کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هەناسەیەکی سارد بۆ ئەو ساتەی کە هەولێر دەبێتە تاراوگە بۆ کۆسەرەت ڕەسوڵ!

Wednesday, 01/06/2011, 12:00






ژیانی تاراوگە تەنها کەسانێک دەزانن کە تاڵاوی تاراوگەیان چێشتووە،تاراوگە ئەو شوێنەیە کە مرۆڤەکان بە دووری لە خاکو سۆزو ئاوو هەوای نیشتیمانو،دوورێتی لە ئازیزانی ژیانی تێدا دەکات بە زۆربەی کات لە بوونی بیرکردنەوەو ئاوات بۆ گەڕانەوە بەو ئۆمێدەی بە بێ بوونی جیاوازی ساتەوەختەکانی ژیانی لە ئامێزی نیشتیمان دا بە سەر بەرێت،ئەمە ووتمان بۆ کەسانێک کە هەلومەرج ناچاری کردون ووڵات بە جێ بهێڵنو بە دیار تروساکایی ئۆمێدەوە گەر کرا لە دیدی مەودای دوورێتی جاربە جاریش بە خەیاڵ شەقامو ئەوکۆڵانانە بە سەربکاتەوە کە تیایدا خاوەنی چەندین بیرەوەری تاڵو سوێرو شیرینە.
بە بڕوای من هەر شوێنێک کە مرۆڤ خوازیاری بینینی بێتو بە هەر هۆکارێکەوە بێت نەتوانێت تیادا ڕاگوزەر بکات هەر هەمان دەردی تاراوگە بوون ئازاری دەدات کە کەسێک بە دوری لە نیشتیمان لە تاروگە بووە بە بەشی،مەرج نییە هەر لە ووڵات دەربچیت ئیتر تووشی ئازاری تاراوگە بیت گەرەنتی ئەوەش نییە کە بتوانین نەبینە خاوەنی ئەو ئازارە.
باسەکەی من لە سەر ووڵاتێکە کە ناوی کوردستانە کە سیاسەتو پاوان خوازی وای لێکردووە ببێت بە چەندین ویلایەت، واتە ناوچەی جودا لە یەکتر کە کەسانی قەلەم ڕەو سەودای بە سەرەوە دەکەن بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان،لە کوردستاندا وەک چۆن کوردێک دەتوانێت بە سانایی بڕوات بۆ تاران،یان دیمەشق،یان بەغدادو ووڵاتانی تر،ئاوها نییە کە بتوانن سەفەری دەڤەری هەولێروناوچەکانی بادینان بکەن،یان بە پێچەوانەوە بەرەو سلێمانیو ناوچەکانی تر!ئەم گرفتەی کە دروست بووە لەوەوە نەهاتووە کە دانیشتوانی کوردستان ئارەزوویان کردبێو ئەم قەیرانەی لێ کەوتبێتەوە،بەڵکو ووتمان ئەوە کۆمەڵە کەسانێکن لە ئاستی باڵای دەزگا حیزبییەکاندا نانی چەوریان لەو کەشە ئاڵۆزەدا بە بەش بووە،ئاخر چۆن دەبێت لە ووڵاتێکدا بیت تیایدا زادەو پەروەردەکراو بیت نەتوانیت بە ئارەزوو چۆن بتەوێت گەر خاڵۆ بیت، سەردانی خوشەکە زاکانت بکەی گەر مامۆ بیت دیداری برازاکانت بکەی،گەر دایک بیت چاوت بە منداڵەکانت بکەوێت گەر باوک بیت هەمان هیوا،گەر دایەپیرەو باپیرە بیت بۆ دیتنی کوڕەزاو کچە زاکان پێویست بە هەبوونی گوزەر نامەیک بکات کە لە قوتوی هیچ عەتارو لە دەستووری هیچ ووڵاتێک دا بوونی نەبووەو نیەو باس نەکراوە؟
یان وەک چیرۆکیش لە پەرتووکی هیچ پەرتووک خانەیەکدا بوونی نییە جگە لە پەرتووکخانەی دەسڵاتی بەرژەوەندی خواز نەبێت کە تیایدا دوو هێز شووکر بۆ خوا کە یەکیان بە تەواوی لەویتردا بووە بە هەڵم بۆ هەتایی جگە لە کۆمەڵێک ناوی بریقەدار نەبێت هیچی لە پاش بە جێ نەماوە،ئەوی تر دەسڵاتی باڵای دەسڵاتی پارتێکە کە تەنها دیمۆکراتی پیادە ناکات وەک ئەوەی ناوی پارتی دیمۆکراتی کوردستانە!
با لە دوا دێڕیشدا مافی ناونیشانی نووسینەکەم لە بیر نەکەم هەموو ئەمانەی کە باسم کرد بکرێنە میراوەی تەزبیحێک بۆ سەڵاوات لە سەرگیانی ئەو خەبات گێرانەی کە بە بێ هیچ خیانەتکردنێک لە پێناوی گرتنی مۆڵگەوبارەگایەکی دژ بە نەتەوەکەمان خۆیان فیداکردو ناوی پێشمەرگەی شەهیدیان لێنرا،لە دوایشدا هەناسەیەکی سارد بۆ کۆسرەت ڕەسوڵ کە بە قارەمانترین پێشمەرگەی سەردەمانێک ئەژمار دەکرێتو دۆستو دوژمن گەواهی بۆ دەدەن ئێستاش هەولێری لێ کراوە بە تاراوگەو پارتی بواری چوونە ژوورەوەی ناداتوو لە دوورەوە دەڕوانێتە قەلاومەنارە.
لەوکاتوو ساتانەی کە پارتی دیمۆکراتی کوردستان ڕێگرەکانی هێشتا لە بووندا نەبوونو،ئەندامەکانیان لە تاراوگە سەرگەرمی هەلێک بوون تا لە بێ کاریو هەناسە ساردی ڕزگاریان کات،گەر کرا وەک ئەوەی کە کرا خوا سەر لە سەدامی دیکتاتۆر تێک بداتو ئەوانیش لە دوای دواوەوەی پێشمەرگە چاونەترسەکانی ئەو کاتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە ڕێبەرایەتی کۆسرەت ڕەسوڵو چەندین سەرکردەی داوێن پاکی تر کە ئێستا لە بووندا نەماون لە هەولێرو سلێمانیو گەرمیان بگەڕێنەوە سەر خوانی حازروکوردستان بکەنە گۆڕەپانی جەنگی ناوخۆو،مۆدێلی گەندەڵیو،هەڵچنینی باڵەخانەو تەلاری هەریەکەو بە ناوێکو،کردنی کوردستان بە چەندین زۆنی ترسناک بە دانانی سنووری هاوشێوەی ئەوسنوورانەی کە نەیارانی دژبە سەربەخۆیی نیشتیمان بە درێژایی مێژوو بۆ تێکدانی یەکپارچەیی خاکی نیشتیمان کوردستانیان پێ کرد بە چوار پارچەوە،ئێستاش مۆدێلێکی ترە جیاواز لە مۆدێلی داگیرکەران،کوردستان لە ئاکامی سەرەقۆچەی دوو دەسڵاتدا وای لێهاتووە هەولێر ببێتە تاراوگە بۆکۆسرەتێک کە هەموو گەنجێتی خۆی لە پێناویدا خەڵات کردو ڕێگرەکانیشی بوون بە خاوەنی بڕیار بۆ بە تاراوگەکردنی هەولێر!!
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە