کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پارتی نه‌فه‌سی گفتوگۆی نییه‌

Saturday, 28/03/2015, 12:00


جیاوازی نێوان کۆمه‌ڵگای ڕۆژهه‌ڵاتی و ڕۆژ ئاواییه‌کان (ئه‌وروپییه‌کان) له‌سه‌ر که‌م و زۆری ئه‌قڵه‌وه‌ نیه‌، به‌ڵکو له‌سه‌ر که‌مینه‌یی که‌م ئه‌قڵ و که‌مینه‌ی زۆر ئه‌قڵی حکومکاره‌، ‌ته‌نیا شتێكیش وای له‌ ئێمه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی کردبێت که‌ بۆ هه‌موو شتێك په‌نا بۆ ئه‌وروپی و رۆژئاواییه‌کان به‌رین، ئه‌وه‌یه‌ له‌وێ که‌مینه‌یه‌کی زۆر ئه‌قڵ وڵات به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن، لای ئێمه‌یش که‌مینه‌یه‌کی‌ که‌م ئه‌قڵ‌ وڵات به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن.
ئاکۆ میره‌یی

ئه‌وه‌ی له‌ کوردستاندا ده‌گوزه‌رێت، ته‌نیا ئه‌وه‌ نیه‌ که‌مینه‌یه‌کی که‌م ئه‌قل حوکم بکات، به‌ڵکو خه‌ریکه‌ وای لێدیت ته‌نیا که‌سێك به‌ هزری خێڵه‌وه‌ حوکم بکات، له‌بری پیرۆزی بۆ ئاڵا و نیشتیمان، که‌سێك پیرۆز ده‌کرێت، له‌بری دادگا و جێبه‌جێکردنی یاسا، سوڵحی عه‌شایه‌ری جێگایه‌ هه‌موو شتێك ده‌گرێته‌وه، ئیتر له‌وێدا‌ وای لێدێت نه‌ته‌وه‌ بوونی نامێنیت.‌
پارتیه‌کان مافی خۆیانه‌ بڵێن بارزانی سه‌رۆکی ئێستا و داهاتووی هه‌رێمی کوردستانه‌، هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌یش له‌ چوار چێوه‌ی ڕێژه‌ و ژماره‌ی خۆیاندا، له‌ چوار چێوه‌ی ئه‌و ئه‌قله‌ی که‌ وای په‌روه‌رده‌ی کردوون.
له‌به‌رامبه‌ریشدا ئه‌و ده‌نگانه‌ی تریش مافی خۆیانه‌ بڵێن کاتی یاسای سه‌رۆکایه‌تی مسعود بارزانی ته‌واو، ده‌بێت ده‌ستا و ده‌ستی ده‌سه‌ڵات بکرێت، ئیتر ئه‌و ده‌نگانه‌ یه‌کێتی و گۆران و ئیسلامیه‌کان بن یان هه‌رکامیان بێت.
بێگومان کورت بینی یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستانیش، ڕۆڵی نه‌رێنی له‌م دۆخه‌ی ئێستادا هه‌بوو، چونکی وه‌ك بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان خوێندنه‌وه‌یان بۆ ئه‌مڕۆ نه‌ده‌کرد. ئه‌گه‌ر یه‌کێتی ئه‌وکات دژی درێژکردنه‌وه‌ی ماوه‌ی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم بووایه‌، بێگومان ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ پارله‌مانی کوردستاندا ڕوویدا، ڕه‌نگه‌ له‌سه‌ر بابه‌تێكی که‌ڵه‌که‌ بووی تر ڕوویبدایه‌.
