ئەى بەڕێوبەرى تەندروستى ڕانیە بۆ داواى ئەم نەخۆشخانەو شوقانە ناكاتەوە ؟ یان ئیشى تەنها نان بڕینى خەڵكە ؟
Wednesday, 07/03/2012, 12:00
.
ئەوەى حوكمى ئەم ووڵاتە دەكات هەر سیاسیە نەخوێندەوارە كوردكوژە دەم و چاو دووبارە ناشیرینەكانى پارتى و یەكێتى نین لەسەرەوە ، لەخوارەوەش كۆمەڵێك كارئەكتەرى حزبى هەن بەهەمان شێوە ڕۆڵى پاڵەوانى حزبى دەبینن لەدەزگاكانى حكومەتدا دەبێ لەوە ناخۆشتر چى بێت ئەو كاتەى دكتۆرێك پیشەكەى خۆى لەدەست دەداو دەبێتە كارئەكتەرى حزب و ڕۆڵى سەربازى و ئیستیخباراتى لەبەڕێوبەرایەتیەكەى دەبینێ و پیشە تەندروستیەكەو خزمەتكردنى خەڵكى سنوورەكەى بیر دەچێتەوەو دەبێتە چاوساغى زانیارى و ڕێكخستن بۆسەركوتكردنى دكتۆرو كارمەندانى تەندروستى و كارە پیرۆزەكەى تەندروستى ئاوێزانى دونیایى سیاسى و حزبى دەكا ، چ ئومێدێكت بەو ووڵاتە بێت چ ئومێدێكت بەو دامەزراوەیە بێت ، جەنابى بەڕێوبەرى گشتى تەندروستى ڕانیە وەك كادیرێكى حزبى قۆڵى لێ هەڵماڵیوەو لەناو بەڕێوبەرایەتى و نەخۆشخانەو مەڵبەندە تەندروستیەكاندا بەدواى ئەو كەسانەدا وێڵە كەلەلاپەڕەكانى فەیسبووك و سایتەكان بەتایبەتیش (كوردستانپۆست)باس لەگەندەڵى و بڕیارە تاكڕەوەكانى دەكەن بەڵام دەبینین نایەت ئەو نەخۆشخانەو شوقانە بۆ كارمەندانى بەڕێوبەرایەتیەكەى وەربگرێتەوە كەلەچوارقوڕنە فەرماندەیى گشتى و نەخۆشخانەى شۆرش داگیری كردوون لەهەمووشى ناخۆشتر لەڕێگەى براى خێزانەكەیەوە كەجێگرى دەزگاى زانیارى یەكێتى و مامۆستا عەزیز سەرسپیە لەڕێگەى دروستكردنى پەیجى نەناسراو هەڕەشە لەكارمەندانى تەندروستی دەكەن پەیجێكیان كردۆتەوە بەناوى (ڕانیەو ڕاپەڕینو سەركەوتن) هەڕەشە لەكارمەندو خەڵكى دڵسۆز دەكەن و دەڵێن قبوڵناكەین باسى بەڕێوبەرى گشتى تەندروستى ڕانیە بكەن .
وەك كارمەندێكى تەندروستى وێڕاى شەرمەزاركردنى ئەو هەوڵە لاوازو منداڵانەى بەڕێوبەرى گشتى تەندروستى ڕانیە داوكارم لەڕێكخراوەكانى كۆمەڵگەى مەدەنى و لیژنەى تەندروستى پەرلەمان بەدواداچوون بۆ ئەو مەسەلەیە بكەن و ڕێگەنەدەن هیچ دەزگایەكى حزبى تەداخولى ژیانى دكتۆر و كارمەندانى تەندروستى بكاو نەخۆشخانەى خەڵك و شوقەى كارمەندانى حكومى حزب داگیرى بكا وەڕووى پرسیارم دەكەمە بەڕێوبەرى تەندروستى ڕانیەو دەڵێم هێندەى بەدواى ئەو كارانەدا وێڵى سەردانى دووبنكەى تەندروستى یان دوو قاوشى نەخۆشخانەیەك و فریاگوزاریەك بكەى زۆر باشترە تالەنزیكەوە بزانى بارودۆخى تەندروستى هاوڵاتیانى سنوورەكە لەچ بارێكدایەو شەوان چەند كەیس دێ بۆ تەوارى یان بۆ قاوش هیچ چارەسەرێكى پێویست نیەو لەچوار عیلاج سیانى بۆ دەرەوەى نەخۆشخانە دەنووسرێ ، یان هەرچى زووە هەوڵ بۆ گەڕانەوەى ئەو شوقانەى وەزارەتى تەندروستى بدە كەحزب داگیرى كردوون ؟ چونكە پۆستى بەڕێوبەرى گشتى بەڕق و ناكۆكى خێزانى و بنەماڵەیى ناچێت بەڕێوە ئەگەر جەنابت دەزانى دۆخەكە هێندە ئاڵۆزە باشترە دەست لەكاربكێشیتەوەو وازبهێنى نەوەك بەكۆكردنەوەى ئیمزاو خۆپیشاندان وەك بەڕێوبەرى تەندروستى دەهۆك لابدرێیى ، هەروەها ڕوو دەكەمە ئەو پاڵەوانەى دەزگاى زانیاری و دەڵێم ئێرە ڕانیەیە براى بەڕێز حەمرین و كەركوك نیە تا بێیى زانیارى لەسەر كارمەندى تەندروستى نەگبەت كۆ بكەیەوە و بڵێى ئەوە ئێوەن ڕێگە نادەن مادەى 140 جێ بەجێ بكرێت .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست