مه‌لا عه‌لی و شه‌ربه‌تی مه‌رگ
Monday, 10/03/2014, 12:00
2587 بینراوە
له منداڵییدا که مرۆڤ نه‌خۆش ده‌که‌وت له خۆشه‌ویستیی دایک، باوک، پورو که‌سوکار ده‌گیرا. پسکیت و شهرهبهت، ماچ و وشه‌ی گه‌رم رۆحی ده‌م ئه‌دا. نه‌خۆشیی وا خۆش ده‌کرا مرۆڤ حه‌زی ده‌کرد جار جار نه‌خۆش بکه‌وێت. ئه‌م هه‌موو که‌سه به دهورتا ده‌هات:
-ئێستا چۆنیت؟ تایه‌که‌ت که‌م بۆته‌وه؟ با تۆزێک بتشێلم، به قوربانت بم، له ده‌ورت گه‌ڕێم، قه‌زاو به‌ڵای تۆ بۆ من بێت،..هتد
ئێستا مه‌لا عه‌لی نه هه‌ڵامه‌تی هه‌یه نه له یاریدا قاچی شکاوه. له ژورێکدا به‌ند کراوه. ئه‌وانه‌ی به ده‌وریدا دێن و ده‌چن نه به قوربانی ده‌بن نه به‌ساقه. به بنمیچدا هه‌ڵی ده‌واسن، به دار لێی ئه‌ده‌ن. دیواره‌کانی به‌ندیخانه وه‌کو یاساوڵ به‌سه‌ر سه‌ریه‌وه راوه‌ستاون. هه‌وای ئۆکسجین لێ بڕاوی ژوره‌که وه‌کو چۆن تاریکیی مۆمێک روناک ده‌کاته‌وه ئاوا ده‌نگی دایکی ده‌هێنێته گوێی. مه‌لا عه‌لی هه‌موو ئازای له‌شی، خه‌یاڵی سه‌ری پڕه له هه‌ڵمه‌تی ژیان، که‌چی سات دوای سات به پێچه‌وانه‌ی سروشتی خۆیه‌وه خه‌ریکی مراندنین. ته‌مه‌نی به‌ره‌و ژور ده‌که‌نه‌وه. ئه‌م ته‌مه له‌سه‌ر رۆحی مه‌لا عه‌لی تنۆک تنۆک له قه‌ڵه‌مه‌که‌یه‌وه ده‌چۆڕێته‌وه سه‌ر له‌ته کاغه‌زێکی قاچاخ:
بــــرا دوور و خـــزم دوور و كهســـم دوور
به نابهڵـــــهد تهمـــهن ئه‌مبا بـــــهرهو ژوور
له هه‌مان کاتدا ئه‌قڵ له پشته‌وه له‌م ته‌مه ده‌ڕوانێت. مه‌لا عه‌لی به‌ره‌و راستیی خۆی ده‌بێته‌وه‌و ده‌یخاته پێش چاوی که به‌ره‌و سێدارهچوونه ئیتر براو خزم له کوێ. بیروباوه‌ڕه‌که‌ی "ئاڵای سور" به‌سه‌ر سه‌ریه‌وه راوه‌ستاوه‌و کردویه‌تی به مه‌ڕی قوربانیی. ئه‌م شیعرانه‌ش که به‌جێی هێشتوون ئه‌ڵێی ره‌نگکردن و رازانه‌وه‌ی ده‌وروبه‌رین له ئاهه‌نگی ئه‌م جه‌ژنه‌دا:
به‌ڵام روونه، به‌ره‌و سێداره چوونه
خه‌نه‌ی خوێنم له پێ ئه‌گرێ ئاڵای سور
مرۆڤ به‌ره‌و هه‌ر شتێک بچیت له ژیاندا قه‌ده‌ر زاری خۆی بۆ هه‌ڵئه‌دات. ئه‌گه‌ر به‌شێری ئه‌ودا که‌وته‌وه ئه‌تخوات. ئه‌گه‌ر نهیخواردیت خه‌ته‌کانی خۆت ده‌کێشیت. مه‌لا عه‌لی قه‌ده‌ر خواردی. ئه‌و خه‌تانه‌ی ناو دڵی نه‌گه‌شتنه ژیان.
ئه‌وین و وه‌فا و دڵسۆزیی و په‌یمان
له‌گه‌ڵ خۆم ئه‌وا هه‌مووم له گۆڕنان
چاوه‌ڕوانیشم زۆر به‌ڕێکردن
هه‌زاران خۆزگه‌م له‌گه‌ڵ خۆم مردن
لێم وون بوون شیعر و وێنه و یادگار
وه‌ک خۆمیان لێهات به‌ده‌ستی ڕۆژگار
خه‌یاڵی مه‌لا عه‌لی رۆژانێک ره‌نگه ده‌موچاوی کیژێکی جوان داگیری کردبێت. به‌ڵام ئێستا ژوری سێداره جێگای به هه‌موو شتێک چۆڵ کردووه. له خه‌یاڵه‌کانی "مه‌لا عه‌لی"ی‌دا خۆی ده‌بینێت که سێداره به‌ره‌و هه‌ڵدێری مه‌رگی ده‌کاته‌وه. ساته‌کانی مه‌رگ تا دێن زیاتر چنگیان له هه‌ناسه‌و لێدانی دڵی نێچیره‌که توند ده‌که‌ن. له ژورێکی شێداردا باڵی فڕینی ئهتاسێنن:
به‌ره‌و ژووری، بـــهرهو ژووری ســـێداره
ماندووی كــــردووم و شوێنه‌كه‌م شـــێداره
كــــه نیشــــــانهی پهشــــێوی پێوه شــێوهم
ئه‌وه بــــرینی ئهشـــــكهنجهیه و جـــێ داره
مه‌لا عه‌لی له‌گه‌ڵ دنیای ده‌ره‌وه‌دا ده‌که‌وێته قسه‌کردن. شه‌رحی ئه‌و نیشانانه ده‌کات که ئه‌شکه‌نجه شوێنه‌واری به‌جێ هێشتووه له‌سه‌ری. به‌ڵام هه‌ر وره به‌رزه. پشێویی مه‌رگ نایڕوخێنێت. به‌ئاگایه له‌وه‌ی که پێشمه‌رگه بێت مه‌رگی هه‌ر ده‌که‌وێته پێش مه‌رگی ئه‌زیزانی. نزیکبوونه‌وه‌ی له مه‌رگ هه‌موو په‌یوه‌ندییه‌کانی به ژیانه‌وه ده‌سڕێته‌وه. ده‌مێنێته‌وه خۆی و هه‌ستێکی ئازاد‌و ئاسوده‌یی که به زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌ک له سه‌ر رووی خۆی پیشانی ئه‌دات:
نه‌ڵێن ئه‌مرێ و له ترسی مه‌رگ پهشـــــێوه
پێشمهرگــه بم ، هه‌ر ئهكــــهومه پێـش ئێوه
به مه‌رگی پێش مـــــهرگی ئێـــوه ئاسووده‌م
ڕووشــــــم زه‌رده‌ی پێكـــهنینی هــــه‌ر پێوه
ئه‌م هۆنراوانه‌ی مه‌لا عه‌لی دڵۆپێکن له هه‌ستی ئه‌و مرۆڤانه‌ی له ژوره‌کانی به‌ندیخانه‌دا گیانی خۆیان به‌خشی. رۆشتنی ئه‌وان پرسیارێکه له‌به‌رده‌می هه‌ر یه‌کێکماندا.
ده‌قی دوو هۆنراوه‌که‌ی مه‌لا عه‌لی:
بــــرا دوور و خـــزم دوور و كهســـم دوور
به نابهڵـــــهد تهمـــهن ئه‌مبا بـــــهرهو ژوور
به‌ڵام ڕوونــــه ، بــــه‌ره‌و ســــێداره چوونه
خه‌نه‌ی خوێنم لـه پێ ئه‌گرێ ئــــاڵای سوور
به‌ره‌و ژووری، بـــهرهو ژووری ســـێداره
ماندووی كــــردووم و شوێنه‌كه‌م شـــێداره
كــــه نیشــــــانهی پهشــــێوی پێوه شــێوهم
ئه‌وه بــــرینی ئهشـــــكهنجهیه و جـــێ داره
نه‌ڵێن ئه‌مرێ و له ترسی مه‌رگ پهشـــــێوه
پێشمهرگــه بم ، هه‌ر ئهكــــهومه پێـش ئێوه
به مه‌رگی پێش مـــــهرگی ئێـــوه ئاسووده‌م
ڕووشــــــم زه‌رده‌ی پێكـــهنینی هــــه‌ر پێوه
زیندانی موسڵ به‌شی سێداره
3 6 1979
ئه‌وین و وه‌فا و دڵسۆزی و په‌یمان
له‌گه‌ڵ خۆم ئه‌وا هه‌مووم له گۆڕنان
چاوه‌ڕوانیشم زۆر به‌ڕێکردن
هه‌زاران خۆزگه‌م له‌گه‌ڵ خۆم مردن
لێم وون بوون شیعر و وێنه و یادگار
وه‌ک خۆمیان لێهات به‌ده‌ستی ڕۆژگار
ئه‌وه‌ی له پاشی خۆم به‌جێ ماون
چه‌ند کاسێتێکی تۆمار کراون
"ماملێ و شاروخی و زیره‌ک و دیلان"
ئێسته بیستنیان مه‌نعه له دیلان
وهفاداریانم ئێستاش له زیندان،
خۆزگه له پاش خۆم به 'ئه‌حمه‌د' ئه‌دران
زیندانی موسڵ
به‌شی سێداره
10-6-1979
مه‌لا عه‌لی کێ بوو؟
مه‌لا عه‌لی ناوی حسێن مه‌ولوده. ساڵی 1953 له گوندی به‌ربه‌ردی ناحێهی ماوه‌ت له دایک بووه. له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌دی برایدا دووانه بوون.
ساڵی 1958 گواستویانه‌ته‌وه بۆ گوندی کۆکه‌ی سورداش.
ساڵی 1975-1976 چۆته زانکۆی سلێمانی، به‌شی ئاداب.
رۆژی 11/05/1977 بووه به پێشمه‌رگه.
رۆژی 30/01/1979 له دێی کرژه له سورداش به برینداریی ده‌گیرێت.
شه‌وی "22-23-7-1979" له موسڵ له‌گه‌ڵ دوو هاوڕێی تری كه ناویان "ئه‌ڵوه‌ند عومه‌ر حسێن"و "عه‌لی عالی حسێن"ه له سێداره ده‌درێن و وه‌كو چه‌ندین تێكۆشه‌ری دیكه‌ی كورد ته‌رمه‌كانیان نه‌كه‌وتوه‌ته ده‌ست كه‌س و كاریان و له‌وێ نێژراون له "وادی عگال".
ناسر حه‌فید
2014/03/09
ئەم نووسینە لە پەیجی ناسر حەفیدەوە وەرگیراوە
https://www.facebook.com/Nasir.Hafedوێنەی یەکەم:
https://www.kurdistanpost.nu/biz/nuseran/Nasir_Hefid/kerim_qadir1.jpgئارامگای شه‌هید ره‌زاق که‌ریم مۆریاسیی به ته‌نیشت ئارامگای شه‌هید مه‌لا عه‌لییه‌وه. شه‌هید ره‌زاق رۆژی 27/11/1977 له موسڵ له دار درا.
رازیی کوڕی ده‌نووسێت: "من باوکمم نه‌دیووه" به‌ڵام ئه‌مه قهبرهکهیهتی
وێنەی دووەم:
https://www.kurdistanpost.nu/biz/nuseran/Nasir_Hefid/kerim_qadir2.jpgکوڕه‌زای شه‌هید ره‌زاق له سه‌ر گۆڕی باپیریان.