بۆ سەرۆكى هەرێم، ئایا ئاگادارى لەشكرى تایبەتەكەت بەڕێوەبەرى پۆلیسیان دەستبەسەر كردووە و سوكایەتى بە یاسا دەكەن؟!
Saturday, 30/05/2009, 12:00
بە پێى ئەوەى ئێمەى ئەفسەران بە شێوازى یاسایى پەروەردە بووین و هەمیشەش سەرۆكى هەرێم لە سەردان و بۆنەكاندا تەئكید دەكاتەوە لە بوونى (سەروەرى یاسا!)، بۆیە بە باشمان زانى بۆ جەنابتان و راى گشتى روونى بكەینەوە، كە ئەمە تەنها درووشمە و نەك پیادە كردنى یاسا، چونكە جگە لەوەى كە حیزب رۆژانە تەداخولاتى زۆر لە كێشە یاساییەكاندا دەكات، ئێمە ناتوانین لێى بێدەنگ بین، كە لە كاتێكدا خۆمان لە نزیكەوە ئاگادارى هەموو جۆرە پێشێلكاریە یاساییەكانى ئەمڕۆى ناو دەزگاكانى هەرێمین، زیندووترین نموونەش دەستبەسەر كردنى بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى هەولێر بەڕێز (عەمیدى ماف عەبدولخالق تەڵعەت)ە، كە لەم چەند رۆژەى رابردوو و بە فەرمانى وەزیرى ناوخۆ و بڕیارى دادوەر چووبوو بۆ دەستگیركردنى تاوانبار و بكوژ (لوقمان سەیودین) كە 3 ساڵ لەمەوبەر 2 هاووڵاتى لە هۆتێل چوارچرا كوشت، ئەمە لە لایەك، لە لایەكى دیكە 3 ساڵە ئەو بكوژە لە ژێر سایەى ئێوەى سەرۆكى هەرێمدا و بە تایبەت لە لایەن لەشكرى تایبەتەوە بە سەرپەرشتیارى شێخ مەنسور كوڕى بەڕێزتان لە مەسیف سەلاحەددین دەپارێزرێت، كە ئەمەش پێچەوانەى گۆتهکانی خۆتانە! تاوانبارى ناوبراو چەندین سەفەریشى بۆ وڵاتە ئەوروپیەكان كردووە و زۆر بێباكانە لە ژێر سایەى ئەو یاسا سەروەریەى كە بەڕێزتان بانگەشەى بۆ دەكەن، دەسوڕێتەوە و كەسێكیش نیە، كە بڵێ تۆ بكوژیت و دوو هاوڵاتى ئەم میللەتە ستەمدیدەیەت كوشتووە و دەستت سوورە بە خوێنى میللەتەكەت؟!
بەڕێز سەرۆكى هەرێم، ئایا ئێوە كە بەرگری لە بكوژێك بكەن و نەهێڵن یاسا سەروەر بێت لە لێپرسینەوەى تاوانبار، ئیتر چۆن ئێمەى ئەفسەران بڕوا و متمانەمان بە دەسەڵاتى سیاسی هەبێت لە رووى یاساییەوە، ئایا ئەم كارە پێچەوانەى ئەوە نییە، كە تۆ دەتەوێت خۆت هەڵبژێریتەوە بۆ سەرۆكایەتى هەرێم؟! ئاخر هەرێمێك كە سەرۆكەكەى نا عەدالەت بێت، دەبێت كۆمەڵگاكەى بڵێت چى؟! ئەمەش لە كاتێكدا كراوە بەرامبەر بە عەمید عەبدولخالق كە ئەندامى لیژنەى ئەمنى هەڵبژاردنیشە.
عەمیدى ماف (عەبدولخالق تەڵعەت) تا پیی کرابیت یاسای پاراستووه ، بۆیه ههق نییه ئهو ههڵسوکهوتهی له گیلدا بکرێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست