کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)

  • Su
  • Mo
  • Tu
  • We
  • Th
  • Fr
  • Sa
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  • 1
  • 2
  • 24
  • 25
  • 26
  • 27
  • 28
  • 29
  • 30

ڕیکلام

وشە: لە ڕۆژی: تا ڕۆژی:


هەڵوێستەیەك لە مەڕ گوتارە شیزۆفرنیاكەى سەرۆك

Saturday, 20/07/2013, 12:00

2052 بینراوە






لێشاوێك لە گوتار لە لایەن زۆرێك لە نوسەران و سۆسۆلۆژیست و پسپۆرانەوە تێوریزە كراوە بە شێوەیەكى ئاركۆلۆژیانەى وورد و ئۆرگیۆمێنتانە باس لە خەسڵەت و ڕگەزى كۆلكە دكتاتۆریانەى خێڵەكى سیستەمى سیاسى كوردستان دەكات ، باس لە مەڕ ئیفلیجى و سەقەتى و دوگمایى ئەم سیستەمە سیاسیە دەكات كە هەنگاو بە هەنگاو هەموو دەروازەكان بە ڕووى ئازادى و و دادوەرى كولتورى دیمۆكراسی و شەرعیەتدا كڵۆم لێدەدات ، چ لە ڕێگاى بە كار هێنانى ئامرازى هێزى میلشیایەوە بێت كە لایەنگرى و وەلایان بۆ حزب و هەندێك ((بارۆنى ئۆرۆستۆكراتى)) هەیە ، یان لە ڕێى لە قاڵبدان بە ناوى یاساى پەرلەمانەوە: ئەو پەرلەمانە مردوو بێ ڕۆحەى كە بۆتە توحفەیەكى سیاسى بۆ ڕەوایپێدانى دەسەڵاتى ستەمكارى ((دۆقەكان و بارۆنەكانى كوردستان)) ، یان لە ڕێى پشەسازى ویژدان كڕینەوە بە پارەى نەوتى بە تاڵان براوى كوردستان . سات بە سات هیواو ئومێدەكان بۆ سیستەمێكى دادوەرو سیكۆلار كە حورمەتى مرۆڤ بوونى مرۆڤى تێدا پارێزراو بیت زیندە بەچاڵ دەكات . پایەكانى خۆى هێدى هێدى بۆ سیستەمێكى سەرۆكایەتى و پەراوێز خستنى دامەزراوەى پەرلەمان پتر تۆكمە دەكات ، تەنها بۆ ئەوەى بنەماڵەیەكى كۆنسێرفاتیزمى خێڵەكى حوكمى هەتا هەتایى لە كوردستان جێگیربكات . ڕەنگە دیمەن و مۆراڵى سیاسى تۆتالیتارانەى خێڵەكى سیستەمى سیاسى لە كوردستان هێشتا بۆ زۆرێك لە حەشامات و هەواداران و ئەندامانى ((یەكێتى وپارتى)) كە بە دەمارگیرى ئایدۆلۆژى سیاسى و تاریك بینى حزبى دەنواڕنە دنیاو دەوروبەرەكەى خۆیان ئاشكرا نەبو بێت . بەڵام پاش سى حوزەیران دەمامكەكان لە سەر ڕوخسارەكان لادرا و پەراگەندەیى بیر كردنەوەى جۆراو جۆر پایەماڵ كراو بوو بە مایەى دەركەوتنى ڕاستیەكان . چاوەڕوانى و داواكاریەكانى زۆربەى خەڵكى كوردستان لە سەرۆكى هەرێم بۆ هەڵوەشاندنەوەو قبوڵ نەكردنى ئەو بڕیارە شەرم هاوەرە بوو كە كۆى پرۆسەى سیاسى خستە ژێر پرسیارو لۆمە كردنەوەو و هیچ بەهاو ڕەوایەتیەكى یاسایى بۆ دەسەڵات نەهێشتەوە . سەرۆكى هەرێم پاش مت بوونێكى كاتى گوتارێك پەخش دەكات ، لە باتى ووڵامدانەوەى خواست و داوەكاریەكانى خەڵكى كوردستان ڕستەكانى گوتارەكەى جگە لە ((شیزۆفرنیاى سیاسى و گرێى شەیدا بوونى دەسەڵات)) هیچ ماف و ڕەوایەتیەكى بۆ پرۆسەى سیاسى نەگەڕانەوە كە جێى دەست خۆشى بێت وەكو سەرۆكى هەرێمى كوردستان . هەمیشە جەخت لە سەر ووشە دووبارە بووەكانى دەكاتەوە و پتر وەكو سەرۆكى پارتى و حزبێك خۆى نمایش دەكات ، لە گەڵ ئەوەشدا ئەو بیرۆكەو چەمك و دەستەواژانەى لە ڕستەكانى گوتارەكەیدا بەر گوێمان كەوت ناهاوسەنگى و دژ بە یەكى ئاشكراو ڕوونى پێوەدیارە . ئەو باس لەوە دەكات كە خواست و تموحى دەسەڵاتى سیاسى نییە كە چى لە ساڵى (79) سەرۆكى پارتى دیمۆكراتى كوردستانەو ، جگە لەوەش بۆ ماوەى دوو خولی هەڵبژاردنە كە دەكاتە 8 ساڵ سەرۆكى هەرێمەو ئەم دوو ساڵەشى بچێتە سەر بە شێوەیەكى نا شەرعى دەكاتە (10) ساڵ ، ئەگەر ژمارەى ئەو ساڵانەى كە سەرۆكى هەرێم لە ترۆپكى دەسەڵات بووە وەكو لێپرسراوى یەكەم لە هەردوو كایەى حزب و حكومەتدا و براوردیان بكەین بە تەمەن و ژیانى سیاسى سەرۆكە دكتاتۆرەكانى ناوچەكانى دەورو پشتمان هیچى لەوان كەمتر نییە . تەنانەت ئەو یاسایانەش پێشێل دەكات كە خۆیان دایان ڕشووە و پێوە پابەند نابن كە چى باس لە دیمۆكراسى و سەروەرى یاساش دەكات ، ئەى پاش تەواو بوونى ئەو دووساڵەى كە بە شێوەكى نا شەرعى دوور لە هەموو پێوەرێكى دیمۆكراسى و یاسایى گرنتى چییە واز لە كورسى دەسەڵات بێنێت ؟ بێگومان ئەو كات دەكرێت بەهانەى جۆراو جۆر بێنێتەوە بۆ دووبارە خۆ سەپاندنى بە شێوەیەكى نا شەرعى وەكو ئێستا . گوتارە شیزۆفرینیاكەى سەرۆك هێرشێكى فرەوان دەكاتە سەر ئۆپۆزسیۆن و كۆى پۆخڵەواتیەكان و ڕەفتارى سیاسى قێزەون و دوگم بوونى سیستەمى سیاسى دەخاتە ئەستۆى ئۆپۆزسیۆن و ، یەكێتى و پارتى لە تێكڕاى بەرپرسیاریەتەكان بێبەری دەكات . سەرۆك لەو باوەڕەدایە دەبێت ئۆپۆزسیۆن هاوكاریان بێت ، هاوكارى لاى ئەو بەو چەشنەیە وەكو ئەوان ڕەفتارى سیاسى بكەن و ببن بە بەشێك لە سیاسەتى هەردوو حزب و نابێت لەوان جێواز تر بن و ئەجنداى سیاسی جێواز تریان هەبێت . ئەمە یان خۆ گێل كردنە ، یان نا ئاشنایى و چەوت تێگەیشتنە لە پرۆسەى سیاسى و هەردوو پنتى دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن و گەمەى دیمۆكراسى كە تەواو كەرى یەكترن ، بێگومان ئەم تێڕوانینە خۆ بە گەورەزان و لوت بەرزیەى لە بەرامبەر هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان لەو عەقڵە خێڵەكیەوە سەرچاوە دەگرێت كە سەرۆك لە ترادسیۆنى خێڵەوە پێى گۆش و ئالودە بووە ، پێیوایە هەموو تاكێك و هێزێك لەم كۆمەڵگایە بوونەوەرێكى بچوك و بیر كۆڵەو دەبێت سودمەندو گوێ ڕایەڵى بیر كردنەوەكانى سەرۆك خێڵ بێت نەبادا دووچارى نەهامەتى ببن . ئەو لۆژیكى ماف و ئازادى و هاوڵاتى بوونى بە لاوە پەسەند نییە و ، زیاتر لۆژیكى پەیوەندى سیاسى ((شوان و مێگەلى)) مەبەستە كە ستراكچەرى سیستەمە تۆتالیتارەكانە ، یان هى ئەو سیستەمانەیە كە لە سەر بناغەى خێڵەكى ئاوا كراوە . دەبێت ئەو ڕاستیەش بزانیین هەموو یاسا شكێن و گورز وەشاندنێك لە كەمەرى ئازادى و دیمۆكراسى كە پارتى پێى هەڵدەستێت و ئەنجامى دەدات ، یەكێتى نیشتمانی زەمینە سازى بۆ ئەو پێشێل كاریانە دروست دەكات ، چونكە پارتى خۆى بە تەنها گەر یەكێتى هاوكارو پشتیوانى نەبێت ناتوانێت هەنگاوێكى دكتاتۆرانەى لەو چەشنە بهاوێژێت ، سەربارى ئەوانەش پارتى هەر هەنگاوێكى سیاسى دژ بە خواستەكانى خەڵك و بنەماكانى دیمۆكراسى و ئازادى بنێت ئۆباڵەكەى دەخاتە ئەستۆى یەكێتى نیشتمانى و خۆى لێ بێبەرى دەكات . یەكێتى ئێستا كە بووەتە دوژمنێكى سەر سەختى ئازادى و دیمۆكراسى و یاسا شكێنى و لە گۆڕ نانى شەرعیەت ، پێچەوانەى بەرنامەو پلاتفۆرمى سیاسى خۆى دەبزوێت كە لە سەرەتاوە بانگشەى بۆ كردووە .چونكە سەرەتاى كارى سیاسى یەكێتى وەكو هێزێكى نوێ و دەست بەردار بوون لە هەندێك كولتورى سیاسى كلاسیك كە هێزە كۆنسێرفاتیزمەكانى كوردستان وەكو ڕێچكەیەكى سیاسى چەق بەستوو لە سەرى ڕاهات بوون هاتە نێو گۆڕەپانەكەوە . ئەم هێزە لە سەرەتاوە بانگەشەیەكى زۆرى دەكرد بۆ هەندێك چەمكى سیاسى كە لە بەرژەوەندى ئینساندا بوو وەكو ((مافى مرۆڤ و ئازادى و دیمۆكراسى و مەدەنیەت و ..... دەیان چەمكى سیاسى پڕ بەهاى جۆراو جۆر)) . بەڵام پاش دەسبەردار بوون و جێ هێشتنى زۆرێك لە ئەندامان و هەوادارانى ئەم حزبە كە مەیل و دیدگایەكى پێشكەوتنخوازیان هەبوو ، هەروەها زاڵ بوونى باڵى سەربازى و كۆنسێرفاتیزم و هاتنە ئاراى بەرژەوەندى ئابوورى و دۆلارو سەرمایە ، ئێستا ئەم هێزە دژایەتیەكى سەرسەختى ئەو چەمكە سیاسیانە دەكات كە لە بەرژەوەندى ئازادى ئینساندایە ، كۆى گوتارەكەى سەرۆك بریتى بوو لە جەخت كردنەوەیەكى تاك ڕەوانە بۆ دەسەڵاتە نا یاسایەكەى كە ئێستا ماوەى بە سەر چووە و بێمنەتى خۆى ڕاگەیاندو هیچ بەهایەكیشى بۆ ئۆپۆزسیۆن دا نەنا ، چونكە ئەو دەزانیێت ئۆپۆزسیۆن جگە لە ڕۆڵى ئۆپۆزسیۆنێكى ڕگەیاندكار ناتوانن شەقام بهەژێنن و فشارو قورساى لە سەر دەسەڵات دروست بكەن بۆ پابەند بوونیان بە یاساوە ، چونكە پەیامە ئینشاو شەرمنۆكەكەى ئۆپۆزسیۆن دەبێتە فاكتەرێك بۆ زیاتر هارو هاج بوونى پارتى و یەكێتى كە بەردەوام بن لە سەر ئەو ڕەوشە سیاسیە دكتاتۆریەیان دژ بە خەڵكى كوردستان .


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر


(دەنگدراوە: 0)