە بزانێت.

3.ئەو رۆژنامەنووسە بێ بەڵَگەو سەرچاوە, بێ باكانە دەڵێت "بەڕێوەبەرى نەوا پیاوێكى پارتى یە". من بەناوى (رادیۆ نەوا) داواى لێبوردن لە گوێگرانمان ئەكەم ئەگەر هەواڵ و راپۆرتەكانى پێیشوى ئەم پەیامنێرە بەقەد ئەم هەواڵەى راستییان لەخۆ گرتبێت. راشى دەگەیەنم، كە هیچ پەیوەندیەكى سیاسیم نە بە پارتى و نە بەهیچ حزبێكى دیكەوە نییە.

4. بە درێژایى ماوەى رابردوو، كە ئەو پەیامنێر بووە لە هەولێر من بەڕێوەبەرى بەرنامە و ئەندامى بۆردى كارگێڕى (رادیۆ نەوا) بووم. بۆیە ئەگەر لەژیانیشمدا هیچم لە "سەحافە و میدیا" نەزانیبێت وەك ئەوەى پەیامنێرى پێشوو دەڵێت، رەنگە لەو ماوەیەدا ئەوەندەم بیستبێت كە نابێت پەیامنێر هەمان هەواڵ بە دەق بدات بە دوو دەزگاى راگەیاندن.

5. بە پێچەاونەى ئەو چیرۆكەى تیایدا پەیامنێرى پێشوو باس لە هۆكارى وازهێنانى دەكات, لەسەر راسپاردەى ژوورى هەواڵ سیفەتى كاركردنى ئەو رۆژنامەنووسە لە پەیامنێرەوە گۆڕا بۆ نێردراو. ئەوەش بەهۆى پابەند نەبوونى بەو مەرجانەى خۆى باسى لێدەكات، كە دەكرێت ژوورى هەواڵ لە وردەكارییەكانى ئاگادارى بكەنەوە ئەگەر خۆى نایزانێت. ئێمە پەیامنێرى خۆمان لە شارى هەولێر بەهۆى سەبقێكى رۆژنامەوانى لەسەر خۆپیشاندانى خوێندكارانى هەولێر پاداشت كرد، لە كاتێكدا پەیامنێرەكەمان بەهۆى كارەكەیەوە دەستگیر كرا. ئەمەش بە پێچەوانەى "تۆڵەكردنەوەى سیاسى"یە، كە پەیامنێرى پێشوو باسى لێدەكات.

6. بیسەرانى (رادیۆ نەوا) و هاووڵاتیانى كوردستان و رۆژنامەنووسان باش دەزانن، كە لە ماوەى (3) مانگى رابردوودا رووبەرى گەشتى هەواڵ و پرۆگرامە تەفاعولى و سیاسیەكانى نەوا، بە چەندین كاتژمێر لە رۆژێكدا زیادى كردووە.
دەیەها كاتژمێر پەخشى راستەوخۆ لەسەر رووداوەكانى كوردستان و ناوچەكە ئەنجامداران. پەیامنێرە پیشەیى و ئازا و سەربەخۆكانمان لە سلێمانى و هەولێر دووچارى گرفت و گرتن و لێدان هاتوون. خەڵك دڵنیایە و حەزدەكەم ئەو پەیامنێرەى پێشوش دڵنیا بێت، كە (رادیۆ نەوا) رووى لە ترفیه و كات بەسەربدرن نییە. بەڵكو بە پێچەوانەى بۆچوونەكەیەوە نەوا وەك یەكەم رادیۆ لە كوردستان رووى لە سەركەوتنى خەبەری زیاترە لە رێى بێ لایەنى و پیشەیى بوونى زیاترەوە.
هۆگران و بیسەرانى (رادیۆ نەوا) دڵنیا دەكەمەوە تەواوى ستافى نەوا، كە ئەو پەیامنێرەى پێشوو بە "بێ ویژدان و نەخوێندەوار" وەسفیان دەكات! بە نیوەى مووچەكانیان و بە ویژدانەوە پابەندى بێ لایەنى و بابەتى بوونن, هەروەها خوێندەوارانە و بە ووردى هەواڵ و گۆرانكارییەكان دەگەیەننە جەماوەر و هەر بەو شێوازەش بەردەوام دەبن.

7. حكومەتى هەرێمى كوردستان بۆ ماوەى (3 ساڵ و 4 مانگ)، نەك (6) ساڵ وەك لە نووسینى ئەو پەیامنێرەى پێشوودا هاتووە هاوكارى (رادیۆى نەوا)ى كردووە. ئەم هاوكارییە بەپێى رێنماییەكانى وەزارەتى دارایى خەرج كراوە و تەواوى لیست و پسولەو دۆكیۆمێنتە ژمێریارییەكان لە بەڕێوەبەرایەتیە پەیوەندیدارەكانى وەزارەتى ناوبراو ماون. روونە سەرچاوەكەى وەزارەتى داراییش، كە ئەو پەیامنێرەى پێشوو پشتى پێ بەستووە بوێرە لە تۆمەت و بوختان دروستكردن.

8. ئەوەى مایەى پرسیارە، ئەم هەڵوێستە مەبدەئیەى ئەم پەیامنێرەى پێشوو بۆچى لە دواى دەرچوونى لە (رادیۆ نەوا) گەڵاڵە دەبێت؟ بۆ لە تەواوى ماوەى كاركردنیدا قبوڵى بووە "درۆ"ى لەگەڵدا بكرێت و "بازرگان"ى پێوە بكرێت و بەردەوام "زەرەر و زیانێكى زۆرى ماددى و مەعنەوى" پێبگات و هەواڵەكەى "رەش" بكرێتەوە؟ چۆن توانیویەتى بە "بێ ویژدانانە و نەخوێندەوارانە" بۆ ماوەى (6) ساڵ مامەڵە لەگەڵ هەواڵ و راپۆرتەكانیدا بكرێت و ئەویش قبوڵى بكات!؟

لە كۆتاییدا دڵنیام، كە خوێنەر و گوێگرى ئێمە راست لە چەپ و رەش لە سپى جیا دەكاتەوە, دەلالەتەكانى فڕێدانى بەردیش بۆ ئەو كانییەى تینویەتى دەشكێنێ روون و ئاشكران.
پێویستە لەسەر ئەو پەیامنێرەى پێشوو (هێمن مامەند)، ئەوەى لە ناوەڕۆكى نووسراوەكەیدا بڵاوى كردۆتەوە سەبارەت بە كڕین و فرۆشتنى (رادیۆ نەوا) و بازرگانى كردن و قۆڵبڕین لە دادگا بە بەڵگە بسەلمێنێت.

هەندرێن شێخ عوسمان
بەڕێوەبەرى گشتى رادیۆ نەوا

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە