پارتی ئه‌م جاره چۆن بهساختهچێتییهکی نوێ بویه‌وه یه‌که‌م؟
Thursday, 26/09/2013, 12:00
پارتی دیموکراتی کوردستان، کهنه پارته، نه دیموکراته و نه بۆ کوردستانییشه، ئه‌م جاره‌ش، دوای ئه‌و هه‌موو بێویژدانی و فرتوفێڵانه‌ی که‌به درێژایی ٢٠ ساڵی ڕابردوو دژبه کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان ئه‌نجامیداوه، دیسانه‌وه پله‌ی یه‌که‌می به‌ده‌سهێنا له هه‌ڵبژاردنێکدا که سه‌رتاپای گوماناوی و فرتوفێڵبوو. فرتوفێڵی ئه‌مجاره‌ی پارتی، ئه‌توانم بڵێم، ئه‌مه‌نده له ئاستێکی به‌رزدابوو، له ڕووی پلان و جێبه‌جێکردنه‌وه‌وه، ناکرێ خودی پارتی خۆی نه‌خشه‌كێشی ئه‌و پلانه‌ی کردبێ، ته‌نها پسپۆڕی بیانی و ئه‌زمووندار توانای ئه‌ندازه‌کردنی ئه‌و جۆره پلانانه‌یان هه‌یه. پلانه‌که له چه‌ند خاڵێکدا دیوه شاراوه‌کانی خۆی هه‌ڵدایه‌وه:
- دڵنیاکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک له دووباره‌نه‌بوونه‌وه‌ی ساخته‌کاری به هێنانه‌کایه‌ی ئامێرێکی چینی و ناساندنی وه‌ک مۆری ئه‌لیکترۆنی، پاشان به‌کارهێنانی ئه‌و ئامێره بۆ ساخته‌کارییه‌کی بێوینه بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی. پاش که‌مێکی تر باسی ڕۆڵی ئه‌و ئامێره ده‌که‌ین بۆ سه‌رخستنی پارتی.
- دڵنیاکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی هه‌رێم به پێدانی ته‌نها ٣٥ بۆ ٣٧ کورسی به‌خۆی.
- بێده‌نگکردنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به پێدانی ١ بۆ ٢ کورسی زیاده له‌جاری پێشوو.
- پاشان ده‌نگدانێکی زۆر به لیسته سێبه‌ره‌کانی خۆی، وه‌ک لیستی تورکمانه‌کان که لیستێکی ساخته‌یه و له‌لایه‌ن کۆمه‌ڵێک خۆفرۆشی تورکمانه‌وه سه‌رپه‌رشتیی ده‌کرێ.
- ڕێککه‌وتن له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ی تاڵه‌بانی بۆ ئه‌گه‌ری دۆڕانیان له ده‌ڤه‌ری سلێمانی.
با پێكه‌وه بزانین ئه‌و خاڵنهی سه‌ره‌وه چین و بۆچی گرنگبوون بۆ سه‌رکه‌وتنی پارتی؟
- ڕۆڵی مۆری ئه‌لیکترۆنی له سه‌رخستنی پارتییدا
پێش هه‌موو شتێک، ته‌نها و ته‌نها سوودی ئه‌م مۆره ئه‌وه‌بوو که، ڕۆژ، کات و ناوی بنکه‌ی ده‌نگدانی ده‌دا له کارتی ده‌نگه‌کان. به‌ڵام، گرنگیی زانیارییه‌کی وا بۆچیییه؟! بۆچی کارته‌کان ده‌بێ زانیارییه‌کی وای لێبدرێ؟ ته‌نها یه‌ک سوود بهدیئهکرێ له‌م جۆره زانیارییه، ئه‌ویش دڵنیاکردنه‌وه، یاخود بێده‌نگکردنی پارت و لایه‌نه‌کانی تربوو به‌وه‌ی که گوایه ئه‌م مۆره ڕێگره له تێکه‌ڵاوکردنی ده‌نگی ساخته‌ی ده‌ره‌کی، له ده‌ره‌وه‌ی بنکه‌ی ده‌نگه‌کان. پارتی به‌شێوه‌یه‌کی زۆر سه‌رنجڕاکێش خۆی دوورخسته‌وه له‌و ڕاستییه‌ی که خۆی له‌پشت هێنان و به‌کارهێنانی ئه‌م ئامێرانه‌وه بوو و ته‌نانه‌ت خۆی واده‌رخست که ئه‌و زۆر له‌گه‌ڵ به‌کارهێنانیشیان نه‌بوو! هه‌روه‌ک ئه‌بووه دواخستنی ده‌نگدان. وشه‌ی "مۆر" واته هێمایه‌ک که نه‌توانرێ به‌ئاسانی دوباره بکرێته‌وه و ساختهبکرێ، ده‌نا نوسینی هه‌مان زانیاری به‌ده‌ست زۆر ئاسانتر و خێراتر ئه‌بوو بۆ سه‌رپه‌رشتکارانی بنکه‌ی ده‌نگدانه‌کان. ئه‌وه‌ی که پارت و لایه‌نه‌کانی مهستکردبوو، ده‌سته‌واژه‌ی "مۆری ئه‌لیکترۆنی" بوو، به‌شێوه‌یه‌ک که هه‌ندێک لایه‌ن بێئاگایی و گه‌مژه‌یی خۆیان هه‌رزوو خسته‌ڕوو، به لێدوانی زۆر پێکه‌نیناویی، وه‌ک "ئه‌گه‌ر هه‌ر بنکه‌یه‌ک مۆری ئه‌لیکترۆنی لێنه‌بێ، ده‌نگه‌کانی ژمێر ناکرێن!". بۆ ئه‌و کهسانهمان که پسپۆڕن له‌بواری زانسته بیردۆزه‌یی و ئه‌ندازه‌کانی کۆمپیوته‌ر، ئه‌زانین که ئه‌و ئه‌وه‌ی ئه‌و ئامێره ده‌یدا له کارته‌کان، مۆر نه‌بوو، به‌ڵکو زۆر به‌ئاسانی ده‌کرا مۆرێکی هه‌مان شێوه به هه‌چ ئامێرێکی هاوشێوه، وه‌ک پرینته‌ر، دروستبکرێ به‌شیوه‌یه‌ک که، نه‌ک هه‌ر ناو، کات و شێوێنی بنکه‌ی ده‌نگدان، به‌ڵکو به‌شیوه‌یه‌کی سیسته‌ماتیک ساختهبکرێ که ده‌رئه‌نجامی ده‌نگه‌کان زیاتر نه‌بن له‌وه‌ی که دهوسیترێ. پرسیارێک لێره‌دا دێته پێش، باشه وا توانیمان ئه‌و به‌ناو مۆره ساخته بکه‌ین، ئه‌ی دوا ئه‌وه چی؟ چۆن ده‌نگه‌کان بگه‌ێینه بنکه‌کان؟ له‌وه‌ڵامدا، پێست نه‌بوو ده‌نگه ساخته‌کان بگه‌ێنرێنه بنکه‌کان! چونکه له‌م ده‌نگدانه بێوێنه کهربازاڕییهدا، ده‌نگه‌کان ده‌گوازرێنه‌وه بۆ بنکه‌یه‌کی تر! بۆچی؟! چۆن پارته‌کان ڕازیبوون به ههنگاوێکی گوماناوی و ناپێویستی وا؟! ئه‌وه ته‌نها و ته‌نها گه‌مژه‌یی پارت و لایه‌نه به‌شداربووه‌کان ده‌رده‌خا و هیچ تر! پارتی به ده‌نگی مۆری ئهلیکترۆنیکراوی ئاماده‌کراوه‌وه ئامه‌ده‌بوو بۆ ئاڵوگۆڕکردنی ده‌نگه‌کان، کاتی گواستنه‌وه‌یان له بنکه‌کانی ده‌نگدانه‌وه، بۆ بنکه‌کانی جیاکردنه‌وه‌ی ده‌نگدان!
- پێدانی ته‌نها ٣٥ بۆ ٤٠ کورسی به‌خۆی
خاڵێکی تری پلانه‌که‌ی پارتی، پێدانی ڕێژه‌کی ده‌نگه‌کان، که نه‌ک زۆر و گوماناویی بێ، نه که‌م که دوایی ببێته کێشه بۆ پێکهێنانی حکومه‌ت و به‌رده‌وامبوونی له ده‌سه‌ڵات. نه‌ده‌کرا پارتی له ٤٠ کورسی زیاتر بدات به‌خۆی. چونکه زیاتر له ٨٠%ی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی هه‌رێم زۆر تووڕه‌ن له بنه‌ماڵه‌ی بارزانی، هه‌روه‌ک به ئاشکرا نه‌وت و بازاڕی هه‌رێکی کوردستانیان کۆنترۆڵکردووه بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان. خههڵک تووڕه‌ن و ته‌نها خۆ مهغدوورکردن فریای پارتی ده‌که‌وێ. ئه‌گه‌ر پارتی ده‌نگی زۆرینه نه‌هێنێ و له‌ده‌سه‌ڵاتیش بمێنێته‌وه، ئه‌وه سه‌رکه‌وتنێکی ئێجگار گه‌وره‌یه بۆ بنه‌ماڵه و پارتی. ئه‌م هه‌نگاوه تائاستێک خه‌ڵکی هێور کرده‌وه.
- بێده‌نگکردنی بزووتنه‌وه هیلاکه‌که‌ی گۆڕان
ههنگاوێکی گرنگی تری ئه‌م نه‌شه‌یه‌ی پارتی، بێده‌نگکردنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بوو. هه‌رچه‌نده گۆڕان کیشه‌ی سایکۆلۆجی هه‌یه له‌گه‌ڵ ده‌موچاوه موتهحهججیرهکانی هه‌ڤاڵانی یه‌كێتی دوای مردنی مام جه‌لال، به‌ڵام پارتی نه‌یتوانیوه سووئیستفاده له‌م دۆخه بکا و به‌کاری بێنێ بۆ هێورکردنه‌وه‌ی گۆران، هێورکردنه‌وه‌ی له ڕه‌خنه‌گرتن و دژایه‌تییکردنی سیاسه‌تی پارتی له ده‌سه‌ڵات. ئاسانتر له‌و ڕێگه‌یه، پێدانی یه‌ک دوو کورسی زیاتر له ٢٥ کورسییه‌کی جاری پێشوو، به گۆڕان و به‌و شێوه به شیوه‌یه‌کی کاتیی بێده‌نگی کرد. هه‌نگاوی دوای ئه‌م بێده‌نگکردنه کاتییه، کوشتنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانه له باوه‌شێکی مردن‌دا. باوه‌شی مردن death hug شێوازێکی تاکتیکی و سیاسییه بۆ بێده‌نگکردن و دواجار توانه‌وه‌ی لایه‌نێکه له‌لایه‌ن سیسته‌مێک یان ده‌سه‌ڵاتێکه‌وه. له وڵاته غهربهکان ئه‌م شێوازه بۆ ڕێکخراوه ئاینیی و توندڕه‌وه‌کان به‌کار دێنن به‌شێوه‌یه‌ک که، ڕیگه ده‌ده‌ن به ڕێکخراوه‌که کاری ئاسایی خۆی بکا تا ئه‌و کاته‌ی دائه‌مرکێته‌وه و ڕه‌نگ و بۆی سیسته‌می ده‌سه‌ڵاتدار ده‌گرێ. بۆ نموونه، له‌بری قه‌ده‌غه‌کردنی ئاینی ئیسلام له وڵاته غهربهکان، ته‌نانه‌ت مزگه‌وتیشیان بۆ دروست ده‌که‌ن، چونکه دڵنیان له خۆیان که سیسته‌مه‌که‌یان پێشکه‌وتووتره له‌و ئاینه و دواجار زۆرینه‌ی موسڵمانه‌کان قه‌بووڵی ده‌که‌ن. به‌ڵام باوه‌شی مردنی پارتی بۆ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان زۆر جیاوازه؛ پارتی دڵنیایه له‌و سیسته‌مه گه‌نده‌ڵه‌ی که‌به درێژایی ٢١ ساڵ دروستی کردووه و ده‌زانێ که گۆڕان نه‌ک ههرناتوانێ دایڕمێنێ، به‌ڵکو خۆشی ڕنگ و بۆی ئه‌و سیسته‌مه ده‌گرێ، ئه‌گه‌ر هاتوو بویه به‌شێک له ده‌سه‌ڵات. که‌واته، دوو کورسی زیاده و باوه‌شی مردن بۆ توانه‌وه‌ی یه‌کجاره‌کیی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان.
- ده‌نگدانی ساخته به لیسته سێبه‌ره‌کانی خۆی
ئه‌گه‌ر پارتی ته‌نها ٣٥ بۆ ٤٠ کورسی بدا به‌خۆی، باشه چۆن له‌ده‌سه‌ڵات بمێنێته‌وه؟ وه‌ڵامێکی کورت، کورسی لیسته سێبه‌ره‌کانی خۆی، وه‌ک لیستی تورکمان و که‌مایه‌تی و لیستی به‌ناو سه‌ربه‌خۆکان. لێره‌وه پارتی زیاتر له ١٠ کورسی بۆخی مسۆگه‌ر کرد. بێئه‌وه‌ی که‌ش زویر بکات له‌خۆی، چونکه به‌م شێوه که‌س ناتوانێ هیچ بڵێ و لایه‌نه‌کان به بێده‌نگی ده‌مێننه‌وه. ئه‌گه‌ر له په‌رله‌مانی داهاتوودا ده‌نگی زۆرینه درا به هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی بارزانی بۆ دوو خولی تر، ئه‌وا گوناهی پارتی نییه، چونکه پارتی ته‌نها ٣٥ بۆ ٤٠ ده‌نگی هه‌یه! لیستێکی تورکمانی زیاتر له ٤ کورسی بۆ خۆی مسۆگه‌ر کردووه! چۆن؟ ده‌نگی تایبه‌ت.
- ڕێککه‌وتنی پارتی و یه‌کێتی له‌سه‌ر ئاستی بنه‌ماڵه
دیاره پارتی ناتوانێ بێ یه‌كێتی به‌رده‌وامبێ له گه‌نده‌ڵی. ئیتر ئایا یه‌کێتی وه‌ک ئۆپۆزیسیۆن یان وه‌ک ده‌سه‌ڵات، هیچ جیاوازییه‌کی نییه بۆ ئه‌م هه‌مه‌ئاهه‌نگییه. ئه‌مڕۆ یه‌کێتی، دوای مردنی مام جه‌لال، جه‌ماوه‌ر و لایه‌نگرانی هیچ گرنگ نه‌ماون بۆی. ده‌سه‌ڵاتی چه‌کداری هه‌یه و ڕێککه‌وتووه له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی پارتی، وه‌ک ده‌سه‌ڵاتێکی تری بێجهماوهری چه‌کدار. هه‌ربۆیه پێش هه‌ڵبژاردن، کۆبوونه‌وه‌ی کتوپڕیان ئه‌نجامدا بۆ ئه‌گه‌ری به‌رزی پشێویی له‌لایه‌ن بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌که‌یان به‌دڵ نه‌بوو. ئایا ڕێککه‌وتوون که یه‌کێتی ده‌نگی زۆر نه‌هێنێ و ببێته ئۆپۆزیسیۆن؟ یان مانه‌وه‌یان له داموده‌زگاکانی ئێسات وه‌ک هێزێکی چه‌کداری کارتۆنیی؟ وه‌ڵامی ئه‌م جۆره پرسیارانه گرنگ نیین. چونکه یه‌کێتی ده‌سه‌ڵات و جه‌ماوه‌ری بۆ گرنگ نییه، ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئاستی بنه‌ماڵه دهسخاته نێوده‌ستی پارتی.
له کاتی گواسته‌نه‌وه‌ی ده‌نگه‌کاندا، چه‌کداره‌کانی پارتی و یه‌کیتی سه‌رپه‌رشتی گوێزانهوهکانیان کردووه! ئاڵوگۆڕکردنی ده‌نگه‌کان به ده‌نگی مۆرکراوی ئاماده، کارێکی زۆر زۆر ئاسان بووه بۆ هه‌ردوولا.
بۆ هێورکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی هه‌رێمی کوردستان و دوورخستنه‌وه‌ی ئه‌گه‌ری ڕاپه‌ڕین، پارتی، به هاریکاریی یه‌کێتی دوای مردنی مام جه‌لال، هه‌ڵسانه به:
- بێده‌نگکردنی گۆڕان به سه‌رخستنی له سلێمانی.
- که‌مکردنه‌وه‌ی ده‌نگی یه‌کێتی بۆ بێده‌نگکردنی ده‌ڤه‌ری سلێمانی.
- سنووردارکردنی ده‌نگه‌کانی پارتی به شێوه‌یه‌ک که له نێوان ٣٥ بۆ ٤٠ کورسی پێبدرێ.
- سه‌رخستنی لیسته سێبه‌ره‌کانی پارتی، وه‌ک لیسی تورکمانه‌کان، بۆ مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی پارتی له په‌رله‌مان و تێپه‌ڕاندنی ده‌ستوورێک که به‌دڵی بنه‌ماڵه‌ێ بارزانی بێ.
پارتی پێویستیی به که‌س نابێ بۆ پێکهێنانی حکومه‌تی نوێ، چونکه زیاتر له ٥٠ ده‌نگی ده‌بێ له په‌رله‌مان، جگه له ده‌نگه‌کانی یه‌کێتی، ئیتر ئایا وه‌ک ئۆپۆزیسیۆن یان به‌شیکی بێده‌سه‌ڵات له ده‌سه‌ڵاتی داهاتوو.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست