کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


مەلا مستەفا چۆن ویستی ئەفسەرە ئێرانیەکان ڕادەستی (شا) بکاتەوە؟! لە دیدی مەلا مستەفاوە (قازی محەمەد) خائین بووە !

Thursday, 20/06/2013, 12:00






یەکێک لە کێشە هەرە گەورەکانی کۆمەڵگای کوردی ئەوەیە چەندین سمبولیان بۆ دروست کردووە کە شانازیان پێوە ئەکەن و خۆشیان ئەوێن . مرۆڤ لە ئێستا ناوێرێت دەستیان بۆ بەرێت بەڵام بەو هیوایەی لە ئایندە ئەو ئازایەتیەمان تیابێت بتوانین دەست بۆ هەموویان بەرین و مێژووەکان وەک خۆی بن...وسینەوە .
خۆ ئەگەر ئێمە ئەو ئازایەتییەمان تیا نەبوو بەو هیوایەی کەسانێک لە داهاتوو دروستببن وەک ئێمە ترسنۆک نەبن و دەست بۆ هەمووشتێک بەرن .
 کورد نە لە سەردەمی هاتنی ئیسلام بەبێ هاوکاری خۆی داگیرکراوە و کراوا بە مسوڵمان . نە لە سەردەمی عوسمانی و سەفەوی بەبێ جاشایەتی خۆی دابەش کراوە. نە لە دوای جەنگی جیهانی یەکەم بەبێ هۆ سەر لە نوێ دابەشکراوەتەوە .
 لە هەموو ئەمانە خۆمان هۆکار و هاوبەش بووین و بە دەستی خۆمان خاک و خەڵکەکەی خۆمان لە سەر خواستی خۆمان ، خۆمان ژێر دەستە کردووە . زۆر ڕەخنە هەیە لە سەر (قازی محەمەد) لێ وەک ووتمان بندە لە ئیستا ناوێرم دەستیان بۆ بەرم .بەڵام سادەترین ڕەخنەیەک لە ئێستا هەڵوێستەی لە سەر بکەین ئەوەیە لە کاتێک چەندین ئەفسەری کورد لە باشور ڕوو لە کۆمارەکەی ئەکەن دەسەڵاتیان ناداتێ هێزێکی مونەزەمی سەربازی دروست بکەن . کەچی مەلا مستەفایەکی عەشایەر ئەکات بە جەنەڕاڵ ؟! پشت بە ئاغا و دەرەبەگ و عەشیرەت و فێوداڵی کورد ئەبەستێت ؟!).

کاتێک ڕوسەکان دەستیان بە بەرژەوەندیەکانیا ئەگات و ئەوەی ئەیانەوێت لە ئیران بە دەستی دێنن ئیدی گڵۆپی سەوز بۆ سوپای ئێرانی هەڵئەکات کە پەلاماری (کۆماری ئازرباینجان و کۆماری مهاباد)بدات . لەگەڵ جوڵاندنی هێزەکانی سوپای ئێرانی بەرەو ئازرباینجان ، زۆربەی ئەو عەشیرەت و ئاغا و دەرەبەگەی (قازی) پشتی پێبەستوون ، پێشی سوپای ئێرانی ئەکەون و پەلاماری ئازرباینجان ئەدەن و لە(23/11/1946) سوپاى داگیركار ئەگەنە (زەنجان) . هەندێکیشیان هەر زوو خۆیان ئەپێچننەوە و ئەچن بۆ عێراق وەک حاكمى نەغەدە (سەید ئەحمەد) !
كاتێك زانرا سەركردەكانى كۆمار شەڕ ناكەن، ماڵە بارزانیەكان لە دەورو بەرى میاندواو كشانەوە بەرەو ناوچەكانى نەغەدەو شنۆو مامەشو پیران بۆ نزیك بوونەوە لە سنوور . ئەوە بۆ من سەیر نیە چونکە هەمیشە عەشیرەت و فێوداڵی کوردی شتێکی نیە بە ناوی پاراستنی بەرژەوەندی نەتەوەیی . ئەوەی هەیەتی پاراستنی دەسەڵاتەکەی خۆیەتی ئیدی هەر کەس پێی ببەخشێت . لە ماوەی ئەو یەک ساڵەی کۆماری مهاباد ئەمانە ناشرینترین نمونەکانی ئەو کۆمارە بوون کە کاریان گەندەڵی و چەوساندنەوەی خەڵکی بووە . ئەو (5) ئەفسەرە کوردەش لە دوای خۆ بە دەستەوەدانی (کۆمار) ئەگیرێن و ڕادەستی حوکمەتی عێراقی ئەکرێن و (4)یان لێ ئیعدام ئەکرێت . مەلا مستەفا و بارازانیەکان و هەندێک کوردی باشور ئەمێننەوە .
شتێک هەیە مرۆڤ بە ویژدانەوە دەبێت باسی بکات ئەویش هەڵوێستی (شێخ ئەحمەدی بارزانە) برا گەورەی مەلا مستەفا ، ئەم پیاوە دور یان نزیک کەسێکی سیاسی نەبووە هەرگیزیش نەیویستووە مەلا مستەفا کاری سیاسی بکات . بەڵام کەسێکی زۆر ڕاستگۆ و دڵسۆز بووە بەرامبەر ئەوەی کە خۆی بڕوای پێیبووە . ئەم پیاوە لە ساڵی (1961)یش دژی ئەوە بووە مەلا مستەفا دژی (عەبدول کریم قاسم) شەڕ بکات تەنانەت لە ڕێگای ڕادیۆی عێڕاقیشەوە ئەو ساڵە داوای لە بارزانیەکان کردووە دوای (مەلا مستەفا) نەکەون . هەر ئەمەشە (مەلا مستەفا) لەو ناوچەیە گیر ئەخوات و (شەهید عەلی عەسکەری) ئەچێت بە هانەیەوە و ڕزگاری ئەکات لە سەر داوای (مەکتەبی سیاسی ئەو کاتی پارتی) . کاتێک سوپای ئێرانی دەیانەوێت بچنە (خانێ) پەلاماری ئەو ناوچانە ئەدەن (شنۆ و نەغەدە) کە بارزانیەکان و کوردانی باشوری لێیە ناتوانن سەرکەوتن بە دەست بێنن . بۆیە نوێنەرێک ئەنێرن (سەرهەنگ غەفاری) و داوا ئەکەن (مەلا مستەفا) بچیت بۆ تاران ، شێخ ئەحمەد بەمە ڕازی ئەبێت . ڕۆژی (20-12-1946) مەلا مستەفا لە نەغەدە بەڕێ ئەکەوێت بۆ (مهاباد) . ڕۆژی (21-12-1946) لە لایەن (سەرتیپ هیومانی) بەڕێ ئەکرێت بۆ تاران .
لەو ماوەیەی (مەلا مستەفا) لە تاران ئەبێت چەندین جار (سەرهەنگ غەفاری) لەگەڵ (شێخ ئەحمەد) کۆ ئەبێتەوە داوای لێئەکات ئەفسەرە ئێرانیەکانیان تەسلیم بکەنەوە و ڕێگایان بدەن بچنە (خانێ)و چەکە گەورەکانیان تەسلیم بکەنەوە . ئەویش ڕازی نابێت و ئەڵیت بە هیچ شێوەیەک (ئەفسەرە ئێرانیەکان) تەسلیم ناکەمەوە تا لێبوردنی گشتیان بۆ دەرنەکەن ئەوانە روویان لە ئێمە کردووە و مان و نە مانیان بە ئێمە بەستۆتەوە . ڕێگەشتان نادەین بچنە (خانێ) و چەکیش تەسلیم ناکەینەوە تا نەزانین نوێنەرەکانمان لە تاران لە سەر چی ڕێکەوتوون . ئێرانیەکان زۆر پەلەیانە بچنە (خانێ) بۆیە (سەرتیپ هیومانی) داوا ئەکات چاوی بە (شێخ ئەحمەد) بکەوێت و بۆ ئەم مەبەستە دێتە (نەغەدە) ، (شێخ ئەحمەدیش) لە شنۆوە دێتە (نەغەدە) و لە (19/2/1947)کۆئەبنەوە ، (هیومانی) پێی دەڵیت:مەلا مستەفا لەگەڵ (شا) ڕێکەوتووە و ئەفسەرەکانمان تەسلیم بکەنەوە و چەکەکانتان تەسلیم بکەنەوە و ئەتان بەین بۆ شوێنێک خواردن و شتان ئەدەینێ تا حوکمەتی عێراقی عافواتێکتان بۆ دەردەکات).

(شێخ ئەحمەد) ئەڵیت : تا ئەو وەفدەی ناردومانەتە تاران نەگەڕینەوە و بزانین (شا) چیمان بۆ ئەکات من بڕیار نادەم . (هیومانی) بەمە ڕازی ئەبێت و ئەڵیت: قسەکەت مەعقولە پاش چەند ڕۆژیکی تر وەفدەکەتان ئەگەڕێتەوە . بەڵێ (هیومانی) ڕاست ئەکات و دوای چەند ڕۆژێک مەلا مستەفا دەگەڕیتەوە (نەغەدە) . بزانین لە دەمی (مەلا مستەفا) خۆیەوە پێمان ئەڵیت ئەو ماوەیەی لە تاران بووە لە کوێ بووە و چی کردووە ؟ مەلا مستەفا ئاوا ئەو ڕۆژانەو کۆبونەوەکەیمان لەگەڵ (شا) بۆ ئەگێڕیتەوە : کاتێک چوومە (تاران) زیاتر لە مانگێک لە سەربازگەیەک دانرا بووین وەک دەست بەسەر، (هەر چەند ڕۆژێك یەكێك دەهات گوایا فێرم دەكەن لەو كاتەى دەڕۆمە لاى شا دەبێ چۆن دەستى ماچ بكەمو سەرى بۆ دابنوێنم، بەڵام كە زانیان دەستى ماچ ناكەمو سەریشى بۆ دانانەوێنم) چونکە (سەر دانەواندن تەنها بۆ خودایەو بەس، بۆم ئاشكرا بوو نامبەن بۆ لاى شا، ناچار بوین لەگەڵ یەكێك لە ئەفسەرەكان ڕێك كەوتین بەپارە شەو بۆ ماوەى یەك دوو كاتژمێر ڕێگا بدات بڕۆمە دەرەوە بەم شێوەیە شەوێك دەرچوومو خۆم گەیاندە باڵوێزخانەى ئەمریكا لەوێ چاوم بە باڵویز كەوت ماوەى یەك كاتژمێر لەگەڵى دانیشتم بەڕاستى ئەوەى لە دڵمدا بوو بەووردى پێم گوتو پێم ڕاگەیاند ئینجا بە پەلە گەڕامەوە، بۆ ڕۆژى دووەم (قەوام السەلتەنە) بەخۆى هاتە لامو پێى گوتم ئامادە بە بڕۆینە لاى شا ئەوەبوو ڕۆیشتینە دیوانى شا بە ڕێزەكى زۆرەوە پێشوازى لێ كردم لە دواییدا بە سەرۆك وەزیرانى گوت زوو كارەكانى مەلامستەفا ڕێك بخەن.
لەكۆتایى قسەكانیدا هەندێ پرسیاریان لێكردن، شێخ سلێمانى برازاى خۆى پرسى: (مام دەربارەى ئەو ماڵو منداڵانەى ئاوارە چیتان كردوە بڕیارى چیتان لەسەر داوە؟).
گوتى: (لەو بارەیەوە ڕێك كەوتوین ڕێگایان بدەین بڕۆنە سەر سنورى خانە، چەكە گرانەكانیان بدەینە دەستیان ئیرانیەكانیش خۆیان بدەنەوە دەستى حكومەتەكەیان، ئەوانیش ئێمە لە شوێنێك جێنشین دەكەن خواردنو خۆراكو پێویستیەكانمان بۆ ڕێك دەخەنو هەوڵ دەدەن لەگەڵ عێڕاق بەڵكو عفومان بكەن).
سلێمان بەگ پرسى: (جەنابى بارزانى دەربارەى پێشەواو هەواڵەكانى ئەوانەى گیراون باسێكتان لەگەڵ نەكردن داهاتویان بەچى دەگات؟).
گوتى: (سلێمان بەگ داهاتووى ئەوانە هەر لە سێدارەدانە ئەوان بە خائین تاوانبار كراون باسى چیان بكەین نابوو باسیان لەگەڵ بكەم!).

ئێستا ئێمە ئەپرسین ؟ 1- مەلا مستەفا لە (20-12-1946) (نەغەدەی) بەچێهێشتووە و هەتا کۆتایی مانگی (2-1947) لە تاران بووە . نزیکەی (2 مانگ و 10) ڕۆژ لە تاران بووە . ئەگەر (1) مانگ دەست بە سەر بووە ئەی ئەو (1 مانگ و 10) شەوەی تر دوای ئەوەی (شای) بینیووە خەریکی چی بووە و لە کوێ بووە ؟!

2- کاتێک ئەچێتە باڵوێزخانەی (ئەمەریکا) و بالوێز ئەبینێت بە چ زمانێک هەموو قسەکانی خۆی پێ دەڵێت ؟ خۆ مەلا مستەفا ئینگلیزی نازانێت ؟! ئەو کاتەش فارسی نازانێت ؟! بە چی توانیویەتی هەموو دەردە دڵەکانی خۆی باس بکات ؟ ئەمانە لە وەفدەکەی کە چوون بۆ (تاران) لەگەڵی بوون بەس نازانم ئەو شەوە ئەیان بات بۆ باڵوێزخانەی (ئەمەریکا) لەگەڵ خۆی ؟ (عزت عبدالعزیز, میرحاج ئەحمەد، نورى ئەحەمد تەها، حمدامین میرخان، خالد بارزانى، جمیل تۆفیق).

 3- وەک ئەبینن ئامادەی هەمووشت بووە بیکات بۆ (شا) تەنانەت باکی بەو ئەفسەرە ئێرانیانەش نەهاتووە و ئامادەبووە تەسلیمیان بکات و ئیعدام بکرێن .

4- چۆن لە قازی ڕووانیووە ؟! لە پێناوی پاراستنی خۆی مادام لای ئێرانیەکان خائین بووە ئیدی ئەم هەر بە پیویستیشی نەزانیوە باسیشی بکات ! لە کاتێک ئەگەر ئەمە وەک خۆیان ئەڵین کوردایەتی کردووە ، ئەگەر قەرار بوو بە هەموو داوایەک ڕازی ئەبوو ، دەبوایە جەختی لە پاراستنی ڕۆحی ئەو پیاوە و ئازاد کردنی بکردایەتەوە تەنها هیچ نەبێت وەک وەفایەک . دەبوو ئەوە تاکە داوای (مەلا مستەفا) بێت و جەختی لە سەر بکردایەتەوە ، بە پێچاوەنەکەشیەوە بە هیچ شتێک رازی نەبووایە . ئیدی لێرە خۆتان ئەتوانن بزانن ئەم پیاوە چی بووە تەنانەت ئامادە نەبووە بە ووشەیەک باسی بکات و قسەی داگیرکەرانی دوبارە کردۆتەوە کە لای ئەوان مادام (قازی) خائینە کەواتە خائینە و ئەویش لە ناخی خۆی بە خائینی زانیووە !!!

شایەنی باسە (شێخ ئەحمەد) بەم ڕێکەوتنە زۆر توڕە ئەبێت و پێی ڕازی نابێت و (مەلا مستەفا)ش ناتوانێت لە قسەی ئەم پیاوە دەربچیت و بە ناچارای ئەکشێننەوە و دێنەوە ناو خاکی عێراق . (شێخ ئەحمەد) لەگەڵ ماڵە بارزانیەکان خۆی تەسلیم ئەکاتەوە و (مەلا مستەفا) و هەندێک لە چەکدارەکان لە بادینان چاوەڕێن حوکمەتی عێراقی عافواتیان بۆ دەربکەن و خۆیان تەسلیم بکەنەوە ، بەلام حوکمەتی عێراقی عافواتیان بۆ دەرناکەن . خۆ ئەگەر عافواتی بۆ دەر بکردنایە ئەم کابرایە خۆی تەسلیم ئەکرد و ئیدی کاری تەمام شود ئەبوو. ئەوەی وا لەم کابرایە ئەکات رووبکاتە سۆڤێت ناچاریە نەک کورد پەروەری .
تێبینی: مەلا مستەفا کە لە (سابڵاخەوە) دیتە (نەغەدە) لە سەر ڕێگای گشتی نە(نەغەدە) لا ئەدات و لە ماڵیک جلی (جەنەراڵیەکەی) دائەکەنێت و جلی کوردی لەبەر ئەکات ! دەریئەخات ئیدی ئیشی بەوە نەماوە و چاوەڕێیە کەسێک ئەرکی تری پێببەخشیت ! لەو کۆبونەوەی لەگەڵ (شا) دەریئەخات ئەرکەکەی پێ سپێدراوە بەس (شێخ ئەحمەد)ی برای ڕازی نابێت .
ئەفسەرەکانی ئیعدام کران :عزت عبدول عەزیز ، مستەفا خۆشناو ، خیروڵڵ عبدالکریم ، محەمەد قودسی .

سەرچاوە:بیرەوەریەکانم زرار سلێمان بەگ دەرگەڵەیى 1943ــ 1977
٢- کورد گەلی لە خشتەبراوی غەدرلێکراو(د.گوینتەر گێشنەر).

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە