کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


قەڵغانەكەى پارتى و قەرەوڵەكەى نەوشیروان مستەفا

Wednesday, 15/04/2009, 12:00


لەم چەند رۆژەى رابردوو چەند رۆژنامەنووسێك دانیشتبووین، ئێمەى رۆژنامەنووسان هەردەم لە دانیشتنەكانماندا باس لە بابەت و كێشە هەنوكەیى و داهاتووە چارەنووس سازەكان دەكەین. لەو دانیشتنەدا باس لە بوونى لیستى جیاى هەریەك لە (جەوهەر نامیق و شێخ ئەدهەم بارزانى) كرا، ئیدى هەریەك لە روانگە و بیر و بۆچوونى خۆیەوە راى لەسەر ئەو لیست و كەس و مەبەستیش درا، یەكێك لە رۆژنامەنووسەكان (هەورامان محەممەد) بوو، كە گوتى: "پارتى تا نەگەیشتە ئەو بڕوایەى كە نەوشیروان مستەفا بە لیستى سەربەخۆ دادەبەزێت، هیچ هەوڵێكى نەدەدا لە ژێر سێبەرى سیاسەتى خۆیدا لیستى جیاواز هەبێت، ئێستا كە دەزانێت لیستێك هەیە و بە دەرە لە هەردوو حیزبەكە، بۆیە كەوتۆتە حاڵەتى لیست دروستكردن كە نەخشەى سەركەوتنى ئایندەى ئەو لیستەش كە خۆى لە پشتى دەبێت دەرەنجامەكەى تەنها بۆ كڕینەوەى ئەو دەنگە توڕانەى ناو پارتین، لەگەڵ ئەوەشدا سیاسەتێكە بۆ كەم كردنەوەى دەنگەكانى لیستى سەربەخۆى نەوشیروان مستەفا".
لە خوێندنەوەى ئەم رایەى سەرەوە، زۆرشتمان بە گشتى بۆ روون دەبێتەوە، بە تایبەت گەر بگەڕێینەوە ناوەڕاستى ساڵانى هەشتا، ئەویش جیابوونەوەى (سامى عەبدولڕەحمان) لە پارتى دیموكراتى كوردستان، ئەویش لە سەرەنجامى ئەو كێشە و ململانێیەى كە لەگەڵ (ئیدریس بارزانى)دا هەیبوو، لێ پەیوەندى لەگەڵ (مەسعود بارزانى) باش بوو، نموونەش هەڵبژاردنى ساڵى 1992 (سامى عەبدولڕەحمان) كە چووبووە بادینان بۆ رێكلام كردنى حیزبەكەى، خەڵكى بادینان بە هاندانیان لە لایەن پارتیەوە شتیان تێگرتبوو! دواتر یەكگرتنەوەى هەرسێ حیزبى وەك (سۆسیالیست و پاسۆك و پارتى گەل)، كە حیزبى یەكگرتووى لێ دەرچوو، (سامى عەبدولڕەحمان) بوویە سكرتێر، ئاكامەكەشى چوونەوە ناو پارتى لێكەوتەوە. لەمەوە ئەوەمان بۆ دەردەكەوێت، كە ئێستا سیاسەتى پارتى بۆ بەرگرتن لە زیاد بوونى دەنگەكانى لیستى سەربەخۆى (نەوشیروان مستەفا) دەیەوێت هەمان ئەو سیاسەتە پیادەبكاتەوە! رەنگە بڵێن ئەو كارەى (سامى عەبدولڕەحمان) سیاسەت نەبووە و بەشێك بووە لە ململانێ حیزبیەكان، وەك لێك جیابوونەوە و تێكەڵ بوونەوە، نەخێر ئەوەش بەشێكى سەرەكى یاریە سیاسیەكانە كە حیزب دەیكات و پارتى لەمەدا داهێنەر بووە!

درووستكردنى لیستى جیاواز لە لایەن هەریەك لە (جەوهەر نامیق و شێخ ئەدهەم بارزانى) بەدەر لە بوونى مافى خۆیان ئەو نیگەرانیەى كە لە سیاسەتى ئێستاى حیزبەكان هەیانە، جێى هەڵوەستە لەسەر كردنیشە! چونكە هەریەك لەوان پێش ئەوەى (نەوشیروان مستەفا) لیستى جیاواز و سەربەخۆ ئاشكرا بكات، ئەوان باسى لیستیان نەكردووە، بڕواشم وایە كە هەر لە خەیاڵى دانانى لیستیش نەبوون! لە ترسى توڕەیی خەڵكى كوردستان لەمەڕ بوونى ئەو نا دادپەروەریە ئابوورى و سیاسیى و كۆمەڵایەتى و پاوانكردن و قۆرخكاریەى كە لە هەرێمەكەى مندا هەیە و...هتد، هەوڵ زۆردرا كە لیستى سەربەخۆ نەبێت، تا هەریەك لەو دوو زل حیزبە هەردەم بە برا گەورەیى كە خوویان پێوەگرتووە، بمێننەوە و ئیدامە بە سیاسەتە چەوتەكانى خۆیان لە بوارى سیاسیى و بەڕێوەبردندا بدەن! لێ ئەو (خەونە شاعیرانەیان) بۆ نەچووە سەر و مژدەى لیستى سەربەخۆ بە خەڵكى كوردستان درا.
كاتێك كە زل حیزبێكى وەك پارتى سوور دەڵێت: "نەوشیروان مستەفا بە تەنها نیوەى یەكێتیە"، یان "لە دواى جەلال تاڵەبانى پشكى هەرە گەورەى خەباتى یەكێتى بەر دەكەوێت"، لەم راستیانەى كە پارتی دانى پێداناون ئەوەیە، كە لە هەڵبژاردنى ئایندەدا (نەوشیروان مستەفا) بەشە پشكى خۆى دەباتەوە، دواجار ئەوەشمان بیر نەچێت، كە بارگرانى شكستى ئێستاى یەكێتى لەسەر شانى (نەوشیروان مستەفا)یە كە راستى بكاتەوە، وەك عەرەب دەڵێت: "رجال مهمە ێعبە"، بۆیە پارتى ئێستا بە جۆرەها شێوە لە هەوڵدایە بۆ كەمكردنەوەى دەنگى ئەو لیستە سەربەخۆیەى كە بۆتە مۆتەكە بۆ سەر عەرشى دەسەڵاتیان، ئەویش پەنا بردنە بەر دروستكردنى لیستى تر بە ناوى سەربەخۆوە و شوبهاندنى بە لیستى سەربەخۆ، كە ئەمەش چەند ئامانجێكى حیزبى و سیاسیى لە پشتەوەیە، ئەویش كەمكردنەوەى دەنگى (نەوشیروان مستەفا) و كڕێنەوەى ئەو دەنگە توڕانەى ناو حیزبەكەى خۆى، كە پارتى ترسى لەوەیە ئەو دەنگانە بۆ لاى دیكە بڕۆن. نموونەى ناوەڕاستى ساڵانى هەشتا و جیابوونەوەى (سامى عەبدولڕەحمان) و پێكهێنانى حیزب و دواجار چوونەوە ناو باوەشى هەمان حیزب، بۆیە ئێستا پارتى دەیەوێت بە بەردێك دوو چۆلەكە بكوژێت، ئەویش گەر تواناى نیشانە شكاندنەكانى جارانى مابێت! بۆیە تەنها چەكى كە مابێتى ئەویش ئەو قەڵغانەیە، كە خۆشى لێى بە گومانە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە