کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


لیژنەى (بەناو) چاكسازى سەرۆكى هەرێم پشتى بەنووسین و ڕاپۆرتەكانى كوردستانپۆست بەستووە

Tuesday, 13/03/2012, 12:00


دوایى یانزە مانگ و چاوەڕوانیەكى زۆرى خەڵكى كوردستان لیژنە چاكسازیەكەى سەرۆكى بەناو هەرێم ڕاپۆرتێكى بۆ ڕاى گشتى بڵاوكردەوە بەشێوەیەك بەهارى هێناوەتە چۆكان و لەئەرزى كرداریشدا سفر ئەوەى بەلاى منەوە زۆر سەیربوو وەك خوێنەرێكى بەردەوامى سایتەكان چەند جارێك ئەم ڕاپۆرتەم خوێندەوە هەستمكرد هەموو ئەوانەى لەم ڕاپۆرتەدا خراونەتەڕوو چەند ساڵە هەموویانم لێرە لەكوردستانپۆست خوێندووتەوە بەشێوەیەك ڕاپۆرتەكانى كوردستانپۆست ووردترو دەقیق تریش بوون ، چونكە كوردستانپۆست بەڕاستگۆیانە دەستى لەسەر بڕینەكان و ناوى بەرپرسان و شوێنى كاریان داناوەو چارەسەریشى خستۆتەڕوو بۆیە من هەست دەكەم ئەم لیژنەیە لەڕێگەى دەزگاى پاراستنەوە هەموو ئەو ڕاپۆرت و نووسینانەى كوردستانپۆست كەپەیوەندی بەمەسەلەى چاكسازی و گەندەڵیەوە هەبووە كۆپى كردووەو پوختیان كردۆتەوەو لەم ڕاپۆرتەدا خستوویانەتەڕوو ، پێناچێت ئەم لیژنەیە سەردانى مەیدانى بۆ مەركەزى شارەكان و قەزاو ناحیەكان كردبێت یان لێكۆڵینەوەو پرسیارى لەفەرمانگەو فەرمانبەران كردبێت تەنها نووسین و ڕاپۆرتەكانى كوردستانپۆستیان خستۆتەروو ، ئەوەى لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە هەمووى بەسەر خوودى سەرۆكى هەرێم و دارودەستەكەیدا جێ بەجێ دەكرێت دەبێ لەوانەوە دەست پێ بكرێ ، لەڕاگەیاندراوى لیژنەكەدا هاتووە دەڵێ یانزە مانگ كاركردنى بێ ووچان لە 19 / 4 / 2011 دەست بەكاربووین و ((ئەم لیژنەیە بەهۆى ئەو بۆشایەوە دامەزرا كەلەئەنجامى كارانەبوونى دامودەزگا چاودێریەكاندا هاتبووە كایەوە)) ئێوە بڵێن بەڕێزان چەند ساڵە كوردستانپۆست و نووسەرە بەڕێزكانى ئەمە دەڵێن ؟ دەڵێ لیژنەكەمان 174 كەیسى بەدەست گەیشتووە 110 كەیسى بەئەنجام گەیشتوون ؟ بێ ئەوەى پێمان بڵێ چین ئەم كەیسانەو لەكوێن و چۆن بوون ؟ لەكاتێكدا كوردستانپۆست لەماوەى ئەم چەند ساڵەدا سەدان و سەدان كەیسى دزى و گەندەڵى دووبنەماڵەكەو مەكتەب سیاسیەكانى خستۆتەڕوو ؟ هەر لەباسكردنى وەزارەتى تەندروستیەوە هەست دەكەى ئەم لیژنەیە هەمووی لەكوردستانپۆست دەرهێناوە لەیەكەم خاڵ و لەسەرەتاى ڕاگەیاندراوەكەدا باسى كەمتەرخەمی و بێ بەرنامەیى وەزارەتى تەندروستى دەكات سەبارەت بەهەبوونى دەرمانى ئێكسپایەر و كۆمپانیایى قاچاخى دەرمان و بوونى نەخۆشخانەى تایبەتى زۆر لەسەر حسابى نەخۆشخانەى گشتى و نەبوونى ئامێرى باش و ... ئەوەندەى كوردستانپۆست گرنگى بەكەرتى تەندروستى داوە لایەنەكانى ئۆپۆزسیۆن و لیژنەى تەندروستى پەرلەمانیش هێندە گرنگى بەتەندروستى ئەو میللەتە نەداوە ڕاپۆرتەكانى كوردستانپۆست لەسەر كەرتى تەندروستى بخوێنەوە ئینجا ئەوەى ئەم لیژنەیەش بخوێنەوە هەست دەكەى بەنوكتەو فاریزەش جیاوازى نیە لەنێوانیان ڕاپۆرتەكانى كوردستانپۆستیان وەك خۆى بردووە ، باسى موساتەحەو وەزیفەى گشتى و گۆڕانكارى كارگێرى دەكات ئێوە بڵێن كوردستانپۆست چەند هەواڵ و بەدواچوونى لەسەڕ ئەم بابەتانە كردووە یان باسى نەبوونى دەزگاى چاودێرى و بوونى دوو ئیدارەیى دەكات، دەیان و سەدان نووسین و بابەت لەم كوردستانپۆستە دابەزیوە تا داواكارى گشتى و حكومەت كار لەسەر ئەو 2500 ڕاپۆرتەى چاودێرى دارایى سلێمانى بكەن ؟ هەندێك لەم ڕاپۆرتانە هەر لێرە لەكوردستانپۆست خراونەتەڕوو لەم ڕووەوە كوردستانپۆست زۆر ئەكتیڤ ترو ئاگادارتر بووە لەم لیژنە بێ سەروبەرەى سەرۆكى پارتى ، لەخاڵێكى تردا باسى تەندەر دەكاو دەڵێ ((نابێ كارمەندى حكومى تەندەر وەربگرێت)) ئەمە ئەگەر گاڵتەكردن نەبێت بەخەڵك چیترە ؟ تەندەر لەبەر ئەو دووبنەماڵەیەو براو كوڕەكانیان بەر وەزیریش ناكەوێت حاشا لەكارمەندى داماو خوا دەكا كرێیى خانوومان بۆ دەدرێت !! لیژنەكە دەڵێ بودجە شەفاف نیە ؟ كوردستانپۆست دە ساڵە هاوار دەكاو دەڵێ نەك شەفاف نیە هەمووى بۆ گیرفانى دوو بنەماڵەیە ، لیژنەكە وەك پەلامار بۆ بەرهەم ساڵح دەڵێ دامەزراندنى 25 هەزار فەرمانبەر و دابینكردنى بیمەى بێكارى دەرچووانى زانكۆ و پەیمانگان و پێدانى قەرزى خانووبەرەو كشتوكاڵ و پیشەسازى هەمووى بەهیمەتى سەرۆكى هەرێم بووە بەڵام لەباسكردنى وەبەرهێنان و قۆڕخكارى نیشتەجێكردن و زیادەڕۆیى زەوى میرى باسى ئەو هەموو دەست درێژیەیى بنەماڵەى بارزانى و كوڕەكانى ناكات بۆ موڵكى ئەو میللەتەو سەیرانگاو هاوینەهەوارەكانى خەڵكى كوردستان كردوویانە لێرەش ڕاپۆرت و نووسینەكانى كوردستانپۆستیان بردووە بەڵام ئەوەى پەیوەندى بەناوهێنانى ئەوانەوە هەبێت لایان بردووە ، باسى زۆرى ژمارەى پاسەوانى وەهمى بەرپرسان و مافى مرۆڤ و نەوت و سوتەمەنیش دەكا بێ ئەوەى باسى ژمارەى ئەو میلیشیا خەیاڵیە حزبى و بنەماڵەیەیى ئەوان بكات ؟ مایەیى پێكەنینە باسى مافى مرۆڤ دەكەن ، پێشێلكردنى مافى مرۆڤ ئەوان ڕێچكەیان شكاندو ژمارەى پێوانەیان تۆماركرد ناڕۆین بۆ زۆر دووروو ڕابردوو شەهیدكردنى كاكە سەردەشت و كاكە سۆرانى مامەحەمەو قوربانیانى 17 ى شوبات و بردنى پارەى نەوت و سەدان گرێبەستى نهێنى باشترین وەڵامە بۆ ئەو لیژنەیە ؟ .
لەكۆتایدا دەڵێم پێویست بەلیژنەو هەڵخەڵەتاندنى خەڵك ناكات نووسین و ڕاپۆرتەكانى كوردستانپۆست (كەهەموویتان لایە) بەسە بۆ چاكسازى ڕیشەى لەكوردستان و دادگایى كردنى ئێوە .

کلیکی ئەو لینکەی خوارەوە بکە بۆ خوێندنەوەی راگەیاندرواوەکە:
 راگەیاندراوی لیژنەی بەدواداچوونی پرۆژەی چاکسازیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە