دەسەڵاتەكان تاڵەبانى بۆ سێ كەس هێندەى دیكە یەكێتى پەك دەخات
Sunday, 02/02/2014, 12:00
دوای چەند جار دانیشتنی كۆبوونەوەى مەكتەبی سیاسی دەرهەق بەوەى ئایا كۆنگرە دوابخرێ یان نا؟ بینیمان دواخرا، لەوەشدا ئەوەى جێی هەڵوێستە لەسەر كردنبێ بەپێی ڕێكەوتنێكى چەند خاڵی وەك دەسەڵاتەكانى هەر دوو جێگرانى سكرتێری گشتى و هاوسەرەكەى وەك یەكبێ لەپیادەكردنى ئەو دەسەڵاتەى پێشتر تاڵەبانى لەناو یەكێتى پیادەى دەكرد، كە لەتەكدا دەسەڵاتیان كراوە و رەهابێ بۆ گۆڕیتنى بەرپرسانى مەكتەبەكانى راگەیاندن و هەڵبژاردن و زانیاری و تەواوى مەكتەبەكان لەگەڵ ئەو دەسەڵاتەى بۆیان هەبێ بتوانن لەدەرەوە دیدەنى مام جەلال بكەن، چاودێران دوو خاڵی دوایی دەكەنە ناوەندى ناكۆكیەكانى نێوان دكتۆر بەرهەم لەگەڵ هێرۆی ئیبراهیم ئەحمەد گوایە ئەوە هیرۆیە لەو دوو خاڵەدا پاشگەزبۆتەوە و پێی رازی نیە.
دوالێدوانى دكتۆر بەرهەم كە ئەو پلە و پۆستەى ئێستای بەڕەوا نابینێ و دەیەوێ وەك ئەندامێكى ئاسایی دڵسۆز لەنێو ریزەكانى یەكێتى تا بەستنى كۆنگرە درێژە بەكاری حزبایەتى حۆی بدات، هەڵبەتە لەناوەندەكانى ڕاگەیاندنەوە بەشێوەیەكى ناڕاستەوخۆ ئاماژە بەوە دەدەن گوایە كۆسرەت رەسوڵی جێگری یەكەمى سكرتێری گشتى لەو بەلاغە هاوبەشەى لەگەڵ دكتۆر بەرهەم داویەتى بەشێوەیەكى بێدەنگ دەستى لەكار كێشاوەتەوە كە ڕەنگە ئەو بابەتە ڕۆژانى داهاتوو دەربكەوێ.
پیادەكردنى دەسەڵاتەكانى تاڵەبانى بۆ سێ كەس لەحاڵەتى وازنەهێنانی دكتۆر بەرهەم هیچ لەبەردەم گۆڕانكاریەكان ناخۆڵقێنێ بگرە كێشەكان هێندەى دیكە قوڵ دەكاتەوە، ئەگەرچی دەمێكە وتراوە: سەری دوو بەران لەمەنجەڵێك ناكۆڵێ، لەوەشدا سێ بیروبۆچوون، سێ بڕیاری جیاواز وەك ئەوەى یەكێكیان بۆ پۆستێكى دیاریكراو كەسێك دابنێ و ئەویتر لای بباتەوەو..هتد، ئەمانە جگە لەوەى كاردانەوەی خراپیان دەبێ، باشترین دەرچە و دەرەتان بۆ قوتاربوون لەو قەیرانە تەنها و تەنها بەستنى كۆنگرەیەكى بێ تەزویرە وەك لە ڕاگەیەندراوە هاوبەشەكەى هەردوو جێگران جاڕ درا.
دووركەوتنەوەى دكتۆر بەرهەم زیانێكى گەورە بەریزەكانى یەكێتى دەگەیەنێ نەخاسمە لەبەردەم هەڵبژاردنەكانى پەرلەمانى ئێراق و ئەنجومەنى پارێزگاكانى هەرێم كە لەم قۆناغەدا بەداینەمۆی هەڵسوڕاندنى ستراتیژیەتى یەكێتى دادەندرێ سەرەڕای هەموو كەم و كورتیەكان وەلێ لۆژیكانە مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەكان دەكات كە پێویستە یەكێتیەكان رێگری لەو بڕیارەى بەردەم دكتۆر بەرهەم بدەن و دەنگەكان هەموویان هاوڕابن تا یەكێتى كۆنگرەى خۆی ببەستێ و تۆڵەى خۆیان لەرێی دەنگدانەوە لەوانە بكەنەوە كە یەكێتیان بەو ڕۆژە گەیاند.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست