کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سەرۆكی پارتی یەكێتی دیموكراتیكی سووریا: ئەگەر پێویست بكا هێزی چەكداری گەریلا رەوانەی سوریا دەكەین

Thursday, 21/04/2011, 12:00


قەندیل
پارتی یەكێتی دیموكراتیك (PYD) لەساڵی (2003) لەلایەن سیاسەتمەدارانی كوردستانی ڕۆژئاوا دامەزراوە، تەنیا پارتێكە كە خاوەن هێزی چەكداری گەریلایە و ئەو پارتەش وەك بەشێكی دیكە لەو پارتانەی كە لەلایەن پەكەكەوە بۆ پارچەكانی دیكەی كوردستان دامەزراون و لە رۆژائاوی كوردستان لەبەر بوونی پێگەیەكی بەهێزی جەماوەری و میراتی پەكەكەی خاوەنی هێزێكی زۆرە و ئێستاش هەوڵدەدات كە ڕۆڵێكی بەهێزی هەبێ لەبەڕێوەبردنی ئەو شۆڕشە جەماوەریەی كە لەشارە كوردییەكانی سوریا بەڕێوەدەچێت، بۆ زانیاری زیاتر (دیاری محەمەد) لەسەر هەڵوێستی ئەم پارتە و تێڕوانینی بۆ دواڕۆژی ئەم شۆڕشەی لەدژی ڕژێمی سوری سەریهەڵداوە، چەند پرسیارێكی ئاراستەی سەرۆكی ئەو پارتە (ساڵح موسلیم محەمەد) كە ناسراوە بە (ئەبو وڵات) كرد.


دیاری محەمەد : پارتی یەكێتی دیموكراتیك كەی دامەزراوە؟
ئەبو وڵات: دیارە لەساڵی 1990 وشیاربوونێك هەبوو، ئەوكاتەی بەڕێز ئۆجەلان لەسوریابوو، هەوڵدان هەبوو بۆ دروستكردنی تەڤگەرێك بەهۆی تەئسیری سەرۆك ئاپۆ، دیارە ئەوكات دەرفەت نەڕەخسا تا (2003) ئێمە بۆ رۆژئاوای كوردستان وەكو بەشێك لەكوردستان دەستمان بە خەبات كرد و پارتی یەكێتی دیموكراتیكمان دامەزراند، لەسەرەتای دامەزراندنەوە تائێستا پارتمان چوار كۆنگرەی بەستووە، كۆنگرەی یەكەم كۆنگرەی دامەزراندن، كۆنگرەی دووەم لەساڵی 2005، سێیەم لەساڵی 2007، چوارەم كە ئەمساڵ بوو من وەك سەرۆكی پارت هەڵبژێردرام.
دیاری محەمەد : سەرۆكی (PYD) تێڕوانینی بۆ ئەم بارودۆخەی ئێستا چیە لەسوریا؟
ئەبو وڵات: وەك ئاشكرایە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرهەڵدان هەیە، ئەوەش لەو وشیاربوونەوەی گەلان سەرچاوەی گرتووە، كە بە گشتی ئەمەش دژی ئەوەیە وڵات لەلایەن كەسێكەوە بەڕێوەبچێت، ئەمەش لەباكوری ئەفریقیاوە دەستیپێكرد، ئێمە بەڕێزەوە لەخەباتی گەلان دەڕوانین، ئەمەش پێچەوانەوەی فەلسەفە و بیروبۆچوونی ئێمە نییە، بەڵكو ئەوەیە كە ئێمە دەیخوازین، ئێمەش بەشێكین لەشۆڕشەكە پشتگیری لێدەكەین.
دیاری محەمەد : ئەی چۆن سەیری سیناریۆكانی دەسەڵات دەكەیت لەدوای سەرهەڵدانی شۆڕش لەسوریا؟
ئەبو وڵات: بەپێی خوێندنەوەی ئێمە لەئەنجامی ئەم شۆڕشە جەماوەرییانەی لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بەڕێوەدەچن، دەسەڵاتدارێتی ناوچەكەش ئەم ڕاستیەی بەرچاو كەوتووە، كە دوای سەرهەڵدانی شۆڕشەكە دەكەوێتە پەلە كە گۆڕانكاری دەكەن، دیارە ئێستاش لەسوریا ڕژێم دەیەوێت گۆڕانكاری دروست بكات، بەڵام سوریا تایبەتمەندی خۆی هەیە، چونكە كورد، عەلەوی، عەرەب هەنە، ئەمەش پێویستی بەوە هەیە، بارێكی تایبەتی پێبدرێت، بەڵام بەداخەوە بۆ ئەم كوشتارەی ئێستا لەسوریا لەو شارانەی كە شۆڕشیان تێدا بەڕێوە دەچێت، چونكە ئێمە نامانەوێت كوشتن هەبێت و نامانەوێت خوێنی هیچ كەسێك بڕژێت.
دیاری محەمەد : ئێوە وەك تەنیا پارتێكی كوردی خاوەن هێزی چەكداری گەریلان، چۆن خۆتان بۆ بەشداربوون لەم شۆڕشە ئامادەكردووە؟
ئەبو وڵات: گەلێكی ڕێكخستنكراو دەتوانێت خۆی بپارێزێت، دیارە گەل چەندین ناوەند و ڕێكخراوی جیاجیای هەیە، بۆ خۆ پاراستن لەئەگەری هەر ئاڵۆزیەكدا، ئەمە خەم نییە، چونكە باوەڕمان بەئیرادەی گەل هەیە، بۆ خۆپاراستنی و ئێمەش هێزی چەكداری گەریلا بۆ پاراستنی ماف و سەروەرییەكانی گەلی كورد لە رۆژئاوای كوردستان ئەگەر پێویست بكات لەو قۆناغەدا دەخەینە گەر.
دیاری محەمەد : لەسیناریۆكانی رژێمی سوری بۆ كۆتاییهێنان بەم شۆڕشە جەماوەرییە پێدانی ناسنامەیە بەكورد، ئەم هەوڵە سەركەوتن بەدەست دەهێنێت؟
ئەبو وڵات: نا باوەڕناكەم، چونكە گەلی كورد و گەلانی تری سوریاش زۆر لەوە وشیارترن كە بەپلانی رژێم بخەڵەتێن و تازە ناتوانن گەل بگەڕێننەوە، ماڵەكانی خۆی بەدەستی بەتاڵی دەسەڵاتی سوریا ئێستا بێ چارەیە دەبێت بگۆڕێت یاخود بڕوات، چونكە هیچ ڕێگەچارەیەكی نەماوە.
دیاری محەمەد : بەرەیەكی هاوبەش بۆ پارتە كوردییەكانی رۆژئاوا بەگرنگ نازانیت؟
ئەبو وڵات: دیدار و چاوپێكەوتنمان لەگەڵ هەموو پارتە كوردییەكان هەیە و ئێمە لە30ی ئازاری ئەمساڵ بانگەوازێكمان بڵاوكردەوە لەشێوەی نەخشەی ڕێگا بۆ چارەسەری كێشەی كورد، كە7 خاڵی لەخۆ گرتبوو زۆربەی ئەو پارت و لایەنە سیاسیانەی ئێمە چاومان پێیان كەوتووە نەخشەڕێگای ئێمەیان قبوڵ كردووە، بەگشتی زۆربەی پارتە كوردییەكان ئەم نەخشە ڕێگای ئێمەیان قبوڵ كردووە و بەچاوێكی ئەرێنی سەیری دەكەن و بەباشە وەسفی دەكەن.
دیاری محەمەد : هاوكاری توركیا بۆ سوریا چۆن دەبینی، پێتوایە توركیا خۆی سەلامەت دەردەچێت لەم شۆڕشە؟
ئەبو وڵات: رێككەوتنێكی ئەمنی لەنێوان توركیا و سوریا هەبوو لەدژی كوردان، لەم رێككەوتنەش توركیا زیاتر ئەمری بەسوریا دەكرد، ئێستاش لەئەگەری هەر گۆڕانكارییەك توركیا ترسی هەیە، چونكە كاریگەری دەبێت لەسەر سوریا، زیاتر لەدژی ئێمەش هاوكاریان لەنێواندا هەیە، تاچەند كاریگەری دەبێت لەسەر سوریا نازانرێت، بەس باوەڕناكەم بەوشێوەیەك بێت، بتوانێت رێگری لەسەركەوتنی ئەم شۆڕشە بكات.
دیاری محەمەد : ترسی توركیا لەوەیە كە ئێوە توانیوتانە سود لەو میراتەی پەكەكە وەربگرن لەسوریا؟
ئەبو وڵات: مەسەلەكە ئەوەنییە، شتی دیكە هەیە، لەدوای رێككەوتننامەی ئەدەنە لەنێوان توركیا و سوریا 1998 كە بوو بەهۆی ئەوەی گیراوانی كورد رادەستی توركیا كرانەوە بەگشتی هاوكاری نێوانیان لەدژی كوردە ئێستاش كە بارودۆخەكە لەدەست دەرچووە، توركیا ناتوانێت بەم هاوكارییە رێگە بگرێت لەم شۆڕشە جەماوەرییە.
دیاری محەمەد : ئەی پشتیوانی سەركۆماری عێراق بۆ سەرۆكی سوریا چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟
ئەبو وڵات: سەركۆماری عێراق پەیوەندییەكی تایبەتی لەگەڵ حافز ئەسەد هەبوو، ئێستاش لەگەڵ بەشار ئەسەد بەردەوامن، كاتێك مام جەلال قسە دەكات، جێگای سەرسوڕمانە كە دەڵێت زۆر حەز بە كەسایەتی حافز ئەسەد دەكەم، لەبارەی ئەوەی كە پشتگیری لە سەرۆكی سوریا كردبێت، من شتێكی وەهام نەبیستووە، بەڵام بەباوەڕی من ئەگەر بۆشی ناردبێت، وا باوەڕ دەكەم كە داوای لێكردبێت خۆی بگۆڕێت، چونكە هەم مام جەلال و هەم رژێمی سوریا ئەو ڕاستیە باش دەزانن كە دەبێت خۆیان بگۆڕن.
دیاری محەمەد : هەبوونی دەستی موخابەراتی سوری لەناو پارتە كوردییەكان لەهەولێر و سلێمانی تاچەند بەكاریگەر دەبینین لەسەر ئەم شۆڕشە؟
ئەبو وڵات: راستە لەدوای ئەوەی یەكەمین پارتی كوردی دروست بوو، لەساڵی پەنجاكانەوە تائێستا 13پارتی كوردی دروست بوونە، كە هەندێكیان پەیوەندییان بە موخابەراتی سورییەوە هەیە و لەناویشیاندا دەستی مخابەراتی سوری هەیە بەشێوەی بەهێز، یان مخابەراتی سوری بۆ خۆی دروستی كردوون، یان پەیوەندییەكی بەهێزی هەیە لەگەڵیان.
دیاری محەمەد : بەڵام ئەمە تاچەند كاریگەری نێگەتیڤی دەبێت لەسەر بەڕێوەچوونی ئەم شۆڕشە؟
ئەبو وڵات: بێگومان رۆڵی خراپ دەگێڕن، بەڵام بەشێوەی شاراوە، چونكە گەل زۆر وشیارە، ئەگەر بەئاشكرا ئەم جۆرە هەڵوێستە ببینێت قبوڵ ناكات، لەڕاستیدا زۆر كەس و لایەن هەبوون كە بەمشێوەیە كاریان كرد لەڕابردوودا، كە من نامەوێت ناویان بدەم، بەڵام رۆژگار دەربازبوو، بەڵام گەل خۆی بڕیاردەدات و ئەم جۆرە كەسانە شوێنیان زۆر تەسكە لەناو گەلدا، ئەمەش كە خزمەت بەبەرژەوەندییەكانی دوژمن دەكەن، زۆر كاریگەر نین لەناو شۆرشدا.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە