زانكۆى سەڵاحەددین یان دەزگاى بۆكسێن و سوكایەتى كردن
Saturday, 20/06/2009, 12:00
ڕاگرێكى زانكۆى سەلاحەدین سەرۆك بەشێك بەر بۆكس دەدات
جام كە پڕ بوو لێى دەڕژێت
جەنابى وەزیر : بۆ ماوەى پتر لە سالێكە مامۆستایان و فەرمانبەرانى كۆلێجى پەروەردەى بنیاتى زانكۆى سەڵاحەددین بە دەست ڕاگرێكى دیكتاتۆرى لەخۆبایى پشت ئەستوور بە یەكێك لە بەرپرسانى پارتییەوە گیرۆدەن و دەناڵێنن . چەند جارێك پەنایان بردە بەر ناوچەى زانكۆ و لە كۆبوونەوەى پارتى فەرمانبەران و مامۆستایاندا باسیان لە كردەوە و مامەڵەى قێزەوەندى ئەم ڕاگرە بەڵایە كرد . تەنانەت ناوچەى زانكۆش نوێنەرى خۆى نارد و لە كۆبوونەوەیەكدا بە ڕاشكاوى مامۆستایان شكاتى خۆیان گەیاندە گوێى بەرپرسانى ناوچە . بەڵام دیارە ئەم ڕاگرە زۆر لەوان پشت ئەستوور ترە ، بۆیە هیچ لێپێچینەوەیەكیان لەگەڵدا نەكرد .
دواى بێ ئومێد بوون لە ناوچە پەنایان بردە بەر نووسین و بڵاو كردنەوەى مامەڵەى نا پەروەردەیى و سووكایەتى كردنى ئەم ڕاگرە بە كۆیلەكانى بەردەستى لە میدیاكان ، بەڵام میدیاى بێ ئازار و تۆڵە كردنەوە . ئەو مینبەرەى بێ ترس دەتوانین ئازارەكانمان لە دەست دكتۆر عیمادەدینەكان بڵاو بكەینەوە . لە رێى كوردستان پۆستەوە جگە لەم جارە سێ جارى تریس هانامان بۆ بەرپرسان برد . بەڵام مەخابن هەر بەرپرسێك (فیێل دباغ) ێكە و پشتى د. عیمادێكە . بۆیە لە ئاستى ئەم میللەتە زەلیلەدا كەڕ و كوێرن و نابینن و نابیستن ؟
جەنابى وەزیر گەر بەڕێزیشتان پشت و پەناى گەندەڵانى وەك د. عیماددینى ڕاگر نین وەزارەتەكەت چوار هەنگاوە لەم كۆلێجەوە ، جارێك تەنیا جارێك سەردانى ئەم كۆلێجە بكە و بزانە ئەوە كۆلێجە یان سەربازگەكانى سەردەمى ڕژێمە ؟!مامۆستا و فەرمانبەرى لێیە یان كۆیلە و سەرباز .. بزانە چەندیان لەم ڕاگرە ڕازین ؟! بپرسە چەند مامۆستا و فەرمانبەرى لە خۆڕا سزا داوە و دواتریش سیناریۆیەكى درۆى بۆ دروست كردوون . چەند مامۆستا و فەرمانبەریش لەو كۆلێجە هەڵاتوون . ڕۆژى چەند شەڕدەكات ؟! چەند جار فەرمانبەر چووە لێى بدات و نەیان هێشتووە ؟!
دوا فلیم كە لەم كۆلێجەدا ڕووى دا ئەوە بوو ، یەكێك لە سەرۆك بەشەكانى ئەم كۆلێجە كە لەناو خەڵكى و زانكۆدا بە پەپوولە و بەستەزمان ناو دەبرێت هێند بێ گوناح و تاوانە ، لەبەر ئەوەى یەك كاتژمێر بۆ كارێكى پێویست كۆلێج جێدەهێڵى ، كە دەگەڕێتەوە ، وەك خزمەتكارى ماڵى بابى وى بێ و دەزانێ فەقیرە و بەڕێزە سووكایەتى پێدەكات و دەیەوێت لێى بدات . دیارە ئەم سەرۆك بەشەش دەگاتە تینى و پەتى تەحەموولى دەپسێ و دەستى لێدەكاتەوە . دواى شەڕە بۆكسێكى زۆر و شت گرتنە یەكترى و جوێندانى بێ پەردەى سەرشەقامەكان لێك جیا دەكرێنەوە .
جەنابى وەزیر ئێمە لە تۆ دەپرسین ئەمە ڕاگرە یان مرۆڤێكى بێ ڕێز و بێ ئابڕووە ؟! گەر ئابڕووى هەبوایە هەر ئەو ساتە كۆلێجى جێدەهێشت و هەرگیز نەدەگەڕایەوە . ئێستاش پەنامان بۆ ئێوە هێناوە لەم جانەوەرە ڕزگارمان بكەن ، وەگەر نا تۆ و ئەوانەى بێدەنگن لەم گەندەڵییانە لەو گەندەڵترن و بە ئەنقەست چاو پۆشى لێدەكەن . ناشمانەوێت بەوە بمان خەڵتێنن كە لیژنەیەكتان بۆ لێپَچینەوە لەو ڕووداوە پێكهێناوە ، چونكە باش دەزانین چ سیناریۆیەكى درۆش بۆ ئەو بەستەزمانە دروست دەكات و ئەندامانى لیژنەكەش برادەرى نزیكى دكتۆر عیمادن و پشتى لە زەوى نادەن و كێشەكەى بۆ چارەسەر دەكەن و ئەو سەرۆك بەشە بێ پشتەش بە چ دەردێك دەبەن . بەڵام ئەم جارەش بۆیان چارەسەر كرد ئەدى جارەكانى دى چ دەكەن . ئێمەش چاوەڕوانى ئەنجامى لێپێچینەوەكەین و بێدەنگ نابین ، دڵنیابن بە هەموو جۆرێك هەوڵ دەدەین پشتى بەرپرسى گەندەڵ بشكێنین و گۆڕانكارى لەو كەش و هەوایە بكەین كە ئەم جۆرە زاڵمانەى كردۆتە سەردارمان . باش بزانن گۆرانكارى بەڕێوەیە . ئەوەى چەندین ساڵە دەیچێنن دەیدروونەوە ، دەیدروونەوە ، بەم زووانە دەیدروونەوە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست