کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


تارمایی محه‌مه‌د بو عه‌زیز ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم و میدیاکانی تۆقاندووه‌

Sunday, 16/01/2011, 12:00


له‌ دوای سه‌رکه‌وتنی ڕاپه‌ڕینی گه‌لی تونس، وڵاتانی ئیسلامی و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌ دڵنیاییه‌وه‌ هه‌رگیز ئه‌و دونیایه‌ نامێنن که‌ ئێستا هه‌ن. ئه‌م ڕاپه‌ڕینه‌ وه‌رچه‌رخانێکی گه‌وره‌ی مێژووییه‌، که‌ خۆشبه‌ختانه‌ هیوای گه‌وره‌ ده‌به‌‌خشێته‌ گه‌لانی زۆرلێکراوی وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئیسلامی. ئه‌گه‌ر چی تونس ڕۆژئاوایه‌ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ده‌بێته‌ ئه‌و ڕۆژهه‌ڵاته‌ی که‌ ئاسۆی بڵندی مژده‌ی به‌یانی بۆ گه‌لی دوور و نزیک ‌هێنا. جێگای سه‌روه‌ری هه‌ژاران و سه‌ربه‌رزه‌کانی دونیایه‌ که‌ محه‌مه‌د بو عه‌زیز له‌ پێناوی به‌رگری له‌ عه‌ره‌بانه‌که‌ی و گوزه‌رانی خۆی و خێزانه‌که‌ی و سه‌رشۆڕنه‌کردن به‌رامبه‌ر سوکایه‌تی پێکردن، ئه‌مڕۆ تونس و سبه‌ینێ ته‌واوی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ند و وڵاتانی ئیسلامی خرۆشاند و بووه‌ زومبولی سه‌ربه‌رزی گه‌لانی ئه‌و ناوچه‌یه‌.

تارمایی محه‌مه‌د بو عه‌زیز له‌به‌ر چاوی سه‌رانی دکتاتۆر و گه‌نده‌ڵ و دوژمن به‌ ئازادیه‌کانی هه‌رێمه‌که‌مان ڕاوه‌ستاوه‌ و بۆته‌ مۆته‌که‌ی خه‌وه‌کانیان. ئه‌وانه‌ ده‌زانن ئه‌مڕۆ یان سبه‌ینێ له‌ ناو جه‌ماوه‌ری دوژمن به‌وانیش دا محه‌مه‌د بو عه‌زیزێکی نه‌ناسراو له‌ سوچی شه‌قامێکی پشتگوێ خراوی نه‌ ناسراو و له‌ بازاڕێکی بۆگه‌ن و پڕ له‌ مێشی نه‌ناسراودا سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن و‌ ژیانی خۆیان ده‌که‌نه‌ قوربانی ئازادی و سه‌رفرازی خه‌ڵک و ناویان ده‌بێته‌ پێشڕه‌وی ڕێگای ئازادی و دیموکراسی.



ده‌سه‌ڵاتداران و پیاوه‌کانیان ده‌توانن نوسه‌ران و ده‌نگه‌ ئازاده‌ ناسراوه‌کان بترسێنن و بیانگرن و تێرۆریان بکه‌ن. به‌ڵام محه‌مه‌د بو عه‌زیزه‌کانیان بۆ دیاری ناکرێت و هه‌ریه‌کێك له‌ چه‌وساوه‌ و به‌شخوراوه‌کانی وڵاته‌که‌یان ڕه‌نگه‌ ببێته‌ محمه‌دێك و وه‌کو بۆمبایه‌کی کاتی به‌ ڕووی ده‌سه‌ڵاتیاندا بته‌قێته‌وه‌.



سه‌رانی ده‌سه‌ڵاتداری کوردستان وه‌کو زۆربه‌ی دکتاتۆره‌کانی دونیا ده‌یانه‌وێت وه‌کو نه‌عامه‌ سه‌ر به‌ ژێر لم دا بکه‌ن و چاو و گوێی خۆیان بگرن به‌و هیوایه‌ی جه‌ماوه‌ریش ئاوا نه‌دید و نه‌بیست بێت له‌ ڕوداوه‌ گه‌وره‌کانی جیهان و ناوچه‌که‌.



سه‌رانی پارتی و یه‌کێتی به‌شێکی زۆری سامانی نه‌ته‌وه‌ییمان ده‌خه‌نه‌ خزمه‌تی میدیا بێشوماره‌ ڕنگاوڕه‌نگه‌کانیان و گیرفان پڕ کردنی جاش قه‌ڵه‌مه‌کان، ئه‌مانیش جارێك به‌ دهۆڵ لێدان بۆیان و جارێك به‌ بێده‌نگ بوون له‌ خزمه‌تیان دا له‌ کاردان. ئه‌و میدیایانه‌ی پرۆژه‌ کێچ ئه‌ندازه‌کانیان له‌ خه‌ڵکی ده‌که‌ن به‌ پرۆژه‌ ستراتیژیه‌کان، ئه‌و میدیایانه‌ی که‌ ئاهه‌نگه‌کانی عه‌زیز وه‌یسی و هاوتاکانی و پلان گێڕیه‌کانمان لێ ده‌که‌ن به‌ کۆنگره‌ سه‌رکه‌وتووه‌ چۆنایه‌تیه‌کان، ئه‌و میدیایانه‌ی که‌ وڕێنه‌کانی سه‌رانی ده‌سه‌ڵات ده‌که‌ن به‌ ووتاری مێژوویی لامان و ته‌واوی دونیای پێ سه‌رقاڵ ده‌که‌ن ، ئه‌مڕۆ له‌ ئاستی گه‌وره‌ترین ڕوداوی مێژویی و وه‌رچه‌رخاندنێکی گه‌وره‌ی وڵاتانی ئیسلامی و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ندا بێده‌نگن. وه‌ك ئه‌وه‌ی کاره‌ساتێکی ئۆتۆمۆبیل له‌ شه‌قامه‌کانی تونس ڕوی دابێت، ئاوا مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ دا ده‌که‌ن.



له‌ ته‌واوی ڕۆژنامه‌ و ماڵپه‌ڕه‌کانی دونیای ئازاد و دیموکراسی دا له‌ پاڵ هه‌ر ووتار و هه‌واڵێکی تونس دا ده‌یان ووشه‌ی گه‌نده‌ڵی و ناڕه‌وایی و پێشێل کردن ی ده‌نگه‌ ئازاده‌کان ده‌بینینه‌وه‌ و هۆکاره‌ ڕاسته‌کانی ئه‌و ڕاپه‌ڕینانه‌ ده‌خه‌نه‌ ڕوو.



میدیاکانی ده‌سه‌ڵات به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانه‌وه‌ جگه‌ له‌ چه‌ند هه‌واڵێکی کاڵ و کرچ لێره‌و له‌وێ جورئه‌تیان نه‌کردووه‌ سه‌باره‌ت به‌ هۆکاره‌کانی ئه‌و ڕاپه‌ڕینانه‌ بدوێن که‌ ڕودانی ته‌نها به هۆی گه‌نده‌ڵی و دکتاتۆری و سه‌رکوت کردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌ ئازاده‌کان و‌ هه‌ژارکردنی جه‌ماوه‌ر و کۆکردنه‌وه‌ی سامانی نه‌ته‌وه‌یی‌ له‌ ده‌ستی بنه‌ماڵه‌کان و ده‌سته‌یه‌کی دیاریکراوی سه‌ر به‌ ده‌سه‌ڵاتدا بوو.



پاش گه‌ڕان به‌ ته‌واوی ماڵپه‌ڕ و ڕۆژنامه‌کانی ده‌سه‌ڵاتدا، وه‌کو خه‌بات و گوڵان و کوردستان تی ڤی و کوردستانی نوێ و پوك میدیا ته‌نها یه‌ك جار ووشه‌ی (گه‌نده‌ڵی) له‌ سوچێکی شاراوه‌ی ڕۆژنامه‌ی کوردستانی نوێ دا وه‌کو هۆکاره‌کانی ئه‌و ڕاپه‌ڕینه‌ به‌کارهاتووه‌. دیاره‌ ئه‌مانه‌ خۆیان هێنده‌ پاشه‌ڵ پیسن به‌ گه‌نده‌ڵی، نایانه‌وێت به‌ دوور یان نزیك ناوی بهێنن و به‌ هۆکاری ڕاپه‌ڕینه‌که‌ی له‌ قه‌ڵه‌م بده‌ن. میدیاکانی ده‌سه‌ڵات ئه‌گه‌ر بۆیان بکرێت سڵ ناکه‌نه‌وه‌ له‌وه‌ی هۆکاری ڕاپه‌ڕینی گه‌لی تونس بگێڕنه‌وه‌ بۆ تێری و ئازادی و چاوسوربونیان!.



ده‌سه‌ڵاتداران و میدیاکانی ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم ده‌زانن سه‌رکه‌وتنی گه‌لی تونس و محه‌مه‌د بو عه‌زیزه‌کان زه‌نگی کۆتاییانه‌ و ده‌بێته‌ نمونه‌ی خه‌بات و خۆڕاگری و بێده‌نگ نه‌بونی گه‌لانی ناوچه‌که‌ و کوردستان، بۆیه‌ ده‌یانه‌وێت ئه‌و ڕوداوه‌ مێژووییه‌ گه‌وره‌یه‌ بچوك بکه‌نه‌وه‌ که‌ دورنیه‌ ڕپێچیان بکاته‌‌ دادگا سه‌ربه‌خۆ و ڕه‌واکانی داهاتومان. به‌و هیوایه‌ی وه‌کو هاوچاره‌نوسه‌کانیان فریای پاره‌ وجانتا پێچانه‌وه‌ نه‌که‌ون .



[email protected]


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە