کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


فەرهەنگی هەرەس و فەلسەفەی ئاپۆ؟

Saturday, 28/03/2015, 12:00


لە مێژوی خەبات و تێکۆشانی گەلی کورد و کەسایەتی سیاسی و رابەری سەرهەڵدانەکاندا لە کوردستان، چەندە گیان بەخشی و سەروەری و قوربانیدانی مەزن بونی هەیە ، هاوتەریب لە گەڵ ئەوەدا هێڵکی ڕەش لە هەڵە و هەرەس و شکستی جەرگبڕخۆی نمایش دەکات ،
بۆیە ڕێبەران و نوێنەرانی کورد لە هەرهەنگاوێکدا سەبارەت بە دانوساندن و نزیکبونەوە لە داگیرکەران و هەنگاونان بۆ ئاشتی و چارەسەری سیاسی دەکەونە ژێر پرسارەوگومانەوە ، هاوڵاتی کوردستان بەترسەوە دەرَوانێتە پێواژۆکەو ترسی لە دۆراِندنی دیالۆگی سەرمێز و شکست و هەرەس هەیە،
هەڵبەتە ئەوەش بە پشت بەستن بەو ڕوداوەدڵتەزێن و خەمناکانەی لە ڕابردوودا بەسەرگەلی کوردا تێپەڕیوە، ئاشکرایە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا لە ساڵی 1993 وە دەستی پێکردووە، هەرچەندە بەلاوازی و سستی ڕێیکردووە بەڵام قۆناخ بە قۆناخ هاتووە و تائاستێک هەونگاوی ناوە بۆ گەیشتن بە دوا ویستگەی خۆی،
پێویستە ئاماژەی بۆ بکرێت هەمیشە دەست پێشخەری بۆ ئاشتی وچارەسەری سیاسیانەی کیشەی کورد لە لایەن بزوتنەوەی ئازادیخوازی کوردەوە ئەنجامدراوە نەک دەسەڵاتدارەکانی تورک، لەو مێژووەی کە ئاماژەی پێکرا تا ڕۆژی ئەمڕۆ زیاتر لە نۆ جار دەستی ئاشتی بۆ حکومەتەکانی تورکیا درێژکراوە، بەڵام هیچ کاتێک وەک ئەم جارە پێواژۆکە بەرەو پێشچونی بە خۆیەوە نەبینیوە و نەگەیشتووە بە ئاستی دیدارو گفتوگۆی ئاشکرا،
ئەوەی لە ئێستادا دەبینرێت لە دوو فۆڕمی جیاوازدا خۆی بەرجەستە دەکات، یەکەم هیوا بە پرۆسەی ئاشتی و گەیشتن بە خواست داخوازیە ڕەواکانی گەلی کورد، دووەم ترس و نیگەرانی لە شکست وبە ئەنجام نەگەیشتن و دووبارە بونەوەی مێژوی تاڵ، بێگومان لە هەردوو حاڵەتەکەدا گەل مافی خۆیەتی چ جۆرە تێڕوانینێکی هەبێت،
ئەوەی دەمەوێت سەرنج و ڕای خۆم لە سەری دەربڕم ئەو پرۆسە گرنگەیە کە بەڕێز ئۆجەلان بیست و دوو ساڵە دەستی پێکردووە و لە نەورۆزی 2013 وە ئاراستەیەکی تری گرتووە و لە نەورۆزی 2015ش بەرەو هەڵکشان و گەیشتن بە لوتکە رێی گرتۆتەبەر،
بەر لە هەر شتێک بە پشت بەستن بە خەباتی چل ساڵی ڕابردوو پێویستە هەمو کەس ئەو ڕاستیە باش درک پێبکات کە لە فەلسەفەی ئاپۆدا شتێک نیە بە ناوی شکست و هەرەس و گەڕانەوە بەرەودواوە ،
ئەوەی دەبینیرێت لە تەواوی خەبات و تێکۆشانی ئەو ڕێبەرە و بزوتنەوە سیاسی سەربازی کۆمەڵایەتیەکەیدا ، هەمیشە بەرەو پێش چون و سەرکەوتن و شکست هێنان بە پیلانگێڕ و کردنەوەی دەلاقەی نوێی خەبات و تێکۆشان بونی هەبووە لە تەواوی گۆڕەپانەکانی بەرخۆدان و بەرگریدا مێژوی ئەو ڕاستییە لە بەرچاوە،
ئەوەی بەڕێز ئۆجەلان ئاماژەی پێکردووە لە پەیامەکەیدا هەنگاو نانە بەرو وێستگەیەکی تری خەبات و بەرگریکردن و پارستنی دەسکەوتەکانی گەلی کورد نەک چەک فڕێدان و هەرەس و ئاشبەتالڕ وەک هەندێ کەس و لایەن بە مەبەست بێت یان بێ مەبەست دەیانەوەێت بەو شێوەیە هەڵسەنگاندن و شرۆڤەی بۆ بکەن
ئەگەر مرۆڤ بە ویژدانەوە خوێندنەوەیەکی ورد بۆ پاکیجە دەخاڵیەکەو پەیامەکەی ڕۆژی نەورۆزبکات کە دوو ملوین کەس لە ئامەد لە پێشوازیدا بوون، تێدەگات ئەو پرۆسەیە بەرەو کوێ ئاراستە دەکرێت وبە قازانجی کێ دەشکێتەوە کام دەسکەوت بۆ کورد دەستەبەردەکات،
ئەگەر ئاماژە بەو دەخاڵەی پاکێجەکە بکەین و پەڕەگرافێک لە پەیامەکە بخەنەوە بیری خۆێنەری بەڕێز، بەڕونی دەردەکەوێت کە ئۆجەلان بانگی لە پەکەکە نەکردووە هەروا بەئاسانی دەستبەرداری چەک بێت، جگە لەوەش ناکرێت ئەوە لەبیر خۆمان بەینەوە پەکەکە ئێستا بریتی نیە لە تاکە حزبێکی دیاریکراو لە چوارچێوەیەکی جوگرافیدا قەتیس و گۆشەگیر کرابێت و لە ناوبردنی قوتدانی پارویەکی چەوربێت،
ئەو بزاڤەی لە لە کەسێکەوە نەخشەی بۆ کێشراو بە بیستودوو کەسەوە شانی دایە ژێر بارێک کە دەس بۆ بردن و بردنە پێشەوەی بە مەحاڵ دەزانرا، ئێستاش لە تەواوی کوردستان و هەموو دنیا لە بەرەو پێش چوندایە، خۆ ئەگەر پێواژۆی چارەسەری پێویستی بەوە بێت چەند سەد کەسێک دەستبەرداری خەباتی چەکداریبێت و بگەڕێتەوە باکوری کوردستان بۆ خەباتی سیاسی زۆر ئاساییە،
چونکە ئێستا لە ڕۆژئاوای کوردستان هێزێک هەیە شکستی بە دڕندەترین شەڕخوازی دنیا هێناوە و زیاترلە نۆسەد کیلۆمەتر سنوری لە گەڵ تورکیادا هەیەو خاوەنی دەیان هەزار شەڕڤانە، هەروەها هێزێکی تر بە هەمان ئایدیاو فەلسەفەی ئۆجەلان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە خەباتدایە ئەوە جگەلە سەدان گەنجی باشوری کوردستان لە چوارچێوەی خەباتی چەکداری پەکەکەدا لە بەرخۆدانی بە شکۆدان،
بۆ جارێکی تر ئەوە دەڵێمەوە لە فەلسەفەی ئاپۆدا هەرەس بونی نیە، ئەوەی ناوی ئاشبەتاڵە ئەوە خەونی دوژمنانی کوردستانەوە بەدیهێنانی زۆرمەحاڵە، بۆ بەرچاو ڕونی و بیرهێنانەوەی خوێنەری بەڕێز دەقی پاکێجەکەی ئۆجەلان بەم شێوەیەی خوارەوەیە،
یەک: سیاسەتی دیموکراتی پێناسەو ناوەڕۆکی
دوو: داننان بە ڕەهەندە خۆجێیی و نەتەوایەتیەکانی چارەسەری دیموکراتیک
سێ: گەرنتی کردنی یاسایی و دیموکراتیکی هاوڵاتیبونی ئازاد
چوار: سەردێڕەکانی پەیوەندی سیاسەتی دیموکراتیک لە گەڵ دەوڵەت وکۆمەڵگەو بە دامەزراوەکردنی
پێنج: ڕەهەندە سۆسیۆ ـ ئیکۆنۆمییەکانی پرۆسەی چارەسەری
شەش: پێکهاتەی ئاسایشیی نوێ بۆ ڕێخۆشکردن لە پێش پرۆسەی چارەسەری
حەوت: چارەسەری یاسایی کێشەکانی ژنان ، کەلتورو ئیکۆلۆژی و گەرنتی کردنیان
هەشت: گەرنتیەکانی میکانیزمە یەکسان و دیموکراتیک و پلۆراڵ (فرەڕەنگ)ە کان بۆ پێناسەکردن و داننان بە زاراوەی ناسنامە (شوناس) دا
نۆ: سەرلە نوێ پێناسەکردنەوەی نەتەوە، وڵات و کۆماری دیموکراتیک بە پێی پێوەرە دیموکراتیکەکان
دە: داڕشتنی دەستورێکی بنە ڕەتی نوێ کە هەڵگری هەمو ئەم هەنگاو و گۆڕنکارییە دیموکراتیانەبێت.
ئەو دەخاڵەی سەرەو مەرجی درێژەدانە بەپرۆسەی ئاشتی و دەست بەردان لە خەباتی چەکداری لە باکوری کوردستان، لە پەیامەکەی نەورۆزیشدا جارێکی تر ئەو پاکێجە بە بیر دەخرێتەوە لە بەشێکی پەیامەکەدا بەم شێوەیە هاتووە،
(بەو راگەیانراوەی لە دە خاڵ پێک هاتووە و لە لایەن هەموومانەوە بە فەرمی راگەیەندرا، ئێمە گەیشتووینەتە قۆناغی دەستپێکردنی پرۆسەیەکی نوێ
وەک پابەندییەک بە راگەیانراوە‌کەوە، دوای رێککەوتن لەسەر پرەنسیپەکانی راگەیانراوەکە، دەبێ پەکەکە ئەو شەڕە چەکدارییەی کە نزیکەی چل ساڵە لە دژی کۆماری تورکیا دەیکات، کۆتایی پێ بێنێت و بەپێی گیانی سەردەم لەپێناو دەستنیشانکردنی ستراتیژییەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و دیاریکردنی تەکتیکی تازە، کۆنگرەیەک ساز بکات و بەستنی ئەم کۆنگرەیە هەنگاوێکی مێژوویی یە. هیوادارم لە ئایندەیەکی نزیکدا، بگەینە پێکهاتنێکی پرەنسیپی و لە ئەندامانی پەرلەمان و دەستەی چاودێری، کۆمسیۆنی حەقیقەت و رووبەڕووبونەوە پێک بێت و بگەینە قۆناغی بەستنی کۆنگرە)
واتا بەستنی کۆنگرەو گفتوگۆ کردن سەبارەت بە بێدەنگ کردنی چەک ، پەیوەستە بە جێبەجێکردنی ئەو دەخاڵە، لەو چوارچێوەیەشدا بەگرنگیەوە داوادەکات" بگەنە پێکهاتنێکی پرەنسیپی و کۆمیتەیەک لە ئەندامانی پەرلەمان و دەستەی چاودێری، کۆمسیۆنی حەقیقەت و رووبەڕووبونەوە پێک بێت بۆ ئەوەی بگەنە قۆناغی بەستنی کونگرە "
لەم خوێنەوەیەدا دەردەکەوێت فەرهەنگی هەرەس کە بەشێک بووە لە مێژوی کورد لە فەلسەفەی ئاپۆدا سڕاوەتەوە، ئاشکرایە ئەوەی تورکیای گەیاندووە بەو بارودۆخەی سی و پێنج ساڵ لە شەڕدابێت لە گەڵ گەلی کورد و بزوتنەوە سیاسیەکەی ، نەبونی دیموکراتی و نکوڵی کردن بووە لە کورد و مافەڕەواکانی و پێداگری لە سەر سیاسەتی هەڵەی یەک نەتەوە یەک ئاڵا یەک زمان، ئەوەش نەهامەتی بۆ هەمو گەلانی تورکیا هێناوەبەگشتی نەک بە تەنها بۆ گەلی کورد،
بۆیە جێبەجێکردنی ئەو پاکێجە جگە لەوەی بەشێک لە مافەکانی گەلی کورد و پێکهاتەکانی تردەستەبەردەکات، لە هەمانکاتدا سیستەمی نەوەد ساڵەی نەتەوەپەرستی تورکیا هەڵدەتەکێنێت،
لە هەل و مەرجێکی بەو ڕەنگەدا پێویستە تەواوی گەلی کورد هاوکاربێت بۆ سەرخستنی ئەو پرۆسەگرنگە، بۆ ئەوەش هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەی مانگی شەشی داهاتو کە لە تورکیاو باکوری کوردستان ئەنجام دەدرێت و بۆ یەکەم جارە کورد وەک پارتێکی سیاسی بەشداری دەکات لە تەواوی تورکیادا ، بەهیوای تێپەڕاندنی ڕێژەی لە سەدا دە کە ساڵانێکە بەربەستە لە پێش بەدەست هێنانی مافی نوێنەرایەتی ڕاستی گەلی کورد و پێکهاتەکانی تری ئەو وڵاتە،
پارتی دیموکراتی گەلان وەک پارتێکی چەتر ئاسا کە لەسەر پێشنیاری بەڕێز ئۆجەلان دامەزراوە، نوێنەرایەتی گەلی کورد و سەرجەم پێکهاتە دیموکراتخوازەکانی تورکیا دەکات، بۆیە کۆمەکی هەمو لایەکی پێویستە لە پێناو سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی و بەخشینی سەنگ و قورسایی زیاتر لە تای تەرازوی دانوساندنەکاندا .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە