کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


تا دیوەخانـــان لەلایەن پارتى و یەكێتى یەوە دابینبكرێت كۆمەڵگاى كوردى مرۆڤى لاواز بەرهەم دەهێنێـت

Wednesday, 14/10/2009, 12:00


كورد ئەگەر وەك نەتەوە یەكێك بێت لەنەتەوە ڕەسەنەكانى كۆمەڵگاى مرۆڤایەتى ئەوا وەك كەمەڵگایش یەكێكە لە كۆمەڵگا دواكەوتوەكانى و تائێستاش وەك كۆمەڵگایەكى خێڵەكى درێژەبەمانەوەى خۆى ئەدات و نەیتوانییەوە لەگەڵ گۆڕانكاریەكانى سەردەمدا یەكبگرێتەوەو واز لەو سروتانە(تقلید) بهێنێت كە لەمپەرێكى چالاكە بۆپاشخستنى و جێمانى لەوڕەوتەى كە ئەگەرلەگەڵیدا بەردەوام بێت دەیكاتە كۆمەڵگەیەكى هوشیارو لێبوردەو ژیان دۆست , یەكێك لەهەرە سیفەتە (خو) ناتەندروستەكانى كۆمەڵگاى كوردى گەرمكردنى بازاڕى (دیوەخان) ە كانیەتى , دیوەخانى ئاغاكان , دیوەخانى شێخەكان , دیوەخانى سەرۆك حیزبەكان و هتد , ئەم جۆرە دیوەخانانە هەریەكەو لەكات و سەردەمى خۆیدا بەفۆرمى جیاوازجیاواز كار بۆگەرمتركردنیان كراوەو لەوپێانەوەشدا گەلێك كەس بونەتە قوربانى سەرخستنى پرۆژە گەلى دیوەخانەكان .
تاكە باڵادەستەكانى كۆمەڵگاى كوردى لەڕێگەى بەكارهێنانى هێزە وە بەردەوام لەهەوڵى ئەوەدابوە كە زیاتر خۆى بسەپێنێت و هەمیشە بەردەرگاى دەرەوەى دیوەخانەكانى پڕ بێت لەخزمەتكار و پاسەوان و لەژوەر تاریكەكانى دیوەخانەكانیشیاندا پڕبێت لەكەنیزە بۆدەستگەرمكردنەوەو دامركاندنەوەى ئارەزوەكانیان .
دیوەخانى كوردى ئەگەر لەماوەى سەد ساڵى ڕابردودا جێكۆى شۆڕشگێرەكان بوبێـت و لەبرى بارەگاى حیزبى سیاسى ئێستا , هەمیشە جیگاى كۆڕوكۆبونەوەو داڕشتنى) پلان) ە بەرگریەكان بوبێت لەبەرامبەر دوژمونانى نەتەوەدا , ئەوا بەهەمانشێوەش هەرلەو سەردەمانەدا جیگاى داڕشتنى (پیلانى) دژ بە خاوەن دیوەخانەكان بوەو هەناسەى باڵاى ئەو هێزانەبووە كە هەمیشە خواستویەتى كە كورد لەسەر نەخشەى كۆمەڵگاى مرۆڤایەتى دا بسڕێتەوە ؟! چونكە هەیشە پیاو گەلێكى باڵا دەست لەناو نەتەوەى كوردا بونیان هەبوە كەلەپێناو مانەوەى دیوەخانەكەى و شەوە سورەكانیادا خیانەتى لە نەتەوەكەى كردووەو لەدژى ئامارەتەكانى تر هاوكارى سەرخستنى پیلانەكانى دوژمونانى كوردى كروە بۆ لەناوبردنى ئەو ئاماراتانەى كە مێژوى دورو نزیكمان پێمان دەڵێن خیانەتى كورد لەكورد هەرەسى پێهێناون .
دیوەخانى كوردى سەرەڕایى ڕۆڵبینینى پۆزەتیڤانەى لەهەندێك لەمەسەلە چینایەتى وكێشە سیاسى وكۆمەڵایەتیەكاندا , زیاتر ڕۆڵى كاراى بینیى وە بۆ فەرامۆش كردنى ئەو هەوڵانەى كە كارى بۆ بڵاوكردنەوەى چەمكى لێبوردەی و لێكتێگەشیتن كردوە , بەتایبەتى ڕۆڵبینیى ئێستاى دیوەخانى كوردى لەدەرەوەى ئیتیكى ئاكارە ئینسانیەكانەوە و هەندێك جار ئەم جۆرە دیوەخانانە ڕۆلى دادگاكان دەبینین و بە یاساى خێڵ ئەمرۆڤانە دادگاى دەكەن كە بەشدارە لەبەزاندنى (سنورى بازنە خێڵەكیەكاندا) بەتایبەتى ئەو كچ و ئافرەتانەى كە لەلایەن بەرپرسان و مرۆڤە شەهوەت بازەكانەوە بەزۆرەملێى خۆیانیان تێدا خاڵى دەكەنەوە و لەبرى ئەوەى دیوەخانەكان هۆكارێك بێت بۆ وەرگرتنەوەى شەرەفى ئەتككراویان و ڕۆڵێكى فریاد ڕەسانە لە وپێناوەدا ببینێـت , دور لەهەمو عورفێكى ئینسانیانە چەند سمێل بابڕێكى دیوەخان سەرپەشك دەكات بۆ سوركردنى دەستەكانیان بەخۆینە حەڵالكراوەكانیان .
ئەو مرۆڤە مێینانەى كە بەهێزو پاڵپشتى كردنى دیوەخانەكان یارى بەچارەنوسیانەوە دەكرێت و شەرەفیان لێوەردەگیرێتەوە, جارێكى تر بەناوى پاراساتنى شەرفەوە دوبارە لەلایەن پیاوەكانى دیوەخانى خێل و عەشیرەت بێ شەرەفیان پێدەكرێت و بەبیانوى (غسل العار) تاوانیكى تر ئەنجام ئەدەن .
سەرەڕاى ڕۆڵبینینى دیوەخانەكان بەو ئاقارە ژیان كوژیانەدا هێشتا پیاوەگەروەكانى كوردستان واز لە ئەقڵێتى دەرەبەگیایەتى و خێلەكى ناهێنێـن و دەرگایەك بەرٍوى ئەو هەمو پێشكەوتنانەى مرۆڤایەتدا ناكەنەوە كەئێستا لەبەردەم دەرگاكانماندایەوە سیحرى دیوەخانەكان كۆڵمیان داوە , دیوەخانەكان بەهەمو شیوەكانییەوە لەئێستا هۆكارێكە بۆمانەوە و زاڵبونى ئەقڵێتى كۆنەپارێزى بەسەر هەوڵى كرانەوە و واقیع بینانەى ئەو تاك گەلانەى یان ئەو ڕیكخراوە مەدەنیانەى كە دەیانەوێت ئەقڵ و ئاراستەكردنى پرسیارو دركاندنى گومانەكان بگەڕێننەوە بۆ تاك و خودى مرۆڤ , كە ئەقڵێتى دۆگماى دیوەخانەكان لەنێو بازنە تەسكەكانى خۆیدا تەل بەندى كردون .
تا دەرگاى دیوەخانەكان دانەخرێن , ئەوا كچان و ژنانى كۆمەڵگاى كوردى هەمیشە لەبەر دەم مەترسى كوشتن و ئەتكردندان و بەناوى پاراستنى شەرەفەوە بیشەرەفى بەرامبەریان دەكرێـت , تا دەرگاى دیوەخانەكان دانەخرێن , كۆچەو كۆڵانەكانى كوردستان خاڵى نابێتەوە لەو بونەوەرانەى كە لەژێر پشتوێنەكانیانەوە (دەمانەچە) كانیان دەشارنەوە, تاسەردانى بەرپرسان بەناوى بەسەركردنەوە ى خزمانەوە بەردەوام بێت, تەلەفزیۆنەكوردیەكان هیچ هەواڵێكى بایەخدار و پرلەزانیارى لەدەرەوەى سنورى دەسەڵاتى یەكێتى و پارتیدا بۆ بینەران ناگۆێزنەوە , تا دوكەڵ كێشى دیوەخانەكان ژینگەى ئەم وڵاتە پیس بكات , قردێلەى پرچى قوتابیە كچان جگەلە ڕەنگى خۆَلەمیشى هیچ ڕەنگێكى تر نانوێنێ , دەرگاى دیوەخانەكان دابخەن , تابۆ ئەوەىئەم جارەیان لە سفرەوە دەستپێنەكەینەوە وئەوەى ئەمڕۆبەدەست هاتوە لەماوەى 80 ساڵ لە قوربانیداندا , نەبیتە بەشێك لەخەونێكى لەدەستچو .
تا دیوەخانـــانە لەلایەن پارتى و یەكێتى یەوە دابینبكرێت و بەشێك لەسەروەت و سامانى كوردستان بۆ پیاوە موقەدەسەكانى دیوەخان بڕوات , ئەوائەم كۆمەڵگایە بەردەوام دەبێت لەبەرهەم هێنانى مرۆڤى هەزیل و بێ ئیرادە دا .
[email protected]
تـێـبـیـنى : ئەم وتارە لە ڕۆژنامەى (هـاوڵاتـى) ژمارە (568) ى بەروارى (14/10/2009) لە لاپەڕەیى (14) بیرو ڕادا بڵاو كراوەتەوە .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە