ئەى 125 شیوعى و جەلالیەكە، گەلى كورد دەوڵەتى كوردى دەوێت،نەك پاراستنى دەوڵەتى عراق ؟
Tuesday, 27/12/2011, 12:00
125 كەسایەتى: عراقیەكان روبەروى ئەو هێزەدەسەڵاتدارانە ببنەوە كە عراقیان بەم رۆژە گەیاندوە. ئەمەی سەرەوە مانشێتى ئەو هەواڵەیە كە ئەمشەو لە سایتى ئەلكترۆنى هاوڵاتى بڵاوكرایەوە، ئەو هەواڵە بریتیە لە بەیانێك كە 125 كەسایەتى كورد و چەند عەرەبێكى عراقى دەربارەى روداوەكانى ئەم دوایییەى عراق دەریانكردوە، پاش خوێندنەوەى بەیانەكە كە بە زمانى عەرەبى نوسراوە، بە گرنگم بینى ئەم تێبینیانەى خوارەوەی لە سەر بنووسم:
بەیانەكە زۆر گشتیە، نەچۆتە ناو وردەكارى كێشەكانى دەسەڵاتى ئەمرۆى عراقەوە،ئاماژەى نەداوە كام هێزە دەسەڵاتدارەى عراق هۆكارى سەرەكى كێشەكانى عراقە،ئاماژەى بەوە نەداوە چۆن سیستەمى حوكمرانى عراق كە چەند پێكهاتەیەكى نامۆ و ناكۆكى وەك كورد و شیعە و سووننەى لە یەك كۆكردۆتەوە هۆكارى كێشەكانى عراقە،ئاماژەى بە رۆڵى نەگەتیڤى هیچ كەسایەتیەكى سیاسى عراقى نەداوە لە دروستكردنى كێشەكانى عراقدا.
لەگەڵ ئەوەشدا كە زۆرینەى ئەو كەسایەتیانە بەیانەكەیان ئیمزا كردوە كوردن،بەڵام بە هیچ شێوەیەك باسیان لە كێشەكانى نێوان هەریمى كوردستان و عراقى ناوەندى نەكردوە،باسیان لە ناوچەدابراوەكانى باشورى كوردستان و مادەى 140 و كێشەكانى جەلەولا و خانەقین و قەرەتەپە نەكردوە،بەیانەكەیان هى ئەو سەردەمەیە كە كێشەى كورد چارەسەركراوە .
لە پەرەگرافى یەكەمى بەیانەكەیاندا باس لەوە دەكەن كە بە خەباتى گەلى عراق لە 9 نیسانى 2003دا رژێمى پێشو روخا،بە هیچ شێوەیەك باسى هێرشەكانى سوپاى ئەمریكایان نەكردوە كە چۆن لە سەرەوە و لە دەرەوە ،هێزى سەربازى عراقى تێكشكاند و بە تەنها رژێمى سەدامى روخاند،بەڵام هزر و سیستەمى حوكمرانى رژێمى سەدام، لە ژێرەوە و لە ناوەوە، هەر مایەوە نەروخا، بەو هۆیەوە تا ئەمرۆش گەلى عراق لە كێشەى هەموجۆردا دەژیت.
لە كۆتایى بەیانەكەدا باس لە مافە تایبەتەكانى خەڵكى عراق دەكەن و داواى ئاشتى و پێكەوە ژیانى پێكهاتەكانى عراق دەكەن،ئەم بەیانە وا نوسراوە كە لە عراقدا كێشەیەك بە ناوى كێشەى كوردەوە نیە و هەرزو ئەو كێشەیە لە عراقدا چارەسەركراوە و هەمو تاكەكانى عراق بە كوردو عەرەبەوە لە هەوڵى ئەوەدان كێشەكانى ئەمرۆى نێوان سوننە و شیعەى عراق، یان كێشەكانى نێوان مالكى و هاشمى چارەسەربكەن و لەوە زیاتر هیچیان ناوێـت.
پاش ئەوەى ناوى ئەو 125 كەسەم خوێندەوە،دیتم ئەو ناوانە لە دو پێكهاتەى سیاسى هەرێمى كوردستانن،یەكەم شیوعیەكان ،دوەم یەكێتیەكان، لەگەڵ چەند كەسێكى رۆشنبیر،بۆیە دەتوانیت بڵێیت ئەو بەرێزانە ناتوانن بە ناوى گەلى كوردەوە قسە بكەن،لەبەر ئەوەى لەم كاتەدا شیوعى و یەكێتى دو پێكهاتەى پەراوێز و بێزراوى هەرێمى كوردستانن، هەڵبژاردنەكانى پەرلەمانى هەرێمى كوردستان و عراقیش ئەو راستیەیان سەلماند كە ئەو دو پێكهاتەیە ناتوانن نوێنەرایەتى كورد بكەن.
ئەو دو پێكهاتە بە ناو چەپەى عراق و كوردستان،لە بەیانەكەیاندا پرسیارى ئەوە دەكەن ئاخۆ كێشە(خەلەل) لە كوێدایە؟برایانى جوڵانەوەى چەپى شوێنكەوتوى سیاسەتى سەرمایەدارى و ئیستعمار،خەلەل لەوێدایە كە ئێوە داكۆكى لە ستراتیجى وڵاتانى ئیمپریالیزمى بەریتانیا و فەرەنسا دەكەن، كە بۆ مەسەتى سیاسى و بەرژەوەندى ئابورى خۆیان لە دواى جەنگى جیهانى یەكەم، بە بێ رەچاوكردنى ئیرادە و مافەكانى گەلى كورد، وڵاتێكى پركێشەى نەتەوەیى و مەزهەبى وەك عراقیان دروستكرد،بۆ ئەوەى بە بەردەوامى دەرفەتیان هەبێت دەستبخەنە ناو كاروبارى وڵاتانى ناوچەكە،ئێوەش ئەو دەوڵەتە پركێشەیى كە گەلى كوردى جینۆسایدا كردوە بە پیرۆز دەبینن و داكۆكى لە مانەوەى دەكەن.
ئەمرۆ برواى خەڵكى هەرێمى كوردستان بەو ئاستە گەیشتوە كە چیتر نابێت كورد خۆى بە كێشەكانى عراقەوە سەرقاڵ بكات،عراق پێوانە و پێگەى دەوڵەتبونى نەماوە، نابێت جارێكى تر كورد ئەو دەوڵەتە زیندو بكاتەوە كە سیاسەتى تەعریب و تەبعیس و راگوازتن و جینۆسایدى بەسەردا جێبەجێكردوە،زیندوكردنەوەى ئەو دەوڵەتە دوبارەكردنەوەى جینۆسایدى گەلى كوردە.هەڵوێستى راست ئەوەیە لە گەرمەى كێشەكانى نێوان پێكهاتە سیاسى و مەزهەبیەكانى عراقدا، دور لە دەسەڵاتى ئەمرۆى هەریم،كورد هەوڵى سەربەخۆیى كوردستان و دامەزراندنى دەوڵەتى كوردى بدات،نەك وەك ئێوەى شیوعى وجەلالی داواى زیندوكردنەوەى دەوڵەتى عراقى دەكەن .
ئەمە لینكى ئەو هەواڵەیە كە لە سایتى هاولاتى بڵاوكراوتەوە:
http://www.hawlati.co/babetekan/11005
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست