کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


كام تەوەر پاڵپشتی پێشكەوتنی كوردستان دەكات

Monday, 30/06/2014, 12:00




ئەوەی تا ئێستا روونە لامان، كە رەوتی سیاسی كوردستان بەسەر دوو تەوەری جیاوازی ناوچەیی و نێوخۆییدا دابەشبوە . تەوەری وڵاتانی سونە و شیعە و هاوبەرژەوەندیە جیهانیەكانیان، دەتوانین بڵێین دوور لە تەورە هەرێمیەكە، لە نێوخۆی هەرێمدا دوو بەرەی پێشكەوتنخواز و موحافكار هەن، ئەمە جگە لە هەندێك لایەن كە سەركردایەتیەكانیان بە پێی بەرژەوەندیە تایبەتی و شەخسیەكانیان، لەو نێوەندەدا یاری دەكەن، یان خۆیان یەكلایی نەكردۆتەوە، بەڵام جەماوەر و قاعیدەیان لە یەك تێروانین و بۆچوندا دەبینرێنەوە . ئەوەی بە ئاشكرا دیارە كە بە هۆی كۆمەڵێك فاكتەری بابەتی و خودیەوە، بەرەی موحافزكار بەهێز و زاڵترە .
ئەگەر بە وردی لە تەوەرە هەرێمیەكە بڕوانین، وای دەبینین، كە هەر یەك لەمانە بە پێی بەرژەوەندیەكانی وڵاتەكانی خۆیان سیاسەت دەكەن،حەقی خۆشیانە، ئەگەر لە یاری و هاوكێشەكان تێبگەین و بە ئاراستەیەك رەفتار بكەین كە هاوبەرژەوەند بین لە گەڵیاندا، دەتوانین هەردوكیان لە بەرژەوەندی دورمەودای خۆماندا بەكاربێنین، یان بیانخەینە خزمەت ئامانجە چارەنوسسازەكەی خۆمانەوە، لەبەر ئەوەی هەردوو تەوەر لە ململانێیەكی خوێناویدان و، ئێمەش تا رادەیەك نەك لەسەر بنەمای ئەوەی كە هێلكەكانمان نەخستبێتە نێو سەبەتەیەكەوە، بەڵام بە پێی بەرژەوەندیی حزبی نەك لەسەر عەقڵ و مەنتیق و خوێندنەوەی كارلێكەكان، بێ ویست و ئارەزوی خۆمان، دابەشبوین بەسەریاندا . ئەوەی گرنگە لەم كاتەدا، ئێمە دەتوانین لەو نێوەندەدا گەمەی خۆمان بكەین، ئەگەر هێزە دابەشبوە نێوخۆیەكان هاوسەنگی هێز بپارێزن .
ئەگەر ململانێ ناوخۆیەكە بە پێی تەوەرە نێوخۆیەكان وردكەینەوە،پارتی دیموكراتی كوردستان وەك سەرپەرشتیكاری بەرەی موحافزكار و یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش تا رادەیەك وەك سەرپەرشتیكاری بەرەی پێشكەوتنخواز و باوەربون تا رێژەیەكی باش بە دیموكراسی . ئەوا گۆڕان، لە رووی سیاسی و راوبۆچونی سەركردایەتیەوە، كە هەمیشە سیاسەت و سازش خۆی لەهیچ سەركردایەتیەك دوور نەخستۆتەوە، نەك قاعیدە و جەماوەرەكەیان كە پێشرەون و لە پێشەوەی خەڵكانی پێشكەتنخوازەوەن، تا ئێستا لە هیچ بەرەیەكدا خۆی یەكلایی نەكردۆتەوە . ئەگەر لەولاشەوە، كۆمەڵێك حزبی بچوكی وەك شیوعی و حسك و زەحمەتكێشان و یایندە هەن كە بە پێی بەرژەوەندی سەركردایەتیەكانیان رەفتار دەكەن نەك بە را و هەڵوێست و بۆچونی كادر و جەماوەری پێشكەتنخوازیان، بۆیە ناتوانرێت لە تەوەرێكدا پۆلێنیان بكەین،وا تا ئەمرۆش لەگەڵ ئەو لایەنەن كە بودجەكەیان مسۆگەر دەكات، لایەنە ئیسلامیەكانیش بۆچونی فكری و رێباز و رەفتاریان بۆ هەموو لایەك دیارە .
ئێمە ئەگەر قسەمان لەسەر پێشكەتنخوازی و لایەنی پاڵپشتیكاریی بكەین نەك سیاسەت و ململانێی حزبی لە نێوخۆ و ناوچەكەدا، لەم كاتەدا پێویستمان بە یەكریزی سەرجەم لایەنەكان هەیە بە پێشكەتنخواز و موحافكار و پاشكەتنخوازیشەوە . ئەوە قاعیدەی زۆرینەی حزبەكان بە جەماوەر و ئەندام و كادری خوارەوە (نەك سەركردایەتی) لە تەوەری پێشكەوتنخوازانن .
ئەگەر ئەمرۆ، ئێمە لە بارودۆخێكی ناوچەیی و نێوخۆیی ئاڵوزداین و لە قۆناغێكی گواستنەوەی هەستیارداین، پێویستی كوردستان بە هەموو لایەك، تاوەكو تاكە هاوڵاتیەكیش هەیە، لەم كاتەشدا ململانێی دەرەكی و بۆچونی عەسكەری و هێز و پارە زاڵترە، بۆیە جەماوەری موحافزكار تا رادەیەك زۆرترن، ئەگەر ئاستی رۆشنبیری و هۆشیاری خەڵك و مێژووی كوردستان لەبەرچاو بگرین . بۆیە سبەی رۆژ گۆڕانێكی ریشەیی بەسەر سەرجەم ململانێكاندا دێت و جەماوەریش بەرژەوەندی خۆی و دوارۆژی ولاتەكەی لا پیرۆزترەنەك سەركردایەتی و حزب، لەوێشدا حزبەكانیش ملكەچی بیرو بۆچونی جەماوەر و قاعیدەی خۆیای دەبن و تەوەری پێشكەتنخواز لە وەزعی ئاسایی ئاسایش و ئارامی بیر لە ئازادی و خوەشگوەزەرانی و دوارۆژی رونی میلەت دەكاتەوە . بۆیە جەماوەری زۆینەی حزبەكان خۆیان لەیەك بەرەدا دەبیننەوە و، لەو كاتەشدا، رەش و سپی و قازانجی میلەت و دوارۆژی نەوەكانی بۆ هەموان رون دەبێتەوەی و مەودای گەشەكردنی موحافزكاری و پاشكەتنخوازی بۆ هیچ كەس و لایەنێك نامێنیتەوە،لەوباوەرەدام تەنها لایەنێك بەتاقی تەنها لەم تەوەرەدا دەمێنێتەوە و ململانێی سیاسی كوردستان دەكەوێتە سەر سكەی راست و دروستی خۆی .
هەر جەماوەری حزبە پێشكەتنخوازەكانە كە پاڵپشتی پێشكەوتنی كوردستان دەكەن و هەموو قوربانیەك لەو پێناوەدا دەدەن .
ئەوەی گرنگە كەسەرجەم لایەنە پێشكەتنخوازەكان لە یەك بەرەدا كۆببنەوە و بەرژەوەندی سەركردایەتی و ئەڵقەیەك نەبنَتە بەربەست لەو رێگەیەداو، بە ئاراستەگرتنی ئەو بۆچونە ئاستەنگەكانی پێش پێشكەتنخوازیش نامێنن .



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە