نەوشیروان لەنێوان دوو کەوانەدا
Thursday, 19/03/2015, 12:00
2694 بینراوە
(ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، یان سکرتێری گشتی یەکێتی)
لێیان پرسیم: بۆ ئەوەندە خەمی نەوشیروانتە؟
منیش ووتم: خەمی نەوشیروانم نییە، خەمی ئایندەی گەلێکمە.
لێیان پرسیم: بۆ دەنووسی کاک نەوشیروان، بۆ ئەوەی چۆلەکەت بۆ بگرێ؟
منیش ووتم: من نامەوێت ئەو چۆلەکەم بۆ بگرێت، دەمەوێ نەوەی نۆی گەلەکەم وەک چۆلەکە بەزەرنەقوتەی مافیای کوردی سەریان نەبڕێ.
لە ووتارێکدا ئەوەم نووسیوە (بۆشایی سیاسی ترسناکترین قوناغی سیاسییە).
بۆشایی سیاسیی بەدوو جۆر پێناسە دەکرێ.
یەکەم: نەبوونی سەرکردەیەکی جەربەزە لە کاتی قەیراندا.
دووهەم: نەبوونی ستراتیجێتیک لە کاتی گۆڕانی سیاسیی کتوپڕ و کودەتای سەربازیی. وەک ڕمانی سەدام لە عیراق و هەرەسی سۆڤێت، گەر لە پشت جەنەڕاڵەکانی کودەتای سەربازییەوە (عقل. ئاوزانی) سیاسی بە پڕێنسیبە زانستێکەیەوە بوونی نەبێ، کۆمەڵگا لە قەیراندا دەگەوزێ. ئەو بۆشاییە سیاسییە زۆر بەئاسانی لەلایەن هێزی نەیار یان مافیاوە پڕدەکرێتەوە بۆ نمونە عبدالکریم قاسم کەسیکی پاکی نیشتمانیی بێ هوشیاری سیاسی نیشتمانی و ناوچەیی وجیهانی بوو، یانی لە پشت قاسمەوە (عاقل، ئاوزانی) سیاسی میکانزمێک نەبوو بۆ کاری سیاسی. لەو رۆژەوەی عیراق دروست بووە لەم قەیرانەدا دەگەوزێت.
چاوی عیراق دەربێت، من خەمی کوردمە
نزیکەی بیست ساڵ لەمەوبەر بڕوام وابووە گۆڕەپانی سیاسیی باشور لە بۆشایی سیاسییدا دەگەوزێت نەسەرکردەیەکی هوشیاریی نەتەوەییمان هەبووە، نەستراتیجێتێکی سەقامگیریی لۆژیکیی نیشتمانی یان نەتەوەیی. نیو سەدەیە سەرانی کورد بەدەوری جەستەی خوێنای کوردستاندا دەسوڕێنەوە، هیچ بەرهەمێکیان نییە. ئێمە تا لە سەر ئەم سیستەمە بۆشە سیاسییە بڕۆین بە ئامانج ناگەین. بەشانازییەوە بۆ میژوو ئەم ڕاستییە دەنووسم و ئاشکرای دەکەم. بیست ساڵ لەمەوبەر نەخشەی کودەتایەکی (سیاسیم)خستە بەردەم کاک نەوشیروان، بەوەی هەوڵ بدات جەلال لە یەکێتی دووربخاتەوە. خۆی وەک سکرتێری گشتی سەرکردایەتی یەکێتی بگرێتە دەست و سیستەمێکی نۆی بۆ کاری سیاسیی دابمەزرێنێ. ڕاستیی و زانستیی و سیاسیی ئەو پڕۆژەیە، داوەی 20 ساڵ وا ئیمڕۆ هاوسەری جەلال و کادێرەکانی یەکێتی هەمان داوا لە کاک نەوشیروان دەکەن فیریایان بکەوێت و دەڵێن لە گەندەڵیدا خنکاین. ڕاستی ئەم وێنەیە
ئەم وێنەیە وەک بەڵگەی میژوویی بۆنەخشەی کودتایەکی پاک دژی جەلالی پیس. بەشانازییشەوە کە من وا بیرمکردۆتەوە، چونکە من کەسێکی تا سەر ئێسقان نەتەوەییم.
لەسیاسەتدا: سوز و ڕۆمانسییەت حەرامە. هوشیاریی و هەڵوێست و جەربەزەیی حەڵاڵە.
هەندێک کەس کە گەیشتنە ئاستی پلەیەکی سیاسیی بەرز، خوار خۆیان وەک مێروولە دەبینن.
ئەگەر لەو ساتەدا کاک نەوشیروان پرۆژەکەی منی بخستایەتە بۆاری جێبەجێکردنەوە لە ماوەی 20 ساڵی ڕابوردوودا کورد ئیستا ژیانیکی تری دەبوو.
لە 2009 لە شاری لەندەن، لە قاوەخانەیەکدا، بە ئامادەبوونی دوو کەسی دیکە، پێشنیارێکم خستە بەردەم د. کەمال میراودەلی، کە خۆی بۆ جێگەی سەرۆکی هەرێم هەڵبژێرێت. هەستم کرد کاک کەمال دەترسێت، چونکە لە ڕۆحی دا مەسعود زۆر گەورە بوو. من پیم ووت: بڕۆ ئەو میژووە بۆ خۆت تۆمار بکە، بدۆڕێیت یان نا، لە مێژوودا تۆ براوەیت، چونکە یەکەم کەسی دژ بە مەسعود دەچیتە شەڕەوە، لێ کاک کەمال کەبوو بە کاندیدی سەرۆکایەتی هەرێم، ئیتر منی وەک مێروولە دەبینی.
کاک نەوشیروان سکرتێری گشتی یەکێتی.
کاک نەوشیروان و سەرۆکایەتی هەرێم.
کاک نەوشیروان بێ گۆڕان
ئەگەر کاک نەوشیروان ببێ بە سکرتیری گشتی یەکێتی، دەتوانێت تەواویی هێزی ئابوریی و سەربازیی، میدیا و کۆمەڵایەتی یەکێتی بەکار بهێنێ بۆ گۆڕینی گشت جومگەکانی سیاسەت و داڕشتنی دەستورێک لە باشوردا، وەک ئیستا لە ناو گۆڕاندا بانگەشەی بۆ دەکات. یەکێتی لە ژێر کۆنتڕۆڵی نەوشیرواندا دەتوانێت سنوری دەسەڵاتی پارتی (نەک لە رێگەی چەکەوە) لەرێگەی پەرلەمان و شەقام و دەستورەوە بچوک بکاتەوە.کۆتایی بە دەسەڵاتی خێزانی سیاسی لەباشوردا بۆ هەتاهەتایە بهێنێت، یەکەم کاری گۆڕینی سیستەمی سیاسیی باشور لە سەرۆکایەتییەوە بۆ پەرلەمانی.
دوو سیستەمی بەڕێوەبردنی سیاسیی لەدوای جەنگی جیهانی دووهەمەوە پەیڕەوی دەکرێ.
یەکەم: سیستەمی ئەڵمانی (پەرلەمانی).
دووهەم: سیستەمی فەڕەنسی (سەرۆکایەتی).
بۆ وا؟ دوای هیتلەر ئەڵمانیەکان بڕیاراندا. بڕیاری سیاسیی کۆدەنگ بێ، یانی کۆی دەنگی پارتەکانی پەرلەمان ئەمەش لەترسی دروست نەبوونەوەی کەسێکی وەک هێتلەر بوو. فەڕەنسیەکان سەرۆکایەتی بەمەرجی کونتڕۆلێ پەرلەمان.
باشوری کوردستان: مەسعود و باوکی وەک هێتلەر کۆنترۆڵی دەسەڵاتیان کردووە، ئەنجام شکستی سیاسی و موڕاڵی کوردی و دروستبوونی مافیای کوردی، کەواتە ئەو هەرێمە پێویستی بە سیستەمی (ئەڵمانی یانی پەرلەمانی) هەیە، بۆیە پێویستە کەسێکی پاک لەدەرەوەی پارتەکانی باشور وەک سەرۆکی هەریم هەڵبژێرێ. مامۆستا د. جمال نەبەز. شایانی ئەو پۆستەیە.
کاک نەوشیروان بێ گۆڕان
هەڵەیەکی گەورەیە.گۆڕان لەناو یەکێتدا بتۆیتەوە، هەڵەیەکی گەورەیە گۆڕان لەتەک یەکێتی و پارتی دا حکومەتێكی بنکە فراوان دروست بکەن، نەک لە باشوری کوردستان. لە جیهاندا وایە، دیموکراتییەت و پەرلەمان یانی دەسەڵات و ئوپۆزیسیۆن. ئەگەر یەکێتییەکەی نەوشیروانیش لە گەڵ پارتی لەدەسەڵاتدا بێ، دەبێ گۆڕان تا گەشەکردنی هوشیاریی سیاسیی کۆمەڵگای باشور بە(ئۆپۆزیسۆێن) بمێنێتەوە.
پێویستە لەکۆنفرانسێکدا گۆڕان جێگرێک بۆ نەوشیروان هەڵبژێرێت (بێجگە لە یەکێتیە پیرەکان) دەبێ کەسێکی هوشیاری ڕادیکاڵی نەتەوەیی(بێ چەک)بێ، هیوادارم خانمێک بێ کەسێک بێت بتوانێت شەقامی باشور بکات بە چاودێری ئەو پەرلەمانەی (یەکێتی و پارتی). ئەگەر ئەم نەخشە سیاسییە لە باشوردا پیادە بکرێ ئەوە دەتوانرێ سیستەمێکی دیموکراسی سیاسیی و کۆمەڵایەتی لە باشوردا سەقامگیر بکرێ.
کاتی خۆی شیخ جەعفر بە دەبابەوە چووە سەر مەکۆی گۆڕان، ئیستا بە تکاوە.
ئەمە لۆژێکە... لە زەنگاوی سیاسی باشوردا کەسێک نییە لەو زیاتر ڕۆڵ ببینێت.
https://www.facebook.com/drjaza.chingiani