پارتی حیزبێکه‌، وه‌ك هیچ حیزبێکی دیکه‌ی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ نیه‌، چونکی عه‌شیره‌ت و بنه‌ماڵه‌ و که‌سێك و نه‌وه‌و نه‌وه‌زا کۆنتراکتی ئه‌به‌دیان له‌گه‌ڵدا کردووه‌، ئه‌گه‌ر سه‌یری پۆسته‌ باڵاکان له‌ ناو پارتیدا بکه‌ین، ده‌بینین، باوک و کوڕ و برا و برازا پۆسته‌ باڵاکانی حیزبیان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌، ئه‌گه‌ر له‌ حکومه‌تی هه‌رێمیشدا سه‌یری پۆسته‌ باڵاکان بکه‌ین، به‌هه‌مان شێوه‌ پۆسته‌ باڵاکانی پارتی له‌ ناو حکومتدا، به‌ مسعود بارزانی و کوڕ و برازاکانی دراوه‌.
پارتی له‌گه‌ڵ سه‌ده‌ی بیست و یه‌کدا زۆر نامۆیه‌، ئه‌وه‌ی له‌سه‌ره‌وه‌ باسم کرد، له‌پاڵیدا سه‌ربازگه‌ و له‌شکری تایبه‌تیان هه‌یه‌، بۆ نموونه‌، پێشمه‌رگه‌ی زیره‌ڤانی، وه‌ چه‌ندین لیوای تایبه‌تی کوڕ و برا و برازای مسعود بارزانی له‌ده‌ره‌وه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ بوونیان هه‌یه‌.
له‌ ئێستایشدا برا و برازاکانی مسعود بارزانی بوون به‌ خاوه‌نی زۆرینه‌ی کۆمپانیا گه‌وره‌کانی هه‌رێمی کوردستان بۆ نموونه‌: کۆمپانیای کۆرەک تیلیکۆم و هتد ...
له‌هه‌موو کات و سه‌رده‌مێكیشدا بۆ به‌لا ڕێدابردنی بابه‌ته‌ گرنگه‌کان و ده‌ستکه‌وته‌ نه‌ته‌وه‌یه‌کان پارتی بۆ ده‌ستکه‌وتی حیزبی و بنه‌ماڵه‌یی هه‌وڵی دروستکردنی ئاژاوه‌ و بشێوی له‌ هه‌رێمی کوردستاندا داوه‌، ئیتر به‌لایه‌وه‌ گرنگیش نه‌بووه‌، ئه‌گه‌ر خوێنی ده‌یان هه‌زار خه‌ڵكی ئه‌م هه‌رێمه‌یش بڕژێن.
پارله‌مان و ئیبراهیم خه‌لیل
ئه‌وه‌ی له‌ پارله‌مانی کوردستاندا ڕوویدا که‌ دوو ئه‌ندام پارله‌مانی پارتی هێرشیان کرده‌ سه‌ر ئه‌ندام پارله‌مانێکی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، به‌لای منه‌وه‌ شتێکه‌ و ده‌کرێت رووبدات، به‌ڵام په‌یامه‌که‌ی پشتی ئه‌و ڕووداوه‌ چیه‌ و چی پێ گوتین؟ بێگومان ئه‌وه ده‌ریده‌خات که‌ پارتی نه‌فه‌سی گفتوگۆی نیه‌، وه‌‌ کارێکی به‌ به‌رنامه‌ کراویش بوو، بۆ بێده‌نگکردنی ئه‌ندام پارله‌مان و بچووککردنه‌وه‌ی خه‌ڵکی کوردسیانه‌ له‌ که‌سێکی بچووكدا، وه‌ك چۆن شه‌ڕی ناوخۆیان له‌به‌ر گومرگی ئیبراهیم خه‌لیل دروست کرد و کوردستانیان خوێناوی کرد، تا که‌س باسی داهاته‌که‌ی نه‌کات، وه‌ تا ئێستایش که‌س نازانێت داهاتی گومرگی ئیبراهیم خه‌لیل بۆ كوێ ده‌چێت و چی لێدێت، به‌ وه‌زیری دارای ئێستایشه‌وه‌.


17ی شوبات و شه‌نگاڵ
له‌به‌رامبه‌ر شکاندنی شوشه‌ی خانووه‌کانیان له‌ 17 شوباتدا پارتی سلێمانی خوێناوی کرد، به‌ بڕووای من په‌یامی پشت ئه‌و تاوانه‌ی پارتی له‌به‌ر ئه‌وه‌بوو خۆ پێشاندان ڕوو له‌ هه‌ولێر نه‌کات و خه‌ڵکی هه‌ولێر بیده‌نگ بکات.
ئه‌وهێزه‌ی له‌ حه‌ڤده‌ی شوباتیشدا شه‌قامی سلێمانیان له‌ خوێندا سورکرد، ئه‌و هێزه‌ی جوڵه‌ی پێکرا بۆ سه‌رکوتکردنی سلێمانی، هه‌مان ئه‌و هێزه‌ بوون، به‌ ئاشکرا ڕێگه‌یاندا به‌شێك له‌ جه‌سته‌ی نیشتیمان ئه‌تککرێت! هه‌مان ئه‌و هێزه‌یش بوون سلێمانی فریایان که‌وت!
ئه‌گه‌ر ئه‌و هێزه‌ی پارتی هێنده‌ی سورکردنی شه‌قامه‌کانی سلێمانی به‌رگریان له‌ کوردانی یه‌زیدی بکردایه‌، شه‌نگال ئاوا خوێناوی نه‌ده‌بوو. وه‌ دوواتر بینیمان له‌لایه‌ن‌ ده‌هۆڵ ژه‌نه‌کانی حیزبه‌وه‌، هه‌وڵدرا ئه‌و پرسه‌ له‌ تاکتیکێکدا بچوك بکرێته‌وه‌.
ڕوداوه‌کانی شه‌نگاڵ و ناوچه‌کانی ده‌روبه‌ری زۆر شتیان باسکرد، که‌ له‌سه‌ره‌وه‌ی باسکردندا بوون، وه‌ زۆر
شتیان پێ گوتین که‌ خۆمان چاوه‌ڕێمان نه‌ده‌کردن، وه‌ زۆر شتیشی بۆ هێناین چاوه‌ڕێی نه‌بوین.

ئه‌وه‌ی که‌ خۆمان چاوه‌ڕێمان نه‌ده‌کرد، ئه‌وه‌ بوو به‌ هه‌زاران پێشمه‌رگه‌ به‌بێ ته‌قاندنی فیشه‌کێك سنورێکی گه‌وره‌یان چۆڵکرد، به‌و هۆیه‌وه‌ سه‌دان هه‌زار خێزان ده‌ربه‌ده‌ر و ئاواره‌ بوون، سه‌دان ئافره‌تیش ده‌ست درێژی سێکسیان کرایه‌ سه‌ر و شوێن بزر بوون. ‌
ڕۆژ ئاوای کوردستان
له‌ ماوه‌ی رابردودا پارتی هه‌وڵێکی زۆریدا تا دوو ئیداره‌یی و دوو له‌شکری له‌ رۆژ ئاوای کوردستاندا دروست بکات، زۆر ڕێگای تاقی کرده‌وه‌: برسی کردنی کوردی ڕۆژ ئاوا، داخستنی سنووری نێوان باشور و ڕۆژ ئاوا، لێدانی خه‌نده‌ق له‌ نیوان باشور و ڕۆژ ئاوا و هتد ...
ئه‌وه‌ی له‌سه‌روه‌ باسم کرد ته‌نیا نموونه‌یه‌ک بوون له‌وه‌ی پارتی دیموکراتی کوردستان، له‌ پێناو مانه‌وه‌ی باڵای یه‌ك حیزب و یه‌ککه‌س و بنه‌ماڵه‌ و عه‌شیره‌ت له‌سه‌رووی نیشتیمان و نه‌ته‌وه، ‌په‌نا بۆ هه‌موو شتێك ده‌بات. وه‌ك چۆن له‌ 31ی ئابدا په‌نای بۆ ڕژێمی به‌عس برد، بۆ لێدانی یه‌کێتی، په‌نای بۆ تورکیا برد بۆ لێدانی په‌که‌که‌ و یه‌کێتی، په‌نای بۆ تیرۆر کردنی سه‌رده‌شت عوسمان و سۆرانی مامه‌ حه‌مه‌ برد بۆ بێده‌نگککردنی ڕۆنامه‌نووس و نووسه‌ران و هتد ... هه‌ر بۆیه‌ له‌ ئیستادا له‌ پێناو مانه‌وه‌ و درێژکردنه‌وه‌ی ماوه‌ی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم پارتی په‌نا بۆ ئاگریش ده‌بات.
به‌بڕووای من پارتی نه‌فه‌سی گفتوگۆی نیه‌، بابه‌تی عه‌قڵانی لای پارتی قوفڵه‌، ‌ ماوه‌ی زیاتر له‌ نیوسه‌ده‌یه‌‌ پارتی نه‌یتوانیوه‌ گۆڕانکاری له‌ خۆیدا بکات و که‌سێکیتر به‌ سه‌رۆكی حیزب دابنێت، بۆیه‌ پارتی حیزبێکه‌ ده‌بێت به‌هه‌ر ڕێگایه‌ک بێت عه‌قڵی بگۆڕدرێت، چونکی خۆی ناتووانێت خۆی بگۆڕێت.

ئاکۆ میره‌یی
به‌لجیکا

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە