کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


حەكیمەكان: كۆنگرەى نیشتمانى ...دارى ژاڵەیە بێ به‌ره‌... بێ به‌ر!!!...

Friday, 13/01/2012, 12:00






ئەڵێن حەكیمێك هەر جارە كە ئەچوە سەرنەخۆش ، هەركە نەبزى ئەگرت نەخۆشیەكەى بۆ دەرئەكەوت ، دەرمانى دەرمانى بۆ دەستنیشان ئەكردو چاك ئەبۆوە.
زۆر كەس بڕوایان بەمە نەئەكرد ، دوژمنەكانى ئەم ناوەیان بۆ بڵاوكردەوە و گەیاندیانە لاى پادشا كە ئەمە درۆیە، پادشا وتى ئەبێ تاقى بكەینەوە ئەگەردرۆ بوو لەسەرى ئەدەین.
پیاوى ناردە لاى حەكیم كەكچى پاشا نەخۆشە و ئەبێ بێت بۆ چاوپێكەوتنى ، ئەویش هات و وتى بیهێنن با چاوم پێ بكەوێ و نەبزى بگرم ، وتیان كچى پادشا هەتاو و سێبەرى نەبینیوە ئێستە چۆن ئەبێ تۆ دەستى بگرى و نەبزى بگرى؟!وتى: باشە لە ژورێكى تردا دایبنێن دەزوێك ببەستن بە دەستیەوە ، من لەمدیوەوە سەرى دەزوكە ئەگرم ، بەو جۆرەش ئەتوانم نەخۆشیەكەیم بۆ دەركوێ وتیان باشە.
ئەمجا چون پشیلەیەكى نەخۆشیان هێنا لە ژورێكا دایاننا ، دەزویەكیان بەست بەدەستیەوە ، سەرى دەزوەكەیان هێنایە ژورەكەى تر، پادشاو پیاو ماقوڵان هەمو لەوێ بون، حەكیمەكەش دانیشتبو و ئاگاى لەهیچ نیە، سەرى دەزوەكەیان دا بە دەستیەوە ! حەكیم دەزووى گرت ، تۆزێ واقى وڕما ، دەزووى بەرەڵا كرد و دیسان گرتیەوە، دو سێ جار ئەمەى كرد و هەر زیاتر سەرى سوڕ ئەماو دەنگیشى نەئەكرد.
پاشان لێیان پرسى چیە؟! بۆچ دەنگ ناكەى ؟! وتى: نازانم بڵێم چى ، منیش زۆر سەرم سوڕماوە، ئەم نەخۆشە دەرمانەكەى گۆشتى مشكە!لەوە زیاترم بۆ دەرناكەوێ .
پادشاو پیاو ماقوڵان هەموو ئافەرینیان كردو وتیان ڕاستە تۆ حەكیمیت، پادشا ویستى تۆ تاقى بكاتەوە، ئەوەى كە دەزوەكەى بەستراوە بە دەستەوە پشیلەیە و ئینسان نیە!!....(عەلائەدین سەجادى ڕشتەى مروارى ،ل 574 ،ب/8)....
نزیكەى مانگێكە قەیرانى چەقبەستوى عێراق تەقینەوەى گەورەى بەدوى خۆیدا هێناوە. لە ڕوى شەكڵەوە ئەمەریكا كشاوەتەوە، وەلێ لە ناوەخن و جەوهەردا خاوەن ماڵى ڕاستەقینەى بەردەوامە!!...
حەتمیەتى دابەشبونى عێراق ، تێزێكى تازە و كەیسێكى ناوازە نیە. بۆخۆى ستراتیژیەت و پێگەى ئەم وڵاتە بەزۆر لكێنراوە، پردى پەڕینەوەى ستراتیژیەتى ئەقتابى ناوەندەكانى بڕیار و داڕێژەرى ئەجنداى سیاسەتە مەدروسەكانى وڵاتانى ئیقیلمیى و ئەمەریكاو ناتۆیە!...
نامەوێ زێدەتر لەسەر مەسەلەى عێراق بڕۆم، چونكە دیدى ئایندەى بۆ عێراق دەخوازم هەڵوەشانەوە و لێكترازانى هەمیشەیى بێت!!...
ئەوەى سەرنج ڕاكێشە، هەردوو باڵەكەى دەسەڵاتى هەرێمى كوردستان وەك هەنگوینیان لە كلۆرى دارا دۆزیبێتەوە ، ڕەفتار دەكەن!!... سەبارەت بە گرێدانى (كۆنگرەى نیشتمانى عێراق و كۆكردنەوەى شەبەنگى سیاسى لە ژێر چەترى تەوافوقاتى سیاسى ...)!!...
گەمەكە سیناریۆیەكى زۆر مەهزوز و مەكشوف و قێزەونە، شەڕى (پارە و دەسەڵات) بەرۆكى گەلێكى ستەملێكراو لە ڕابوردو ئێستا گرتوە!!...
ئێستا، حەكیمەكانى ئۆپۆزسیۆن، سەرقاڵ و خۆیان مەشغوڵ كردووە بە (داڕشتنى پرۆژەیەك بۆ كۆنگرەى نیشتمانى سەبارەت بە قەیرانەكانى عێراق)، بەنیازن لە دوو ڕۆژى داهاتودا بیخەنە ڕوو!!... كورد وتەنى (ماڵ لە خۆیا نەبوو ، میوان ڕووى لێكرد)!!...
حەكیمەكانى سیاسەتى كوردى ئامادەنین ماڵى كورد یەكبخەن، بە بیانوى جۆراو جۆر، وەلێ بۆ چارەسەرى ماڵى عێراقى و قەیرانى عێراقى پرۆژەیان هەیە، چ دەسەڵات و چ ئۆپۆزسیۆن، سەیرە مامۆستاو حەكیمى بێگانە بیت ، وەلێ ماڵەكەى خۆت پێویستى بە وانەى پەروەردە هەبێت!!...
لە مەش سەرسوڕهێنەرتر ، حەكیمەكانى سیاسەت چارەسەرى ماكى نەخۆشێك دەكەن ، مەخابن نازانن ، سەرى دەزوەكەى پاشا لە چنگ حەكیمەكانى سیاسەت ، سەرەكەى ترى پشیلەیە و ئینسان نیە!!....
خۆ زیا ... حەكیمەكانى ئێمەش بە هێندى حەكیمەكەى عەلادین سوجادى ماك و چارەسەرەكەى ئەدۆزیەوەو پێیان دەوتین : ئەم نەخۆشە دەرمانەكەى گۆشتى مشكە ، پشیلەیە و ئینسان نیە!!...
جا برادەران ... پرۆژەى تازەتان پیرۆزە....بیخەنەسەر پاكێجەكانتان، بەنیازى دیدار ئەتانبینینەوە، چاوەڕێ بن!!...
لە ژێر سێبەرى دارێكدا وەك زەغەل كەوتون، بە هیواى چنینەوەى بەرهەمن لێى ، مەخابن حەكیمەكان نازانن دارەكەیان ژاڵەیە و بێ بەرە!!!!......................
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە