کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


كێ بەرپرسیارە بەڕێوبەرى گشتى تەندروستى ڕاپەڕین ؟.

Friday, 03/08/2012, 12:00




بێ سەروبەرى و گەندەڵى و كارە نایاسایەكانى بەڕێوبەرایەتى گشتى تەندروستى ڕانیە بۆتە باسێكى گەرم و گوڕى سایتەكان و پەیجەكانى فەیسبووك و ڕۆژنامەكانى ناوخۆى كوردستان وەزیرى تەندروستیش هاتە سەرخەت و پێنج شەمەى ڕابردوو لەپڕ هات و كۆمەڵێك سەرپێچى و ئیهمالى بەچاوەكانى خۆى بینى ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت دوور نیە كارەساتى گەورە بەدواى خۆیدا بهێنێت ئێستا هەموو لایەك لەهەوڵى لادانى ئەو بەڕێوبەرە گشتیە دان بەڵام لەبەر ئەوەى لێپسراوى مەڵبەند پشتیوان و پشتگیریەتى ناتوانن لاى بدەن .
وەك كارمەندێكى سنورى بەڕێوبەرایەتى تەندروستى ڕانیە وەك چاودێرێكى دۆخەكە دوایى پرس و ڕاوێژو تێبینى چەند كارمەندێكى هاوڕێم بەپێویستمزانى چەند خاڵێك و چەند ڕاستیەك بۆ هەموو لایەك بخەمەڕوو بەتایبەتیش بۆ بەڕێوبەرى گشتى تەندروستى ڕانیە كەبەخۆیدا بچێتەوەو كۆمەڵێك گۆڕانكارى بكات یان وەك زانیارى و پێشنیار بۆ ئەو بەڕێزانەى كەدوایى ئەو دێن سوودى لێ ببینن .
1 _ یەكەم كارو هەڵەى گەورەى بەڕێوبەرى گشتى ئەوە بوو هەر لەیەكەم ڕۆژى دەست بەكاربوونیەوە كەوتە لادان و تەسفیەكردنى ستافى بەڕێوبەرى پێشوو ، دەكرا لاپەڕەیەكى سپى نوێیى هەڵدابایەوە لەگەڵیان ، خوا دەكا ئەو ڕۆژە دێت ئەو بەرپرسانە بدرێن بەدادگا ڕاپۆرتەكانى چاودێرى دارایى بەسە بۆ دادگایى كردنى ئەوانەى ستافى پێشووى بەڕێوبەرایەتی ، كەمەقاش هەبوو پێویست ناكات بەدەست خەڵووز كۆ بكەیتەوە .
2 _ دەكرا هەر لەناو ئەو ستافەى بەڕێوبەرى پێشوو خەڵكێك بهێڵێتەوە پرس و ڕاوێژیان پێ بكاو لەگەڵ خەڵكى تر لەلیژنەیان دابنێ ، ئى واهەیە لەدروستكردنى ئەو بەڕێوبەرایەتیەدا دەوری هەبووە ناكرێ ئەمڕۆ پێیى بڵێیى فەرموو خوا حافیزت بێ ، من دەپرسم لەبەڕێوبەرى گشتى ئایا لێپسراوى پلاناندان هەر ئەوەى پێشوو بوایە باشتر نەبوو ؟ تۆ دەزانى زۆربەى زۆرى كێشەكان لێپسراوى پلاناندانى ئێستایە بۆ تۆى دروست دەكات ؟ باشترین بەڵگەو دەلیلیش ئەو ڕۆژانەى تۆ لەبەڕێوبەرایەتى نى لێپسراوى ئەندازە لەشوێنەكەتە بزانە چ كێشەو فەوزایەك بۆ لێپسراوى ئەندازە دروست دەكا ؟ خەڵك هاندەدا بچن سكاڵا بنووسن لەسەر شتى بازاڕى و منداڵى بۆ ئەوەى لێپسراوى ئەندازە بخەنە گرفت و كێشەوە ؟ بەبڕواى زۆربەى زۆرى دكتۆر و كارمەندان لێپسراوى ئەندازە یەكێكە لەهەرە لێپسراوە پاك و چالاكەكانى ئێستاى بەڕێوبەرایەتى .
3 _ دانانى كەسێك بەلێپسراوى یاسایى كە سەدا هەشتاى دكتۆر و كارمەند و فەرمانبەران لێیى ناڕازین ، چونكە خۆى تابینە قاقاى غەرقە لەكارى نایاسایى بۆیە دەبینین تێكڕایى كارمەندان هیچ متمانەیان پێیى نیە ؟ لەجەنابت دەپرسم چەند یاسایى لەو دڵسۆزتر و شارەزاتر و خاوەن كەسایەتى بەرزى ئەخلاقى و ئیدارى لەو بەشە هەن بۆ یەكێك لەئەوانت دانەدەنا ؟ .
4 _ ئەو هەموو ئیجرائاتە توندەى كردت ؟ ئەو هەموو خەڵكەیان لەهیچ و خۆڕایى بەتۆ لادا ، بزانم ئەى تۆ دەتوانى لێپسراوى بەشى یاسایى یان پیلاندانان لابدەى و بیان گۆڕى بەدوو كەسى تر ؟ بزانە چیت پێ دەكەن ؟ ئەى ئەو خەڵكەى لەسەر قسە ئەوان لادران پێیان ناخۆش نەبوو ؟ بۆ خەڵك هەموو شتێك حەرامە ؟ بەس بۆ خۆیان هەموو شتێك و گەندەڵى و كۆنە ڕقى شەخسى و حزبیش حەڵاڵە ، بۆیە دەبینین ئەمڕۆ ئەو خەڵكەى لەهیچ و خۆڕایى لادراوە لێت قبوڵ ناكات لەڕاست و چەپ بەدواى هەڵەكانى ئێوەوەن تۆش وات لێهاتووە كورد وتەنى لەو نێوانەدا دۆست و دوژمنى خۆت لێك جیاناكەیتەوە .
5 _ تۆ گۆرانكارى دەكەى حەقى شەرعى خۆتە بەڵام گۆڕانكارى بكەى خراپ بگۆڕى بەباش ، نەوەك خراپ بگۆڕى بەكەسێك جارێ هیچ نەكات ئەو خەڵكەى لەسەردەمى وەزیرى تەندروستى ئیدارەى سلێمانى دكتۆر محەمەد خۆشناو غەدریان لێ كردووە بێت تۆڵەیان لێ بكاتەوە ، واتا لێرەدا وەزیفە گشتیە پیرۆزەكەى تەندروستى كراوەتە تەنەكەى خۆڵەوە بەڕێوبەرایەتیەكەت بۆتە ناوەندى تۆڵەكردنەوەى شەخسى و حزبى و بنەماڵەیى من تەنها لێرەدا ئەوەندە بەوانە دەڵێم كەئێستا دێن تۆڵەى سەردەمى دكتۆر محەمەد خۆشناو لەخزمەكانى و دارو دەستەكەى دەكەنەوە ، دەڵێم ئەى بۆ سەردەمى دكتۆر محەمەد خۆشناو نەتان دەوێرا لەماڵەكانى خۆشتانەوە ناوى بهێنن ؟ ئەو كاتەى دكتۆر محەمەد خۆشناو نەقڵى كردن لەو دیوەخان بۆ ئەو دیوەخان دەگەڕان و دەستى خەڵكتان ماچ دەكرد شەكواتان بۆبكات لاى تا نەتان بدا بەداگا ؟ یان ئەوكاتەى شوقەكانى چوارقوڕنەى هەمووى دا بەپیاوەكانى و حزمەكانى ئەى ئێوە لەكوێ بوون ؟ چەند بەیاننامەى ناڕەزایتان دەربڕى ؟ چەند خۆپیشاندانتان لەچوارقوڕنە ئەنجامدا ؟ تادەمرن دەبێ نانێك بخۆن دەیان بۆ كوردستانپۆست بكەنە خێر ئەو بەڵایە گەورەى لەكوڵ ئێوە كردەوە ئەگینا دەبوو ئێستاش لەماڵەوە قول هو اللە احد بخوینن فشەفشى ئێستاتان هیچ نیە وەك سەیارەیەك وایە كەهەر چوار تایەیى پەنچەرە و مەكینەى لەكاركەوتووە و پاترى بەچەتاڵ ئیش دەكات . بەداخەوە هەموو ئەوانە لەپەناى بەڕێوبەرى گشتى دەكەن و شەرمەزارى و پیاوخراپیەكە بۆ ئەو دەمێنێتەوە .
5 _ دانانى كەسێك بەلێپسراوى سوتەمەنى و پسوڵە كەزۆربەى زۆرى نەخۆشخانە و مەڵبەند و بنكە تەندروستیەكان كێشەیان لەگەڵ ئەو بەڕێزەیە ؟ مامۆستاى ئایینیە سەر سەرو سەرچاوم منیش و هەموومان ڕێزو حورمەتمان هەیە بۆ ڕیشەكەى بۆ جلەكانى بۆ كڵاومێزەرەكەى ، بەڵام ئیدارە شتێكە و شەرع و ئیسلامیش شتێكى تر ؟ یانى كەسى تر نەبوو لەو شوێنەى دابنێن ؟ .
6 _ بەڕێوبەرى گشتى چەند ڕۆژ هاتى وەزیر ئاسا بگەڕێیى بەناو نەخۆشخانە و مەڵبەند و بنكە تەندروستیەكان ؟ چەند ڕۆژ هاتى بڵێیى فڵان نەخۆشخانە ئەمڕۆ سەعات 1 دواى دەوام كۆبوونەوەتان هەیە مەڕۆنەوە خۆت لەنزیكەوە لەكێشەو گرفتى كارمەندەكانیان بكۆڵیەوە نەوەك لەسەر قسەى كارمەندێكى نەخۆشخانەى شۆڕشى چوارقوڕنە خەڵك لەڕانیە لەهیچ و خۆڕایى سسزا بدەى ؟ .
7 _ كێشەى هەر گەورە كەبۆ تۆى دروست دەكەن ئیدارەى ناو بەڕێوبەرایەتى و ئیدارەى نەخۆشخانەكان ؟ چەندیان كارمەندى ئیدارین ؟ چەندیانت بەپرس و ڕاوێژ دانا ؟ هەر كارمەندێك دەدوێنى باسى دانانى لێپسراوى كارگێڕى نەخۆشخانەى ڕانیە دەكات ؟ ئەوەى دانراوە لەسەر چ ئەساسێك دانراوە ؟ بۆ پرسى لێپسراو بەشەكانت نەدەكرد تائەوانیش لاى خۆیانەوە پرس و ڕاوێژ بەكارمەندى بەشەكانى خۆیانەوە بكەن ؟ ئەوەت بكردایە خراپ دەبوو ؟ بۆ بانگى كارمەندە چالاكەكانى ئۆپۆزسیۆنت نەدەكرد ؟ چى تێدابوو ئەگەر ڕەئى ئەوانیشت وەربگرتایە ؟ بۆ هەر دەبێت حزبى بێت ؟ بۆ هەر دەبێت لەسەندیكاى دەسەڵات بێت ؟ بۆ تۆ ئەو ڕێچكەیەت نەدەشكاند لەسەر ئەساسى دڵسۆزى و شارەزایى كارمەندت دانەدەنا نەوەك لەسەر ئەساسى تەكەتولات و دزى پۆشى و نەخۆشخانە بەتەواو نەكراوى لەكۆمپانیا وەربگرێتەوە ؟ كێ ڕێگر بوو تۆ ئەوانەت بكردایە ؟ .
كەسێكت كردووە بەلێپسراوى كارگێرى سەنتەرى گورچیلە چاكسازى مۆلیدەیە ؟ كارمەندێكى كچى ئیداریتان ناردووە بۆ ئەو سەنتەرە یەكسەر نەقڵى كردووە بۆ سەر میلاكى ئەشیعەو نەخۆشخانەى ڕانیە نەوەك بێتە شوێنەكەى ؟ ئەو ئافرەتەى تریشیان بەتۆ نەقڵكرد لەو سەنتەرە بۆ بەڕێوبەرایەتى هەر لەبەر ئەوەبوو نەوەك دوایى لادانى بەڕێوبەرى كارگێڕى پێشووى ئەو سەنتەرە ئەو ئافرەتە بكالۆریۆسى هەبوو بخرێتە شوێنى ؟ .
باسى بەڕێوبەرى كارگێرى ولادەى ڕانیەش هەر ناكەم چونكە هەموو دكتۆر و كارمەندانى تەندروستى ڕانیە دەزانن ئەو بەڕێزە ڕابردووى چۆنە ؟ كارەساتە ڕێگە بدەى ئەو بەڕێزە هەر دەوام لەكەرتى تەندروستیدا بكات نەوەك خوانەخواستە بێیى پۆستى ئیدارى پێ بدەى .
لەكۆتایدا هیوادارم سوود لەو سەرنجانە وەربگرى ، بۆیەش خەڵك و كارمەندى دڵسۆز نایەن بۆ لات بۆ بەڕێوبەرایەتى چونكە ڕێگە نادەن كەس بێت بۆلات هەروەها ئەوەى هاتووشە پەشیمانە چونكە یەكسەر تەحلیلى خراپ بۆ قسەكانى كراوەو نیشانەى پرسیارتان لەسەر داناوە ، بۆیە من وا هەست دەكەم ئەوەى بۆتە مایەیى ئەوەى بەڕێوبەرو ئیدارەیەكى خراپ بیت یەكەم كەس خودى خۆتى كەڕێگە نادەى غەیرى چەند كەسێك نەبێت كەسى تر بگاتە حزورت پێشنیارى باشت بۆ بكات .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە