دۆنگى و یەكێتى
Friday, 03/06/2011, 12:00
دۆنگى زنجیرەیەكى دۆبلاژكراوى كۆرییە و لە تەلەفزیۆنى كوردسات ، هەموو شەوێك ئەڵقەیەكى پێشكەش دەكرێت .. بەڵام شەوى 1/6 بە هۆى یادى 36 ساڵەى دامەزراندنى یەكێتى نیشتمانیەوە ، ئەڵقەكەى دۆنگى پێشكەش نەكرا .. من دڵنیام لەوەى تەنانەت نزیكترین لایەنگرى یەكێتى نیشتمانى بە دواخستنى ئەو ئەڵقەیەى دۆنگى سەخڵەت بووە و بە لایەنى كەمەوە چەند قسەیەكى توێكڵدارى بە یەكێتى و یادى دامەزراندنەكەى داوە ، ئەى ئەبێ كەسێكى ئۆپۆزیسیۆن و بێلایەن چ قەهرێكیان لێباریبێت ، لە كاتێكدا یادێكى لەو جۆرە ، تەڕ و وشك دادەپۆشێت ..
باشە ئەبێ چ سیحرێك وا بكات یادى حیزبێكى نیشتمانى ئەوەندە ڕەزا قورس بێت ، نەتوانێت قەناعەت بە كەسێكى نیشتمانپەروەر بكات ئەڵقەیەكى دۆبلاژكراوى كۆرى تەئجیل بكات ؟؟ 36 ساڵ خەبات (وەكو خۆیان دەڵێن) ئەوەندەى مانگێك زنجیرەى دۆبلاژكراوى كۆرى جێگاى خۆى لە دڵى خەڵكانى كوردستاندا نەكردۆتەوە ..ئەمە بۆچى ؟؟
بە كورت و كرمانجى ، ئەو زنجیرە كۆرییە باس لە كەسانێكى خاوەن باوەڕ و ورە و خۆشەویستى و خۆنەویستى و كار و بەرخۆدان دەكات ، بۆیە جێگایەكى دیارى لە ناخى میللەتەكەماندا كردۆتەوە ، بەڵام بە داخەوە یەكێتى ئەگەر خاوەنى ئەو سیفەتە جوانانەیش بوبێت ، ساڵ بە ساڵ لە دەستى داون ،لە جیاتى ئەو سیفەتانە ، گەندەڵى و دزى و خیانەت و براكوژى و هەرچى سیفەتى ناشیرین هەیە وەریگرت وبوو بەو دەعبا ناشیرینەى كە قەڵاكەى خۆیان (سلێمانى) لێیان وەرگەڕایەوە و .. پشكى شێریان بوون بە ئۆپۆزیسیۆن ..
كەواتە لایەنگیرى خەڵك بۆ زنجیرەى كۆرى دۆنگى و پشت كردنیان لە یەكێتى ، هەوڵێكە بۆ بینینى سیفەتە جوانەكان كە جاران بزوتنەوەى ئازادیخوازى كورد هەڵگریان بوو ، پاشان بۆ هەتاهەتایە لە دەستى دان.. ئەوەیش هۆكارى بنەڕەتیە بۆ ئەوەى زنجیرەیەكى دۆبلاژكراو كە تەمەنى تەنها مانگێكە ، بەسەر حیزبێكى تەمەن سى و شەش ساڵدا زاڵ بێت ..
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست