کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


گێژاوى هەڵە سیاسیەکان ((کوردستان بە چ ئاقارێکدا دەبات)) ؟

Saturday, 02/03/2013, 12:00






ئەمرۆ لە پاش بیست و یەک ساڵ لە دەسەڵاتى خۆماڵى کوردى و دوازدە ساڵیش لە گۆڕنانى دەسەڵاتى دکتاتۆرى و فاشیزمى بەعس : وا دیسانەوە کۆمەڵگاى کوردستان دوچارى قەیران و ترسى جەنگ و لەشکر کێشى و دڵەڕاوکێى گەورە دەبێتەوە ـ 
سەبارەت بە ناکۆکى نێوان هەرێم و دەسەلاتى ناوەند ، لە مەڕ ئەو ناوچە دابڕاوو داگیر کراوانەى کە تا ئێستا بە کردەیى نەگەڕاوەتەوە ژێر دەسەڵاتى حکومەتى هەرێمى کوردستان . ئاشکرایە کۆى ئەم قەیرانە سیاسى و هەڵا سەربازیەى کەوا ئێستا بەرۆکى دەسەلاتى هەرێمى کوردستانى گردۆتەوە و هەڕشە لە ڕەوشى ئارامى و پێشکەوتن و ئازادى دەکات لە کوردستان ، بەرئەنجامى ئیفرازاتى هەڵە سیاسیە کوشندە کەڵکە بووەکانى سەرکردایەتى ناسیۆنالیزمى کوردە کە بە درێژایى مێژوو هەمیشە دووبارە دەبێتەوە و نابێتە وانەیەکى سیاسى و سەنگى موحەک بۆ ئایندەو کارى سیاسى ڕۆژانەیان . چونکە عێراقێک پڕ لە ناکۆکى مەزهەبى و عەشیرەتى و ناسیۆنالیستى و کۆمەڵگایەکى شێواو لە ڕووى سۆسۆلۆژى و سایکۆلۆژیاوەوە و ، عێراقێک کە بە چەند جەنگى ناوخۆیى و دەرکى تێپەڕ ببوو کە ئەرتەشى عێراق ڕۆڵێکى وەحشیگەرى و بەڕبەڕى دەگێرا لە قەتڵ و عام کردنى خڵکانى سفیلى عێراقى و غەیرە عێراقى و ، هەروەها وەکو کەرەستەیەک بە کار دەهێندرا بۆ کۆتایى هێنانى کێشە سیاسیەکان لە ڕێگاى بە کار هێنانى هێزى سەربازى و توندو تیژییەوە ،تەنها بۆ بەرژەوەندى نوخبەیەکى سیاسى دکتاتۆرو خوێن ڕێژ . کە چى کورد بێ ئەوەى پەند لە ڕابردوو وەر بگرێت بەشدارییەکى چالاکانە دەکات لە بنیاد نانەوەى دەسەڵاتى ناوەندو ئەرتەشى هەڵوەشیندراوى عێراق !!! ئەم ئەرتەشەى کەوا دەجوڵێنرێت بە ئاراستەى کوردستان کە هەر لە چرکە ساتى دروست بوونیەوە ڕۆڵێکى داپڵۆسێنەرانەى هەبووە دژ بە کوردو دەستى سوور بووە بە خوێنى کۆمەڵگاى کوردستان و گەلى کوردستان .دەسەڵاتى ناسیۆنالستى کورد لە پاش ڕوخاندنى بەعسەوە بێ ئەوەى پرسوڕا بکەن بە گەلى کوردستان ، زۆر بەبێ منەت و بێباکانە لە پاش سێنزدە ساڵ دابڕانى کوردستان لە دەسەڵاتى ناوەند و حکومەتى عێراق لە هەموو بوارە جیا جیاکانى ژیاندا بۆ جارێکى دیکە کوردستان دووبارە لە عێراق مارە دەکەن و دەیلکێننەوە بەو عێراقەوە کە هەمیشە کوردى جینۆساید کردووە و هاوڵاتى کوردى بە پلە دوو سەیر کردووە . ئەگەر چى کورد بەو خەونەوە بەشدارى سیاسى کرد لە عێراقدا کە وا بڕیار بوو عێراق عێراقێکى دیمۆکراسى و خۆشگوزەران بیت و بە بێجێوازى ((نەتەوەیى و ،مەزهەبى و ،ڕگەزى و عەشیرەتى و ، چینایەتى)) هەموو تاکێکى ئەم وڵاتە مافى هاوڵاتى بوون و مافى ئازادى و هەموو مافەکانى دیکەى پارێزراو بێت و حورمەتى مرۆڤ بوونى بپارێزرێت و لە بەرامبەر یاساو دەستوور وەکو یەک تەماشا بکرێن و ، پلە بەندى ئینسانى بۆ تاکەکان نەکرێت و هەموو یەکسان بن لە عێراقێکى فدراڵدا . بەڵام بە داخەوە سیاسیەکانى کورد هیچ تویژینەوەیەکى زانستیان نەبوو کە فەرهەنگى پوختى لەو چەشنە لە نێو کۆمەلگاى عێراقى پەروەردەى دەستى فاشیزم زۆر محاڵە چرۆ بکات . لە بەر ئەوەى سەرکردایەتى ناسیۆنالیزمى کورد لە سەر بنماى عەقڵ و لێکدانەوەى زانستیانە پرسە سیاسەکان هەڵناسەنگێنێت و ، زوو زوو تراژیدیاکان لە بیر دەکات و تواناى بیر کردنەوەى زۆر سست و لاوازە وەکو مرۆڤێک کە لە قۆناغى منداڵیدا بێت ، هەموو پۆخڵەواتە سیاسیەکانى عێراقى پشت گوێ خست و یان بیر چووەوە . لە پێناوى بەرژەوەندى سیاسى و ئابوورى نوخبەیەکى سیاسى دووبارە باروبنەیان هەڵگرت و ڕێگاى بەغدادیان گردە پێش و بەشدارى چالاکانەیان کرد لە دووبارە بنیاد نانەوەى دەوڵتى عێراق و ڕەواندنەوەو پاکتاو کردنى ناکۆکیە مەزهەبیەکانى نێو عێراق و ، لە گەڵ ئەوەشدا پشتگوێ خستنى کوردستان . لە پاش بەشدارى کردنى سیاسى دەسەڵاتى هەرێم لە عێراقى فیدراڵدا لە باتى جەخت کردنەوە لە مەڕ پرسە نەتەوایەتیە چارە نووس سازەکانى کوردستان و یەک هەڵوێستى سیاسى و ووتارى سیاسى هاوبەش و چەسپاندنى بەندەکانى دەستوورى عێراق . حزبە بەشدار بووەکان کەوتنە مل ملان و ناکۆکى یەک تر لە پێناوى بە دەست هێنانى پۆست و پلەوپایەى وەزیفى زیاتر لە حکومەتى ناوەند و ، پشت گوێ خستنى پرسە سیاسیە نەتەوایەتیەکانى گەلى کوردستان کەوا بڕیار بوو ئەوان لە بەغداد داکۆکى لە سەر بکەن . تا ئێستاش هەڵوێست و بڕیارى سیاسى هەندێک لە ئەحزابى سیاسى کوردستان کە خاوەنى پێگەى جەماوەرى گەورەن ئاشکراو روون نییەو تەم و مژاوییە . تا ئێستاش شیعە بە هاوپەیمانى کورد دەقەبڵێنن ، تا ئێستاش پەیامى سەرۆکى هەرێم و سەرۆک کۆمار سەبارەت بە کورد و چارە نووسى کوردستان یەک نییەو ناکۆکى تێدایە . دەبێت ووتاریان یەکخەن . ئێستا مالکى لە باتى سیاسیەکى مەزهەبى دەیەوێت وەکو سەرۆکێکى ((ناسیۆنال ــ فاشیزمى عەرەبى)) خۆى دەرخات و لە سەر خوێنى کورد ئەو بۆ چوونەى خۆى بچەسپێنێت و مێژوو دووبارە بکاتەوەو ، واش دەزانێت بۆى دەچواتە سەر . کەواتە کورد ئەمڕۆ پێویستى بە ووتارى سیاسى هاوبەش و یەک هەڵوێستى سیاسى هەیە بە ((دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوەو)) دیسان پێویستە دەسەڵاتیش ئەم دەرفەتە بقۆزێتەوە بۆ ئاشتى کۆمەلایەتى و فرەوان کردنى پانتایى ئازادیەکان و واز هێنان لە قۆرخ کارى سیاسى لە کوردستان بۆ بتەو کردنى پێگەى دەسەڵات لە کوردستان کە هەموو تاکێک بە دڵسۆزانەوە دیفاع لەم هەرێمە بکات ..لە بەرامبەر کۆلکە دکتاتۆرى مالکى کە دەیەوێت لە ڕێگاى هێزەوە کورد بترسێنێت .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە