کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


تەها بەروارى و فەلاح سودانى چەند سەرنجێك لەسەر گەندەڵییەكانى وەزارەتى وەرزش و لاوان

Saturday, 22/08/2009, 12:00


هەفتەنامەى "ئاوێنە" لە ژمارە 185 لەلاپەرە 9دا، هەفتەى رابردوو لە راپۆرتێكى دوور و درێژدا و بە مانشێتى " ئاوێنە وردەكاری گەندەڵییەكانی وەزارەتى وەرزش و لاوان بڵاودەكاتەوە" بڵاوكردۆتەوە، راپۆتەكە بریتییە لە پوختەى ئەو سەرنج و تێبینی و پرسیارانەى كە لیژنەى پەیوەنییەكان و كاروبارى رۆشنبیرى پەرلەمانی كوردستان لە ئەنجامى چەندین بەدواداچوون سەبارەت بە گەندەڵی و سەرپێچییەكانى وەزارەتى وەرزش و لاوانى حكومەتى هەرێم ئامادەكراوە. پاش خوێندنەوەى ئەو راپۆتە بە پێویستم زانى ئەم دێڕانەى خوارەوە بنوسم.
هەڵبەت كارێكى ناڕەوا و نابەجێیە هەموو ئەندامانى پەرلەمانى كوردستان بە خەواڵو و پاسیڤ و نابوێر، ناودێر بكەین و ئەو وشە و دەسەواژانە بدەینە پاڵیان، ئەوتا وەك لە راپۆرتەكەى ئاوێنەدا هاتووە: "لە مانگى كانوونى دووەمی 2008 و لەكاتى نزیك بوونەوەى هەڵبژاردنەكانى 25ى تەمموز لیژنەى پەیوەندییەكان و كاروبارى رۆشنیرى پەرلەمانى كوردستان چەندینجار هەوڵیداوە وەزیرى وەزارەتى وەرزش و لاوان بهێنێنە پەرلەمان و لێپێچینەوەى دەربارەى گەندەڵی و سەرپێچییەكانى وەزارەتەكەى لەگەڵبكەن، بەڵام سەرۆكایەتى پەرلەمان هەرجارەو بەهۆى پاساو و بیانوویەكەوە بانگهێشت كردنەكەیان دواخستووە." بۆیە بڕوام وایە لاوازى و سستى پەرلەمانى رابردوو هێندە هۆكارى هەژموونیى ئەو هێزە و داخرا و نادیموكراتەنانە بوو كە لە پەرلەماندا باڵا دەست بوون و پەرلەمانیان وەك دامەزرامەویەكى گرنگ پەروباڵ كردبوو، هێندە هۆكار خودى ئەندام پەرلەمانەكان نەبوو، ئەگەرچی كۆمەڵێكیان (كە كەم نین) شایانى رەخنەكردنى توند و جدین.
لە راپۆرتەكەدا كەسێك بەناوى (ئاسۆ كەماڵ) چەندین جار ناوى هاتووە و بەرپرسی پارە خەرج كردن ئیش و كارە هەستیارەكانى وەزارەتى ناوبراو بووە، بەڵام بەڕێوەبەرى گشتى كارگێڕى و داریی ئاگادارى چۆنێتى لە خەرج كردنى پارە و ئیش و كارەكانى وەزارەت نەبووە، ئەمە لە كاتێكدا ئەو (ئاسۆ كەماڵ)ــە فەرمانبەرى وەزارەت نیە لە دەروەى وڵات نیشتەجێیە. دیارە ناوبراو كەسێكى نزیكى (تەها بەرواری)یە، ئاخر كێشەی ئەم وڵاتەی ئێَََََمە ئەوەیە هەركەسێك دەبێتە وەزیر بە لۆژیكى ئاغا و دۆیخان مامەڵە دەكات لەگەڵ وەزارەتەكەیدا. خۆی دەبێتە ئاغا و دەروبەرەكەشی دەكاتە دەست رۆیشتووانى دوێخان.
كێشەى گەنجانى ئەم وڵاتە كێشەى بێ كاری و نەبوونى دەرفەتى كار و كێشەى نیشتەجێبوون دەیان كێشەى قوڵی ترە، نەوەك كێشەى گەشت و سەیران و كردنەوەى خێوەتگا و كەوەزارەت بەحساب سەدان هەزار دۆلارى تێدا سەرف كردووە، كە چۆنێتى سەرف كردن و كڕینى شتومەكەكانى ناشەفاف و روون نیە وەك لە راپۆتى نێوبراودا ئاماژەى پێكراوە .
سەیرە كاتێك سەرۆكى پەرلەمانى پێشوو راپۆرتێكى ئاوا لە لەسەر گەندەڵی وەزارەتێك بە كۆمەڵێك دێكۆمێنت و ژمارەى حاشاهەڵنەگر و پرسیارى رەوا لەلایەن لیژنەیەكى پەرلەمانییەوە دەخرێتە بەردەستى نادیدە دەیگرێت و بێدەگبوون هەڵدەبژێرێت!، لەراستیدا ئەم هەڵویستەى سەرۆك پەرلەمانى كوردستان نەك مایەى رەخنە كردنى توندە، بەڵكو جێگاى قێزلێكردنەوەیە. دروست وابوو سەرۆكى پەرلەمان هەر لەگەڵ خوێندنەوەى راپۆرتەكەى لیژنەى پەیوەنییەكان و كارووبارى رۆشنبیرى بانگهێشتكردنى وەزیرى وەزارەتى وەرزش و لاوانى بخستایەتە بەرنامەى كار دانیشتنەكانى پەرلەمان و لە دانشتنەكەدا پاش دەركەوتنى راستیەكان (كەبێگومان بەپێی ئەو راپۆرتە بێت بوونى گەندەڵی وەزیر و دەوربەركەى حاشاهەڵنەگرە) متمانەیان لە وەزیر وەربگردایەتەوە و كێشەكەیان رەوانەیان دادگا بكردایە، نەوەك پاساو هێناوەی بێبنەما بە هۆى نەبوونى كات.
مرۆڤ كاتێك راپۆرتى ئاوا دەخوێنێتەوە كە بە بەڵگەوە هەندێك كارى دزێوى ئاشكرا كردووە، لەسەر رووپەڕى رۆژنامەكان دەبینێت، ئەو كات تێدەگات چ ماشنێكى گەورەى گەندەڵی لە كاردایە بۆ دزینى سامانى گشتى، دواجار گەنجانى خیرى وڵاتى خۆ نەدیو دەبینن چ بێحورمەتیكیان بەرامبەر دەكرێت لەلایەن وەزارەتێك كە بەحساب بۆ خزمەتكردنیان دامەزراوە.
ئایا كورد بۆ ئەوە خەبات و قورانى دا كە گەندەڵی ئاوا بكرێت؟ ئایا ستەمدیدەیی و دەردەسەرییەكانى ئێمە لە پێناو ژیانێكى باشتر و ئازاتر بوو، یاخود لە پێناو ئازادى دزیكردن لە سەروەتى كۆمەڵگا بوو بۆ دەسەڵاتداران؟
خاڵە لێكچووەكانى (تەها بەروارى) و (فەلاح سودانى) ئەوەیە كە هەردوكیان دوو وەزیرن كۆمەڵێك گەندەڵییان هەیە، بەڵام جیاوازیشیان ئەوەیە (فەلاح سودانى) لەبەر ئەوەى سەر بەهەرێمێكە خاوەن پەرلەمانێكى چالاك و دادگایەكى سەربەخۆیە بۆیە ئێستا لە كونجى زیندایە، بەڵام (تەها بەروارى) لە هەرێمكدایە خاوەن پەرلەمانێكى بێدەسەڵات و نەكارا و خاوەن دادگایەكى ناسەربەخۆ و دەستەمۆی دەستى حزبە دەسەڵاتدارەكانە، بۆیە بەروارى وەك بەرزەكى بانان بۆى دەردەچێت بەبێ ئەوەى لایەنێك یەخەى بگرێت و پێبڵێت: كاكە تۆ بۆ وات كرد؟. ئەو روو لە هاوینە هەوارەكانى ئەورپا دەكات و گەنجەكانى وڵاتى من قاچ لەسەر قاچ چاوەروانى كار، دامەزراندن، خانوو دەكەن و خەم كۆتا نەهاتووەكان دەهۆننەوە.


[email protected]




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە