به‌ ڕاشكاوی... هه‌ڵوێست و پێوه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی ئۆپۆزسیۆن له‌ به‌غدا...

Monday, 22/03/2010, 12:00


پێكهاته‌ی به‌ش به‌شێنه‌، حوكمه‌تی یه‌كبونی نیشتمانی ، بنه‌مای ته‌وافق ... ئه‌مه‌ سێ كۆڵه‌كه‌ی خولی پێشوی په‌رله‌مانی عێراق و حوكمه‌تی فیدراڵ بوو... له‌لایه‌ك.
له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ پێكهاته‌ی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی (كورد،شیعه‌، سونه‌+ڤیتۆ) كۆماری عێراق بوو، بڕیاردرا كه‌ ته‌نها (به‌ڵێ ته‌نها) بۆ ئه‌م خوله‌ شێوازی به‌ڕێوه‌بردنی وڵات به‌م ئاقاره‌دا بڕوات.
سیاسیه‌ك ده‌ڵێت(عێراق له‌ كۆماری ترسه‌وه‌ به‌ره‌و كۆماری دزیی و گه‌نده‌ڵی) ... ده‌سته‌واژه‌یه‌ك كت ومت ئامانجی پێكاوه‌... كاردانه‌وه‌ی پلاتفۆرمی سه‌ره‌وه‌ عێراقێكی لاواز، په‌رتكراو، كه‌لاكێك له‌به‌رده‌م كۆمه‌ڵگه‌ی نێو ده‌وڵه‌تی، وڵاتانی ئیقلیمی ، وێڕای ونجر ونجڕكردنی له‌لایه‌ن هێزه‌ سیاسیه‌كانی سه‌ر گۆڕه‌پانی عێراق خۆی به‌ پێی دوائاماری په‌یمانگا نێو ده‌وڵه‌تیه‌كان و دۆكۆمێنته‌كان ده‌ڵێن عێراق وێرای خراپ به‌كارهێنانی ده‌سه‌ڵات و ته‌شه‌نه‌ی ڤایرۆسی گه‌نده‌ڵی ، فه‌رامۆشكردنی ماف و ئازادییه‌كان چی دی هاوكێشه‌یه‌كی ئاڵۆز گیرساوه‌ته‌وه‌!!...
به‌ ڕاشكاوی ... دوای ٧/٣ نه‌خشه‌ی سیاسی عێراق وا ده‌بینرێت:
حوكمه‌تی زۆرینه‌ ڕابه‌رایه‌تی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌تی عێراق ده‌كات، واته‌: ئه‌و لیسته‌ی زۆرینه‌ی كورسی وه‌ده‌ست ده‌هێنێت، ڕاده‌سپێردرێت بۆ پێكهێنانی حوكمه‌تی ئاینده‌ی عێراق ، كرانه‌وه‌ و(مشاركه‌) نه‌ك(شه‌ریك) ی لیسته‌كانی تر له‌ پێكهاته‌ی حوكمه‌تی نوێدا.
سه‌رانی كورد ، ئه‌و ڕاستیه‌ باش ده‌زانن ، ده‌رئه‌نجامی نه‌بونی به‌رنامه‌و خیتابی سیاسی كورد ئاینده‌ی كورد له‌ (شه‌ریك)ه‌وه‌ ده‌بێته‌(موشارك) كار له‌كار ترازاوه‌... شه‌ڕی هه‌ریسه‌كه‌ی پۆستی سه‌رۆكایه‌تی كۆمارو سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان له‌م خوله‌ نوێیه‌ی هه‌ڵبژاردنی ٧/٣دوودیوی یه‌ك دراوی قه‌ڵبن بۆ كورد ، كورد به‌ مه‌نتقی هێز چوه‌ به‌غدا بۆ گه‌لی كورد ، مه‌خابن شكانه‌وه‌ به‌ هێزی مه‌نتیق بۆ سونه‌و شیعه‌ خۆیان به‌ ده‌سته‌وه‌ دا. ئاسه‌واری شه‌ڕی ناوخۆو كورسی و ده‌سه‌ڵات و پاره‌ ، به‌رچاوی سه‌رانی كوردی خامۆش و ئاوی سپی تێزا.
كاتێك سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم كاندیدی سه‌رۆكی كۆمار دیاری ده‌كات(هه‌ركه‌سێك بێت ئه‌و كاندیده‌، چونكه‌ مه‌به‌سته‌كه‌ به‌ هێندی ئه‌وه‌ی مه‌به‌ست له‌ هێزو لاوازی پۆسته‌كه‌یه‌ بۆكورد، مه‌به‌ست له‌ كه‌سی كاندید كراونیه‌) ئه‌وه‌ سه‌رپێچی خواست و ئیراده‌ی گه‌لی كوردستان و یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمه‌.
به‌ بارێكی تردا ده‌وترێت مه‌رجه‌ع په‌رله‌مانی كوردستانه‌ بۆ دیاریكردنی ئه‌و كه‌سه‌ بۆكاندیدكردن و نوێنه‌رایه‌تی گه‌لی كورد له‌ به‌غدا، ئه‌مه‌شیان ته‌واو ده‌قاو ده‌ق پێچه‌وانه‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌ڕله‌مانی كوردستانه‌...
خۆ گه‌ر ده‌ڵێن به‌ پێی ده‌ستوری پێشنیازكراوی كوردستان ئه‌وه‌ش بۆ خۆی باسێكی تره‌ یه‌ك ماده‌و بڕگه‌ی له‌و بابه‌ته‌ی تێدانیه‌، دوو ده‌ستور هێشتا نه‌خراوه‌ته‌ ڕاپرسیه‌وه‌ و به‌ هه‌ڵپه‌سێراوی ماوه‌ته‌وه‌.
به‌ ڕاشكاوی .. هه‌رچه‌نده‌ واقیعه‌كه‌ تاڵه‌ ، وه‌لێ ته‌نها ده‌ستوری هه‌میشه‌یی كۆماری عێراق ساڵی ٢٠٠٥ ، ماده‌ی ٦٨مه‌رجه‌كانی هه‌ر كه‌سێك خۆی كاندید ده‌كات بۆ سه‌رۆكایه‌تی كۆمار برێتیه‌:
یه‌كه‌م/ له‌ عێراق له‌ دایك بوو بێت، دایك و باوكی عێراقی بێت.
دووه‌م/ ئه‌هلیه‌تی ته‌واو بێت ، ته‌مه‌نی له‌ چل ساڵ كه‌متر نه‌بێت.
سێهه‌م/ سومعه‌ی باش بێت، خبره‌ی سیاسی هه‌بێت، ناوزه‌د بكرێ به‌ پاكی و ڕاست و ڕه‌وان و دادپه‌روه‌رو دڵسۆزی بۆ نیشتمان.
چواره‌م/ مه‌حكوم نه‌بێت به‌ تاوانی (مخلە بالشرف).
ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكی كۆمار له‌ ده‌ستوری هه‌میشه‌یی ، ماده‌ی (٧٣)له‌ (ده‌)بڕگه‌دا داڕێژراوه‌... ته‌واوی ده‌سه‌ڵاته‌كانی (ته‌شریفیه‌)...
كه‌واته‌: هه‌ر كه‌سێك له‌م عێراقه‌دا به‌ پێی ئه‌و ماده‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌ ده‌‌ِكرێ خۆی كاندید بكا بۆ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار...

سه‌باره‌ت به‌ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی عێراق په‌سه‌ندكردنی له‌ بری پۆستی سه‌رۆك كۆمار، ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی عێراق ، ماده‌ی (٣٤)، له‌ (نۆ) بڕگه‌ پێك هاتووه‌،دیاریكراوه‌ شایانی باسه‌ هیچ یه‌ك له‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ كارێكی كاریگه‌رو به‌رچاوی نیه‌ ، ته‌نها بڕگه‌ی یه‌كه‌م باس له‌ جێبه‌جێكردنی ده‌ستور ده‌كات...
ئه‌م بۆچونانه‌(گریمانه‌)ی سه‌ركردایه‌تی كورده‌ به‌تایبه‌تی هاوپه‌یمانی كوردستان ،وه‌لێ ئۆپۆزسیۆن به‌ گشتی ده‌شێ پێوه‌رو تێڕوانینی له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع سه‌د له‌سه‌د له‌م ته‌وه‌رانه‌وه‌ بڕوانێته‌ پێگه‌ی كورد له‌ به‌غدا:
-ئۆپۆزسیۆن هه‌روه‌ك چۆن هه‌ریه‌كه‌یان لیستی تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌بوو له‌ كاتی هه‌ڵبژاردنی ٧/٣ ، به‌ هه‌مان شێوه‌ پێویسته‌ (فراكسیۆنی)تایبه‌ت به‌خۆیان له‌ به‌غدا هه‌بێت، به‌ مه‌رجێك له‌ ده‌ره‌وه‌ی قوبه‌ی په‌رله‌مان پێوه‌ری به‌رژه‌وه‌ندی و ستراتیژیه‌تی نه‌ته‌وه‌ی كورد وه‌ك میساقێكی شه‌ره‌ف به‌ هه‌ند وه‌رگرن وه‌ك مه‌بده‌ئێكی نه‌گۆڕو پێوه‌ری ئه‌م میساقه‌ (ئه‌ێل) وابێت، وه‌لێ له‌سه‌ر كارو بۆچونه‌كانی تر له‌ نێو قوبه‌ی په‌رله‌مان ڕای جیاواز ، هه‌روه‌ك لیستی جیاواز ، فراكسیۆنی جیاواز هه‌بێت..هه‌ر بۆچونێكی تر ماناو متمانه‌ی ئۆپۆزسیۆن له‌ بۆده‌قه‌ی براگه‌وره‌دا ده‌توێته‌وه‌و هیچ جیاوازییه‌ك به‌دی ناكرێ له‌گه‌ڵ پێشوتر ٢٠٠٥. به‌مه‌ش تاودانی ئۆپۆزسیۆن گڵۆڵه‌ی به‌ره‌و خل بونه‌وه‌ ده‌ڕوات و له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ هیواكانی ئۆپۆزسیۆن ده‌مژرێت و به‌تاڵ ده‌كرێته‌وه‌...
-ئۆپۆزسیۆن له‌ كوردستان و له‌ عێراق (مه‌به‌ستم له‌ لیسته‌ كوردییه‌كانه‌) قۆناغێكی گرنگ چاوه‌ڕێی وه‌رچه‌رخان ده‌كات، ویست و ئیراده‌ی گه‌لی كورد پێویسته‌ ڕێزو ته‌قدیر بكرێ له‌لایه‌ن هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانه‌وه‌.چونه‌ نێو ڕه‌شماڵ و چه‌تری ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ ڕووبه‌ڕووی ئه‌ركی مێژویی ده‌بنه‌وه‌، ڕای گشتی شه‌قامی كوردی چاودێرێكی ووردبین و هه‌ست پێكراوه‌ ناكرێ و ناشێ ویست و ئیراده‌ی گه‌لێك له‌ چه‌ند كۆبونه‌وه‌و دیدارێكدا به‌ دروشمی بریقه‌دار په‌رده‌ پۆش بكرێ، عه‌ره‌ب ووته‌نی(عفى الله عما سلف)ی لێ بكرێت!!...
-ئه‌نجومه‌نی حیزبه‌ كوردییه‌كان ئێستا یه‌كسانه‌ به‌ (هاوپه‌یمانی كوردستان) له‌ ژێر هه‌ر دیدو فشارێكی ئه‌مانه‌دا سه‌پاندنی هه‌ر گریمانه‌و ئه‌گه‌رێك گۆڵێكی ڕوون و ئاشكرا له‌ ئۆپۆزسیۆن ده‌كرێت...
له‌ دیداری سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمدا لیسته‌ به‌شداربوه‌كان به‌تایبه‌تی ئۆپۆزسیۆن بۆ ڕه‌وینه‌وه‌ی هه‌ر گریمانه‌یه‌ك ، له‌ ژێر هه‌ر ناونیشانێكدا ، به‌ هه‌ربیانویه‌ك، به‌ هه‌ردیدو بۆچونێك، موساوه‌مه‌كردن له‌ خشته‌بردنی ئۆپۆزسیۆنه‌، گه‌ر ئه‌تانه‌وێ بازنه‌ی ئینتیماو گیانی نیشتمان په‌روه‌ری زیندو بكه‌نه‌وه‌ ، گه‌ر چون بۆ ئه‌و دیداره‌ ئۆپۆزسیۆن با ڕێژه‌ی نه‌گۆڕی خۆی به‌ ئاشكرا دیاری بكات، خۆباشتره‌ گه‌ر نه‌چن ، به‌ ڕاشكاوی ... ئه‌وه‌ پێوه‌رو هه‌ڵوێستی ڕاسته‌قینه‌ی ئۆپۆزسیۆنه‌ له‌ به‌غدا....
*پارێزه‌ر

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە