کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئەگەر ناترسن 27هەزار حیمایەتان بۆ چیە؟

Saturday, 06/10/2012, 12:00


كادرێكی پلەداری یەكێتی لە مەكتەب رێكخستنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان پێیگوتم كە تەنها ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی یەكێتی 27هەزار حیمایەیان هەیە.
ئەم ژمارە تۆقێنەرە هەموومان دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتیەك كە ئەگەر وابڕوا هیچمان ناوێرین بەكوچە و كۆڵانەكانی ئەم هەرێمەدا بڕۆین نەوەك لەناكاو پێمان لەبەردێ بترازێ و شانمان بەر شانی یەكێ لەو بەرپرسانە بكەوێ ئیتر لەلایەن ئەو چەكدارانەوە مەرگمان بۆ خۆمان مسۆگەر كردوە بەر لەوەی دادگا و یاسا بێتە ناو كێشەكەوە.
لەچ وڵاتێكی ئەم گۆی زەمینە بووە، ناو لەخۆت بنێی حزبێكی سۆسیال دیموكرات ، كەچی سەركردایەتیەكەی 25كەس بێ كەچی 27هەزار چەكداری بەدواوە بێ.
پرسیاری من ئەوەیە ئەم 27هەزار چەكدارەیان بۆ چییە لەكاتێكدا هەر مالكی تۆزێ خۆی راوەشاند ئەمان ماكینە ئیعلامیەكەی بۆ دەخەنە كار كە ئەوەتا عەرەبی شۆڤێنی هەرەشە دەكا، هەموو مەبەستەكەشیان لەوەیە كە هەستی نەتەوەی ئەو خەڵكە بوروژێن و شەڕێكی خوێناوی تر و ماڵوێرانكەر وەك ئەوانەی پێشوو بۆ گەنجی ئەم وڵاتە داخەن ، ئەگینا وەنەبێ شەڕ بەو 27 هەزار حیمایەی خۆیان بكەن ، بەڵكە ئەو 27هەزارە بۆ رۆژێكی وەك رۆژانی 17ی شوبات و رۆژانی دواییە كە نەك حیمایەی خۆیان بەڵكە حیمایەی ژن و منداڵ و خانوەكانیانی پێ بكەن ، ئەگینا خۆیان هەر زوو فرۆكەخانەی سلێمانیان بۆ خۆیان دابینكردوە.
لەوەش ناخۆشتر ئەو پروپاگەندە بێ مانایەیە كە لەدنیایان گەیاندووە گوایە كوردستان وڵاتی ئەمان و ئەمین و دیموكراسیە ، وڵات كاتێ ئەمین و ئەمان دەبێ هەر سەر سوچی كۆڵانێ چەكدارەكی لێ نەبێ ، ئەوەشم بەبیر هاتەوە باشە ئەگەر یەكێتی سەركردایەتیەكەی 27 هەزار حیمایەی هەبێ دەبێ پارتی ببێ بە 3 ئەوەندە چونكە ئەو هەمیشە وا خۆی نیشاندەدا كە 3 ئەوەندەی یەكێتی دەسەڵاتی هەیە.
ئای لەم وڵاتە ئەمین ئامەنەی كە رۆژئاوا و رۆژهەڵات و دنیایان پێ لەخشتە بردووە، ئەم هەرێمە ئامین و ئەمانە جگە لەو 100هەزار حیمایەی بەیەكێتی و پارتی هەیانە، 45%ی‌ مووچە خۆرەكەی هێزی چەكدارن، خۆ ئەگەر ئەوەندەی هێزی چەكداری هەیە ئەوەندە پزیشك و ئەندازیار و مامۆستای هەبوایە ، ئێستا گرەومان لەئینگلیز و ئەلمان بردبۆوە، لەم هەرێمە ئەمین و ئەمانەی كە بەرپرسەكانی كورد هەموو رۆژێ دەیدەنەوە بەچاوماندا 15 جۆر چەكدار هەیە كە بەپێی ئامارێكی نارەسمی حكومەت دووسەد و 25 هەزار چەكدارمان هەیە لەپۆلیس محەلی و‌ دارستان و كارەبا و ئاساییش و زێرەڤانی و پێشمەرگە ‌و دەزگای پاراستن ‌و زانیاریی و پۆلیسی بەرگری و فریاكەوتن و دژە تیرۆر و هێزی ئامادە و چەندەها هێزی سەیر و سەمەرە ، لەكاتێكا تەنها بۆ ئەنجومەنی‌ ئاسایشی‌ هەرێم 318ملیار دیناری بۆ دادەنرێ ، كەچی قوتابخانە هەیە لەم هەرێمە ئەمین و ئەمانە 3 دەوامی تێدا دەكرێ بەهۆی نەبوونی بینا.
ئای لەم هەرێمە ئامین و ئەمانە كە بەرپرسەكانی هەست بە هیچ ئەمین و ئەمانێ ناكەن و تەنیا بەشە یەكێتی كەی 27هەزار كەسیان لەدەوری خۆیان داناوە تا ژیانی خۆیانی پێ بپارێزن ، ئای لەم هەرێمە ئەمین و ئەمانە حكومەتەكەی 235هەزار چەكداری هەیە كەچی تا دەرچویەكی زانكۆ دادەمەزرێ توشی سەدان نەخۆشی دەرونی دەكا.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە